بن لادن لەكامپی فارووقەوەبۆ كۆشكی ئابوت ئاباد

بن لادن لەكامپی فارووقەوەبۆ كۆشكی ئابوت ئاباد
تا ساڵی 2007 گومان هەبوو لەوەی ئوسامە بن لادن مابێ. تەنانەت لەچاوپێكەوتنێكی ساڵی 2007دا لەگەڵ خانم بێنەزیر بۆتۆی سەرەك وەزیرانی پێشووی پاكستان، بۆتۆ بەوپەڕی متمانەوە وتی بن لادن لەساڵی 2006ەوە كوژراوەو بۆ پشت ڕاست كردنەوەی زانیارییەكانی، وتی بن لادن بەدەستی یەكێ لەلایەنگرەكانی كە ئەحمەد عومەر سەعید شێخە كوژراوە. دوای لێدوانەكە بە 55 رۆژ، بۆتۆ لەڕەوالپەندی تیرۆركرا.
بەپێچەوانەی ئەوەی كەئەمریكییەكان دەیڵێن، رەنگە كوژرانی بن لادن كاریگەرییەكی زۆری لەسەر چارەنووسی جەنگی جیهانیی نێوان ئەمریكاو رێكخراوی قاعیدە نەبێ. بەڵام ئەم بۆچوونە هیچ لەبایەخی لەناوبردنی بن لادن كەم ناكاتەوەو هیچ گومانێكیشی لەگرنگیی ئەم كارە نییە.
بن لادن بۆ ئەمریكییەكان ببوو بەگرێكوێرەو مەتەڵێكی هەڵنەهێنراو. لەناوبردنی، بەقەد ئەوەی كە بۆ پرۆپاگەندەو كڕینەوەی ئابڕووی تكاوی ئەمریكا سوودی لێ وەردەگیرێ، ئەوەندە لەڕووی ستراتیژییەوە كاریگەریی لەسەر جەنگی جیهانیی نێوان ئەمریكاو قاعیدە نابێ، چونكە چارەنووسی ئەم جەنگە دەمێكە بەسەركەوتنی ئەمریكا یەكلا بۆتەوەو لەناوبردنی بن لادنیش لەكاتێكدا هاتە دی كەتێیدا قاعیدە لەپاشەكشەیەكی ستراتیژیدایە.
بن لادن بەر لەوەی كەرێكخراوی قاعیدە دروست بكا، كەیفی بەئەمریكاو شارستانێتیی رۆژئاوا نەدەهات. هەڵسوڕانی لە سودان، سەرنجی ئەمریكییەكانی راكێشاو پاش ئەوەی كە لەسودان لەگیانی خۆی دڵنیا نەبوو، ڕووی كردە ئەفغانستان. وەك ملیۆنێرێك، بن لادن دەیتوانی های لایف بژی، بەڵام لەبەر ئەوەی خۆی بەهەڵگری پەیامێكی پیرۆز دادەنا، پێی وابوو خوا بەخۆڕایی ئەو سەروەت و سامانەی پێ نەبەخشیوە، بەڵكو دەیەوێ تاقیی بكاتەوە. بن لادن بڕیاریدا بوو لەم تاقیكردنەوەیەدا سەرفراز بێ و بەهەشت بۆ خۆی مسۆگەر بكا. ئەگەرچی بەبێ هانا بردن بۆ كوشتن و خوێن ڕشتنیش دەیتوانی بەهەشتی داواكراو بۆ خۆی مسۆگەر بكا، بەڵام نەیتوانی ئەو بیرۆكەیە لەمێشكی خۆی دەربێنێ كەپەیامەكەی هانی دەدا دژوارترین رێگا بگرێتە بەر.
لەناوەڕاستی نەوەدەكاندا بەڕەزامەندی بزووتنەوەی تالیبان كامپی فارووقی لەئەفغانستان دامەزراندو كەوتە سازكردنی پێداویستییەكانی مەشق پێكردنی لایەنگرەكانی. كامپەكەی بن لادن هەزاران جەنگاوەری بەرهەم هێنا كەباوەڕی تەواویان بەوە هەبوو كەهەڵگری پەیامێكی ئاسمانین و ئەو مرۆڤەی دەبێتە سەرباز لەسوپای خوادا سڵ لەمردن ناكاتەوەو كوشتن بەكارێكی پیرۆز دادەنێ. فەلسەفەی كوشتن پێش بن لادن هەبوو. ئەم فەلسەفەیە لەلایەن ئایدیۆلۆژیا تۆتالیتارەكانەوە داهات كەهەر یەكێكیان پاساوێكی ڕوونی بۆ بەكارهێنانی كوشتن وەك ئامڕازی بەدیهێنانی ئامانجەكان پێشكەش دەكرد. لەم پێودانگەوە ماركسیزم مافی لەناوبردنی دوژمنە چینایەتییەكانی بەلایەنگرەكانی خۆی بەخشی و فاشیزمی هیتلەریش هیچ تەگەرەیەكی نەخستە بەردەم لەناوبردنی ئەوانەی ناوی نابوون دوژمنانی گەلی ئەڵمان. بەهەمان پێودانگ، بن لادن لەناوبردنی دوژمنە ئاینییەكانی كردە بنەماو لەم ڕووەوە جەختی لەسەر كوشتن وەك پرەنسیپێكی گشتی كردەوەو شێوەی كوشتنەكەشی بەبێ هیچ كۆسپ و لەمپەڕێك بەڕەهایی بۆ لایەنگرەكانی بەجێ هێشت.
ساڵی 1998 لەگەڵ چوار هاوڕێی كەدووانیان میسرین و دووانەكەی تر یەكێكیان پاكستانییەو ئەوی دی بەنگلادیشی، رێكخراوێكی جیهانیی بەناوی بەرەی جیهانیی بەگژداچوونەوەی جوولەكەو ئەمریكییەكانەوە ڕاگەیاندو شەڕە پیرۆزەكەی خۆی دەست پێكرد. لەو شەڕەدا بن لادن هیچ سەركەوتنێكی ستراتیژیی بەدەست نەهێناو لەم سەروبەندەدا ستراتیژی درێژكردنەوەی شەڕ بۆ تاهەتایە نەبووە مایەی مسۆگەركردنی سەركەوتن. ئێستا، دوا بەدوای لەناوبردنی بن لادن، لەڕوانگەی میتۆدی ستراتیژییەوە، هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەوە نییە كەئەوەی بن لادن نەیتوانیوە بەدەستی بێنێ، جێگرەكانی دەتوانن بەدەستی بێنن.
Top