لەساڵیادی گۆڤاری گوڵاندا..هەنگاوی نوێتر بۆ پەرەپێدانی مرۆیی

لەساڵیادی گۆڤاری گوڵاندا..هەنگاوی نوێتر بۆ پەرەپێدانی مرۆیی
ئەگەر پیرۆزبایی گەرم لەساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان و، دەستخۆشیی لەستافی گۆڤارو چاوڕوونیی لەكارمەندانی، ئەركێكی مرۆیی نووسەرو خوێنەران بێت، ئەوا لام وایە ئەركی گەورەتر بریتییە لەخستنەڕووی ئەو پێشنیارانەی كەبۆیان هەیە ببنە هۆكاری زیاتری بەرەوپێشبردنی گۆڤارەكە، ئەم تەوەرانەی لای خوارەوەش كە لام وایە بەشێكن لەو هۆكارانە بەئاراستەی پەرەپێدانی مرۆیی :
یەكەم : وەرگرتن و وەرگێڕان لە گۆڤارە جیهانییە ناودارەكانەوەو، بنیاتنانی پردێكی پێوەندیی فەرمیی لەگەڵ گۆڤارە بیانییە هاوشێوەكان بەمەبەستی گواستنەوەی ئەزموونی جیهان بۆ كوردستان، چونكە حەقیقەتەكان وەك پارچە جیاجیاكانی ئاوێنەیەك، لە زۆر شوێنن و لای زۆر كەسن، لێرەوە گوڵان دەتوانێت ئەو پردە بێت بۆ گۆڕینەوە و ئاڵوگۆركردنی ئەزموونەكان .
ئەمڕۆش گشت هۆكارەكان لە چەشنی فڕۆكەو،كەشتی و ئۆتۆمۆبێل و مۆبایل و فاكس و ئیمێڵ و چات و پێگە ئەلكترۆنیەكان و ڕۆژنامەو گۆڤارو ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و كتێب و كاسێت و سیدی و ..تاد، بوونەتە پردی بە یەكگەیشتن لەنێوان تاكەكان و گەلان لەسەرتاسەری جیهاندا.
ئێمە لەم سەردەمی جەنجاڵیی و قەرەباڵغیەدا، زۆر پێویستیمان بەبنیاتنانی پردی كەلتووریی هەیە
بۆ جیهانناسین و، پرد لەگەڵ ئەوانەی لە نزیك و دووری ئێمەوە دەژین و بەجەستە زۆر دوورین لێیانەوە بەڵام بە ناخ زۆر نزیك . پرد لەگەڵ ڕابردوودا، بۆ هێنانەوەی وتە و قسە جوانەكان، پرد لەگەڵ ئایندەدا، بۆ دڵنیا بوون لەو ڕووبەرەی بەنیازین بەرەو ڕووی بڕۆین.
ئێمە پێویستمان بە جووڵەی بەردەوامە بۆ بەیەكگەیشتن، كاتێكیش خەڵكانێك بەرژەوەندیان لەدابڕان و، ڕووخاندنی پردەكاندا بووە، دەبێت ئەوانەی بەرژەوەندییان لە بەیەكگەیشتنە، پردەكان بنیات بنێنەوە چونكە پردەكان بێلایەنانە هەموو ئەو كەسانە بەیەكتر دەگەیەنن بەسەریاندا دەپەڕنەوە.
لەبەر هەموو ئەمانەی باسمان لێوە كرد، سەیر نییە كە ئەمڕۆ یەكێك لە پێناسە نوێیەكان بۆ كەلتوور بریتییە لەوەی كە كەلتوور خۆی لە خۆیدا بەرەنجامی بەیەكگەیشتن و كۆمیۆنیكەیشنە چونكە ئەوی دی، مرۆڤی دی، تەنيا جەستەیەك نییە وەك ئێمە دەیبینین، بەڵكو هەموو ئەوی دییەك مەعریفەیەكە بۆ خۆی هۆكارێكی گەورەی گۆڕینەوەی ئەزموونەكانی مرۆڤایەتیە كە تیایدا لەبەیەك گەیشتنی هەردوو كەسێكدا وەك بیركاری یەك كۆ یەك دەكاتە (دوو)، بەڵام لە ڕووی كەلتوورییەوە یەك كۆ یەك دەكاتە (سێ)، چونكە هەر یەكێك ئەزمونێكەو، لە بەیەك گەیشتنی هەردوو ئەزموونەكەدا زۆرجار ڕێگەیەكی نوێ دێتە ئاراوە، یان ڕێگەی سێیەم و ڕای سێیەم لەدایك دەبێت .
لە بەیەك گەیشتندا باشترینی هەردوولاو، هەردوو بۆچوونەكان موتوربە دەكرێن، بۆیە زیادەڕەویمان نەكردووە ئەگەر بڵێین زانستی گواستنەوەو گەیاندن هۆكاری یەكەمی پێشكەوتنەكانە، چونكە مرۆڤ كە جووڵەی كرد ڕێگەی پێویستە لە ڕێگاشدا كەندو كۆسپ هەیە، لێرەوە مرۆڤ پردی دروست كرد .
دروستكردنی پردەكانی كەلتوور، سەرەتایەك بوو بۆ پەڕینەوە بۆ ئەوبەر، بۆ جیهانێكی دی، بۆ ئەزموونێكی دی، بۆ یەكگەیشتن، بۆ لەیەكگەیشتن .
پردەكانی نێوان كەلتوورەكانی جیهان، لە مەترسی كەندو دۆڵەكان دەمانپارێزێت و، لەكەم كردنەوەی كاتی بەفیڕۆدراودا یارمەتیمان دەدات و، لە كۆكردنەوە تواناكان و، گۆڕینەوەی ئەزمونەكانیشدا هاوكاریمان دەكات
پردەكانی نێوان كەلتوورە جیاوازەكان، پڕكردنەوەی بۆشاییەكانن، نەهێشتنی كۆسپ و كەندەكانن، پەڕینەوەن بەسەر ڕووبارو ئاوەكانداو، نەهێشتنی دیاردەی دابڕانن .
گەشتە ئاسایی و گەشتە زانستیەكانیش پردی گۆڕینەوەو بەدەستهێنانی شتی تازەن، ڕێك وەك ئەوەی ڕۆژهەڵات ناسەكان كە پەڕینەوە ئەمبەر، شتی زۆریان زانی و ئەزموونی زۆر فێربوون .
ئەمڕۆش ئێمە پێویستیمان بە جووڵەیە، بەگەڕانە، بەگەشتە، جووڵەش ڕێگای دەوێت لە ڕێگاشدا پردێك یان زیاتر پێویستن بۆ ئەوەی ڕێگا لەیەك دابڕاوەكان پێكەوە گرێ بدەن ..
لە ڕووی زەمانیشەوە ئەمڕۆیەكی گەش پێویستی بە پردێك هەیە لە نێوان ئەزموون و حیكمەتەكانی ڕابردوو، خەونەكانی ئایندەدا، دوور لە هەستیاریی ..دوور لە ترسان . دوور لە ڕق و كینە، بۆ ناسینی گشت نەناسراوێك پەڕینەوەو بەیەك گەیشتنمان پێویستە، لێرەوە پردی پێوەندیی، وەك هۆكارێكە بۆ پەڕینەوە، دەرفەتێكیشە بۆ شتی نوێ و، جیهانێكی نوێ
دووەم : بایەخدان بەگەورەترین كێشەی سەردەم كەئەویش كێشەی ژینگەوپەرەپێدانە، چونكە بەدەركەوتنی شوێنەوارە نیگەتیڤەكانی پێشكەوتنی مرۆڤ لەبواری پیشەسازیی و بیناسازیی و داهێنانی چەندین مەكینەو دروستكردنی زۆرێك لەكارگەو زیادبوونی لە رادەبەدەری هۆكارەكانی گواستنەوە، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، بەكارهێنانی بێ سنووری پێكهاتەكانی ژینگە، گوێ نەدان بەچارەنووسی نەوەكانی ئایندە، زیادبوونی زۆری ڕووبەری خانووبەرە، كەم بوونەوەی ڕووبەری سەوزایی، كشانی ئاسۆیی شارەكان، زیادبوونی دەنگ و ژاوەژاوی كارگەو هۆكارەكانی گواستنەوە، تێكئاڵانی دیمەنە ناهۆرمۆنییەكان و تێكدانی هەستی بینین، كەمی هۆشیاری ژینگەیی و بایەخ نەدان بەشوێنەوارەكانی پڕۆژە ئەنجامدراوەكان و...تاد، هەموو ئەمانە پاڵی بەزۆرێك لەتوێژەرو كاربەدەست و هاوڕێیانی ژینگەوە ناوە كەهەڵوێستەیەك بكەن لەئاست ئەم كێشە زۆرانەدا، بۆیە دەنگی ناڕەزایی و هاواری ترسناكیی و ئاگاداركردنەوە لەزۆر لاوە بڵندبۆتەوە، بۆ بەرجەستەكردنی ئەم خەمخواردنەش تادێت دەستەو كۆمەڵەو گرووپ و لیژنەو وەزارەتی تایبەت بەژینگە لەوڵاتان دێنە ئاراوە، بەجۆرێك كەڕۆژ نیيە لەدەزگاكانی راگەیاندن یان گۆڤارو بڵاوكراوە تایبەتەكانەوە باس لە پیسبوونی ژینگەو مەترسیەكانی پیسبوون نەكرێت.
وڵاتی ئێمەو هەرێمی ئێمەش لەسایەی دەستكردن بەپەرەپێدانی فراوان واچاوەڕوان دەكرێت لەماوەی ساڵانی داهاتوودا بەشێوەیەكی بەرچاو گرفتەكانی پیسبوونی تێدا دەربكەوێت، پاش گۆڕانی بەرەو ژینگەیەكی پیشەسازیی و پڕبوونی شارەكانی بە دانیشتووان و شەقامەكانیش بەهۆكارەكانی گواستنەوە، زیادەڕەویی لەبەكارهێنانی سامانی سروشتیی، بەكاربردنی بێ پلانی زانستیی و ئاستێكی بەرزی هۆشیاری ژینگەیی و ژینگەی رۆشنبیرییدا.
بۆیە ئەركی پاراستنی ژینگەو چاككردنی، ئەركێكی نیشتمانی و مرۆییە، لەهەمانكاتیشدا ئەركێكی ناوخۆیی و جیهانییە، هەروەك ئەركی تاك و كۆمەڵگەش لەهەمانكاتدا.
پسپۆڕان و كاربەدەستانی بواری ژینگە ئەمڕۆ لەجاران زیاتر ئەركی هۆشیاركردنەوەو ئامادەكردنی باس و لێكۆڵینەوەو ئەنجامدانی ئەو میكانیزمەیان دەكەوێتە ئەستۆ، كەدەتوانرێت بەهۆیانەوە شوێنەوارەكانی ماددە پیسكارەكانی ژینگە نەهێڵن یان كەم بكرێنەوە.
پیسبوونی ژینگە ئەمڕۆ بۆتە یەكێك لەو هۆكارانەی كەئاسایشی گشت جیهانی خستۆتە بەر هەڕەشەو مەترسییەوە، چونكە پیسبوونی ژینگە سنورە سیاسی و ئیدارییە دەستكردەكان ناناسێت و پیسبوونی پێكهێنەرەكانی لەهەر شوێنێكی دنیادا، كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر شوێنەكانی تریش لەجیهاندا.
ئێمەش كەبەشێكین لەم دنیایەو لەسەر یەك خاك دەژین و یەك چارەنووس لەگەڵ تەواوی جیهاندا كۆمان دەكاتەوە، ئەركی سەرشانی هەر یەكەمانە بەپێی تواناو لەسنوری زانیارییەكانی خۆی و پێگەی بەرپرسیارێتی خۆیدا، هەنگاوێك بنێت لەڕێگەی دوور و درێژی پاراستن و چاككردنی ژینگەدا.
لێرەوەیە كە گۆڤاری گوڵان دەتوانێت ئەو سەكۆ هەفتانە بێت و، ئەو بڵندگۆ بەردەوامە بێت كەلاپەڕەیەك یان زیاتری تەرخان بكات بۆپاراستن و چاككردنی ژینگە لەهەرێمی كوردستاندا.
سێیەم : سەبارەت بەلاپەڕەكانی هەمەڕەنگ ولاپەڕەكانی دواوە، زۆرم لامەبەستە كەگوڵان بتوانێت داهێنانێكی پەروەردەیی ئەنجام بدات و، جیاواز بێت لەگشت گۆڤارەكانی دی، ئەویش لەبڕگەیەكی زۆر باودا كە دۆزینەوەی جیاوازیی نێوان دوو وێنەی لەیەكچووەو، گۆڕینی بەدۆزینەوەی لەیەكچوون لەنێوان دوو وێنەی جیاوازدا، چونكە پێكەوەژیان وەكو ستراتیژ (پرۆسەیەكی درێژخایەنە و، دەیان ساڵ كاركردنی بەردەوامی دەوێت لە چوارچێوەی (پرۆژە)ی كرداریی تەمەن جیاجیادا و، پێویستیشە رۆژانە (پرۆڤە)ی جۆراوجۆری لەسەر بكەین بۆ ئەوەی باشتر و چاكتر بتوانین یەكتر قبوڵ بكەین بە جیاوازییەكانی نێوانیشمانەوە.
یەكێك لەو پرۆڤانەی كە پێویستە لە قۆناغی منداڵییەوە دەستی پێ بكەین ئەوەیە، كە منداڵانمان پەروەردە بكەین لەسەر داننان بە جیاوازبوونی بەرامبەر و، دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەكانیش لەگەڵ بەرامبەری جیاوازدا.
بەڵام ئەوەی لە تەمەنی منداڵیی خۆمانەوە بینیومانە و بینیوتانە ئەوەیە كە لە دوا لاپەڕەكانی زۆربەی گۆڤارەكاندا بەگشتیی و، گۆڤارە پەروەردەییەكانی منداڵاندا بەتایبەتی، دوو وێنەی لەیەكچوو دەخرێنە بەرچاوی خوێنەران و، داوایان لێدەكرێت كە لە ماوەیەكی زۆر كورتی دیاریكراودا (هەشت) یان (دە) جیاوازیی لەنێوان هەردوو وێنە لەیەكچووەكە بدۆزنەوە.
بەم شێوەیەش كەلتوری دۆزینەوە و زەقكردنەوەی جیاوازییەكانی نێوان وێنە لەیەكچووەكان دێتە ئاراوە، كە دەیان ساڵە مرۆڤی لەسەر پەروەردە دەكرێت.
لام وایە ئەگەر مەبەست بەهێزكردنی وردبینی و دووربینی منداڵان بێت لەم كارەدا، ئەوا دەكرێت هەمان ئامانج وەدەست بهێنین بە شێوازێكی تەواو پێچەوانە!.
با بێین داوا لە خوێنەران بكەین كە لە نێوان دوو وێنەی جیاوازدا (هەشت)، یان (دە)، یان زیاتر خاڵی هاوبەش و لەیەكچوو بدۆزنەوە، بەم شێوەیەش كاركردنمان بە ئاراستەی پەروەردەكردن دەبێت لەسەر كەلتوری دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەكانی نێوان جیاوازەكان و، شتە لەیەكەچووەكانی نێوان وێنە جیاوازەكان.
ئەم شێوازی كاركردنەش زۆر گرنگە، چونكە هەنگاوێكی تازەیە بە ئاراستەی بەهێزكردنی گیانی پێكەوەژیان، كە لە سەرەتادا پێویستی بە دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و دیمەنی لەیەكچوو هەیە.
جا بۆیە با خۆمان لەسەر ئەوە پەروەردە بكەین كە لە نێوان وێنە جیاوازەكاندا خاڵی هاوبەش و لەیەكچوو بدۆزنەوە، نەك لە نێوان وێنە لەیەكچووەكاندا خاڵی جیاواز و دژ بە یەكتر بدۆزنەوە !
ئەم سەرنجە تایبەتە لەوانەیە بەقەبارە بچووك بێت، بەڵام بەدڵنییاییەوە لەئاكام و رووبەری ژیانی رۆژانەدا كاریگەریی گەورەی هەیە لەبواری دووبارە داڕشتنەوەی بیركردنەوەی تاكی كوردستانیدا.
Top