(10) نامەكە....!

(10) نامەكە....!
دووریی سەركردایەتی سیاسی و فەرمانڕەوایی و بەرپرسەكانی وەزارەت و دامودەزگاكان لە هاووڵاتیان و جەماوەر و بوونی بۆشاییەكی(گاپیكی Gap)، گەورە لە نێوانیاندا، بابەتێكی گرنگی گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیانە. دەكرێت لەم ڕوانگەوە بڵێین لە هەلومەرجێكی وادا، كاتێك بەرپرسانی پلە یەكی حزب و حكومەت دەبنە كادر و فەرمانبەری ئۆفیسی و پشت مێز، نەك كادر و فەرمانبەری جەماوەری و كێوماڵی(مەیدانی)، لەلایەك ناتوانن هەست بە ئازار و گرفت و داخوازییەكانی هاووڵاتیان بكەن و لەلایەكی ترەوە دوو رووەكان و هەڵپەرستان بە ئاسانی دەتوانن راستییەكانیان لێبشارنەوە و بیانخەڵەتێنن. لە هەر دوو بارەكەیشدا هەموو لایەك، هاووڵاتیان، دەسەڵات و كۆمەڵگە زەرەرمەند دەبن. بۆیە دەكرێت دیاردەكە، دیاردەی بوونی بۆشاییەكی (گاپیكی Gap)، گەورە لەنێوان سەركردایەتی سیاسی و فەرمانڕەوایی و بەرپرسەكانی وەزارەت و دامودەزگاكان لەلایەك و هاووڵاتیان لەلایەكی تر بە «كێشە وگرفت» ناوزەند بكرێت.

دەكرێت ئەم «كێشە وگرفتە» بە چەندین رێگە چارەسەر بكرێت لەوانە:
1- پەیڕەوكردنی پرەنسیپی بە كێوماڵیكردنی بەرپرسانی حزبی و حكومی. كاتێك بەرپرسی یەكەمی فەرمانگەیەك پشتی مێزەكەی جێدەهێڵێت و وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی سەردانی فەرمانگەكەی خۆی دەكات بۆ ئەنجامدانی كارێك، ئەوكاتە هەست بە ئێش و ئازاری هاووڵاتیان و فەرمانبەرە بچووكەكان دەكات.

2- دروستكردنی چەندین ئۆرگانی تایبەت بە پتەوكردنی پێوەندییەكانی نێوان هاووڵاتیان و جەماوەری كوردستان لەلایەك و بەرپرسانی حزب و حكومەت لە وەزارەت و فەرمانگاكاندا، لەلایەكی تر. پێویستە ئەم ئۆرگانانە بەشێوەیەك بن كە لەتوانایاندا بێت داخوازی و ناڕەزایی جەماوەر، دوای لێكۆڵینەوە و پۆڵینكردن بەشێوەیەكی راست و دروست و بێ شاردنەوە بگەیەنێتە سەركردایەتی و بەرپرسانی یەكەم. ئەم ئۆرگانانە، كە داخوازییەكی خەڵكی كوردستانە و دەمێكە گوێمان لێدەبێت، دەبێتە ئامرازێك و پردێك بۆ پڕكردنەوەی ئەو گاپەی (Gap)، كە هەیە لەنێو جەماوەر و سەركردایەتی.

3- ئامرازێكی تری چارەسەری ئەم «كێشە وگرفتە» خۆی لە گۆڕینەوەی بیروبۆچوون دەبینێتەوە لەنێوان هاووڵاتیان و بەرپرسان بەرێگەی پۆستی ئاسایی و ئەلیكترۆنی. سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا یەكێكە لەوانەی كە پەیڕەوی ئەم نەریتە دەكات. «ئۆباما»، وەك نەریتێك بۆ ئەوەی ئاگاداری بۆچوون و گرفت و پیشنیاز و داخوازی هاووڵاتیانی ئەمریكا و جیهان بێت، هەموو شەوێك پێش خەوتن (10) نامەی هاووڵاتیان دەخوێنێتەوە كە لەلایەن بەرپرسانی «ئۆفیسی پەیامەكان» بۆی هەڵدەبژێرێت لەنێوان ئەو نامە زۆرانەی كە ئاراستەی ئۆفیسەكە دەكرێت.
وەك هەنگاوێك بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی كە لەنێوان هاووڵاتی و بەرپرساندا هەیە، دەكرێت بەرپرسانی یەكەمی حزبی و حكومی، لە ئاستە جیاوازەكاندا، لە هەرێمی كوردستاندا، بە رەچاوكردنی باری كۆمەڵگە و دامودەزگا حزبی و حكومیەكان، شێوازیك لەم نەریتەی سەرۆكی ئەمریكا پەیڕەو بكەن و شەوانە پێش خەوتنیان چاویان بە چەند نامەیەكی هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە بكەوێت. بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە ئامانجەكانی بەدەست بێنێت كە بریتییە لە ئاگاداركردنەوەی بەرپرسان لە بۆچوون و خەمەكانی هاووڵاتیان، بەباشی دەزانین كە:

1 – ناونیشانی ئاسایی و ئەلیكترۆنی ئۆفیسەكانی بەرپرسان بە روونی بۆ هاووڵاتیان بڵاوبكرێتەوە لە رێگەی دەزگاكانی راگەیاندن.
2 – داوا لە هاووڵاتیان بكرێت كە ئازادانە بۆچوون و پێشنیاز و سكاڵاكانیان ئاراستەی بەرپرسان بكەن لە رێگەی ئەو ئۆفیسانەوە.
3 – كارمەندانی «ئۆفیسی پەیامەكان»ی بەرپرسان دەبێت كەسانێك بن كە جێگەی متمانە بن و لە توانایاندا هەبێت كە بۆچوون و پێشنیاز و سكاڵاكان، بێ شاردنەوە و پشتگوێخستنی ئەو نامانەی كە لەوانەیە بەدڵیان نەبێت، بەپێی گرنگیان پۆلین بكەن و بیگەیننە شوێنی مەبەست.
4 – پێویستە لەسەر هاووڵاتیان لەكاتی نووسینی بۆچوون و پێشنیاز و سكاڵاكانیان رەچاوی مۆرالی نووسین و كۆمەڵگە بكەن وەك چۆن پێویستە بۆچوون و پێشنیاز و سكاڵاكان بە كورتی و روونی بنووسرێن.
5 – سكاڵاكان پێویستە بە بەڵگەوە ئاراستەی ئۆفیسەكان بكرێت و نامەكان پێویستە ناونیشانی تەواوی خاوەنەكانیانی لەسەر بێت بۆ ئەوەی وەڵام بدرێنەوە یان لەكاتی پێویست پێوەندیان پێوە بكرێت.
6 – بەباش دەزانرێت كە «ئۆفیسەكان» هیچ نامەیەك، تەنانەت ئەوانەیشی كە رەچاوی مۆرالی نووسینیان نەكردووە، فەرامۆش نەكەن و بەدواداچوون بۆ ناوەڕۆكی نامەكان بكەن و وەڵامی هەموویان بدەنەوە و دەكرێت لە كاتی پێویستیشدا ئاموژگاری بۆ نووسەرانی نامەكان بنووسن.
لە كۆتاییدا دەڵێین هیوادارین كە نامەكانی هاووڵاتیانی كوردستان خەونی بەرپرسان نەشێوێنی.
Top