فاوڵی سیاسیی قەیناكا، بەڵام یاریگا و رێساكانی گەمەكە تێك مەدەن!
May 15, 2011
وتار و بیروڕا
یاری یان گەمە یان وازیی بەزمانی هەر ناوچەیەك، خۆشییەكەی لەوە دایە كە لەبەر رۆشنایی یاسا و رێساكانی تایبەت بە خۆی بەڕێوە بچێت، چونكە لەم حاڵەتەدا گشت یاریزانان دەزانن چ كارێك رێپێدراوە و چ كارێك قەدەغەیە.
بەڵام دیاریشە لە حاڵەتی پەیڕەونەكردنی رێساكانی هەر یارییەكدا، هیچ مانایەك بۆ ئەو یارییە نامێنێ، چونكە لە نەبوونی یاسا و رێسای گەمەدا، هێزی بەرژەوەندیی و بەرژەوەندیی هێز بڕیار دەدات كامە گۆڵە و كامەش ئۆفساید؟ كامە راستە و كامەش فاوڵ؟!
گەمەی سیاسییش بەهەمان شێوەیە، كاتێك مانای راستەقینەی خۆی دەبەخشێت كە لەبەر رۆشنایی دەستوورێكی پەسەندكراو، یاسای حزبەكان و رێسای كار و یاسای هەڵبژاردن و ململانێكانی بەڕێوە بچن.
بەڵام وەختێك گشت یاسا و رێساكانی گەمەی سیاسیی ون دەبن، ئیدی مانایەك بۆ ئەم گەمەیە نامێنێ، چونكە لە نەمانی یاسای گەمە و رێسای یارییەكەدا ئیدی ناوبژیوان یان یاریزان پەنا دەبەنە بەر هۆكاری دیكە بۆ ئەوەی هەڵە و راست دەستنیشان بكەن!
لە ساتەوەختی نەمانی یاسای گەمە، گەمەی یاسا دێتە ئاراوە و هێز و بەرژەوەندیی و میزاجی كەس و رۆژ و سات بڕیار دەدەن لە بارەی دروست و نا دروستیی هەڵسوكەوتەكانەوە.
ئیدی ئەوساش شتێك ئەمڕۆ هەڵەبێت، سبەی لەوانەیە راست بێت و كاتێك ئەو بیكات هەڵوێستە و هەمان شت تۆ بیكەیت هەڵەیە.
كارێك ئەو بیكات بەرژەوەندیی نیشتمانە و تۆ بیكەیت هیچ نییە.
بۆیە گەمەی سیاسیی لە رۆژئاوادا سیاسەت بەرهەم دەهێنێت، چونكە گەمەی سیاسیی بەپێی ستاندارێك و بەپێی یاسا و رێسایەك بەڕێوە دەچێت كە هەمووان وەك یەك ملكەچی دەبن، بەڵام لە رۆژهەڵاتی خۆماندا گەمەی سیاسیی دەبێتە سیاسەتی گەمە و دواجاریش یاسا و رێساكانی گەمەكە پێشێل دەكرێت.
بۆیە گرنگە گەمەی سیاسەت بكەینە پێشبڕكێ نەك ململانێ، ئاشتیی بكەینە هەمیشەیی نەك كاتیی، كێشەكانمان بابەتیی بن نەك كەسیی، ئاخاوتنمان بەزمانی رێز بێت نەك زبر، جیاواز بین، بەڵام دژ نەبین.
گرنگە سیاسەتمەدار لەهەموو كەس زیاتر ئاگاداری بیركردنەوەی بێت، چونكە بیركردنەوەكانی دەبنە وشەو وشەكانیشی لای شەقام دەبنە رەفتار.
هەر حزبێكی ئۆپۆزیسیۆنیش ئاساییە حەز لەگەیشتن بە دەسەڵات بكات، بەڵام حەزكردن لە دەسەڵات بەهەر رێگەیەك بێت كارەساتە، حەزكردن لەجوڵاندنی شەقام رەوایە، بەڵام جوڵاندنی شەقام بە ئاراستەی هەڵە بێت، كارەساتێكی دیكەیە، حەزكردن لە دەسەڵات بەهەر رێگەیەك بێت، بە جوڵاندنی شەقام بەئاراستەی هەڵە، ئەوە كارەساتی كارەساتە!!
سیاسەتمەدارانی دوێنێ دەبێت ئەمڕۆ ئەو راستییەش بزانن كە لەسیاسەتدا سەركەوتنی رەها نییەو دۆڕاندنی رەهاش نییە، بەڵكو سەركەوتنی راستەقینە لە بەرقەراربوونی ئاشتیدایەو دەستپێشخەرییش بۆ دانوستاندن لاوازیی نییە و رەتكردنەوەی دانوستانیش ئازایەتیی نییە، سیاسەتی یان هەموو شتێك یان هیچ، سیاسەتێكی واقیعیی نییە، بەڵكو نەفەسی درێژو دروشمی یان ئاشتی یان ئاشتیی دەمانگەیەنێتە كەناری ئارامیی.
ئازایەتی نواندنی هەڵوێستی رەق و توند نییە، بەڵكو داننان بەهەڵەو نواندنی حیكمەت لەبیر و رەفتارداو سیاسەتی دەرگای هەمیشە كراوە بۆدانوستان و دۆزینەوەی رێگەی سێیەم لەنێوان هەردوو رێگەدا، ئازایەتییە.
لەوانەیە نەیارانی كوردستان و ئەزموونەكەی بیانەوێت شەڕی خۆیان لەسەر خاكی ئێمەدا بكەن، بەڵام دەبێت ئەم راستییە بزانین و رێگە نەدەین فیلەكان لەسەر باخچەی ئێمەدا شەڕی خۆیان بكەن، چونكە دواجار ئەوە چیمەنەكەی ئێمەیە كە دەپلیشێتەوە.
سیاسەتی راست، رێپێدانی بەرامبەرە بە تەواوكردنی بەرنامەكەی لەو كاتەی بۆی تەرخانكراوە، نەك رێگەلێگرتنی پێشوەختە، چونكە – وەك دەڵێن- هیچ كاتێك لەبەرژەوەندیی موسافیرەكاندا نییە، لەنیوەی رێگەو لەناوەڕاستی دەریاكەدا، شەڕ لەگەڵ كەشتییەوانەكەدا بەرپا بكەیت!!