مەرجەعییەتی شیعەو رۆڵی سیاسیی لەعیراقدا

مەرجەعییەتی شیعەو رۆڵی سیاسیی لەعیراقدا
دەستوری عێراق هیچ رۆڵێكی سیاسی بەمەرجەعییەتی شیعە نابەخشێ بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ كەمەرجەعییەتی شیعە لەعێراقدا هیچ رۆڵێكی سیاسیی نییە. لەعێراقدا خوێندنگەی نەجەف وەك نەریت هەمیشە ئاین و سیاسەتی تێكەڵاوی یەكتری نەكردووەو زۆرتر پشتگیری لەتیۆرییە دێرینەكەی چاوەڕێ كردنی ئیمام مەهدی دەكا كە بەگەڕانەوەی لەجیهانی غەیبەوە ئایین و سیاسەت تێكەڵاو دەكاو رابەرایەتیی لایەنگرەكانی خۆی دەكا. بەڵام تێكەڵ نەكردنی ئایین و سیاسەت بەمانای نەنواندنی رۆڵی سیاسی نایەت. لەساڵی 2003وە بەكردەوە، هیچ دامەزراوەیەك بەقەد دامەزراوەی مەرجەعییەتی شیعە كاریگەریی پۆزەتیڤی لەسەر روداوەكانی عێراق نەبووە. بەهەوڵ و كۆشش و رێنمایی مەرجەعییەت، شیعەكان مامەڵەیەكی گونجاویان لەگەڵ هەلومەرجی پاش روخانی رژێمی پێشوو كردو و نەرمییەكی پێویستیان بەرامبەر بەبوونی هێزی ئەمریكاو بەریتانیا لەعێراق نیشاندا. هەموو ئەو دەستكەوتە سیاسییانەی كەشیعە پاش روخانی رژێمی پێشوو بەدەستیان هێناوە، لەسایەی ژیری مەرجەعییەتەكەیان هاتۆتە دی.

لەنێو شیعەدا هیچ بڕیارێك بەبێ رەزامەندیی مەرجەعییەت نادرێ و لەم سۆنگەیەوە مەرجەعییەت لەپشت پەردەوە گەورەترین رۆڵ دەگێڕێ. بەڵام ئەوەی كەمانگی رابردوو روویدا، دەشێ دیارترین ئاماژە بێ بۆ پاشەكشەی رۆڵی سیاسیی مەرجەعییەت لەعێراقدا، چونكە ئەمە یەكەم جارە شیعەكان رێنمایی مەرجەعییەت رەت بكەنەوەو دەنگ بەدانانی سێ جێگر بۆ سەركۆمار بدەن. مەرجەعییەت زۆرتر پشتیوانیی لەدوو جێگر دەكردو پێش دەنگدان لەسەر ئەم مەسەلەیە، مەرجەعییەت بەئاشكراو نائاشكرا رای خۆی لەم روەوە دەربڕی بوو. بەڵام ئەوەی كەڕوویدا، بەپێچەوانەی ویستی مەرجەعییەتەوە بوو. ئەمەش دەشێ ئاماژە بێ بۆ هەوڵی هەندێ لەسیاسەتمەدارانی شیعە بۆ خۆڕاپسكاندن لەهەژمونی مەرجەعییەت و بەهەمان پێودانگیش دەشێ نیشانەی بوونی دوبەرەكی بێ لەنێوان دەستەبژێری سیاسی و دەستەبژێری ئاینی لەنێو شیعەكاندا.

لایەنگرانی مەرجەعییەت زوو هەستیان بەمەترسیی گوێ نەدان بەڕێنماییەكانی مەرجەعییەت كردو لەیەكەم كاردانەوەدا نوێنەری ئایەتوڵڵا سیستانی لەگەڕەكی كەڕڕادەی بەغدا، شێخ حەسەن روبێعی، لەوتاری رۆژی هەینیدا نوێژكەرەكانی لەوە ئاگادار كردەوە كەدەبێ لەدەوری مەرجەعییەت كۆ ببنەوەو حزبە ئاینییەكان شەرمەزار بكەن.

لەم سەروبەندەشدا دەشێ دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیی جێگری یەكەمی سەركۆمار پەیوەندیی بەم مەسەلەیەوە هەبێ. ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بەسەركردایەتیی عەممار حەكیم، هەر لەسەرەتاوە دژی ئەوە بوو كەسەركۆمار سێ جێگری هەبێ، بەتایبەتی كەجێگری سێیەم، خوزەیر خەزاعی، سەر بەلیستی دەوڵەتی یاسای سەرەك وەزیران نوری مالیكییە. لەناو گروپە سیاسییە شیعەكاندا هیچ گروپێك بەقەد ئەنجومەنی باڵا خۆی بەنزیكتر لەمەرجەعییەتی شیعە دانانێ. ئەگەرچی عەبدولمەهدی پێش ئەوەش هەر دوو دڵ بوو لەوەرگرتنی پۆستی جێگری سەركۆمار، بەڵام بڕیارەكەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی نوێنەران زۆرتر هانیدا كەسوور بێ لەسەر دەست لەكاركێشانەوە. بەڵام دەست لەكاركێشانەوەی ئەمجارەی تەنها لەسەر داوای خۆی نییە، بەڵكو لەسەر داوای ئەنجومەنی باڵاشە كەعەبدولمەهدی یەكێكە لەسەركردەكانی. جومعە عەتوانیی یەكێ لەسەركردەكانی ئەنجومەنی باڵا، لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئاكانیوز، جگە لەپشت راستكردنەوەی هەواڵی دەست لەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی، رایگەیاند كەحزبەكەی ((هیچ كەسێكی تر بۆ ئەم پۆستە لەجیاتی عەبدولمەهدی كاندید ناكا)). ئەمە بەم مانایە دێ كەشەڕی مەرجەعییەت لەدژی مالیكی دەستی پێكردووەو لێرە بەدواوە دەشێ ئەنجومەنی باڵاو رەنگە هەندێ لایەنی تری وەك رەوتی سەدری، سیاسەتێك بگرنە بەر كەڕەوشەكە لەمالیكی و حكومەتەكەی بئاڵۆزێنێ.

رەنگە مەرجەعییەت خۆی توشی هیچ رووبەڕووبونەوەیەكی ئاشكرا نەكات، بەڵام دەتوانێ لەپشت پەردەوەو بە بەكارهێنانی زۆر فاكتەر، فشار بكات. ئەگەرچی مەرجەعییەتی شیعە وەك دامەزراوەیەك نییە لەسەرووی یاساو دەوڵەتەوە، بەڵام ئەو هێزی ئامۆژگارییەی كەمەرجەعییەت هەیەتی، زۆر لەهێزی یاسا كاریگەرترە. ئەمەش لەناو شیعەدا هەلومەرجێكی وا پێكدێنێ كە رووبەڕووبونەوەی یان رەتكردنەوە بڕیارەكانی یان فەرامۆش كردنی، شتێك بێ لەبابەتی وروژاندنی زەردەواڵە.
Top