خەسڵەتی ناتوندوتیژی وەك كەلتوورێكی مرۆیی !!
April 30, 2011
وتار و بیروڕا
ناتوندوتیژی ئامرازێكی بەهێزە، ستراتیژیەتێكە بۆ ئازادبوون، پاڵنەری خەڵكە بۆ داخوازیكردن لەسەر كاری دادپەروەری و ئەخلاقی بێ گەڕانەوە بۆ توندڕەویی لەڕووی ماددییەوە و بێدەنگنەبوونە لە ستەم .
بێگومان بوونی هەردوو چەمكی توندوتیژی و ناتوندوتیژی لە ڕووی كەلتوورەوە تێروانینی جیاوازی بۆ دەكرێت، هەندێك پێیان وایە دیاردەی رەفتاری توندڕەوی لە زۆربەی كۆمەڵە مرۆییەكان لەجیهاندا پاڵنەرە بۆ ئەوەی ئەو تێڕوانینە لای هەندێك بڵاوبكاتەوە بەوەی توندوتیژی بەشێكە لە سروشتی مرۆڤەكانەوە وەرگیراوە، بەڵام هەندێكی دیكە بەشێوەیەكی جیاوازتر دەڕوانێتە ئەو مەسەلەیە، بۆ نموونە هەندێك پێی وایە پەیرەوكردنی توندوتیژی لە ڕەفتاری مرۆییدا دیاردەیەكی نوێیە بەشێوەیەكی رێژەیی لایەنیكەم پێش كەمتر لە دە هەزار ساڵ دەركەوت.
بە دیوێكی دیكەشدا هەندیك پێی وایە رەفتاری ناتوندوتیژی چارەسەرە بۆ ڕەوینەوەی كێشەكان و هەندێكی دیكە بە ملكەچ و تەسلیمبوون لێكی دەداتەوە. ئەوەی مەبەستی باسەكەیە ئەوەیە كە زۆرن ئەو كەسانەی لە كەلتوور و ژینگەیەكی توندوتیژیدا ژیانیان گوزەراندوە و بەو شێوەیەش پیادەكردنی بۆ كەسانی دیكە بۆتە كارێكی ئاسایی و سروشتی مامەڵەكردنی نێوان مرۆڤەكان كە دەرئەنجام كەسی بەرامبەریش هەمان خەسڵەتی كردۆتە كاردانەوەی ژیانیان،بەمەش كێشەكان ئاڵۆزتر دەبێت و رێژەی جۆرەكانی توندوتیژیش بەهەموو شێوازەكانییەوە ڕوو لە زیادبوون دەكات و بگرە ئەم شێوەیە دەبێتە بەرهەمهێنەری كەسانی توندڕەو لەكۆمەڵدا . ئەگەرچی لەهەمان كاتتدا مرۆڤ دەتوانێت كاردانەوەی جیاوازی هەبێت لەمەڕ ئەو مەسەلەیەدا بەوەی لە بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەدا كەلتووری ناتوندوتیژی بكاتە هەڵوەستەی ژیانی. راستە ئەمە گرێدراوی ئاستی رۆشنبیری تاكەكانە و پشوودرێژی و بەهێزی و ژینگەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و حوكمڕانی هەیە، جگە لەبوونی كۆمەڵێ خەسڵەتی تایبەتمەند و جیاواز لەتاكەكاندا، بەڵام دواجار هەر رەفتاری ناتوندوتیژییە دەبێتە كەمكردنەوە و بنەبڕكردنی كێشەكان لە هەموو بوارێكدا .