چاكسازییەكانی زانكۆ بەرەو كوێ؟

چاكسازییەكانی زانكۆ بەرەو كوێ؟
هەموو سەرچاوەكانی داهێنان و پێشكەوتن و سەركەوتن لەهەركارێكی دیاری كراودا تەنیا ئازادی دان و دەسەڵات پێدانە لەوكارەدا و بەبێ ئەو دوو فاكتەرەش هەر ئایدۆلۆژیاو هزرو توانست و بەهرەیەك هەبێت بە ئیفلیجی لەدایك دەبێت، بەتایبەت لەبوارە پسپۆرییەكانی وەك زانست و مەعریفەدا كەزانكۆ یەكێكە لەپێكهاتە هەرە زیندووەكانی ئەو زانست و مەعریفەیە، لەزانكۆدا هۆشیاریی و رۆشنبیریی و زانیاریی كۆمەڵگا گەشە دەكا و پێدەگات. بەدەر لە زانكۆش كۆمەڵگایەكی دوور لەشارستانیەت و پێشكەوتن دەڕسكێن، كە رەنگە بەزۆر قۆناغ لەدواوەی پێشكەوتنەكانی سەردەم و دەرهاویشتەكانی بێت ..

ئەگەر سەردەمیش پێوەر بوایە بۆ هەموو پێشكەوتنێك ئەوا دەبوا بە پێی ئەو هەلومەرجەی ئەمڕۆی كوردستان و پێشكەوتنەكانی لەبوارە جیا جیاكانی ژیاندا زانكۆش لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەو لەگەڵ بواری سیاسیی و ئابووری و بازرگانی و چەندین بواری دیكە، لەپێشەوەی ئەو گۆڕانكارییە پۆزەتیڤانە بوایە، چونكە هەمیشە زانكۆ بەپلە یەك لەناوەندەكانی دیكەی كۆمەڵگا باڵاتر بووەو تیشكی هەرە بەتینی بەردەم پێشكەوتن لەزانكۆوە پەخشی سەر پانتاییەكانی دیكەی ژیان بوون .

ئەگەر بەدیدێكی زانستیانەوە شیكردنەوەیەكی ئەكادمییانەی ئەم هاوكێشەیە تاو توێ بكەین ئەوە دەگەینە ئەنجامێك كە تەواو پێچەوانەی ئەو هاوكێشەیەیە، چونكە تا ئێستا زانكۆ هیچ جۆرە سەربەخۆییەكی بەدەست نەهێناوە وەك پێویست بێت، بەڵكو دەسەڵاتی زانكۆ لە دەسەڵاتی قوتابخانەیەكی سانەوی زێتر نەبووە، ئەگەر بەپێی قەوارەو پێكهاتەكانی خۆی بەراوردی پێ بكەیت.

كێشەی هەرە گەورەش لەو هەلومەرجەی ئەمڕۆی زانكۆ حكومیەكانی تێدا دەژین ئەو فەلسەفە بیروكراتی و سەلەفیەیە كە بەسەر زانكۆدا زاڵە كە دەرفەتێك ناڕەخسێنێ بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەك و ڕزگار بوون لەكێشەكانی ..دیارە كە هۆكاری بنەڕەتیش لە ون بوونی رێگا چارەسازییەكانی زانكۆ پشت نەبەستنە بەكەسانی پسپۆر و شارەزاو، لەوانەی بەپراكتیك لەناوەندی زانكۆدا خاوەن ئەزموونن و چارەسەری واقیعیانەی ئەمڕۆی زانكۆكانی كوردستانیان لایە. ئێمە پێمان وایە زۆر لەكێشەكان بەتەنیا دەركردنی یاساو سەپاندنی فەرمان بۆ زانكۆكان مەیسەر نابن و پێكهێنانی دەستەی سینات و ئەمیندارەكان لەبری ئەنجوومەنی زانكۆ . كەئێستا باسی لێوە دەكرێت،چ لەكرۆكی پرسەكان ناگۆڕێت ئەگەر سیستەمی حوكمڕانی زانكۆ نەگۆڕدرێت و دەسەڵات پەخش نەكرێتە سەر لق و پۆپەكان و هەریەكە و لەشوێنی خۆیەوە بەپێی پێكهاتەو هەلومەرجەكانی خۆی هەڵسوكەوت لەگەڵ دەوروبەری خۆیدانەكات، خۆئەگەر ئەو دەسەڵات و ئازادییە بخرێتە قەفەز، ئەوە ئەگەر هەموو یاساو رێساكانی جیهانی بەسەردابسەپێنی، ناتوانێت لەبازنەی ئەو قەفەزەدا هەنگاو بنێت، ئەوەتا وەرن بەیاساو دەسەڵاتەكانی ساڵانی رابردووی زانكۆدا بچنەوە ئەوسا درك بەوە دەكەن كەرۆژ لەدوای رۆژ دەسەڵاتەكانی زانكۆ بەرەو تەسك بوونەوە دەچن تاوای لێهات ئەمڕۆ لە بچووكترین و تەسكترین حاڵەتەكانی خۆیدابژیت، ناكرێت ئێمە بە هیچ كڵۆجێ ئەوە لەبیر خۆمان بەرینەوە كە زانكۆ چەشنی قەزاو دادگاو هەموو كۆلەگەكانی دیكەی بونیاتنانی دەوڵەتی مەدەنی و دامەزراوەیی پێویستی بە دەسەڵاتێكی رەها هەیە، تابتوانێت رۆڵی ئەكتیفانەی خۆی لەدروست بوونی كۆمەڵگادا ببینێ، بۆیە دانانی دەستەیەك و پەراوێزكردنی ئەنجومەنێك، یا دروست كردنی كۆمەڵێ كۆتو پێوەندی یاسایی، یا هەموار كردن و لابردنێك ناتوانن ببن بە ئەلتەرناتیف ئەگەرلە سەر هەمان سستەمی رابردوو كاربكەین، دەسەڵاتی ئەنجومەنی زانكۆ و سەرۆكی زانكۆ لەهەمان بازنەدا بخولێنەوە ؟ ئەگەر هاتوو سستەمەكە وەك قاڵبێكی چەسپاو لە شوێنی خۆیدا مایەوە و هەموو ئامانجەكان تەنیا گۆڕینی ناوو ناونیشان بێت . دروست كردنی ئەو سینات و ئەمینداریەتیانەی باسیان لێوە دەكرێت چ كاریگەریەكیان دەبێت ئەگەر بەهەمان دەردی ئەنجوومەنی زانكۆ و سەرۆكەكانی زانكۆ چوون، ئایا ئەو یاسایانەی دادەنرێن چ جیاوازیەكیان دەبێ لەگەڵ ئەو یاسایانەی پێشوو كە تۆزو گەردیان لەسەرهەڵنیشتووە، ئەگەر ئێمە كە چینی پێشكەوتووی كۆمەڵگاو نوێنەری زانست و مەعریفەین نەتوانین خۆمانبگۆڕین و خۆمان ئازادكەین و نەخشەو پلان و سیستەم و ڕێو شوێنێك بۆ كارو ئایندەیی خۆمان دانەنێین، ئەوە نازانم لەو حاڵەتەدا چۆن دەتوانین ڕێ و شوێن بۆ توێژوكەناڵەكانی دیكەی كۆمەڵگا دابنێین . خۆ زۆر لەوڵاتانی جیهان لەدەستوورو یاساو تەواوی پرانسیپەكانی دیكەی دامو دەزگاكانی حكومەت بەهەردوو كەرتی حكومی و تایبەتی پشت بە زانكۆكان دەبەستن كەبەشێوازێكی زانستی و ئەكادیمی نەخشە رێگایان بۆ داڕێژن. ئەوان بەڕێ نیشاندەری كۆمەڵگاو ئەكتیف كردنیان دەناسرێن،ئەوان دەبن بەئەلتەرناتیف،بۆ ئەقڵیەتێكی میللی و خۆڕسكی و رەمەكی كە زۆرجاران شوێنەواری نەگەتیفانە بەسەر سەراپای ژیانی كۆمەلگا دا بەجێ دێڵن. ئەی لەو كاتانەدا چۆن زانكۆ ناتوانێت چارەی دەردی خۆی بكات ؟ كێن ئەوانەی دەیانەوێ ئەقڵی زانكۆ و دەسەڵاتی زانكۆ داگیر بكەن، ئایا كەسانێك هەن شیاوتر لە شارەزاو پسپۆر و ئەكادیمی و زاناو دانای زانكۆ خۆیان بۆ ئەوەی شایستەی ئەوە نەبن دەسەڵاتی بەرێوەبردنی خۆیان بدرێتێ ؟ ئایا ئەو سینات و ئەمیندارانەی باسیان لێوە دەكرێت و حوكم لەسەر بەرێوەچوون و چارەنووسی زانكۆكان دەكەن كێن ؟ ئایا كەسانێكن لە دەرەوەی ئەم كۆمەڵگایە؟ ئەزموونیان لە ئەزموونی ئەنجوومەنی زانكۆكان دەوڵەمەند ترە ؟ ئەو متمانە نەدانە بە زانكۆكان سەرچاوەكەی لەكوێوە سەرهەڵدەدات ؟ هۆكارەكانی چین ؟ ئەگەر ئەوەندە نەبێت كە زانكۆكانیش نەبووبنە قوربانی بۆ زۆر پرسی لاوەكی.

ئێمە ئەمڕۆ وەك زانكۆ پێویستیمان بەوە هەیە كە سیستەمێكمان بۆ داڕێژرێت لەگەڵ هەلومەرجی ئەمڕۆكەی كۆمەڵگاكەماندا بگونجێت و واقیعبین بین لە داڕشتنی ئەو سیستەمە. بەپێی ئەو هەلومەرجە دیاری كراوەی كوردستانیش زانكۆ بەشێك بووە لەحاڵەتێكی گشتی و ئەمڕۆكە هەلومەرجێكی تایبەتی خۆی هەیەو لە قۆناغێكی ناسكدا دەژێت، دەبێ بەپێی ئەو قۆناغە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكرێت . ناتوانین هەمان ئەو سیستەم و ئایدیایانەی لە زانكۆ ناودارەكانی جیهان پیادە دەكرێن، لەسەر زانكۆكانی خۆمانی بچەسپێنین .. چونكە ئێمە بەر لەوە دەبێ لەسەرەتایەكی دروستەوە دەست پێ بكەین . بناغەیەكی نوێ دامەزرێنین، ئەمەش پێویستی بەكات هەیە تا دەتوانین ئەزموون و سیستەمێكی رێكوپێك بگوازینەوە بۆ زانكۆكانی خۆمان . خۆئەگەر بشمانەوێ ئەوە دەبێ لە ئازادی دان و دەسەڵات پێدانەوە دەست پێ بكەین . چونكە زانكۆ جیهانیەكان ئەم دووفاكتەرە بە دەستپێكی كارەكانیان دادەنێن . باس لەوە دەكرێت كە ئێمە لەرێگەی دامەزراندنی دەستەی ئەمینداریەتیەكان دەتوانین مامۆستا و قوتابیان بەتێكرایی ڕاكێشینە نێو پرۆسەی خوێندنی باڵا.

بەڵام ئایا ئەو زاتانە ئێستاكە دوورن لەو پرۆسەیەو لە سەرچاوەی بڕیارەكان ؟ئێمە دەپرسین كێن ئەوانەی ئەمڕۆكە سستەمی زانستی لەناو زانكۆماندا بەڕێوە دەبەن ؟ كێن ئەوانەی لیژنەكانی خوێندنی باڵاو بەرز بوونەوەو پلە پێدان و پلەی زانستی و گۆڤارە زانستییەكان و گشت لیژنەكان بەڕێوە دەبەن و هەموو بڕیارەكان لای ئەوانە ؟ ئایا ئەوانە مامۆستاكانی زانكۆ نین ؟ بۆچی وەك پێویست دان بەمامۆستا زانكۆییەكانی ئێمە دانانرێت و زانكۆ حكومییەكان بەچاوێكی نزم سەیر بكرێت ؟ ئەی ئەو زانكۆ ئەهلیانە لەكوێ بوون كە بەدرێژایی پتر لە 30 ساڵ بەهەزاران پرۆفیسۆرو زانا و مامۆستای ئەكادیمی و قوتابی كارای خستە نێو ریزی كۆمەڵگاو لە دامێنی ئەو زانكۆ حكومیانەدا بەدەیان زانكۆی دیكە لەدایك بوون . بۆ دەبێ ئەمڕۆ زانكۆیەكی ئەهلی كە ژمارەی قوتابیانی لەبەشێكی بەشەكانی زانكۆیەكی حكومی كەمتربێت بە پێشكەوتووتر تەماشابكرێت؟ وێرای ئەوەش ئایا ئەو ئازادی و دەسەڵاتەی بەو زانكۆیە دراوە، بە زانكۆ حكومییەكانیش دراوە؟ ئایا ئەو پشتگیرییەی لەوان دەكرێت لە زانكۆ حكومییەكانیش دەكرێت ؟ ئەو سیستەمەی بۆ ئەوان دانراوە بۆ زانكۆ حكومییەكانیش فەراهەم كراوە ؟ كەواتە چۆن ئەومافە دەدەین بەخۆمان كەبەراورد لەنێوان ئەو دوو نموونە لێك جیاوازەدا بكەین ؟ ئێمە ئەمڕۆكە ئەگەر بمانەوێت خۆمان بگۆڕین، زاكۆكانمان بەرەو پێش بچن، دەبێ شۆڕشێك لە خوێندنی باڵادا بەرپا بكەین، سەربەخۆیی و دەسەڵات لە حكومەت بسێنین، ئەمە بكەینە دەستپێك بۆ هەر گۆڕانكارییەكی پۆزەتیفانە لە ئایندەدا پشتگیری ماددی و مەعنەوی ئەو زانكۆیانە بكەین ئینجا ئەو هەنگاوە دروستانە، ئەو یاساو رێسایانە دابنێین و بیانكەین بە بەردی بناغە كە سەربەخۆیی زانكۆش بۆ ئایندەش زامن دەكەن و یاسا دەبێتە فاكتەرێكی رێخۆشكەر بۆ پێشخستنی زانست و ڕێزگرتن لە پەیامی زانكۆیی.
Top