پێواری كەلتووری دیموكراسی!!

پێواری كەلتووری دیموكراسی!!
كۆمەڵی كوردەواری لە ئیمڕۆدا گیرۆدەی گەلێك چەمكە، لەوانە: ستەم، زۆرداری، ناسەقامگیری، ناهاوسەنگی و دواكەوتوویی، ئەمەش گرێدراوی هۆكارگەلێكە كە بەگشتی خۆی لە نەبوونی هۆشمەندیی و پێواری كەلتووری دیموكراسی راستەقینە لە كۆمەڵدا خۆی دەبینێتەوە ئەوەشە وایكردووە كە هەمیشە دەسەڵاتدارە سیاسەتمەدارەكان لە كۆمەڵی ئێمەدا رواڵەتكارانە و رووكەشانە بە ناچاری مامەڵەیان لەگەڵ ئەم چەمكەدا كردووە و تەنیا لە پیرەوەچوون بۆ سندوقەكانی دەنگدان و هەڵبژاردنەكان و خۆپاڵاوتندا كورتكراوەتەوە، چونكە كاركردن بە بنەماكانی دیموكراسی كە خۆی لە حوكمڕانی چاك، فەراهەمكردنی ئازادییەكانی تاك، بوونی كۆمەڵگەی شارستانی، سەروەریی یاسا و دامەزراوەییدا خۆی دەبینێتەوە، زۆر جار یەكانگیر نابێتەوە لەگەڵ شێوازی كاركردن و ئەقڵیەتی مامەڵەكردن و خەونی دەسەڵاتدارەكاندا، بگرە زۆر جار بە مەترسیدار زانراوە بۆ مانەوەی بەردەوامییەتدان بە دەسەڵات و بڕیارەكان و دیاریكردنی چارەنووسیان. بۆیە دیموكراسی وەك چەمكێكی سیاسی، شارستانی و ئەقڵانیی نەك زانستی هەمیشە رێگری و ئاستەنگەكانی بەردەمی لە كۆمەڵی ئێمەدا فرەلایەن بووە و مامەڵەكردن و بەرجەستەبوونی لە كۆمەڵدا پێویستی بە هاتنە ئاراوەی هەلومەرجی مێژوویی گونجاو و زەمینەخۆشكردن و هێنانەئاراوەی مەرجەكانی هەیە، ئەو مەرجانەش بەدەر لە بوونی بنەما و كۆڵەكەكانی دیموكراسی خۆی لە شارستانیبوون و دامەزراوەبوون و گەشەكردنی هۆشمەندی و كرانەوەی ئەقڵ و چەسپاندنی ئازادی و هاووڵاتیبوون و گەشەكردنی لایەنی سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە.

بوونی ئەو واقیعە كاریگەری بەسەر رەوتی گەشەكردنی مەسەلەكانی ژنانەوە هەبووە و بگرە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی دواكەوتوویی بزووتنەوەیەكی راستەقینەی ژنان و بەدەستنەهێنانی مافەكانیان پێواری كەلتووری دیموكراسییە لە سیاسەتی فەرمانڕەوایان و كۆمەڵدا، چونكە هەمیشە دەسەڵاتداران بەپێی پێویستی هەلومەرج و بەرژەوەندییەكانی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ ئەم چەمكە فراوانەدا كردووە و بەرتەسكیان كردۆتەوە لە بەرزكردنەوەی دروشم و قسەكردنی بێ بنەما و رتوشكردنی راستییەكاندا. ئەمەش بۆتە هۆی پەردەپۆشكردنی مەسەلە راستەقینەكە كە ئەوەش زۆرجار بە ناچاری بۆ ئەوە بووە كە دیموكراسی و ئازادی و جێگیری و باوەڕبوون بە مەسەلەی ژنان بكەنە دەروازەیەك بۆ نیشاندانی رووی گەشی خۆیان لەبەردەم پێشكەوتنەكانی دنیا و وڵاتە زلهێزەكاندا و لە هەمان كاتدا وا نیشانی بدەن كە كاركردن بە كۆڵەكەكانی دیموكراسی بۆتە بەشێك لە سیاسەتیان. دووفاقیەت لە بەكارهێنان و كاركردن بە چەمكی دیموكراسی لەلایەن حوكمڕانانەوە زیان و مەترسی و هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ داهاتووی كۆمەڵ و هاووڵاتیان بەوەی هەمیشە لە قاڵبێكی تەسكی ژێردەستەیی و ناسەقامگیری و دواكەوتووییدا دەیهێڵێتەوە، چونكە دواتر دیموكراسی پێویستە بە كردار كاریپێبكرێت نەك قسەكردن و ببێتە شێوازی ژیان و رەنگدانەوەی لە كردار و فیكری هەر تاكێكدا هەبێت، نەك كارپێكردنێكی سیاسییانەی رووت هەروەها رەنگدانەوەی لە سیستمی قۆناغەكانی خوێندندا نەك قەتیسكردنی. پاشان كاركردنی فیعلی بە بەهاكانی وەك ئازادی، یەكسانی، فرەلایەنی سیاسی و بیر، لێبوردەیی یان هەڵكردن و تاكگەرایی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و فرەدید و بۆچوون، چونكە بێ بوونی ئەمانە دیموكراسیەت تەنیا دەبێتە مەرەكەبی سەر كاغەز و هیچ كاریگەری و بایەخێكی نابێت بۆ گۆڕانكارییەكان لە كۆمەڵدا.
Top