كوردستان:لەنێوان كەلتووری هیوا و هەڵپەی چاوچنۆكی

كوردستان:لەنێوان كەلتووری هیوا و هەڵپەی چاوچنۆكی
رەنگە مێژووی كۆمەڵگەیەكی كشتیاری دەگمەن و دێرینەی وەك كوردستان بەدرێژایی چاخەكان خەسڵەتێكی وای هەبووبێت كە بەردەوام تینووی ئازادی بوو بێت، ئەم كۆمەڵگەیە بەدرێژایی هەزاران ساڵ و بەخوازیاری خۆیەوە لەچارەنووسیدا نووسراوە كەلە ناوەندو ئامێزی سروشتی خاكیدا بخوڵقێت، بۆیە پەروەردەی خۆڕسكیەتی ویژدانێكی بێگەردو بێخەوشە، بەپێی وەسفی بلیمەتێكی وەك زەردەشت كوردستان كۆمەڵگەیەكە بەبەرائەتی پەتی ناسراوە، فێڵ و ساختەیی مەدەنیەت ڕەت دەكاتەوە، گەر بە تێڕوانینی وردبینانەوە لە سروشتی كۆمەڵگە شوانكارەیی و جووتیارییە سەرەتاییەكانی دنیا بڕوانین، بەتایبەتی ئەوانەیان كە لە بنارو هەڵەنووتی چیاكانی زاگرۆسەوە بەر لە مێژوو دروست بوون و ناسنامەی كەلتووری ڕەسەنی گەلی كورد دەردەخەن كە لە فەلسەفەیەكی خۆڕسكانەوە بەسروشتەوە لكاوە و شوێنگەی ژیاری ئەم گەلە زەمینەی وای بۆ ڕەخساوە كە لەگەڵ چوار وەرزی ساڵدا ببزوێت، سەیر نەبێت بەلامانەوە كە وشەی هەڤاڵ (haval)بە واتای هاوڕێیەتی نەمریی دێت بەپاڵ سروشتەوە ؛ ناوی یەكەمین شوانیشە كە دواتر لەدوتوێی كتێبی پیرۆزدا ناوی هێنراوە، ئەم هەڤاڵە شمشاڵ بەلایەوە دۆستی گیانی بەگیانی بووە و هەستەكانی خۆی لەناو بزنە ڕێگەكانی شاخی زاگرۆسەوە پێ دەربڕیوەكەهەر لەوێ مەڕوبزنەكانی لێ لەوەڕاندوون، ئەو پرسیارە سەرمەدییەی لەناو ناوەندی هونەری داهاتووی سیاسەتەوە بۆ مێژووی دێرینەی ئەم گەلە دەدركێنرێت ئەوەیە كێ هەڤاڵ بەڕێوەدەبات ؟ دەسكەوتەكانی مێژوو لە شۆڕشی كاوەی دژ بە زوحاكدا و تا دەگاتە ڕاپەڕینی كوردان لە دژی زوڵم و ستەمی سەدام بە بێ گومانەوە سەلماندویانە كەهەڤاڵانی زاگرۆس لە ناو فەرهەنگانی سیاسەتدا ئەوەی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی دەناسرێت رەتی دەكەنەوە و تەنیا بە دەوڵەتی هاووڵاتی بوون رازی دەبن، ئەمە ئومێدی لە مێژینەی ئەم گەلەیەو تا ئێستاش ئومێدی شەرعیانەیەتی ..

كوردستان یەكێكە لە دەوڵەمەندترین پێگە جوگرافیەكانی دنیا بەسەر نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەندەوە، ئومێدو ئاوات لەوەدایە كە ئەم دەوڵەمەندییە بە هاوسەنگی بەڕێوەببرێت تا سەرمایەی سروشتی بەردەوام بێت بۆ دەسەبەركردنی پێداویستیەكانی هاووڵاتیانی( haval)بەشێوەیەك كەرامەت بپارێزێت بەر لە هەر شتێكی تر، بۆیە پێویستە كەلتووری ئومێدو تێكۆشانی خامە لە دڵ و هزری وەچەی گەنجاندا بچێنین وەك بناغەیەك بۆ دەوڵەتی هاووڵاتێتی و بونیادنانی ماڵە گەورەی كوردستان ئەركی هەنووكەیمان بێت دوور لە چاوچنۆكێتی بۆ دروستكردنی چەند باڵەخانەیەكی شەخسی لێرەو لەوێ، دامەزرانی ماڵە گەورە ئومێدی باب و باپیرانە و لە پێناویدا سەدان هەزار دایك جەرگیان سووتاوە..

لەسەر دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن مەرجەو پێویستیشە رووبەڕووی شەپۆلی چڵێسی و بەرچاوتەنگی و چاوچنۆكی ببنەوە كە بكوژی ئومێدەكانمانە، ئەوانەی سواری تەوژمی چڵێسێتی بوونەتەوە هاوكارن لە دروستكردنی نایەكسانی و قووڵكردنەوەو بەرینبوونی كەلێنی نێوان توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری، بەپێی وتەی ئەفڵاتۆن ئەو جۆرە كەسانە دادوەری كۆمەڵایەتی ناهێڵن و وەك دەرباری خۆشگوزەران ڕێگرن لەبەردەم چین و توێژە خێرخوازەكان، باشترە بانگهێشت بكرێنە سەر مەزاری پیرۆزی شەهیدان و سەركردە شەهیدەكانی كوردستان لە هەورامانەوە تا بارزان، لە كاتێكدا ئومێد قەدەری نەتەوە دادەمەزرێنێت لە پاڵیدا چاوچنۆكی وەك دیاردەیەكی ناشارستانی ئینتمای نیشتمانی لاواز دەكات و هەر هەنجەت و شێوازێكی هەبێت زەمینە بۆ دەركەوتنی زوڵم و زۆری كۆمەڵایەتی دەڕەخسێنێت بە پێچەوانەوە ئومێد باڵانمایی شارستانیەت نیشان دەدات دەسەڵاتی شەرعیانە كە لە گەلەوە سەرچاوەی گرتووە دەڕازێنێتەوە بەڵام سەروەت و سامان و پارە بەرەو داڕمان پەلكێشمان دەكات لەسەر ڕای شكسپیر كە دەڵێت ئۆقیانووس و دەریاكان سنووریان بۆ هەیە بەڵام چاوچنۆكی سنووری نییە، زۆرترین ئەو سنوورانەی بە شەرعی كراون و ئەمڕۆ گەلانی خۆرهەڵاتی ناڤینی تووڕەكردووە سنووری مۆڕاڵییە سامانی لای كەسانێك كەڵەكە كردووەو كە لە بنەڕەتتدا ئەو سامانە موڵكی گەلە ..

بۆ دەرچوون لەو بازنە بەتاڵە پێویستی قەیرانەكە عاقڵانە و بابەتیانە بەڕێوەببرێت، بە پێی رای فۆكۆیاما مامەڵەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پێویستە بەو ئاڕاستەیەدا بچێت كە نەخشەی ڕێگا داڕێژن بۆ پەرەپێدانی ئومێد و وەدیهێنانی یەكسانی لە كۆمەڵگەیەكی وادا كە هەر كەس ئەرك و مافەكانی خۆی بزانێت چین، وەك زەرادەشت دەڵێت هەموو شتێك بەرەو نەمان و كۆتایی دەچێت تەنیا دادپەروەری نەبێت.
Top