شەرعیەتی نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ و دامەزراندنی كۆمەڵگەی مەدەنی و دیموكراتی لەعیراقدا

شەرعیەتی نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ و دامەزراندنی كۆمەڵگەی مەدەنی و دیموكراتی لەعیراقدا
بەدۆڕاندنی وڵاتانی تەوەر لەشەڕەكەدا كە ئەڵمانیاو ئیتاڵیاو یابان بوون، جەنگی دووەمی جیهان كۆتایی پێهات،جەنگێگی شەش ساڵە كە ژیانی 60 ملیۆن مرۆڤی چنییەوە جگە لە 35 ملیۆن زامدارو بێسەروشوێن و ئاوارەو داڕمانێكی یەكجار گەورەی ئاوەدانی و شارستانی وڵاتانی ئەوروپاو وڵاتانی دیكەی بەشدار لەو جەنگەدا، بەو شێوەیە هزری ڕاسیزمانەو دوژمنكارانەو دیكتاتۆریانەی ئەڵمانیای نازی و ئیتاڵیای فاشی و یابانی سەربازی بەرزەبرو لێدانی كوشندە كەوتن و لەبەرژەوەندی ئازادی و دیموكراتی و ئاشتی لەسەر ئاستی جیهانیدا شەڕەكە یەكلابوەوە، لەكۆتایی جەنگەكەدا ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان دامەزرێنراو لیژنەیەكیان پێكهێنا بۆ دانانی پڕۆژەی ڕاگەیاندنی جیهانی مافەكانی مرۆڤ لەساڵی 1946ــ 1947عێراقیش یەكێك بوو لەو نۆ وڵاتەی لەلیژنەی دانانی ڕەشنووسەكەدابوو دواتر لە دیسەمبەری ساڵی 1948بەفەرمی كۆبڕیاری لەسەردرا، 63 ساڵ بەسەر ئەو كۆبڕیارەدا تێدەپەڕێت كە بەناوی (ڕاگەیاندنی جیهانی مافەكانی مرۆڤ)ەوەیە ..

بەتێپەڕینی زەمەن پێداویستی و داخوازی نوێ و، دەرچواندنی بەڵگەنامەی تری تەواوكار بۆ ئەو ڕاگەیاندنە یەكێك بوو لە پێداویستییە مێژووییەكانی نیوەی دووەمی ساڵانی شەستەكانی سەدەی بیستەم ولەدوای زنجیرەیەك پرۆتۆكۆل و پەیماننامە، چەمكی مافەكانی مرۆڤ زیاتر چەسپێنران بەم شێوازانەی خوارەوە:
1ــ ڕاگەیاندنی جیهانی مافەكانی مرۆڤ لەساڵی 1948
2ــ پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە سیاسی و مەدەنییەكان 1966
3ــ پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافەئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەكان 1966
4ـ پرۆتۆكۆلی پاشبەند بەپەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافە سیاسی و مەدەنییەكان(سكاڵا مەدەنییەكان)1966
5ـ پرۆتۆكۆلی پاشبەند بەپەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافە سیاسی و مەدەنییەكان( ڕاگرتن و ڕەتكردنەوەی سزای لەسێدارەدان.لە ساڵی1966
لیژنەكەی مافەكانی مرۆڤ لەیەكەمین دانیشتنیان كە لەدیسەمبەری 1947 بۆ تەماشاكردنەوەی بەڵگەنامەكان و بەناوی ڕاگەیاندنی جیهانی مافەكانی مرۆڤ سازیانكرد هەردوو پەیمانی نێودەوڵەتی هەمواركراو ناویان لێنرا، بێگومان دوای ئەوەش لەساڵی 1966كۆمەڵێك بەڵگەنامەی گرینگ لەسەر هەردوو ئاستی جیهانی و ناوخۆیی كەتایبەتمەندن بە مافەكانی ئافرەت و منداڵان و بەحەرامكردنی ئەشكەنجەدان و راسیسزمی وپاراستنی ژینگەو ..تاد دەرچوێنرابوون كە ئەم بەڵگەنامانە هەموو مرۆڤێكی وەكیەك دەگرتەوە لەنێرومێ و بەجیاوازی ئیتنی و ئایین و مەزهەب و ڕەنگ و زمانەوە ،هەروەها جینۆساید وتاوانەكانی دژبە مرۆڤایەتییان بە تەجاوز دانابوو لەسەر مافەكانی مرۆڤایەتی هەروەك چۆن سەدام حوسێنی پێ تاوانباركرا كاتێك كیمیاوی ڕژان بەسەر خەڵكی سڤیلی هەڵەبجە و جینۆسایدو ئەنفالیشی لەزۆر شوێنی تری كوردستان دژ بە گەلی كورد ئەنجام دا و هەوڵەكانی بۆ پاكتاوكردنی ڕەگەزی كوردە فەیلییەكانیش لە هەمان خانەی تاوانی دژەمرۆڤایەتی بوو، هەموو بەڵگەنامەكانی بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ تەرخان كراون لە خاڵێكدا هاوبەشن ئەویش مەسەلەی نەشكاندنی كەرامەتی مرۆڤە بەپشت بەستی تەواو بەزۆر دەستووری هاوچەرخی وڵاتانی مەدەنی كەجەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە هەر مەسەلەیەك زیان بە مرۆڤ بگەیەنێت و ئازادی شەخسی و ژیانی كەسەكان بخاتە بە هەڕەشەو لەناوبردنەوە پێوەندی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی بەكەرامەتی مرۆڤەوەیە ..

بۆنموونە موعاناتی مرۆڤ بەهۆی بێكاری وهەژاری و گرتنی هەڕەمەكی بەبێ دەرچوونی فەرمان لە لایەن دادوەرەوە یان ئەشكەنجەدانی دەروونی و جەستەیی و دەربەدەربوون بەهۆی بێ ماڵی و بێ جێگەیی شایەن بە ژیانی مرۆڤەوە و یان ڕەتاندن و دەربەدەركردن و زۆربۆهێنانی خەڵكی لەسەر گۆڕینی نەتەوەو ئایین و مەزهەب و ئەو فیكرو بڕوایەی بەڕاستی دادەنێت، یان لێدانی خۆپیشاندانی ئاشتییانە بە ئاگرو ئاسن كە مافێكی ڕەوای مرۆڤە لە هەموو شوێنێدا، یان دانانی حوكمی عورفی بۆ بەستنەوەی بزاڤ و ئازادی و مافەكانی مرۆڤ، یان زەوتكردنی مافەكانی ئافرەت و بەكارهێنانی توندوتیژی لە بەرانبەر ئەوئەرك و مافانەیدا كە هاوشانن بە ئەرك و مافی پیاوان، یان پشتبەستن بە سیاسەتی ئاپارتاید لەسەر بنچینەی ڕەگەزو نەتەوەو ئاین و مەزهەب و فیكرو ئینتمای سیاسی وبۆ دەسكەوتنی وەزیفەو كاركردن، یان دەسبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی گوازراوەو نەگوازراوە بە نییەتی تۆڵە، یان بێبەشكردنی تاك لە ژیانی گشتی و سیاسی و ئابووری و كەلتووری و كۆمەڵایەتی و بێبەشكردنی مرۆڤ لەمافی خۆڕێكخستن و مانگرتنی ئاشتیانەو ئازادی بیروڕادەربڕین، یان پیادەكردنی هەژموون و زەبری باوكایەتی بەسەر ئەندامانی خێزان ...تاد هەمووئەمانەو زۆرانی تریش هەن كە كەرامەتی مرۆڤ دەشكێنن بۆیە بەپێی ناوەڕۆكی پەرەسەندووی بەڵگەنامەكان حەرامكراون ..

بێگومان نەبوونی دادپەروەری كۆمەڵایەتی لەدابەشكردنی بودجەو خراپ بەكارهێنانی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی كارگێڕیی و پارە وسامان كۆمەڵەكان دیاردەیەكن بۆ سنوورتێپەڕاندن و پێشێلكردنی مافە بنچینەییەكانی مرۆڤ كە بەخراپ دەشكێنەوە لەسەر كەرامەتی مرۆڤایەتی، هاووڵاتیان مافی خۆیانە داوا بكەن لەڕێگەی سیستمێكی سیاسی گونجاوەوە دەوڵەت بەدادوەرانە بودجە بخاتەگەڕ بۆ خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانییەكانیان بە دوو شێوە یەكەمیان، بەشی وەبەرهێنان لەسەر بودجەی گشتی پەرەپێدان دادەنرێت تا بەئاڕاستەی بەرهەمهێنان بەكاربهێنرێت و ببێتەوە بەسەرمایەیەكی هەڵسوڕاو بۆ پەرەپێدانی نیشتمانی بەتایبەتی لەكەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی و پیشەوەری بچوك و دامودەزگای ئابوورییانەی بەرهەمهێنان و ببێتە پاڵپشتییەك بۆ ژێرخانی ئابووری كە هاوكاری دەكات لەفەراهەمكردنی كەرەسەو كەلوپەلەكانی بەرهەمهێنان و بەكارخستنی بێكاران و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ هەمووان دواجار ئەمانە دەبێتەهۆی فراژیبوونی سامانی كۆمەڵایەتی و باشتربوونی داهاتی تاكەكەس لەكۆمەڵگەدا، بەڵام بەشی بودجەی وەگەڕخستنیش دەخرێتە سەر بودجەی ئاسایی، كە دوا جار بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی كۆمەڵگا بەكاردێتەوە لەوانە فێركردن و خوێندن و تەندروستی و بوارەكانی رۆشنبیری و توێژینەوەی زانستی و گواستنەوەو وزەو چاودێری تەندروستی و كۆمەڵایەتی. پرۆسەی سەر لەنوێ دابەشكردنەوە پشت دەبەستێت بەگەیشتنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو خەڵكی بەتایبەت خەڵكانی رەنجبەرو كرێكار هەژارانیش، بەشێوەیەك دادپەروەری بۆ هەموویان وەكو یەك فەراهەم بكرێت نەك بەو شێوەیەی خزمەتگوزاری بۆ دەوڵەمەندەكان بێت و هەژاران و كرێكاران بێبەش بن لێی، دابەشكردنی یەكەم بەتەنیا گرنگ نییە، بەڵكو وەكو دابەشكردنی دووەم گەر بەدروستی بەكار بێت ناهێڵێت پارە بخزێتە گیرفانی گەندەڵكاران و لەپرۆژەكانی خزمەتگوزاری دوورناخرێتەوە.
رێكخراوی نەزاهەی نێودەوڵەتی ئاماژەی داوە بەوەی گەندەڵی لەپارەو ساماندا دەبێتە هۆی پەرش و بڵاوكردنی پارەی گشتی دواتر مافەكانی مرۆڤ و كەرامەتی مرۆڤایەتی دەشكێنێت بەتایبەت بەهۆی دزینی پارەو بەهەدەردانی بۆ كاری لابەلای بێ سوود،
لەژێر تیشكی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان مرۆڤ وەكو تاك و كۆ لە نێوكۆمەڵگادا مافی دەستەبەركردن و پیادەكردنی هەموو ڕێگایەكی ئاشتیانەی هەیە لەپێناوی پاراستنی مافەكانیدا تادەگاتە ئەوەی لەدژی ئەوانەی ئەومافانە پێشێل دەكەن مانبگرن، مافی مانگرتنیش بە شێوەیەك دەبێت كە ئیمزا كۆبكرێتەوەو بەئاشكرا بڵاوی بكەنەوە یان لایەنێكی بەرپرس ئاگادار بكەنەوە ئەگەر هاتوو لەشوێنی گشتی مانگرتن ئەنجام بدرێت، رێكخستنی خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە بۆ ئەوەیە هەر مافێكی پێشێلكراو لەڕێگای داواكردنی راستەوخۆوە نەهاتبێتە دی ئەوا بەمانگرتن داخوازییەكان ئاراستەی حكومەت دەكرێت، هەموو مرۆڤێك مافی خۆیەتی بەشێوازێكی دیموكراتی ببێتە ئەندامێك لەرێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی یا هەر رێكخراوێكی تری ناحكومی ngo هەروەها رێكخستنی فراكسیۆنی سیاسی و پارتەكان ..تاد.
مافی هەر كەسێكیشە لە كۆمەڵەو سەندیكاكاندا بەشێوازێكی ئاشتیانە بەرگری لە چین و توێژێك بكات، ڕێگرتن لەهەریەكێك لەو مافانەی كە باسمانكردن بەپێی بەڵگەنامە شەرعییەكانی مافی مرۆڤ، دەكرێت سكاڵا لەدژی حكومەت تۆمار بكرێت چ لەئاستی ناوخۆیی یا نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی گەل مافە رەواكانیان وەربگرنەوەو كەس نەتوانێت پێشێلكاری لە دژی ئەو مافانە ئەنجام بدات.
حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق بەدرێژایی ماوەكانی حوكمڕانیكردنیان لەسەر ئەو بەڵگەنامانە رازی بوون جگە لەهەندێك تێبینی كەلەلایەن حوكمەتی بەعسییەكانەوە لەسەر بەندەكانی مافی مرۆڤ هەیانبوو بەتایبەتی لەسەر مافی ئافرەت و مەسەلەی بەحەرامكردنی ئەشكەنجەدان، بۆیە پێویستە لەسەر عێراق لەدوای رووخانی بەعسەوە بەو بەڵگەنامانەوە پابەند بێت، مادام ئەمیش بەشێكە لەوجیهانەی كە بۆتە گوندێك و لەهەر ماڵێكدا ماف پێشێل بكرێت ماڵەكانی دەوروبەری لێی بەدەنگ دێن. ئەوەی ئێستا تەماشای بارودۆخی عێراق بكات هەندێك دیاردەی نەرێنی بەدی دەكات كە لەگەڵ شەرعییەتی مافەكانی مرۆڤدا یەكناگرنەوە لەوانە:
1- حكومەتی عێراق لەسەربنچینەی تایەفەگەری دامەزراوەو پشت بەناسنامەی تایەفەگەری دەبەستێت بەر لە ناسنامەی بەهاووڵاتی بوون .
2- ئازادییە گشتی و تایبەتییەكانی تاك لە عێراقدا ڕووی لە كەمكردنەوەیە هەروەها ئازادی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لەلایەن ئاسایش و دامودەزگای حكومەتەوە یان لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە پێشێل دەكرێن كاتێك بە رەفز وەڵامی داواكاری مانگرتن و خۆپیشاندانی خەڵكی دەدەنەوە یا بەئاگرو ئاسن لە مانگرتووان دەدەن، هەروەها ئازادی رۆژنامەگەری و رۆژنامەنووسان لەلایەن دامودەزگاكانی ئاسایشەوە هەڕەشەیان لێ دەكرێت و دەگیرێن.
3- جیاوازییەكی بەرفراوان بەدی دەكرێت بۆ دامەزراندن لەسەر هەر سێ ئاستی تایەفەگەری و نەتەوەیی حزبی، كەهەرسێكیان بەپێی مافەكانی مرۆڤ حەرام كراون. ئەو ئاستانەش بەپێی بەڵگەنامەكانی مافی مرۆڤ حەرام كراون، چونكە ڕێز لە مەبدەئی ئازادی هاووڵاتی بوون و یەكسانی و دانانی مرۆڤی گونجاو لەشوێنی گونجاو نانێت.
4- بوونی گەندەڵییەكی بەرفراوان، عێراق لەچوارچێوەی ئەو وڵاتانەدایە كە بەرێكخستنەوە خەریكی گەندەڵییە، هیچ جددیەتێك لەلایەن بەرپرسانەوە بەدی ناكرێت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی بەلایەنی كەمەوە دامەزراندنی دادگایەك بۆ ئەوانەی بەرێكخراوەیی پارەی وڵاتیان دزیوە .
5- بوونی بێكاریەكی بەرفراوان لەنێوان ئەو گەنجانەی توانای كاركردنیان هەیە بەرێژەی لە 30%.
6- بوونی هەژارییەكی بەرفراوان كەڕێژەكەی دەگاتە لە 30%ی لە تێكڕای ژمارەی دانیشتووان كەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری .
7- رێژەیەكی بەرزی هاوشێوەش دەكەونە سەر هێڵەكە یا كەمێك سەروتر لە هێڵی هەژاری بەپێی ناساندنەكانی بڕگە نێودەوڵەتیەكان.
8- هەوڵنەدان بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو دیاردە سلبیانەی كەڵەكە بوون و زۆریان لە حكومەتەكانی پێشووی عێراقەوە بەمیرات بۆ دەسەڵاتی ئێستا ماونەتەوەو ژیانی هاووڵاتیانیان زەحمەت كردووە، لەوانەش كەمی خزمەتگوزاری ئاوو كارەبا و چاودێری تەندروستی و خوێندن و ئاسایش .
لێرەوە پێم وایە هۆشیاری دەسەڵاتی سیاسی و حزبە دەستڕسۆشتووە سیاسییەكان و دامودەزگاكانی ئاسایش و سەربازی لەو ئاستانەدا نەبوون و تا ئێستا چارەی ئەم گرفتانەی نەزانیوەو ددانی پێدا نەناوە، نایانەوێت رێبازەكانی مافەكانی مرۆڤ كە لە دەستووری عێراقی و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكاندا هاتوون بەدروستی جێبەجێ بكەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوون لە پێوەندییەكانی نێوان دەسەڵات و تاك و كۆمەڵگادا، پێویستە هەر لە سەرەتای خوێندنەوە وانەی تایبەتی هەبێت لەسەر مافەكانی مرۆڤ لە باخچەی ساوایانەوە تا زانكۆكان و سەنتەرەكانی توێژینەوەی زانستی و وەزارەتەكان و هەر سێ دەسەڵاتی دەوڵەت.

جێبەجێكردنی بەندەكانی مافی مرۆڤ و خوێندنیان لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەس نین بۆ زامن بوونی ئەكتیڤانەی پاراستنیان، بەڵكو پێویستە خەباتێكی ئاشتیخوازانە و دیموكراتی لەپێناویدا ئەنجام بدرێت بۆئەوەی فشار بخرێنە سەر پەرلەمان و حكومەت و دەزگاكانی تری مەدەنی تاوەكو چارەسەری ئەو گرفتانەی تر بكرێن كە پێوەندییان بەدەسەڵاتی سیاسی و دامودەزگای دەوڵەتی و ئاسایشی و هێزە دەستڕۆیشتووەكانەوە هەیە، چارەنەكردنی ئەو گرفتەیە كە لەم هەفتانەی دواییدا خەڵكی خستە سەر شەقام، یەكەمین ڕێگا بۆ مسۆگەربوونی مافەكانی مرۆڤ رێكخستنی پێوەندییەكی مرۆڤانەیە لەنێوان تاك و كۆمەڵگاو دەسەڵاتدا. تاكو هاونیشتمانیبوون و دەوڵەتی مەدەنی و یاسا بەشێوازێكی دیموكراتی كارەكانی خۆیان بكەن و دەستاودەستكردنی دیموكراتیانەی دەسەڵات فرتوفێڵی تێدا نەكرێت و دادوەری كۆمەڵایەتی دابین بكرێت، هەروەها ڕێزی كەرامەتی مرۆڤیش بگیرێت، ئەمەش پابەندبوونێكی ئەخلاقییە بۆ هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم تاوەكو جێبەجێیان بكات.
Top