بونیادنانی نەتەوە پێویستی بەگیانی قۆناغی رزگاریی و زامنكردنی ئازادییە گشتییەكان هەیە

بونیادنانی نەتەوە پێویستی بەگیانی قۆناغی رزگاریی و زامنكردنی ئازادییە گشتییەكان هەیە
ئەم ناوچەیەی كە ئێمە لەدێرین زەمانەوە تیایدا دەژین، زۆربەی كات ناوچەیەكی گەرمی شەڕو پێكدادانی سەربازیی و سیاسیی بووە، هەرئاواش ناوچەیەكی هەستیاربووە بەرامبەر هەر گۆڕانكارییەكی سیاسیی
لێرەوە بۆ ئێمە گرنگە لە پێناوی بنیادنانی نەتەوەییماندا، دروشمی بەرقەراركردنی ئارامیی و ئاشتی هاوڕێی هەنگاوەكانمان بێت، هەروەها گرنگییەكی ستراتیژییە لەم نێوانەدا كە ئەمڕۆ پێویستە لە جۆری پێوەندی نێوان ئامانج و سیاسەتی دەرەكیدا سێ ڕاستیی لە بەرچاو بگرین:
یەكەم: پێویستە لە سێ قۆناغی جیا بڕوانینە سیاسەتی دەرەكی: قۆناغی داڕشتنی سیاسەتی دەرەكی و قۆناغی پڕۆسەی بڕیاری سیاسیی و قۆناغی جێبەجێكردنی بڕیاری سیاسی.
دووەم: گواستنەوەی سیاسەتی ناوخۆ (كە بەرەنجامی هەماهەنگییە لە نێوان هێزە ناوخۆییەكاندا) بۆ ئاستی دەرەوەو نێو دەوڵەتیی لە ڕێگەی ڕێكخراوە نێو دەوڵەتیەكانەوە، چونكە كاری دەرەكی چالاكیەكی حكومییە لە بازنەی نێودەوڵەتیدا.
سێیەم: تێڕوانین لە ڕاگەیاندن وەك ئامرازێك لە ئامرازەكانی جێبەجێكردنی سیاسەتی دەرەكی نەك گەورە كردن و بنیادنان لەسەر هەڵوێستێكی تەنيای ڕاگەیاندن، هەرچەندە ڕاگەیاندن هێڵی یەكەمی هێرش بردن و دوا هێڵی بەرگری كردنە، هەرچەندە ڕاگەیاندن لە ئامرازەكانی دی كەمتر خەرجی تێدەچێت بەڵام ئاسەوارەكانی زۆر زیاتر بەرهەم دێنێت یان زیان دەگەیەنێت، ئەمە جگە لەوەی كە سەدەی بیست و یەكەم لە سایەی پێشكەوتن و تەكنەلۆژیای گەیاندنەوە، بۆتە سەردەمی ڕاگەیاندن بەبێ ڕكابەرو، زۆر خێرا بیرو بۆچوونە نوسراوو وتراو و بینراوەكان دەگۆڕێن و دەبنە هێزێكی ماددی ئەوتۆ كە ڕای گشتی بە ئاڕاستەی ئامانجەكانی بنیادنانی نەتەوە ئاڕاستە دەكات .
بۆیە لێرەوە ئەگەر ئەركەكانی بیرمەندانی سیاسیی وسیاسەتمەداران لە ڕووی تيۆرییەوە زۆربن، ئەوا لە ڕووی پراكتیكەوەو بۆ ئەم مەبەستەی كە ئێمە باسی دەكەین، لە چەند خاڵێكی دیاریكراودا چڕ دەبنەوە:
یەكەم:- پاراستنی ئاسایش و ئارامیی:
لەمەشدا پێویستیمان بە هەماهەنگیی دەبێت سەبارەت بە:
1- ناسین و ناساندنی هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر ناوچەكەمان.
2- گەیشتن بە كۆدەنگییەك بۆ چۆنیەتی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو هەڕەشەیە.
3- هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر سەقامگیریی ناوخۆییمان.
4- زیادكردنی هەماهەنگیی و هاوكاریی وەك رێگەیەك بۆ بەرقەرار كردنی ئاشتی.
5- دامەزراندنی سیستمێكی زانیاریی هاوچەرخ.
دووەم: ئابووریی و ئاڵوگۆڕیی بازرگانی:
ڕاگەیاندن ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت لەسەر چڕكردنەوەی زوومی تێڕوانینی خۆی لەسەر بابەتە ئابوورییەكانی پەیوەست بە دەوڵەت و گەلانی ناوچەكەو، دەرخستنی قازانج و خستنەڕووی سوودەكانی كاری ئابووریی و بازرگانیی هاوبەش لە ڕێگەی:
1- تیشك خستنە سەر ڕاپۆرتە ئابوورییەكان مایەی سوودی گەورەن بۆ گەلانی ناوچەكە.
2- تیشك خستنە سەر دەستپێشخەریی بازرگانی ئازاد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەداهاتوودا كاراتر دەكرێت.
3- تیشك خستنە سەر ڕێككەوتنامە بازرگانیەكانی نێوان وڵاتانی جیهان و دەوڵەتانی ناوچەكە..
4- تیشك خستنەسەر ئاراستەی ئابووری سیاسی و هەڵوێستە ئابوورییەكان وەك دەروازەیەك بۆ هەڵوێستە سیاسییەكان، بە پشت بەستن بە ئەزموونی سەركەوتووی ئەوروپا.
سێیەم:- كاركردن لەسەر هاریكاریی كەلتوریی و هونەریی:
كە لەمەشدا باكگراوندێكی كەلتوری لەبەر دەستدایە بۆ كار لەسەر كردن بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەكان لەگەڵ گەلانی دەوروبەرمان، لەوانە:
1- قووڵكردنەوەی كەلتوری پێكەوە هەڵكردن و پێكەوە ژیان.
2- ڕەتكردنەوەی دووبەرەكی و هزری باڵا دەستیی ڕەگەزیی و توندوتیژیی.
3- ئەنجامدانی كاری ڕۆشنبیریی و هونەریی لە بۆنە جیاجیا هاوبەشەكاندا.
4- ڕوانین لە خاڵە گەشەكانی ڕابردوو، كاركردن بۆ ئایندەو تێپەڕاندنی قۆناغە ڕەشەكانی مێژوو.
بۆ گەلی كوردستان زۆر گرنگە وەك گەلانی هاوشێوەی خۆمان، بەشێكی ئایندەو داهاتوومان لەئێستاوە لێ دیاربێت ،وەك ئەوانیش نەخشەیەكی رێگەمان لەبەردەستدا بێت ، كاری لەسەر بكەین.
زۆر گرنگە لەوتنی شتی گشتیی دووربین وبچینە نێو وردەكارییەكانەوە سەبارەت بە ئایندە.
چونكە داهاتوو یان ئایندە وەك مەودایەكی دوورودرێژی هەیە، هەر ئاواش مەودایەكی كورت ونزیكی هەیە، چونكە دەشێت بە سەعاتێكی دی بڵێین داهاتوو، دەشكرێت بەسەدەیەكی دیش بڵێین داهاتوو!!
كەواتە گرنگە ئێمە قسە لەسەر ئەو داهاتووە بكەین كە تەمەنمان رێگەمان پێدەدات لەدروستكردنیدا رۆڵمان هەبێت، نەك داهاتوویەكی ئێجگار دوور كەمافی نەوەكانی دیكەیە قسەی لەبارەوە بكەن.
لەبارەی بنیادنانی نەتەوەوە چەند خاڵێك بۆ ئێمە زۆر گرنگن لەوانە:
1-ئەندازەیەكی باش لەباوەڕ بەخۆبوون و، ئیرادەیەكی راستەقینە.
2-پەیڕەو كردنی ئەوەی كە راستەو واقیعییە.
3-شیكردنەوەی چڕی پشت بەستوو بە گۆشەنیگایەكی فراوان بۆبینینی وردەكارییەكان.
4-پشت بەستن بە توانایەكی نەرم ونیان و لاستیكی وخێرایی لەبڕیارداندا.
5-سیاسەتی دەرەوەمان دەبێت هێزی خۆی لەهێزی ناوخۆمانەوە وەربگرێت لەرووی مێژوویی وكۆمەڵایەتی وئابوورییەوە بەپلەی یەكەم.
بۆپیادەكردن وپراكتیزەكردنی ئەم خاڵە تیۆرییانەش پێویستیمان بەم خاڵانە دەبێت:
1- پیادەكردنی سیاسەتی رەواندنەوەی ترس وگومان لای هەمووان.
2-پەیڕەو كردن و پیادەكردنی حیوارێكی سیاسیی ئاست بڵند.
3-سیاسەتی پێكەوەگرێدان و تەواوكاریی ئابووری.
4- پێكەوە ژیانی نێوان كەلتوورە جیاوازەكان.
5- كۆتایی هێنان بە كێشەو قەیرانە نێوخۆییەكان.
بەسەرنجدان لەم چەند ستراتیژوبنەمایانە،مرۆڤ دەتوانێت بگاتە ئەو ئەنجامەی كە ئەم خاڵانە مایەی كردنەوەی زۆرێك لە دەرگاوپەنجەرە داخراوەكانی رابردووی نێوان گەلان ودەوڵەتانی ناوچەكەن،بەئاراستەی مافی گەلان ونەتەوە جیاجیاكان.
بۆیە ئێمەش لەلای خۆمانەوە وەك بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی یەكدی و، یارمەتیدان و پاراستنی تایبەتمەندییەكانی یەكدی، پێویستە بڕوانینە زۆر خاڵی بەهێز كەهەن لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا كەیارمەتیدەرن بۆ سەركەوتنی سیاسەتی بنیادنانی ئایندەیەكی گەشی نەتەوەیی، لەوانەش بۆ نموونە:
1- ئەزموونی سەركەوتووی هەرێمی كوردستانی عێراق، كەتیایدا مافی هاووڵاتیبوونی تەواوی هەیە، هۆكارێكە بۆ بەرقەراربوونی ئاسایش ویەكێتی خاك وپێكەوەژیانی ئاشتییانەی ناوخۆیی.
2- هەرێمی كوردستانی عێراق ئارامترین ناوچەكانی عێراقە، هەرێمی كوردستانی عێراق لەڕووی ئابوورییەوە دەروازەی سەرەكییە بۆكاری وەبەرهێنان.
3- مێژووی هاوبەش وئایین ورۆڵی جوگرافیا لە دراوسێیەتی هەمیشەیی ونەفەسی مەدەنییانەی خەڵك وحكومەتی هەرێم وكرانەوە بەرووی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیی وخۆدوورگرتن لە توندڕەویی ئاینیی ونەتەوەیی،هۆكاری دیكەی بەهێزن بۆ سەرخستنی پرۆسەی بنیادنان.
لێرەوە دیارە كە كورد بۆئایندەیەكی گەش و هیوابەخش كاردەكات لەپێناوی:
یەكەم: گەرەنتییەكی دەستووری بۆپارێزگاریی كردن لە دەستكەوتە دیموكراسییەكان بەگشتیی.
دووەم: پیادەكردنی سیاسەتی واقیعبینانە، لەسنووری یاساو پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان و،خۆدوورگرتن لەدەستوەردان لەكاروباری نێوخۆی وڵاتانی دراوسێ.
سێیەم: هاوكاریی ژینگەیی لەنێوان هەردوولاو گشت وڵاتانی ناوچەكە، چونكە پیسبوونی ژینگە سنووری سیاسیی ناخوێنێتەوەو زیانەكانی گشتگیرو سنووربرە.
چوارەم: هاوكاریی وهەماهەنگیی لەبواری كەلتووریی وكرانەوەی كۆمەڵگەكان بەڕووی یەكدیدا،دروستكردنی پردی پێوەندی لەنێوان گەلاندا، بەتایبەت لەم سەردەمەی كرانەوەو عەولەمەیەدا كەجیهان بووە بەگوندێكی بچووك.
Top