پێوەندی دیالەكتیكی لەنێوان ئاسایش و سەقامگیری و ئازادییەگشتییەكان لەهەرێمی كوردستانی عێراق

پێوەندی دیالەكتیكی لەنێوان ئاسایش و سەقامگیری و ئازادییەگشتییەكان لەهەرێمی كوردستانی عێراق
پێوەندی دیالەكتیكی لەنێوان ئاسایش و سەقامگیری و ئازادییەگشتییەكان لەهەرێمی كوردستانی عێراق
ئەزموونەكان و توێژینەوە زانستی و لێكۆڵینەوە تەتبیقیەكان جەخت لەسەر بوونی پێوەندی هاوبارگەیی و كاریگەرێتی دیالەكتیكی نێوان سێ ئاماژەی بنەڕەتی دەكەنەوە كە لەژیانی تاك و كۆی هەر كۆمەڵگەیەكی سەر رووی ئەم زەمیندا هەن، ئەوانەش یەكەمیان پێوەندی راستەوخۆی نێوان ئازادییە دیموكراتییەكان و ژیانی دەستوورییە، دووەمیان سەروەرێتی ئاسایشی و سەقامگیری و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، سێیەمیشیان رەخساندنی كاروخۆشگوزەرانی ودابینكردن و بیمەی كۆمەڵایەتییە، گەر ناڕێكییەك لە پێوەری هەر یەك لەم ئاماژانە دروست بێت كاریگەری دەبێت بۆ ئاماژەكانی ترو هەموو پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاسایشی وڵات خاپوور دەكات ..
لەمانەوە سەرنج دەدەینە هەموو گەلانی دنیا كە لەهەوڵدان بۆ ژیانێك لەسایەی ئارامی و سەقامگیری و ئاشتیدا بگوزەرێنن و هەروەها ژیانی مەدەنی و ئازادییە دیموكراتییەكان دەسەبەركرابن و دواتریش هەلی كاركردن و هاوبەشێتی وبەشداربوون لەپرۆسەی سیاسی و زامنبوونی خۆشگوزەرانییان مسۆگەركرابێت، ئەوروپییەكان قۆناغی زۆریان بڕیوە تا كەوتونەتە سەر ئەوڕاستەڕێیەی ئێستایان و ئەمڕۆش لە هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی ؛ چونكە چەمكی قۆرخكردن بەشێوەو ئاستی جیاوازەوە هێشتا لەكۆمەڵگەكانی ئەوانیشدا هەیەو بەدەستیەوە گیرۆدەن و قەبارەی هەژارێتی و بێكاری كارلێكی سلبی كردۆتە سەر كۆمەڵگەكانیان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم حاڵەتانەش خەباتی كارگەران وسەندیكاكان بەردەوامن و هەر لە ماوەكانی شەڕی ساردەوە تا ئێستاش كە لە ئاكامدا توانراوە یاساو ڕێسا داڕێژرێن بۆ بیمەی كۆمەڵایەتی وتەندروستی تا خەڵكی بە كەرامەتەوە بژیێ و ئەو جیاوازی و نایەكسانییەی نێوان چینەكان كەم بكرێتەوە كە هۆكاری سەرەكین بۆ ململانێ و ناكۆكی سیاسی و تێكچوونی باری ئارامی وڵاتەكانیان
گەرچی وەدیهاتنی سێ ئەركەكەی ئاماژەم پێدان زەحمەتن بەڵام مەحاڵ نین،لە دەستوورە لۆكاڵیەكان و رەشنووسەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ ماف دراوە بە هاووڵاتیان تا بەشێوازی ئاشتیانەو بەئارامی و شارستانیانەوە دوور لە توندوتیژییەوە خۆنیشاندان و مانگرتن ئەنجام بدەن لەبەرانبەریشدا ئەركی دەوڵەت و دامودەزگاكانێتی بەهێمنی و شێوازی شارستانیانەوە وەڵامی مانگرتنی ئاشتیخوازانە بداتەوە ..
لەزۆربەی وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا كە سیستمی چەوسێنەرانەو نادیموكراتی پیادەدەكرێت بێكارییەكی بەرفراوان و رێژەیەكی بەرزی هەژاری و نەبوونی ئازادییە گشتیەكان وای لەو وڵاتانە كردووە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لەباربچێت و ململانێ و نەیاربوونی سیاسی ئازار بەكۆی كۆمەڵگە بگەیەنێت وەك لەم راپەڕین و مانگرتنانەی لەم دواییەدا لەو وڵاتانە بەرپا كران ..
لەو وڵاتانەش كە توانراوە خۆڕزگاربكەن لەرژێمە دیكتاتۆرییەكان مەرجە لەئەنجامدا بتوانن سیاسەتێكی هاوسەنگی وا پیادەبكەن كە ئەو سێ ئاماژانەی لەم باسەدان ڕابگرن، واتە ئارامی و سەقامگیری و ئاشتی بپارێزن هەروەها ئازادییەكان دەسەبەربكەن و ژیانی دەستووری و كۆمەڵگەی مەدەنی بەدیموكراتیانە فەراهەم بێت و هەلی كار بۆ ئەوانەی توانای كاریان هەیەو یاساش دەرچوێنن بۆ ئەوانەی بێكارن تا بیمەوژیانی هەكەزایی مسۆگەریان هەبێت و نەكەونە ناو حاڵەتی هەژارێتی و تووشی گرفتی دەروونی و كۆمەڵایەتی و توندڕەوی نەبنەوە لە كۆمەڵگەدا، رەنگە غیابی دادپەروەری كۆمەڵایەتی لەگەڵ هەژارێتی تاكەكانی كۆمەڵدا هۆكار بن بۆ یاخیبوون لە دژی دەوڵەت و كۆمەڵگە تا بەو شێوە یاخیگەرییە دەنگیان بە بەرپرسان بگات ..
لە كوردستانی عێراقدا هەرلە ساڵی 1998 لەو كاتەوەی رێگەچارەی ئاشتیانە بۆ ناكۆكیەكانی هەردوو حزبی سەرەكی دۆزرانەوە و توندوتیژی بنەبڕكران ودواتریش حكومەتێكی بنكە فراوانی هاوبەش دامەزرێنرا لە ساڵی 2005وە ئاشتی و ئارامی باڵی بەسەر هەرێمدا كێشا و هێزەكانی تاریكی لەڕێی كارە تیرۆریزمیەكانەوە نەیانتوانیوە پەی بەلەناوبردنی ئەو ئارامیە بەرن وەك چۆن ئەوساو ئێستاش تیرۆریستان بەشەكانی تری عێراقیان خەڵتانی خوێن كرد چەند جارێكی لێ دەربچێت كە بەهۆی هەندێ تەقینەوەی تیرۆریستیەوە خەڵكی سڤیلی كوردستانیان پێكا كە بێگومان پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتێكی وەك عیراقدا بۆ كوردستان بۆخۆی داستانێكی سەروەرییە ..
دەكرێت ئەم پارێزراوییە ئارامی و ئاشتەواییە كۆمەڵایەتییەی كوردستان ببێتە هاندەر بۆدابین كردنی دوو ئاماژەكەی تر كە خۆیان لە رەخساندنی هەلی كارو دەسەبەركردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتیدا و ئازادییەكان دەبیننەوە ..
ئەوەی بە وردبینی لەبزاوی ئاوەدانی بیناسازی هەرێم بڕوانێت بۆی دەردەكەوێت كە بەدروستكردنی خانووبەرەو شەقام و پرد و رێگەوبان بەشێك لە ژێرخانی پەرەپێدان جێبەجێكراوە بەتایبەت لە شارەكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك كە هەلی كاری بۆ خەڵكی رەخساندووە، گەرچی زۆربەشیان بە كرێكاری بیانی بونیادنراون لەملاشەوە دامودەزگاكانی دەوڵەتی سیخناخن بە مووچەخۆری بێكار كە نزیكەی %50ی فەرمانبەرانی هەرێم دەگرێتەوە، كە دەكرێت هەر بەم فەرمانبەرانەوە بەرنامەیەكیان بۆ دابنرێت تا هەرێم لە ناوچەیەكی هاوردەهێنەرەوە بكرێتە ناوچەیەكی بەرهەمهێنەروئەو دەرفەتی كارانەی كە بە كرێكارانی بیانی پڕكراونەتەوە بدرێنە كرێكارانی ناو هەرێم و هاندەربن بۆ بووژانەوەی كەرتەكانی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و كشتوكاڵی .
دەشكرێت سوود لە پسپۆرانی بیانی وەربگیرێت تا مەشق بە كارمەندانی ناوخۆ بكەن و خوێندن و فێركردن بگۆڕدرێن بۆ بوارەكانی پیشەیی و هونەری و كارگێڕی لەبری لقە زانستییە مرۆییەكان، هەڵەی گەورەش گردكردنەوەی هەموو دەرچووانی زانكۆو پەیمانگەكانە لە ناو دەزگا و فەرمانگە حكومییەكاندا ..
پەرەپێدانی پیشەسازی و كشتوكاڵ بەدامەزراندنی لەشكرێك كارمەند ناكرێت بەڵكو پێویستە لە هەردوو كەرتی تایبەت و گشتیدا ئامێرو تەكنیكی هاوپەرخ زۆربكرێن تا بەهۆیانەوە هەلی كاری بەرهەمهێن بخوڵقێت و لە هەرێمی كوردستان چینێكی پیشەكاری بۆرژوازی و چینێكی كارگەری پیشەوەری تێدا دروست بكرێت پێكەوە ببنە وزە بۆ كۆمەڵگەی مەدەنی و ژیانی دەستووری و كرانەوە بەڕووی جیهانی دەرەوەدا، ئەم پێكهاتەیەیە كە دەتوانن پەرە بە هۆشیاری بدەن و قەدری كات و كارو بەرهەم و پارەو سامانی گشتی بگرن و دواجاریش زەوینەدەسازێت بۆ ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و ئاستی بژێوی تاك و خێزانەكانیش بەرز دەبنەوە، ئینجا دەشتوانرێت پشت بە سیستمی بیمەی كۆمەڵایەتی ببەسترێت و لەماوەی بێكاری و پیری و پەككەوتەیی مرۆڤدا، هاریكاری خەڵكی بكرێت هەروەها بە چاودێری تەندروستی گشتی هاووڵاتیانەوە بوار بۆ هەمووان دەڕەخسێت كە بەهزرو گیانی دروستەوە لە بونیادنانی كۆمەڵگە بەشداری بكرێت، رەخساندنی هەلی كار مافێكی رەوای هەركەسێكە تا هاووڵاتیان تووشی گێچەڵی كۆمەڵایەتی و دەروونی وا نەبن كە بەئاسانی لەلایەن گرووپ و هێزە توندڕەوەكانی كەبۆ مەرامی تایبەت و بۆ تێكدانی بارودۆخی ئارامی هەرێم تێدەكۆشن لەخشتە ببرێن
هاوكات پێویستە لەسەر هەردوو سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت وەڵامی داخوازییەكانی جەماوەر بدەنەوە ڕێگەكان لەگەندەڵی كارگێری و دارایی بگرن و نەهێڵن كەس دەستدرێژی بكاتە سەر ماڵ و موڵكی گشتی و هاووڵاتیان بەوگرێبەستانەدا بچنەوە كە بۆ پەرەپێدان و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمەكە لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكاندا مۆر كراون و دەكرێن وپشكنین بۆ هەر كەلوپەل و دەرمانێك بكرێت كە دێنە ناو هەرێمەوە..
سێیەمین ئاماژە بە جێبەجێكردنی یاساو بڕگە دەستوورییەكانە بە شێوازێك ماف و ئازادییەكانی هەموو لایەك بپارێزێت بە شێوازێكی یەكسان و سێ دەسەڵاتەكەش لێكجیابكاتەوەو ڕێز بۆ سەربەخۆیی دادوەری دابنرێت و ئایین لە سیاسەت جیابكرێتەوەو بەپێی بەندی دەستووری مافەكانی گەل لە ئازادی بیر و ڕا و مانگرتن و خۆڕێكخستن لە كۆمەڵەو رێكخراوەكاندا دابین بكرێن و ماف بە هەمووان بدرێت بە ئازادی رەخنە لە سیاسەتەكانی هەرێم بگرن وكار بۆ سەرخستنی داوا گشتی و رەواكانی خەڵك بكرێت بە شێوازی ئاشتیانەو دیموكراتی لە هەردوو لاوە و كەلتووری ناتوندوتیژی دەوڵەمەندبكرێت لەكاتی مانگرتن و داخوازی كردنی مافەكانی خەڵكی و ئەرك كاری دامودەزگاكانی ئاسایشی هەرێم پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاووڵاتیانە لە دەستی ئەو گرووپە توندڕەوانەی بە ئاسانی لەلایەن وڵاتان و كەسانی تیرۆریستی دەرەوە دەستەمۆكراون بۆ تێكدانی باری ئاسایش و ئارامی هەرێمەكە ئەم پارێزگارییەش بە تۆكمەبوونی گرێبەستی كۆمەڵایەتی نێوان حاكم و مەحكوم دەكرێت چونكە حاكم نوێنەری شەرعی خەڵكەو مەحكومیش خاوەنی دەسەڵاتەكان و سامانی كۆمەڵایەتییە ..
بەشێوەیەك ئاسایش دەبێت بەم ئەركە هەستێت كە نەبێتە هۆیەك بۆ كۆنترۆڵكردنی ئازادی و مافە بنەڕەتییەكان و كەشوهەوای تۆقاندن دروست نەبێت كە بە هۆی توڕەبوونی خەڵكەوە ئاكامی پێچەوانەی لێبكەوێتەوەو دەسكەوتەكان بخاتە ترسناكیی لە ناوچوونەوە..
بوونی بێكاری و بێكاری دەمامكدراوو هەروەها نەبوونی دەرفەتی كاركردن و بەهەدەردانی پارەی زۆر لە پرۆژەی رواڵەتی و هاوردەی ئەو كەلوپەلانەی بێكەڵكن بە پارەی زۆر وپیادەكردنی سیاسەتی جیاوازی كردن لە نێوان توێژو رەگەزەكان و لەسەر بناغەی حزبایەتی و ناوچەگەرێتی و تایەفەچێتی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی كارگێڕی و دارایی و ناسەربەخۆیی بڕیاری حكومی و دواخستنی مامەڵەی هاووڵاتیان ورۆتینی ناو دامودەزگاخزمەتگوزارییەكان هەڵچوونی جەماوەری لێ دروست دەبێت و ئازادییەكان و ئارامی و ئاسایشی وڵات دەكەوێتە بارێكی نائاسایی ترسناكەوە ..
تێڕوانینی گشتگر بۆ ئەم ئاماژانە بە دروستی كارو پرۆسەی میللی و حكومی تەندروستی لەسەر بینا دەكرێت و متمانەی هاوبەش لەنێوان یەكە حكومی و توێژە كۆمەڵایەتیەكان دەخوڵقێنێت ..
گەرچی لە ساڵانی پێشوودا زۆر كاروپرۆژەی ئیجابی لە هەرێمدا ئەنجامدراون بەڵام لەو سێ ئاماژەیەی دەستنیشانم كردن شتی سلبیش هەبوون كە هۆكاربوون بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و هاتنە سەرشەقام و خۆپیشاندان كەلەئاكامدا هەندێك توندوتیژی لە لایەن دامودەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش لەلایەك و هاووڵاتیان لەلایەكی دیكەوەی لێ كەوتەوەو چەند شەهید و بریندارێكی لێ كەوتەوە لە هەردوو لاوە، شەهید بوونی هەر كەسێك چ لەلایەن خەڵك یان پۆلیسەوە بارودۆخ ئاڵۆزتر دەكات، بۆیە بەكارهێنانی سیاسەتی عەقڵانیەت لەگوێگرتن بۆ داخوازییەكان و كاركردنی جیدی بۆ وەدیهێنانیان، یەكگرتوویی كۆمەڵگەی كوردستانی دەپارێزێت لە بەرانبەر ئەو هەموو دوژمنە سەرسەختانەی لە دژی فیدراڵی بوونی هەرێم خۆیان مەڵاسداوە..
نابێت بە بیرۆكراتی، حكومەت رووبەرووی مانگرتووان ببێتەوە چونكە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە، خۆپیشاندانی گەنجان و میللیانەی ئاشتیخواز لە كوردستان بۆ وەدیهێنانی سێ داخوازی رەوای خەڵكییە :1ــ بوونی بارێكی ناهەمواری ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەنی و كەلتووری و ئەمنی كە پێویستە چارەی خێرای بۆ بدۆزرێتەوە چونكە كۆمەڵگە چیتر لێی بێ دەنگ نابێت ..
2ــ بوونی هێزو كۆمەڵەو گرووپی سوودوەرگر لەو بارودۆخە ناتەندروستەی لە ناو بەرگی دامودەزگا حكومی و حزبیەكاندا تەونیان چنیوە ..
3ــ ئازادی و دیموكراتی تەنیا نابەسترێتەوە بەو كاتانەی هەڵبژاردن دەكرێت و دواتریش پشتگوێ بخرێن ..
لەو ماوانەی دواییدا ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی ناو هەرێمی تووشی تەنگژەبوون بە هۆی كەڵەكەبوونی گرفتەكانەوە، وەدیهێنانی داخوازییە جەماوەرییەكان پێویستن پ بە جێبەجێكردنی هەڵبژاردنی ئازادو دیموكراتی لە پارێزگاكان یان لەسەر ئاستی گشتی هەرێم و گۆڕینی حكومەت كە دەكرێت لە ڕێگەی دیالۆگ و تێگەیشتن و دانوستاندن و لە نێوان نوێنەرانی مانگرتووان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و حكومەت و حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەنجام بدرێت وەك تەنیا رێگەی دروست بۆ وەدیهاتنی یەكبوونی نیشتمانی چارەكردنی گرفتەكان بە هۆشیارییەوە .
Top