دانوستان لەنێوان هەڵچوون و داچوونی هەڵوێستەكان

دانوستان لەنێوان هەڵچوون و داچوونی هەڵوێستەكان
لەو قەیرانەی كەئێستا هەرێم تێی كەوتووە، بەشێوەیەكی سەرەكی سێ سیناریۆ لەئارادایە: سیناریۆی یەكەم، رێككەوتنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە لەسەر دەرچوون بەڕووسووری لەقەیرانەكە بەجۆرێك كەچارەسەرێكی میانڕەوو پەسندو مامناوەنج بۆ خاڵە ناكۆكەكان بدۆزرێتەوە. ئەمەش چاكترین سیناریۆیە.

سیناریۆی دووەم، نەگەیشتنی لایەنەكانی تەنگژەكەیە بەهیچ رێككەوتنێك و درێژەكێشانی تەنگژەكە بۆ ماوەیەكی نادیار كەئەمەش، بەرەچاوكردنی ئەگەری تاوسەندنی ململانێكەو گەیشتن بەبنبەست، دەشێ خراپترین سیناریۆ بێ.

سیناریۆی سێیەم، زاڵبوونی لایەنێكی ململانێكەیە بەسەر لایەنەكەی تردا كەئەمەش بەبێ زەبروزەنگ و دروستبونی ئاشووب و پشێوی نایەتە پێش و هەوڵدان بۆ هێنانە دیی ئەم سیناریۆیە وەك قوماركردن وایە چونكە سەرەنجامێكی مسۆگەری نیيەو زۆر هەڕەشەی لێ دەكەوێتەوە.

نەبوونی نەخشە ڕێگایەكی روون و هاوبەش بۆ دەربازبوون لەقەیرانەكە وای كردووە هەڵوێستە سیاسییەكان لەهەڵچوون و داچووندا بن و هیچ بەرچاوڕوونییەك لەئارادا نەبێ. ئەم هەڵچوون و داچوونە بەهەڵوێستی هەردوو لادا دیارە. پێداگرتنی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر ئەجیندا ڕاگەیەنراوەكەی شتێكی وای لێ هەڵدەكڕێندرێ كەئەو ئەجیندایە تاكە ئەجیندای شیاوی تاوتوێ كردنە بەڵام رازیبوون بەدانیشتن لەسەر مێزی وتووێژ خۆی لەخۆیدا هەنگاوێكی دروستەو نیشانەی نەرمی نواندنە.

بەهەمان پێودانگ، دەسەڵات لەسەرجەمی سێ هەڵوێستدا لەماوەی یەك هەفتەیەدا، لەدووانیان نەرمیی گونجاوی نیشانداوە. یەكەم راگەیەنراوی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانی و پارتی دیموكرات لەوەڵامدانەوەی داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتتدا زبرییەكی ئاشكرای پێوە دیار بوو بەڵام دوو هەڵوێستەكەی پاشتر خاوبوونەوەیەكی ئاشكرایان تێدا دەبینرێ. بانگەوازی 10ی نیسانی سەرۆكی هەرێم بۆ دەستپێكردنی دانوستان كەئاشتەوایی و میانڕەویی بەسەریدا زاڵ بوو، دەرەتانێكی لەباری بۆ ئومێد بەخشین بەئەگەری دۆزینەوەی چارەسەر پێكهێنا، بەتایبەتی كەبانگەوازەكە بەڕوونی ئاماژەی بۆ ئامانجی دانوستانەكە كردووە كەكاركردنە بۆ گەیشتن بەچارەسەر. پێشوازیی یەكێتیی نیشتمانی و پارتی دیموكرات پاش دوو رۆژ لەبانگەوازی سەرۆكی هەرێم، بە بەراورد لەگەڵ ناوەڕۆكی یەكەم راگەیەنراویان، هەنگاوێكی پێشكەوتووە، تەنانەت ئەمە یەكەم جارە لە 17ی شوباتەوە هەردوولا لەڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا دەستەواژەی «دانووستانی بێ مەرج» بەكار بهێنن. ئەگەرچی ناوەڕۆكی ئەم ڕاگەیەنراوە تەواو جیاوازە لەناوەڕۆكی یەكەم ڕاگەیەنراو، بەڵام دۆزینەوەی پێوەندییەك لەنێوان ناوەڕۆكی بانگەوازی سەرۆكی هەرێم و ناوەڕۆكی دووەم ڕاگەیەنراوی یەكێتی و پارتی، دەشێ ئاماژە بێ بۆ بوونی زەمینەیەكی لەبارتر بۆ بەڕێوەبردنی دانوستان بەگیانی گەیشتن بەسەرەنجام.
سەرەڕای هەڵچوون و داچوونی هەڵوێستەكان و سەرەڕای درێژەكێشانی قەیرانەكە بۆ ماوەی دوو مانگ هێشتا پێوەندییەكان بەبنبەست نەگەیشتون و هێشتا دەرفەتی رێككەوتن هەیە. بۆ دەسەڵات، دەربازبوون لەئەگەری بەردەوامبوونی تەنگژەكە بەكەمترین زیان و رزگاربوون لەئەگەری هەڵكشانی گرژییەكان و دەرچوون بەڕووسووری لەقەیرانەكە، نرخی خۆی هەیە و دەبێ بیدا. بۆ ئۆپۆزیسیۆنیش، دەرچوون بەڕووسووری و بەچەردەیەك دەستكەوتەوەو رزگاربوون لەلێپرسراوەتیی ئاڕاستەكردنی شەقامێكی ناكۆنترۆڵكراوو تێوەگلێنەر، دەشێ هاندەر بێ بۆ خاوكردنەوەی گوشارەكانی. بۆ دەسەڵات بەدیهێنانی هاوسەنگی لەنێوان گۆڕینەوەی سەقامگیری بەچاكسازیی سیاسی بایەخی خۆی هەیە و بۆ ئۆپۆزیسیۆن بەدی هێنانی هاوسەنگی لەنێوان بەدەست هێنانی دەستكەوتی گونجاوو لەدەست نەدانی شەقام لەپێشی پێشەوەیە. بەدی هێنانی ئەم دوو هاوسەنگییە بەو ئەندازەیەی كەهەر لایەك هەوڵی بۆ دەدا، چانسی رێككەوتن زیاتر دەكا و دەرفەتی دەربازبوون لەقەیرانەكە بەشێوەیەكی باشتر دەڕەخسێنێ.
Top