هەرێمی سوننەكان: تەگەرەو هاندەر

هەرێمی سوننەكان: تەگەرەو هاندەر
لەڕەوتی وەڵامدانەوەی نەیارەكانیدا كەتۆمەتی بانگەشەكردن بۆ جیابوونەوەی دەخەنە پاڵ، ئوسامە نوجەیفیی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەوەی كەپاكانەی بۆ بەكارهێنانی وشەی «جیابوونەوە» كرد، چووە سەر ئەوەی كەئەو زۆرتر مەبەستی پێكهێنانی هەرێم بووەو لەم سەروبەندەدا ئاشكرای كرد كەدوو داوای لەپارێزگاكانی بەسرەو واست پێگەییوە كەتێیدا داوای پێكهێنانی هەرێمی فیدرال دەكەن.

پێش ئەوەش، لەهەر یەك لەسەلاحەددین و ئەنبار پێشنیاری پێكهێنانی هەرێم سەری دەرهێناو كتوپڕ مشتومڕەكانی دامركانەوە. هەر دوا بەدوای لێدوانەكەی نوجەیفی، هەندێ لەسەرچاوەكانی راگەیاندن بڵاویان كردەوە كەموقتەدا سەدر پشتیوانی لەپێكهێنانی سێ هەرێم لەعێراق دەكا. بەڵام زۆری نەبرد شێخ سەلاح عوبێدیی وتەبێژی فەرمیی رابەری رەوتی سەدر ئەم هەواڵەی رەت كردەوەو وتی «دابەشكردنی عێراق بەسەر سێ هەرێمدا ئاكامی خراپی لەسەر پێكهاتەی مەزهەبیی گەلی عێراق لێ دەكەوێتەوەو دەبێتە هۆی زیاد كردنی ئەگەری شەڕی تایفەگەری». ئەگەرچی عوبێدی ئەوەی رون نەكردەوە كەبۆچی پێكهێنانی هەرێمەكان دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ، بەڵام ئەمە یەكەم جار نییە لایەنە عێراقییەكان خێرا لەپشتگیری كردنی دامەزراندنی هەرێمەكان پەشیمان ببنەوە.

تازەترین لایەنی مەسەلەكە ئەوەیە كەهیچ كات بەقەد ئێستا سوننەكان بەو گەرموگوڕییە باسی پێكهێنانی هەرێمیان نەكردووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گەرموگوڕییە كۆسپ نییە لەبەردەم پەشیمانبوونەوەیان لەوروژاندنی مەسەلەكە.

لەڕاستیدا هەرێمی سوننەنشین لەعێراقدا پێشینەی مێژوویی خۆی هەیە. لەسەردەمی عوسمانییەكاندا بەر لەوەی كە ویلایەتی موسل پێكبهێنرێ یاخود لەو قۆناغانەدا كە ویلایەتی موسل هەڵدەوشێنرایەوە، هەموو ناوچە سوننەنشینەكانی عێراق دەخرانە ژێر دەسەڵاتی ویلایەتی بەغداوە. لەو سەردەمەدا، بەتایبەتی لەبەغداو موسل، عەرەبە سوننەكان لەڕێی تێكهەڵكێش بوون لەگەڵ عوسمانییەكاندا، توانیبوویان تاڕادەیەك و بەبەراورد لەگەڵ كوردو شیعەكاندا، ئەزموونێكی تایبەتی حوكمڕانی بەدەست بێنن. لەهەندێ قۆناغی مێژووییدا، موسل وەك هەرێمێكی ئۆتۆنۆم لەژێر حوكمڕانیی بنەماڵەی جەلیلییەكان بەڕێوە دەچوو.

بەپێچەوانەی ئەوەی كەباوە، پاش ساڵی 2003 داهێنەری بیرۆكەی هەرێمی سوننی، خەڵكانی غەیرە سوننە نین. ئەم بیرۆكەیە بۆ ساڵی 2006 دەگەڕێتەوە، كاتێك ئەنجومەنی شورای موجاهیدەكان كە زەرقاوی رابەرایەتیی دەكرد لەبەیاننامەیەكدا داوای لەسوننەكان كرد خۆیان لەشیعە جیا بكەنەوەو هەرێمێك لەپارێزگاكانی بەغداو سەلاحەددین و ئەنبارو موسل و دیالەو بەشێكی بابل و واست پێكبێنن. بەوەی كە لەو كاتەدا ناوچە سوننەنشینەكان مەكۆی چالاكییەكانی زەرقاوییان پێك دەهێنا، دیارە ئەمە بەڵگەی ئەوەیە كەزەرقاوی لەو ناوچانە پشتگیرییەكی زۆر كراوەو بەشێكی زۆری چەكدارەكانیشی لەسوننەكان بون.

جۆ بایدنی جێگری ئێستای سەرۆكی ئەمریكا ساڵێك پاش زەرقاوی پێشنیاری دابەشكردنی عێراقی بەسەر سێ هەرێمدا كرد. بەڵام هەم لەسەردەمی پێشنیارەكەی زەرقاویداو هەم لەسەردەمی پێشنیارەكەی بایدندا، سوننەكان دودڵ بون لەهەنگاونان بەرەو پێكهێنانی هەرێم.

ئێستا باسكردنی مەسەلەكە لەجاران گەرموگوڕترە. ئەمەش هۆی خۆی هەیە. هیچ كات بەقەد ئێستا سوننەكان پەیوەندییان لەگەڵ حكومەتی مالیكیدا خراپ نەبووە. ئەگەر سوننەكان بیانەوێ رێ لەدەستوەردانی بەغدا لەپارێزگاكانیان بگرن و بڕێكی زۆرتری دەسەڵات و سەربەخۆیی بەدەست بێنن، هیچ رێیەك جگە لەدروست كردنی هەرێم لەبەردەمیاندا نییە. دەستووری فیدرالی عێراق یەكێ لەو دەستوورە دەگمەنانەی جیهانە كەزۆرترین دەسەڵاتی بەهەرێمەكان داوە. لەم سۆنگەیەوە، كردنی پارێزگاكانی سوننە بەهەرێم هەم ئۆتۆنۆمییەكی زۆر فراوانیان بۆ دەستەبەر دەكا هەم هەژمونی بەغدا لەناوچەكانیان كەم دەكاتەوە. ئەمە خۆی لەخۆیدا بەو سەرەنجامە دەگا كەسوننە نەك تەنها لەهەرێم یان لەهەرێمەكانیان دەسەڵاتێكی زۆرتر پەیدا بكەن، بەڵكو لەبەغداو لەناو دەزگا فیدرالییەكانیش زۆرتر دەستیان دەڕوا.

مەسەلەكە لەهاوكێشەیەكی ماتماتیك دەچێ: چەند سوننەكان پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی بەغدادا گرژ بێ، زۆرتر بیركردنەوە لەپێكهێنانی هەرێم دەكەنەوەو چەند پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدادا خاو ببێتەوە، كەمتر بیر لەم مەسەلەیە دەكەنەوە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە كەئەم مەسەلەیە هێشتا لەبیری سوننەدا وەك رێگەچارەیەكی ستراتیجی وەرنەگیراوەو زۆرتر پەیوەندیی بەهەڵبەزو دابەزی پەیوەندییەكانەوە هەیە. بەڵام گرنگترین خاڵ لەم بوارەدا ئەوەیە كەئێستا سوننەكان باشتر سەرودەر لەوە دەردەكەن كەپێكهێنانی هەرێم یەكێ لەسەرچاوە سەرەكییەكانی هێزەو وروژاندنی مەسەلەكەش بەقەد جاران بەتاوان ناژمێردرێ.
Top