لەگەڵ هاوڕێ پێشمەرگەكانت كاكە جەوهەر

لەگەڵ هاوڕێ پێشمەرگەكانت كاكە جەوهەر
لەگەڵ هاوڕێ پێشمەرگەكانت كاكە جەوهەر
حەزم دەكرد چاوەكانم بەدرۆ بخەمەوە؛ كاتێك بۆ یەكەمجار لەسەر شاشەی سەتەلایەتی كوردستان چاوم هەواڵی جەرگبڕی كۆچی دوایی تێكۆشەری گەورە و برای ئازیزم جەوهەر نامیق سالمی خوێندەوە، بەڵام موچڕكە بە گشت گیانمدا هات و خەریك بوو خوێن لەناو دەمارەكانم بمەیێ كاتێك هەواڵەكە چەندین جار دووبارە بۆوە و ئەو كاتە خەم دایگرتم و زانیم پیرۆزباییەكەم كە بەبۆنەی جەژنی نەورۆز بۆیم ناردبوو درەنگ بوو.
یەكەمجار كە ئەم تێكۆشەرو پێشمەرگە ئازایەم ناسی بەناوی نهێنی(سەلیم) بەیاوەریی تێكۆشەر كەریم سنجاری بەناوی نهێنی ( حەسەن) لە ناوەڕاستی ئاداری ساڵی 1976 بوو لەسەر لوتكەی یەكێك لە چیاكانی كوردستان و لەكەشوهەوایەكی سەختدا، بەفر چیا و دۆڵەكانی داپۆشی بوو، یەكەم دیدارمان لە خانوویەكی سادە بوو لە ماڵی دەوارنشینێك بە یەكەوە بووین لەگەڵ ژمارەیەك مەڕ و بزن كە زۆر جار لە رێڕەوی گفتوگۆكانیان دوور دەخستینەوە و حەسانەوەیان بۆ نەدەهێشتین و زۆرجار لە خەویشیان بێبەش دەكردین.
گفتوگۆكانمان بە پلەی یەك دەربارەی كاریگەری و رەنگدانەوەكانی نسكۆی شۆڕشی ئەیلولی مەزن و ئاسۆكانی دواڕۆژی بزووتنەوەی رزگاریخوازی بەشێوەیەكی گشت و گۆڕەپانی، نایشارمەوە كە زۆر جار گفتوگۆو شیكردنەوەكانمان دەربارەی هەندێك خاڵ و تەوەر یەكلاكەرەوە و دەنگی بەرز بوو، بەڵام بە گفتوگۆی جددی كە لە بەرپرسیاریەتی نەتەوەییەوە هەڵقوڵا بێت، هەروەها لە نیوەی رێگا و دوور لە هەر وردەكارییەكی دیكە، ئێستا دوای ئەوەی كە بەڕێزیان جێیهێشتووین، من ئەو چوار رۆژ و شەوەی كە بە یەكەوە بەسەرمان برد بە خۆشترین و جوانترین بڕگەكانی مێژووی ژیانی خۆمی دەزانم .
خوالێخۆشبووم وەك تێكۆشەرێكی بەهێز و كۆڵنەدەر ناسیوە بە جلوبەرگ و پایە و ئەو بارودۆخانەی كە بەدرێژایی قۆناغەكانی شۆڕشی گوڵان هەبوون، چونكە پیاوی ئەركە قورسەكان بوو لە ژیانی خەباتی چەكداری و خاوەن هەڵوێستی مەبدەئی و جەریئانە بوو لە خەباتی سیاسی خۆیدا وەك یەكەم سەرۆكی پەرلەمان دوای راپەرین.
لەگەڵ خوالێخۆشبوو چەندین نامەمان گۆڕییەوە بەناوی نهێنی خۆم (وەلید) وەك سكرتێری پارتی دیموكراتی كورد لە سوریا (پارتی) و لە قامیشلۆ و دیمەشق دیدارەكانمان دووبارە بۆوە و لە پێشەنگی ئەو كەسانە بوو كە لە هەولێر پێشوازییان لێكردم لە سەرەتاكانی مانگی تەمموزی 2001 و پەیوەندی برایەتی و خێزانی و خەباتی هاوبەشمان كە پەیوەست بوو لە ئێستای باشووری كوردستان و دواڕۆژ و ئاسۆی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لە بەشەكانی دیكەی كوردستان و میكانیزمی مامەڵە كردن لەگەڵ لایەنەكانی.
بۆ ئەوەی مێژوو بە چەواشەیی نەنووسرێتەوە و بۆ ئەوەی ( ئەوەی بۆ قەیسەرە بۆ قەیسەر و ئەوەی بۆ خوایە بۆ خوا) بێت و بە هەموو پێوەرە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێك لە سەركردە گەورەكان و لەگەڵ ئەمانەش جەماوەری كوردستان تێكۆشەرێكی خۆی لە دەست دا كە چەندین ساڵی تەمەنی خۆی بۆ خزمەت كردنی كوردو كوردستان تەرخان كردبوو و لەسەر ئاستی كەسیش برا و دۆست و هاوڕێیەكی تێكۆشەرم لە دەستدا كە شەرەفمەندم چاوم پێیكەوتووە و چەندین ساڵ بەیەكەوە كارمان كردووە و بەشدارییەكی بچووكیشم هەبووە لەگەڵ هاوڕێكانم لە پارتی دیموكراتی كوردی سوریا لەسەر درێژە پێدان و بەردەوامیدان بە شۆڕشی گوڵانی ئازادیخواز.
نەمری بۆ شەهیدی كورد و كوردستان كاك سەلیم
سەبر و سەلوان بۆ هاوڕێ تێكۆشەرەكانی و پێشمەرگە قارەمانەكان كەبەشدارییان لە شەڕەكاندا كرد لەگەڵی
پرسە و سەرەخۆشی گەرممان بۆ خانەوادەی سەربەرزی و برا و كەسوكاری

*سكرتێری پێشووتری پارتی دیموكراتی كورد لە سوریا (پارتی)
Top