بەرەو دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوەی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستانی عێراق

بەرەو دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوەی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستانی عێراق
لەژێر سایەی ئەو پەرەسەندنانەی بەسەر نەخشەی سیاسی جیهانیدا هاتوون، لەوانەش زیادبوونی ژمارەی یەكە سیاسییەكان و بایەخدان بەزۆربوونی دانیشتووان لەپاڵ بەرفراوانبوونی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا لە ڕێبازەكانی توێژینەوەی دیمۆگرافیدا..
لێكۆڵینەوەكانی لەسەر دانیشتووان ئەنجام دەدرێن لەزۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوودا بایەخی زۆریان پێدەدرێن بەتایبەتیش لەنیوەی دووەمی سەدەی ڕابردووەوە كاتێك دیموگرافیا كراوەتە بەشێكی سەربەخۆ لەزانكۆ پێشكەوتووەكانی دنیادا..
لێكۆڵینەوەكانی لەم بوارەدا تا ئێستا هەن بنەمان بۆ پرۆسەكانی پێوەندیدار بەپەرەسەندنەكانی كۆمەڵگەكان و مۆدێرنەبوونی دامودەزگا كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان بەكارگێڕی و سیاسییەكانیشەوە؛ چونكە پابەندی كاروبارو ژیانی مرۆڤ و زەوین، هاوكوفیشن بەهەموو پلان و بەرنامە تایبەتەكانی لەوپرۆسانە دەكۆڵێتەوە، بووژانەوەی گشتی نەتەوەیی و كەرتەكانی كۆمەڵگە پێویستییان بەسیاسەتی بووژانەوەی دانیشتووانە كە لە لایەكەوە ئامانج لەو سیاسەتە باشكردنی بارودۆخ و حاڵ وگوزەرانی هاووڵاتیانە و لەلایەكی دیكەشەوە پەرەپێدانی ژێرخانەكانی هەموو كەرتەكانی بەرهەمهێنە..
لەراستیدا گۆڕانكارییە دیمۆگرافییەكان پێوەندی بەتینیان هەیە بەهەموو پەرەپێدانە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان بۆیە پێویستە لەلایەن ئەوانەی گرنگی بەكاروباری پلاندانان و پەرەپێدان دەدەن بەهەندی وەربگرن و هاوسەنگی دروست بكەن لەنێوان ڕێبازگەكانی بووژانەوەی دانیشتووان و ئاڕاستەكانی ئابووری و شێوازە كۆمەڵایەتییەكاندا؛ لەلایەكی دیكەوە سەركەوتنی بەرنامەو پلانی پەرەپێدان چ لەسەر ئاستی نەتەوەیی یان هەرێمایەتی پشتدەبەستێت بەڕاستگۆیی زانیارییە وردەكان و وبەیاناتەكانی لەسەر كەرتە گشتییەكان دەدرێن هەر ناڕێكی و كەموكورتییەك لەو سەرچاوانەوە لەسەر ڕێژەی جێبەجێكردنیان بەنەرێنی دەكەوێتەوە، هەرێمی كوردستانی عێراق كە بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو خەڵكەكەی بەهۆی هێڕش و پەلاماری سەربازییانەی حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی عیراقەوە لە بارودۆخی ناهەمواردا دەژیان و زۆربەی گوند و شارۆچكەكان سووتێنران و خەڵكەكەی دەكوژران و دووردەخرانەوەو بەمان بە سلبی كاری كردۆتە سەر ئەنجامەكانی ئەو ئامارانەی لەماوە زەمەنیەكانی ڕابردوو ئەنجام دراون دوایەمین سەرژمێری دانیشتووان لە ساڵی 1987لەكاتی هەڵایسان و گەرمبوونی شەڕی نێوان عیراق و ئێراندا بوو،ئاماری دواتر لەساڵی 1997 ئەنجام درا لەو كاتەیدا كە هەرێمی كوردستان كەوتبووە دەرەوەی دەسەڵاتی ناوەندەوە ..
ڕەنگە سەرەكیترین فاكتەری نزمبوونەوەو كەمی جێبەجێكردنی پرۆسەكانی پەرەپێدان لە كوردستان بگەڕێتەوە بۆ لاوازی بەهای ئەو ئەنجامانەی سەرژمێری لەلایەك و دووری زەمەنی دوایەمین سەرژمێریی لە هەرێمەوە كەپێداویستییەكی گرنگی پرۆسەی بووژانەوەو ئاوەدانییە بۆ ئێستاو داهاتووشمان، لەماوەی زیاتر لەو بیست ساڵەی كە ناوچەكە ئاماری لەسەر دانیشتووان تێدا نەكراوە زۆر ڕووداوی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی قەوماون، بڕیار وابوو لەساڵی 2007 كە دەكاتە 10 ساڵێك دوای سەرژمێری پێشوو ئەنجام بدرێت، بەڵام حكومەتی ناوەندی سووربوو لەسەر دواخستنی، تا ڕادەی ئەوەی بكەوێتە كونجی فەرامۆشی !!
بەهۆی دوا گۆڕانكارییەكانی بەسەر هەرێمیشدا هاتن كەكاریگەر بوون لەسەر ڕێبازەكانی دیمۆگرافیای دانیشتووان، تازەكردنەوەو ڕێكخستنەوەی زانیاری و بەیاناتی دانیشتووان پێداویستییەكی هەنووكەییە گەر بێت و بویسترێت پەرەپێدانی تەواوەتی بەشێوەی سەركەوتوو تێدا ئەنجام بدرێت، لێرەوە گرنگە حكومەتی هەرێم ئەم ئەركانەی خوارەوە بەجێ بگەیەنێت:
1ـــ دامەزراندنی دەزگایەك یان ئەنجوومەنێك كار لەسەر پێگەیاندنی كادرانی پسپۆر و شارەزای تایبەتمەند بەزانستەكانی دانیشتووان و ئامارو سەرژمێری دانیشتووان بكات ..
2ـــ دانانی لێكۆڵینەوەو توێژینەوەی تایبەت بەگۆڕانكارییە دیمۆگرافییەكان ..
لەسەر ئەم بنەمایە ئەو پێشنیازەی لەكاتی كۆبوونەوەكانی عەمانی پایتەختی ئەردەن كە بەسەرپەرشتی سندوقی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان(UNFPA) لە مانگی ئازاری ئەمساڵ پێشكەشمان كرد هەمان ئەو مەبەستەی دەگەیاند یەكێك لە ئامانجەكانی (UN) لەو كۆبوونەوانەدا دانانی پلانێك بوو بۆ پەرەپێدانی تواناو كەفائەتی عێراقییانە لە بوارەكانی توێژینەوەی دانیشتووان و دامەزراندنی بەشی تایبەت لە زانكۆكان بۆ بەرنامەسازی خوێندنی باڵا لە بواری دیمۆگرافیدا..
ئەو پێشنیازەی پێشكەشمان كرد بریتی بوو لە دامەزراندنی سەنتەری لێكۆڵینەوەی دانیشتووان لە زانكۆی سەڵاحەدین بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستانی عیراق و لەوێشدا كادری پسپۆرو لەبوارەكانی دیمۆگرافی و ئامارو جوگرافیا و ئابووری و كۆمەڵایەتی هەبن و سەنتەرەكەش ئەركی هەبێت بۆ ئەم دوو مەبەستە:
1ــ پێگەیاندنی كادرانی تایبەتمەند لە لێكۆڵینەوەی دانیشتووان و كاروباری سەرژمێری ..
2ــ دانانی بەشی زانستی تایبەتمەند بە دیمۆگرافیا لە خوێندنی باڵادا
هەر لەو كۆبوونەوەیەی ناوم هێنا پرۆگرامی زانكۆی سەڵاحەدین ئەم خاڵانەی لەخۆگرت
1ــ دانیشتووان و پەرەپێدان
2ــ سەرژمێری دانیشتووان
3ــ سیاسەتی دانیشتووان
بڕیارەكانی كە تایبەت بوون بە خوێندنی باڵا بەم شێوەی دابەشكران
1ــ بووژانەوەی ئابووری
2ــ بووژانەوەی كۆمەڵایەتی
3ـ كۆچڕەو
4ــ ژیاریی
5ــ جوگرافیای دانیشتووان
6ــ شرۆڤەیكاری دانیشتووان
7ـــ سەرچاوەكانی لێكۆڵینەوە لەسەر دانیشتووان
8ــ ڕێبازەكانی بەپیت وفەڕی
9ــ ئاستی باشتری دانیشتووان
10ــ تیۆرەكانی دانیشتووان
بەهەرحاڵێك چ ڕێكەتن بكرێت لەسەر كردنەوەی سەنتەرەكە لە ناوەوەی هەرێمی كوردستان یان لەدەرەوەی بەندە هاندەری زانكۆی سەڵاحەدینم تا دەسپێشخەرییەكە لای خۆیەوە بێت و كار بۆ دامەزراندنی سەنتەرەكە بكات تا ببێتە پاڵپشتێكی تۆكمەو بەهێز بۆ پرۆسەكانی ئاوەدانی و بووژانەوەی هەرێم و پێگەیاندنی كادرانی تایبەتمەندیشی بكەوێتە ئەستۆ لەو بڕوایەشدام ئێستا بایی هێندە كادرمان هەن تا ئەم دامەزراندنەی سەنتەرەكە سەربكەوێت .
Top