ناوچە دابڕاوەكان لە نێوان چەكوشی حكومەتی ناوەندی و سندانی حكومەتی هەرێمدا
March 26, 2011
وتار و بیروڕا
1ـــ ئەم پشتێنەیە لە باكووری خۆرئاواوە دراوسێیە لەگەڵ سنووری سوریادا، لە باشووری خۆرهەڵاتیشەوە لەگەڵ سنووری ئێران ــ عێراق دراوسێیە ..
2ـــ ناوچەكانی دابڕاوەكان تژی و پڕن بە چاڵە نەوت وگاز كە بڕێكی زۆری یەدەگی جیهانی نەوتی خاوی لێیە، هەر لە عەین غەزالەوە تا نەفتخانەی سەر بە بەعقوبە درێژدەبێتەوە ..
3ـــ كۆنترۆڵی هەموو سەرچاوە ئاوییەكانی بەرزاییەكانی خۆرهەڵاتی لێیە كە دواتر ئەو سەرچاوانە دەڕژێنە رووباری دیجلەوە ..
4ـــ بنكەو سەنتەرێكی بازرگانی و بازاڕی بەروبوومی چیاكان و دەشتاییەكانی خوارووی خۆیین ..
5ـ مۆزەخانەیەكی ئەتنۆگرافییە بۆ هەموو نەتەوەكانی ناوچەكە لەسەر ئاستی تیرەو خێڵ و ئایینەكان .
لە ژێرتیشكی ئەم بایەخدانە ستراتیژییە جەوهەرییە بۆ ناوچە جێ ناكۆكەكان، حكومەتە یەك لە دوایەكەكانی عێراق بەتایبەتی لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە چەندین پلان و بەرنامەیان بۆ گۆڕینی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئەتنی دانیشتووانەكەی هەبووە، بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنی و داگیركردنی ناوچەكە، سیاسەتی بە عارەبكردن دیارترین سیاسەتیان بووە و لە سێ جەمسەرەوە جێبەجێ دەكرا یەكەمیان لە پارێزگای موسڵ و دووەمیان لە كەركوك وسێیەمیشیان لە جەمسەری شوێنی نیشتەجێی كوردە فەیلیەكانی پارێزگای دیالەو واست .
ئاماژەكانی ئەو سیاسەتەش بە چاندن و نیشتەجێكردنی خێڵ و هۆزەكانی عارەبی خوارووی عێراق دەستی پێكرد و دواتر بە كۆڕەوپێكردنی خەڵكە رەسەنەكەی ناوچەكە و گۆڕینی یاساكانی ڕەگەزنامەی عیراقی و گۆڕینی بنەچەی نەتەوەیی و دەسبەسەراگرتنی موڵك و زەویوزاری كشتوكاڵی ..
كە ئاكامەكەی بە زیادبوونی عارەبی هاوردە بۆ ناوچەكانی جێ ناكۆكی تەواو بوو، بە ئەنقەستیش ژێرخانی ئابووری ئەو ناوچانە لەڕووی خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی و ئابووری دانیشتووانەكەیەوە پشتگوێ دەخران، موعاناتی كەسوكارمان لەو ناوچانەدا تەنیا بە هۆی تیرۆرو تۆقاندنی گرووپە توندڕۆكان نەبوو بەڵكو بەهۆی هەژارێتی و نەدارێتیشەوە كە بە درێژایی سەدەی ڕابردوو بە دەست حكومەتە شۆفێنییەكانەوە چێشتبوویان، گەرچی لە بەشە ئازادكراوەكانی هەرێمی كوردستانی عێراقەوە خەڵكی ماوەیەك ئازادبوون و لە ئارامی و سەقامگیریدا ژیانیان دەبردەسەر و لەژێر سایەی ئیدارەیەكی كوردیدا دەپارێزران چ لە ساڵانی 1970 تا 1974 یان دوای راپەڕینی كوردستان لە 1991 و تا ئێستاش، بەڵام كەسوكارمان لەو ناوچە جێ ناكۆكانە تاموچێژی ئازادییان نەكرد و بەردەوام لەبەر هەڕەشەی لەناوچووندا بوون،
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو ساڵی 2003 خەڵكی ئەو ناوچانەش لەو بڕوایەدا بوون كە ئازادی باڵ دەكێشێت بە سەریاندا و گەڕانەوەیان بۆ باوەشی نیشتمانی ڕەسەنی خۆیان حەتمەن دێتە دی و چیترزوڵم و زۆرداری نابیننەوە،بەڵام ئەم گەشبینیەی ئەوان تەنك بووەوە و پرس و مەسەلەكەیان بەپێی ماددەی 58 یاسای بەڕێوەبردنی كاتیی دەوڵەتی عیراقی بۆ ساڵی 2004و ماددەی 140ی دەستووری عێراقی ساڵی 2005هەڵپەسێردرا..
بەم شێوەیە موعاناتی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە وەك خۆیان مانەوەو چەندینی ساڵی تریش كەوتنە ناو بێزاری و ژیانی چەرمەسەرییەوە، لەبری ئەوەی مادەی 140 ببێتە رێگەیەك بۆ ڕزگاربوون لە كۆیلایەتی و دەروازەبێت بۆ ئاوەدانكردنەوەو پەرەپێدان كەچی بە نەرێنی بەسەر دانیشتووانەكەیدا شكایەوە جگە لە هێڕشی بەردەوامی تیرۆریستان لەسەریان، لە ژێرسایەی لاموبالاتی و فەرامۆشی حكومەتی ناوەندی لە لایەك و پشتگوێ خستنی هاووڵاتیانی كوردی ئەو ناوچانە لە لای بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە لایەكی ترەوە ئومێدەكان كاڵ بوونەوە ..
بەم شێوەیە هەندێك لایەنی جێبەجێكار لە وڵاتتدا، ئەوانەی چاویان بەرایی نەدەدا ئەم پەرەسەندن و ئاوەدانی و ئارامی و سەقامگیرییەی هەرێمی كوردستان ببینن، توانییان بەم شێوەیە باز بەسەر ماددەی 140دا بدەن :
1 ــ بەرزكردنەوەی بنمیچی زەمەنی دیاریكراو بۆ كاتێكی نەزانراو و نادیار.
2ــ دواخستن و دوورخستنەوەی بەردەوامی ئاماری گشتی دانیشتووان بۆ كاتێكی نادیار.
3ــ گەڕانەوە بۆ شێوازەكانی بەعارەبكردن لە رێگەی كاری توندو تیژی و تیرۆریزمی گرووپە توندڕۆكان و ناڕاستەوخۆ كۆچپێكردنەوەی گەڕاوەكان و نیشتەجێكردنی عارەبی هاوردە لە جێگەیان ..
4ــ پشتگوێ خستنی بە ئەنقەستی ژێرخانی ئابووری ناوچەكانی دابڕاوەكان و هەوڵدان بۆ ئاوەدان نەكردنەوەیان ..
ئینجا رووداوەكانی 25/2/2011 كە لە حەویجەو ریاز و قەرەتەپە و رەشاد و جەلەولا و كەركوك روویاندا باشترین بەڵگەن لەسەر ترسناكی بارودۆخی ئەو ناوچانە، لەبەرئەوە پێویستە بە زووترین كات پرۆسەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 خێرابكرێتەوە و بە هاوكاری و كاری هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی و بەسەرپەرشتی خەڵكی ناوچەكە ئەو شوێنانە بەڕێوە ببرێن، تا بەپێی دەستوور چارەسەر دەكرێن، ڕێگەش لە گرووپە تیرۆریستیەكان بگیرێت كەلێن نەخەنە نێوان خێڵ و هۆزو نەتەوەكانی ناوچەكەو هەموو ئەو دەسكەوت و دامودەزگا خزمەتگوزاریەكانی كە وەدەستهاتوون بپارێزرێن، نەهێڵرێت جارێكی تر وڵاتەكە و ناوچە دابڕاوەكان بۆ چاخە تاریكەكانی پێشووی پڕ لە زوڵم و زۆرداری شۆفێنیەكان بگەڕێنرێتەوە.