هەقە دین لە ململانێی سیاسی دوور بخرێتەوە

هەقە دین لە ململانێی سیاسی دوور بخرێتەوە
دین فاكتەرێكی بنەڕەتییە بۆ چاكسازی ڕەوشتی مرۆڤ لە كۆمەڵدا. هەروەها لە پێشترین هێزی دەروونی مرۆڤەوەیە بۆ ئەوەی هەست بە لێپرسینەوە بكات.
لە كاتێكدا كە یاسا و ڕێسا هێشتا بۆ ڕێكخستنی كۆمەڵ و دابین كردنی دادوەری گەڵاڵە نەكرابوون، هەست كردن بە بەهای ئایین، لە ڕێگەی پێغەمبەران (دخ) یان بە زگماكی ( فطرة ) بوو بێ، لە ناخی مرۆڤدا كاریگەری هەبووە و لە دواییشدا هەر ئەو هەستە بووە كە لەمێژووی یاساكاندا قاڵبی یاسا و ڕێسای وەرگرتووە و هەندێك لایەن لە زانایانی فەلسەفەی یاسا ناویان لێناوە یاسای سروشتی (القانون الطبيعي).
لە دیرۆكی شارستانییەتی ڕۆژئاوادا نووسراوە: یەكێك لەسەرچاوە هەرە گەورەكانی شارستانییەتەكانی خۆر ئاوا دیانەتی جوولەكەیە. ئێمەیش كە موسڵمانین و دەڵێین و كەسانی تریش ئەمەیان سەلماندووە كە: ئیسلام، لە مێژووی ئادەمیزاددا، گەورەترین و پڕبەهاترین پرۆژەی چاكسازییە، كەخودی قورئانی پیرۆز و ڕەوشتی پێغەمبەری ئیسلام (دخ) نەخشەیان بۆی داناوە. لەبەر ڕۆشنایی ئەو نەخشەیەدا بوو كە پێغەمبەری مەزن (دخ) توانی پرۆسەیەكی خواوەندانە وەبەرهەم بێنێ كە تا ئێستاش هەموو دانایانی ئەم جیهانە سەریان لە ئاكامەكەیدا سوڕماوە، ئەویش ئەوە بوو كە لە چەند خێڵ و هۆزێكی عارەبەكانی جەزیرە، كە دوور بوون لە شارستانییەت و بە جاهیلییەت ناسرابوون، نەتەوەیەكی زیندووی خوێندەوار و دادپەروەری لێ دروست كرد كە ئوممەتی ئیسلامە و ئەوەش دەیسەلمێنێ كە ئیسلام چەند لە بنیاتنانی كۆمەڵێكی نموونەیی دادپەروەردا كاریگەر بووە، هەر وەك ئەوەی كە چۆن لەسەردەمی ئیمامی عومەردا بەڕاشكاوی بۆمان وەدەردەكەوێ. بەڵام بە داخەوە، زۆر زوو ڕۆیشت و ئیتر هەرگیز دووبارە نەبووەوە، هۆیەكەیشی سیاسەت بوو كە كردەوەی بەشەرە، نەك ئەوەی كە بەهایە بە نرخەكانی ئیسلام بێت.
مەرام لەم پێشینەیە ئەمەیە كە مەبەستی ڕاستەقینەی ئیسلام، تەنیاو تەنیا، هیدایەتی مرۆڤە، چاوكردنەوەی ئادەمیزادە بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەتی ژیان لە ڕوانگەی دینەوە، یەكێك لە ئاسەوارەكانی ئەم هیدایەتە، خودی ویژدانی مرۆڤە كە دەبێتە هاندەرێكی مەزن بۆ زاڵبوون بە سەر هێزە دەروونییەكانی تر كە مرۆ بەرەو هەڵدێر دەبەن.
لەم كات و ساتەی ئێستادا، كە ناوچەكە و كوردستانی پێدا دەڕوات، دەبێ كۆششی هەموو لایەكمان بۆ ئەوە بێ كە چۆن دروشم و شیعارە پیرۆزەكانی ئیسلام ببنە چارەسەری ئەم ململانێیە سیاسییانەی خەریكە كۆمەڵە نوێیەكەمان بەرەو ئاقاری گرژی و توندڕۆیی دەبات نەك ئیشكالەكان قووڵتر بكات. لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەكاندایە، ئەم ئایینە پیرۆزە بێلایەن بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ چارەسەرێكی ئاشتییانە و برایانە بۆ كردنەوەی ئەم گرێ كوێرانەی كە بە دەستی سیاسەتی پڕ لە چەواشەكاری هەموو لایەكەوە دروست كراوە بدۆزێتەوە.
ئێمە لێرەدا باسی پێگەی سیاسەت لە نێو دینی ئیسلامدا لە لایەنی هزرییەوە ناكەین، چونكە دیفاكتۆی سیاسی و قانونی هیچ بەهایەكی بۆ ئەم چەشنە بێنە و بەردەیە نەهێشتووە، خۆ لە گۆڕەپانی دنیای ئیسلامی بەگشتی و بە كوردستانیشتەوە، ئیسلامی سیاسی خەریكە لە هەموو لایەكدا حزووری دەبێ. بەڵام ئەوەی كە دەبێ ڕەچاو بكرێ ئەو ڕاستییانەن:
1) خودا ناسین پیشەی بنەڕەتیی دینە. ئەمەش پێوەندی بە خودی تاكی مرۆڤە كە لە ژیانەكەی تردا حیساب و كیتابی لەسەرە. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بەوە دەكات كە هەموو لایەك تاك - تاك دێنە بەردەستی زاتی خودا بۆ ئەوەی حیسابیان دەگەڵدا بكا (وكلهم يأتيه یوم القیامة فردا )، لێرەشدا نە كۆمەڵ باسی هەیە و نە دەسەڵاتیش بانگ كراوە. ئەوەش واتایەكی زۆری هەیە.
2) كردەوەی چاكە كەخۆی لەئەخلاق و ڕەوشت بەرزدا دەبینێتەوە، بناغەی دینە و هەمووشمان دەزانین كە باسی سیاسەت نەكراوە لە نێو بنەما و ڕوكنەكانی ئیسلامەتیدا، بەڵكو تەنیا باس لەوە دەكات كە دەبێ خودی ئینسان عەقڵ و حیكمەت بەكار بێنێ بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەكانی ئەو گرفتانەی دێنە پێش. هەروەها نكوڵی لەوەدا ناكرێ كە سەدەها ساڵە كاربەدەستانی دەوڵەتی ڕاشدین و ئەمەوی و عەباسی و عوسمانی و مەمالیكەكانیش سیاسەتیان كردووە، لێ سیاسەتەكانیان زۆر جاران بە پێی دەقەكانی قورئان و فەرموودەكان نەبووە، بەڵكو بە پێی بەرژەوەندی كاتی خۆیان بووە یان لەبەر ڕۆشنایی ڕوحی شەریعەتتدا پیادە كراوە. بەڵام سیاسەتەكانیان وەك نموونەیەكی نەگۆڕاو بۆ سستمی سیاسەت لە ئیسلامدا ناژمێردرێ. بۆیێ، بە دەگمەن نەبێ، مەزەندە ناكرێ كەلتووری ئیسلامی سیاسی سوودی بۆ كۆمەڵی هاوچەرخ هەبێ، هەروەها ئیسلامی سیاسی ئەم دەمە، تا ئێستاش، بە داخەوە، نەیتوانیوە بناغەیەكی یەكگرتوو بۆ كەلتوورێك دابنێ كە گوزارشت لە ڕۆحی شەریعەت بكات و لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییە پێشكەوتووەكانی ئەم سەردەمەشدا بگونجێ، خۆ ئەگەر تالیبان و سۆماڵ و پاكستان بكەینە نموونە، ئەوە زۆر زیانمان لێ دەدا، بۆیێ لە قازانجی هەموو لایەكماندایە، هەروا لە بەرژەوەندی پەیامی دین و پێگەی مەلایە بەڕێزەكانیشە لە كۆمەڵی كوردەواریدا كە سەروەری دین پێشێل و بە قوربانی سیاسەت نەكرێ.
با ئێمە ململانێی خۆمان بكەین و بەو گەندەڵییانە قایل نەبین كە لە هەر سووچێكی كۆمەڵ و لە ژێر هەر پەردە و هەر پەنایەكی تربێ دەكرێن. بەڵام نابێ ئەم ململانێیە كار لە مەسەلە چارەنووس سازەكانی گەلی كورددا بكات و نەشهێڵین زەرەرمەند بێ.
یەكێك لە پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی دین ئەوەیە كە ئیمانداران هەموویان بران و یەكسانن، ئایا پێویستە پێوەندی لەنێوان برایاندا چۆن بێ؟ بێگومان نابێ توندو تیژی بكەوێتە ناویانەوە، ئەگەر توندوتیژیش پەیدا بوو، جا لەبەر هەر هۆگەلێك بێ نابێت درێژە بكێشێ. هەر وەكوو لە فەرموودەكانی پێغەمبەردا وتراوە، نابێ لە سێ ڕۆژ زێتر گرژی لە نێوانیاندا بمێنێ و لە ڕێنماییەكانی ئیسلامەتیشدا هاتووە – ئاشتی لە نێوان خۆتاندا بەرقەرار بكەن (أفشوا السلام بینكم) – بەڵێ بابەتی ئاشتی و برایانە و دوور لە توندوتیژی تەنیا بە برایانی موسوڵمان تایبەت نییە، بەڵكو بە هەمان شێوە دەگەڵ هەموو ئەوانەی كە لە هاووڵاتی یا مرۆڤایەتیدا بەشدارن، هەر وەكوو ئیمامی عەلی فەرموویەتی: مرۆڤ دوو چەشنە، یان برای دینتە، یان لە ژیاندا هاوشێوەتە.
نووسراوە كە كۆمەڵێك گەنج، لە سەردەمی پێش ئیسلامەتیدا بڕیاریاندا بوو، لە مەككە یارمەتی هەر كەسێك بدەن كە زوڵمی لێكرابێ. پێغەمبەر (دخ) باسی ئەو لاوانەی كردووە و فەرموویەتی: ئەگەر ئێستا لە ئیسلامەتیدا، بۆ ئەم جۆرە بیرۆكەیە، ئەم داوایەم لێبكەن، لەگەڵیان دەبم. خودی چاكە و بە دوادا چوونی دادوەری كۆمەڵایەتی و ڕێكخستنی ماڵی كۆمەڵ بنچینەی دینن، ئەوەی كە هەموو زانایە هۆشمەندەكانی ئیسلام لەسەردەمی كۆن و ئێستاشدا، لە سەری كۆكن، ئەمەیە كە ئیسلام نەچووەتە ناو ڕێكخستن و ڕوونكردنەوەی سستمی سیاسیی تایبەت بە ئیسلام و چۆنیەتی ململانێ بۆ وەرگرتنی دەسەڵات یان بەرهەڵستی كردن، چونكە ئەم بزووتنەوانە قابیلی گۆڕانن و هەر زەمانێك ژینگەیەكی تایبەت و بارێكی تایبەتی خۆی هەیە. دەبینین كە تەنانەت سستمی سیاسی خەلیفەكانی ڕاشیدینیش لە یەكتری ناكەن، خۆ ئەوانی دوای ئەوان هەندێكیان، بە تایبەت لە ناو ئەمەوییەكاندا، هەر فڕیان بە ئیسلامەوە نەبووە. بەڵام چەند پرینسیپێكی ئەخلاقی لە قورئانی پیرۆزدا هەیە كە زۆر چاكە ئەگەر بۆ سستمی سیاسی ئیسلامی بكرێتە پێوەر، ئەمانەش وەك دادوەری كۆمەڵایەتی و حیكمەت و ئەمانەت و شوڕا... تاد.
دیسانەوە دەڵێم سیاسەت كردەوەی ئینسانە، وەحی ئاسمان نییە، كەچی ئیسلام سرووشی خوایە و كردەوەی ئینسان نییە، وەلێ بە سیاسەت كردنی ئیسلام لە ڕێگەی پارتە سیاسییە ئیسلامییەكانەوە بووەتە دیاردە و كەس ناتوانێ نكوڵی لێ بكات. بەڵام ئەوەی كە ترسناكە، ئەوەیە كە سیاسەت كردەوەی بەشەرییە و هەرگیز دروستیش نییە وەك كردەوەی پەروەردگار تەصویر بكرێ.


باشترە ئەم ئایینە پیرۆزە بێلایەن بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ چارەسەرێكی ئاشتییانەو برایانە بۆكردنەوەی ئەم گرێ كوێرانەی كە بەدەستی سیاسەتی پڕ لە چەواشەكاری هەموو لایەكەوە دروست كراوە بدۆزێتەوە.
Top