بەرەو میكانیزمێكی ڕوون و شەفافی چاكسازی لە كوردستان

بەرەو میكانیزمێكی ڕوون و شەفافی چاكسازی لە كوردستان
وەك هەمیشەو هەركاتێك هەڵەی كارگێڕی و دارایی كەڵەكە ببن، لە دەرئەنجامی كەڵەكەبوون وكۆبوونەوەی هەڵەكاندا جۆرەها قەیران و گرفتی كۆمەڵایەتی دەخوڵقێن، بۆیە لەسەر دەوڵەتی هاوچەرخ وا پێویست دەكات پێداچوونەوەیەكی گشتی بۆ خاڵە لاوازو ناڕێكەكان بكات..
هەروەها حاڵەتەكە وادەخوازێت ڕێڕەوو ئاڕاستەی ڕێگەكانی سیاسەتی گۆڕانكاری بە شێوازێك بن، لە پیادەكردن و پراكتیك پێكردندا نەبنە هۆی پێكدادانی كۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ كۆمەڵگە، بەكورتی و پوختی پیادەكردنی سیاسەتی سەقامگیری سیاسییانە بەو شێوازە دەبێت، هەرچی ڕێگەچارەكانی كە بە مەبەستی ئارامی و سەقامگیری دەدۆزرێنەوە كەفالەت بدەن بەوەی، هەمووان لەو حاڵەتانە بە دوور بخەنەوە كە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە مەترسی و سامناكی دروست دەكەن..
واتە كار بۆ ئەوە بكرێت لەو كێشانەدا هەڵئاوسان نەگاتە ڕادەی قەیرانێكی سیاسی، بە گشتی ئاسۆكانی گرفتە كۆمەڵایەتی و ئابووریەكان لەگەڵ دەرئەنجامەكانی داڕمانی ژینگەو پیس بوونی و بولێڵ بوونیدا تێكەڵ دەبنەوە، وەك چۆن ئێستا ئەم دیمەنە لە سەدەی ڕابردووی جیهاندا زاڵ بووە بەسەر دیمەنەكانی تردا، كوردستانیش لەو دیمەنە بەدەرنییەو ئاوارتە(ئیستیسنای) بۆ نەكراوە، لێهاتوویی هەر حكومەتێكی لۆكاڵ بە پێی بنەماكانی ڕوانینی گشتییانەی سیاسەتەكەی بڕیاری لەسەر دەدرێت ئەمەش لەدوای ئەوەی پێداویستیەكانی ژێرخانی دروستكردنی بڕیار زامن دەكرێت(گوڵان807 لە 29/11/2010)..
ئەمڕۆ زەڕورەت وا دەخوازێت لە هەموو كات و زەمەنێك زیاتر دەستەبژێری سیاسی و فكریی ڕۆڵێكی شەفافانەتر لە جاران ببینن بە تایبەتی لە ساتەوەختی قەیرانەكاندا..
بێگومان ئەم دیالۆگە هەر لە بنەڕەتەوە پەلكێشمان دەكاتە لای ئەو دەستەبژێرە لێهاتووانەی كە دەتوانن هاوگونجان و هەماهەنگی لەگەڵ دەستەبژێری خاوەن بڕیار دروست بكەن لە كوردستاندا بۆ گەیشتن بە چارەسەری كاراو ئەكتیڤ كە خزمەت بگەیەنێت بەم سەركردایەتییە سیاسییەی كە ئێستا كەوتۆتە ناو بوارەكانی چاكسازییەوە، قسەكردنیش لە دەستەبژێری راوێژكاران دەمانخاتە بەردەم حەتمیەتی دۆزینەوەی پێناسەیەكی ڕوون و دیار بۆ چەمكی ڕاوێژكاری و ماهییەتەكانی هەروەها دینگە زانستی و لێزانییەكانی كە پێكەوە میسداقیەت و رەوابوونی راوێژكار دەردەخەن، لەناو ئەو هەموو راوێژكارانەی ئێستا بوونیان هەیە لەناو دەزگا و فەرمانگەكاندا بێ ئەوەی خەسڵەتەكانی جۆریی و پسپۆریی لە زۆربەیاندا هەبێت. بۆیە بەپێی پێویست ناتوانن هاوكاری سەركردایەتی سیاسی كوردی بكەن بۆ وەدیهاتنی چاكسازی ئیداری، دانانی میكانیزمی زانستییان پێ دانانرێت لەم بارەیەوە جەخت دەكەمەوە لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1ــ پێناساندنێكی ڕوون و دیار بۆ چەمكی راوێژكارو ڕاوێژكردن كە پێویستە لێزانی و لێهاتووی بە درێژایی كارو ئەزموون وەرگرتبێت بەم ڕێگانە:
أ‌- كۆبوونەوەی زانیاری و شارەزایی لە ڕێگەی كاری ئەكادیمیەوە.
ب‌- كۆبۆونەوەی شارەزایی و زانیاری لە ڕێگەی پرۆسەكانی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی شیكارییەوە.
ج- كۆبوونەوەی شارەزایی و لێهاتوویی بە هۆی كاری مەیدانییەوە.
د- دەستەبەركردنی راوێژكردن هەروەها شیكردنەوەی زانستی بەوشێوەیەی لە كاتی ئێستاماندا دارندەیی گشتی و وزەیی مرۆیی و كاتی گونجاو بە سوود بگەڕێنێتەوە بۆ خستنەگەڕیان لەو پرۆژانەی كە لە بواری ئابووریدا گرنگی خۆیان هەیە، یان بۆ ئەنجامدانی چەند هێدمەیەكی كۆمەڵایەتی كە مەبەست و پاشخانی سیاسی لە پشت بێت.
2- پشت بەستن بە میتۆدی بەڵگەنامەیی و ئەرشیفكردن بۆ دەستنیشانكردنی تواناسازی و هەروەها بۆ زانینی توانای راوێژكار بەرلەوەی فەرمانی دەستبەكاربوونی لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا. هەروەها بەسەركردنەوە و تاقیكردنەوەی بەردەوامی لە دوای هەر بەرهەم و كارێك كە ئەنجامی دەدات، بەپێی پێداویستییەكانی كارەكە و هەروەها هاوئاست لەگەڵ CV ئەو راوێژكارەدا.
3- زانینی توانای راوێژكار بۆ دەستنیشانكردنی خاڵە لاواز و بە هێزەكانی ناوەرۆك و ناواخنی هەر پرۆژە وكارێك، وێڕای ئەمانە، زانینی ئەو بوێری و دەرفەت ڕەخسان و تەحددیاتە دەرەكییانەی كە رووبەڕووی دەبنەوە، تا راوێژكردن ببێتە ژێرخانێكی گونجاو بۆ بڕیاری سیاسی لە كوردستاندا.
هەر قسەو باسێك لەسەر كەمكردنەوە یان زیادكردنی ژمارەی راوێژكارەكانی كوردستان، پێویستە بە زانستانە دەستنیشانی ئەو پێوەرانەی سەرەوە بكەین بۆ هەڵسەنگاندنیان، چ هەڵسەنگاندنی كارەكانی پێشوویان، یان ئەوكارانەی كە بەنیازن ئەنجامی بدەن لەدیاریكردنی مەسەلە چارەنووسسازەكانی كوردستان، بەبێ ئەو پێوەرانەی سەرەوە هەر باسكردنێك لەم بوارەدا ڕاماندەكێشتە ناو هێدمەیەكی توندتر و سامناكتر لەداهاتوودا.
Top