پڕۆژەیەكی هەمەلایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی

پڕۆژەیەكی هەمەلایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی
گەندەڵیی، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتە، بەكارهێنانی بەرژەوەندییە گشتییەكانە بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و تاكەكەسیی.
رواڵەتەكانی گەندەڵیی زۆرن لەوانە بۆ نموونە:
بەتاڵانبردنی سامانی گشتیی، بەرتیل وەرگرتن، تێكدان و شكاندنی شتومەك، خزمایەتیكردن لەكاردا، خراپ دابەشكردنی داهات، كەمتەرخەمیی لەپاراستنی ماڵی گشتیی، خۆدزینەوە لە دەوام..تاد.
جۆرەكانی گەندەڵی یان سیاسییە یان ئیدارییە، یان داراییە.
راستە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی، بەیەك هەنگاو دەست پێدەكات، بەڵام دواتر پێویستیی بەچەند هەنگاوێكی گرنگ هەیە وەك:
یەكەم: ئیرادەیەكی سیاسیی لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە بۆ:
+ رێكخستنی كارو بەرنامەو پێڕەوی حزبیی لەگەڵ دەستووردا.
+ پابەندبوون بە باڵادەستیی دەسەڵاتی یاسادانان بەسەر دەسەڵاتی راپەڕاندن نەك بەپێچەوانەوە.
+ پابەندبوون بە رۆڵی پەرلەمان وەك نوێنەری بەرژەوەندییە گشتییەكان و، چاودێریكردنی دەسەڵاتی راپەڕاندن و، لێپرسینەوە لێیان.
+ دووبارە داڕشتنەوەو پێناسكردنەوەی چەمكی دەسەڵات.
+ كاراكردن وپەیڕەوكردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵات لەنێوخۆی حزبدا.
دووەم: بەرنامەیەكی واقیعی لەلایەن حكومەتەوە بۆ:
+ راستكردنەوەو چاككردنی پەیكەری ئیداریی، رزگاربوون لە رۆتینی ئیداریی.
+ جۆروشێوازی دەوامكردن و، داهێنانی دەوامی بەرهەمدار نەك بێكاریی دەمامكدار.
+ گۆڕین و نوێكردنەوەی هاوچەرخانەی بینای فەرمانگەكان.
+ كاراكردنی سیستمی كاری بانكیی و، گۆڕینی سیستمی مامەڵەكردن بە پارەوپوول.
+ راهێنانی كارمەندان لەرێگەی خولی زانستیی و پسپۆرێتییەوە.
+ گۆڕینی شێوازی دامەزراندنی كارمەندان لەتەزكییەوە بۆ ئەنجومەنی راژە.
+ بایەخدانی سەردەمییانە بە زانستی ئابووریی و كارگێڕیی.
سێیەم: پێكهێنانی بەرەیەكی نیشتمانیی لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە بۆ:
+ پێكهێنانی تۆڕێكی هاوبەشی بەدواداچوونی بەردەوام، لەو رێكخراوانەی كەتایبەتمەندیی ئەم بوارەیان هەیە.
+ داهێنانی چاودێریی میللی و، فشار خستنە سەر پەرلەمانتاران بۆ چاكتر كردنی رۆڵ و كاریان.
+ داهێنانی چاودێریی میللی، هاندانی هاووڵاتیان بۆدرێژەدان بەرۆڵی چاودێریی كردنی نوێنەرەكانیان.
+ كاراكردنی رۆڵی زانایانی ئایینی لە روونكردنەوەی پێگەی پارەو پیرۆزیی سامانی گشتیی.
چوارەم: كاراكردنی رۆڵی بەدواداچوون و چاودێریی هۆكارەكانی راگەیاندن.
+ تۆماركردن و گواستنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان لەكەنتڵەكانی راگەیاندنەوە.
+تەرخانكردنی سایتی ئەلكترۆنی، رۆژنامەوگۆڤار، هێڵی تەلەفۆنی تایبەت بە خستنەڕووی گەندەڵیی.
پێنجەم: پەسەندكردنی ژمارەیەكی دیاركراو لەیاساو بڕیار لەلایەن پەرلەمانەوە.
پاش پەسەندكردنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ رێككەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی لەساڵی 2003، كە زیاتر لە 140 دەوڵەت قبوڵیان كردووەو كاری پێدەكەن، عێراقیش یەكێكە لەو دەوڵەتانەی كەچۆتە نێو رێككەوتننامەكەوە پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئابی 2007دا بەزۆرینەی دەنگ رێككەوتننامەكەی پەسەند كرد.
جالەبەرئەوەی دەزگاو لیژنەی زۆر هەن لەعێراقدا كە كاری چاودێریی و لێپرسینەوە لە گەندەڵیی دەكەن و، زۆر جاریش بێئاگان لەكاری یەكدی، چونكە جیا لەیەكدی كاردەكەن، بۆیە بەمەبەستی هەماهەنگیی لەنێوان ئەو دەزگا جیاوازانەدا ئەنجومەنێك پێكهێنرا بەنێوی(ئەنجومەنی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی).
ئەنجومەنی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی
ئەو ئەنجومەنە سەر بەئەنجومەنی وەزیرانەو، پێكدێت لە:
ئەنجومەنی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی
یەكەم: ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران وەك سەرۆك.
دووەم: سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی وەك ئەندام.
سێەم: سەرۆكی كۆمیسیۆنی نەزاهە وەك ئەندام.
چوارەم: نوێنەرێكی دەسەڵاتی قەزایی وەك ئەندام.
كاری ئەم ئەنجومەنە بریتییە لە:
یەكەم: دروستكردنی هەماهەنگییە لەنێوان دەزگاكانی تایبەت بە چاودێری دارایی.
دووەم: دانانی میكانیزم و شێواز و رێوشوێنی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی.
سێیەم: دانانی ستراتیژییەتێكی پێنج ساڵی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی لەرێگەی:
أ : هەنگاوی خێرا بەرەو چاكسازیی ئیداریی و سەروەریی یاسا.
ب : چاككردنی شێوازەكانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی.
ج : گەشەپێدانی شێوازی چاودێریی.
د : بڵاوكردنەوەی رۆشنبیریی دەستپاكیی و نەزاهە و شەفافییەت.
ئەم كارەش ستراتیژییەتێكی گونجاوە لەگەڵ پێوەرەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، بەپێی بڕگەی (1)لەماددەی(5)ی رێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆبەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی لەساڵی (2003).
ئێمە لەهەرێمی كوردستاندا دەتوانین ئەم ئەنجومەنەمان هەبێت و، ئەندامێكی دیكەیشی بخەینە ناو، كەئەویش سەرۆكی (دەستەی رێكخستنی بازاڕەكانی دراو و بۆرسە)یە، ئەم دەستەیەش لەگشت وڵاتانی كەنداودا هەیەو، دوا دەوڵەتیش كوێت بوو، كەبەیاسای ژمارە (7)ی ساڵی(2010) ئەم دەستەیەی دامەزراند لەكەسانی پسپۆر لەبوارەكانی یاساو ئابووریی و ژمێریاریی، بەمەبەستی پاراستنی بۆرسەو بازاڕی دراو لەگەمەپێكردن.
لای ئێمەش لەهەرێمی كوردستان هەر كاتێك بۆرسەی هەولێر یان بازاڕی هەولێر بۆكاغەزە داراییەكان دەست بەكاربوو، بۆ ئەوەی هەڵەی وڵاتانی پێش خۆمان دووبارە نەكەینەوەو، ئەم بازاڕە نەكەوێتە ژێر رەحمەتی گەمەكارانی نایاسایی بازاڕی دراو، چونكە ئەم بازاڕە پشكی زۆرێك لەژووری بازرگانیی پارێزگاكان و كۆمپانیاكان و بانكەكان و زانكۆكان و تەنانەت هەندێك لەوەزارەتەكانیشی تێدا دەبێت، كەئامانجیان بەگەڕخستنی سەرمایەكانیانە، بۆیە پێویستە لەئێستاوە پەرلەمانی كوردستان یاسای(دەستەی سەربەخۆی رێكخستنی بازاڕی دراو)دەربكات، بەسوود وەرگرتن لەیاسای وڵاتانی خاوەن ئەزموون.
ئەوسا ئەنجومەنی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی لەهەرێمی كوردستان، بەم جۆرە دەبێت:
یەكەم: سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران وەك سەرۆك.
دووەم: سەرۆكی دەستەی نەزاهە وەك ئەندام.
سێیەم: سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی وەك ئەندام.
چوارەم: نوێنەرێكی دەسەڵاتی قەزایی، ئەندام.
پێنجەم: سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی رێكخستنی بازاڕی دراو.
ئەوسا هەرێمیش بەم ئەنجومەنە هاوبەشە دەتوانێت هەماهەنگیی لەنێوان دەزگا جیاجیاكاندا دروست بكات و، دەشتوانێت ستراتیژییەتی پێنج ساڵەی خۆی هەبێت، كەئەمەش داوای نەتەوە یەكگرتووەكانە لەعێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە.
لەرووی یاسادانانیشەوە پێویستە گوژمە یاسایەك پێكەوە دەربچووێنرێن، بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی، چونكە ئێستا لەعێراقدا، زۆربەی كات پەنا بۆ چەند یاسایەك دەبرێت كە لەئاستی قۆناغەكەو قەیرانەكەدانین، وەك:
یاسای سزادانی عێراقی ژمارە(11) ی ساڵی (1969).
یاسای سزادانی سەربازیی.
یاسای سزادانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ.
یاسای دیوانی چاودێریی دارایی ژمارە(6)ی ساڵی 1990.
فرمانی دەسەڵاتی كاتیی هاوپەیمانان ژمارە(55)ی ساڵی (2004).
جالەبەر گەورەیی قەیرانی دارایی و گەندەڵیی پێویستە وەك وڵاتانی خاوەن ئەزموون ئەم گوژمە یاساییانە پێكەوە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند دەربكرێن، یان هەموار بكرێن بەپێی پێویست بۆ رێگرتن لەدیاردەی گەندەڵیی:
یەكەم: یاسای دەستەی نەزاهەی گشتی.
دووەم: یاسای نووسینگەی پشكنەرە گشتییەكان.
سێیەم: یاسای چاودێریی دارایی.
چوارەم: یاسای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی.
پێنجەم: یاسای رێكخستنی كەمكردنەوەی كڕاوەكان.
شەشەم: یاسای حزب و قەوارە سیاسییەكان.
حەوتەم: یاسای كۆمەك كردنی دارایی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن.
هەشتەم: یاسای پارێزگاریكردن لە شایەدو هەواڵدەر و قوربانییەكانی گەندەڵیی.
نۆیەم: یاسای مافی گەیشتن بە زانیارییەكان.
دەهەم: یاسای مووچەی كارمەندانی دەوڵەت و خاوەن پلە تایبەتەكان.
یازدەهەم: ستراتیژیەتی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی.
دوازدەهەم: پوچەڵكردنەوەی ماددەی (136-ب) ی دادگاكانی سزادان و هاوشێوەكانی، كە دادگاییكردنی هەر فەرمانبەرێك دەبەستێتەوە بە وەرگرتنی مۆڵەتی وەزیری پەیوەندیدار بەكەیسی فەرمانبەری ئەو وەزارەتە.
سێزدەهەم: یاسای دەستەی سەربەخۆی رێكخستنی بازاڕی دراو.
چواردەهەم: یاسای قەدەغەكردنی كۆكرنەوەی دوو كاری حكومیی لای یەك كەسدا.
پازدەهەم: كاراكردنی رۆڵی راستەقینەی داواكاری گشتی لەبواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی.
Top