دۆخە نوێیە مەترسیدارەكەی كەركوك

دۆخە نوێیە مەترسیدارەكەی كەركوك
ئەو خۆپیشاندانانەی لە چەند وڵاتێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویاندا، ئێستا لە عێراقیشدا ڕوودەدەن. ئەو توندوتیژیانەی كە لە شاری كەركوك، كە شارێكی ناكۆكی لەسەرە، بەرپابوون ئەگەرێكی مەترسیداریان لێدەكرێت، ئەگەری ئەوەیان لێدەكرێت سەربكێشن بۆ شەڕێكی ناوخۆیی نێوان بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستان. تەنیا دوژمنەكانی كورد خوازیاری ئەمەن. كەواتە دەبێت كوردەكان زۆر وریابن و نەكەونە تەڵەی غروری دەسەڵاتەوە، بەوەی كە ئێستا زۆر بەهێزن دەتوانن كێشەكانیان لە ڕێی بەكارهێنانی هێزی سەربازیەوە یەكلابكەنەوە، یاخود بكەونە داوی هەر تەڵەیەكی دوژمنەكانیەوە بەوەی بیانگەڕێنینەوە بۆ دۆخێكی پڕ لە نەهامەتی كە لە پێش ساڵی 1991 و 2003دا داگیریان كردبوو.
هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت بێدەنگ بێت لە ئاست كوشتنی كوردەكاندا، بەڵام پێویستە پەیامێكی شاردراوە بنێردرێت بەوەی پێشمەرگە تەنیا ئەو كاتە ڕەوانە دەكرێت كە بەڕاستی پێویست بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستا، دەبێت ئەو كەسانەی بە هێمنی بیردەكەنەوە باڵادەست بن بۆ ئەوەی بارودۆخەكە ئاڵۆز نەبێت. دەبێت دەرفەتێك بە هێزە ئەمنیەكانی عێراق بدرێت بۆ ئەوەی دۆخەكە هێوربكەنەوە.
هەروەها ئەمە بەو مانایە دێت كە دەبێت جەلال تاڵەبانی، وەك سەرۆكی عێراق نفوزی خۆی بەكاربهێنێت بۆ هێنانەئارای ئاشتی، چونكە ئەو تەنیا نوێنەرایەتی هەموو عێراق ناكات (عەرەب، كورد، توركمان، شیعە و سوننە)، بەڵكو لە هەمان كاتدا یەكێكە لە دوو سەركردە كوردە سەرەكیەكە. كە لێرەدا داوای ئەوەی لێدەكرێت ئەزموونە گەورە و دوورودرێژەكەی خۆی بەكار بهێنێت! ڕەنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان خوازیاربێت یەكەم هەنگاو هەڵگرێت لە هەوڵەكانی بۆ سەقامگیركردنی دۆخە لەرزۆكەكەی كەركوك لە ڕێی كشانەوەی 8500 پێشمەرگەكەوە كە لە دەوروبەری شاری كەركوكدا جێگیركراون، لە كاتێكدا داوا لە عەرەب و توركمانەكان بكرێت بۆ ئەوەی دەست لەو كارانە هەڵگرن كە دەبنە هۆی ئەوەی بارودۆخەكە زیاتر ناسەقامگیر بێت. ئایا سەرۆك وەزیران، نوری ئەلمالیكی لەكوێی ئەم هاوكێشەیەدایە؟ دەبێت ئەویش ڕۆڵێكی بەهێزی هەبێت لە هێوركردنەوەی دۆخەكە.
ئەو بیرۆكەیەی پێیوایە هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا بارودۆخەكە ناسەقامگیردەكەن بەهۆی ئەوەی تەفزیڵی كوردەكان دەكەن، بیرۆكەیەكی نامەنتیقیە. ئەگەر شتێك ببێتە هۆی ناسەقامگیركردنی دۆخەكە، ئەوا كشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەكانی ئەمریكایە كە بوار دروست دەكات بۆ ئەوەی ئەم ئاڵۆزیانە ئاڵۆزتر بن. كەواتە، دەبێت ئەمریكا كار لەگەڵ هەموو لایەنە پێوەندیدارەكاندا بكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە بێ ئەوەی توندوتیژی زیاتر ڕووبدات. بوونی هێزەكانی ئەمریكا وەك هێزێكی بێلایەن بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی ئاشتی پێویستە، ئەم هێزانە هۆكاری ناسەقامگیری نین.
ئەوە ڕاستە كە خۆپیشاندانەكانی سلێمانی زەنگی ئاگاداركردنەوەیەكە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەموو شتێك بەباشی بە ڕێوەناچێت، ئەویش لە دەرئەنجامی ئەو شێوە بەڕێوەبردنەی سیاسەت كە پیادە كراوە. خۆپیشاندانەكان ئەوەیان خستەڕوو دەبێت كۆتایی بە گەندەڵی و مەحسوبیەت بهێنرێت و دەبێت خزمەتگوزاری حكومی باشتر دابین بكرێت، وەك هەلی كار و كارەبا. نابێت تەنیا كۆمەڵێك كەس شایستەی ئەوەبن پۆستەكانی هەرێم وەربگرن.
Top