شەرمەزاریی سۆسیال ئینتەرناسیونال لەتونس و میسردا
February 20, 2011
وتار و بیروڕا
دوا بەدوای پەرەسەندنی بزاڤی گۆڕان لەهەر یەك لەتونس و میسر، سۆسیال ئینتەرناسیونال حزبەكەی بن عەلی و حزبەكەی موبارەكی دەركرد. هەردوو راپەڕینەكەی تونس و میسر دەریانخست كەحزبەكەی بن عەلی، پارتی دەستوری و حزبەكەی موبارەك، پارتی نیشتمانیی دیموكرات فڕیان بەسەر سۆسیالیزمەوە نییەو لەبنەڕەتدا هیچ مەرجێكی ئەندامێتییان لەسۆسیال ئینتەرناسیونالدا نەبووە.
دەشێ ئەم مەسەلەیە ببێ بەپاڵنەرێك بۆ قورس كردنی مەرجەكانی ئەندامێتی لەسۆسیال ئینتەرناسیونال بۆ حزبە نائەوروپییەكان، بەتایبەتی كە تا ئێستا سۆسیال ئینتەرناسیونال، جگە لەدیاریكردنی شێوەی پاڵاوتن و وەرگرتن، هیچ پێوانەیەكی بۆ ئەندامێتی دانەناوە. بەڵام دەكرێ رووداوەكانی تونس و میسر ببن بەهاندەرێك بۆ بەخۆداچوونەوە لەم بوارەدا.
پارتی دەستووریی تونس كەڕیشەی دەچێتەوە سەر ئەو حزبەی كە لەساڵی 1934دا یەكەم سەرۆكی تونس حەبیب بورقێبە دایمەزراندو پارتی نیشتمانیی دیموكرات كەپاش هەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆسیالیست و دەستپێكردنەوەی سەردەمی حزبایەتی لەناوەڕاستی حەفتاكاندا لەسەر دەستی سەرۆكی پێشوی میسر ئەنوەر سادات پەیدا بوو، لەبنەڕەتدا لەبیرو شێوەی حوكمڕانیدا لەحزبە سۆسیالیست و سۆسیال و دیموكراتەكانی ئەوروپا نەدەچوون و سەرەڕای پێداگرتنیان لەسەر لیبرالیزمی سیاسی و لیبرالیزمی ئابووری لەپرۆپاگەندەكانیاندا، بەڵام ئەو دوو رژێمەی لەسەر دەستی ئەوان هاتەدی، لەڕەوتی پەرەسەندندا بەو سەرەنجامە گەیشتن كەهەلومەرجێكیان پێكهێناو تێیدا بازاڕی ناوخۆو بازرگانیی دەرەكی بەتەواوی قۆرخكراو دەوڵەت بوو بەڕەنگدانەوەی هاوسەرگیریی سەرمایەو دەسەڵات.
لەهەمبەردا، نە بن عەلیو نە موبارەك دیموكراسییەكیان بەپێودانگی ئەوروپایی، وەك بیروباوەڕی حزبەكانیان داوایان لێ دەكا، پێك نەهێنا. سەربار، دەوڵەت لەسایەی هەردوو رژێمدا، بوو بەدەوڵەتێكی پۆلیسی و ئازادییە دیموكراتییەكان رۆژ بەرۆژ زۆرتر تەنگیان پێ هەڵدەچنرا. لەتونس بن عەلی 23 سالێك حوكمڕانی كردو لەمیسر موبارەك 30ساڵ. پەرلەمانی هیچ كامێكیان، لەسایەی دیموكراسییە كرچ و كاڵەكەی بن عەلی و موبارەك، نەیتوانی بەشێوەیەكی راستەقینە گوزارشت لەڕەوشی سیاسی و بەرژەوەندیی جەماوەر بكا.
لەئەزموونی حوكمڕانیی هەردوو وڵاتدا دەستەبژێری دەسەڵاتدار بەشێوەیەكی نایاسایی دەوڵەمەند بوو. بۆ قەرەبووكردنەوەی رۆڵی پڕ شەرمەزاریی سۆسیال ئینتەرناسیونال و ئەوروپا لەپشتگیری كردنی رژێمی بن عەلی و لەهەنگاوێكدا كەئەوروپا بەدەگمەن پەنای بۆ دەبا، سویسرەو یەكێتیی ئەوروپا سەرجەم سامانی بن عەلی و خێزانەكەیان لەبانكەكانی ئەوروپا بلۆك كرد. بەڵام كەس نازانێ بڕی سامانەكە چەندەو مەرجیش نییە هەر هەمووی لەئەوروپا بێ. رەنگە ئەم سیناریۆیە موبارەكیش بگرێتەوە. رۆژنامەی سەنی بریتانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كەسامانی موبارەك خۆی لەچل ملیار دۆلار دەداو بۆ نیشاندانی دەوڵەمەندیی بنەماڵەی موبارەك سەرنجی بەلای ئەوەدا ڕاكێشا كەكۆشكەكەی جەمالی كوڕی موبارەك لەشاری لەندەن بایی 13.5 ملیۆن دۆلارە. بەهەمان پێودانگ، رۆژنامەی «گاردیان» ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كەسامانی بنەماڵەی موبارەك خۆی لەقەرەی حەفتا ملیار دۆلار دەدا.
سەرەكیترین دوو بنەمای بیروباوەڕی سوسیال ئینتەرناسیونال، لێبوردەیی و لیبرالیزمە. ئەم دوو بنەمایەش بەهیچ شێوەیەك لەناو دوو حزبەكەی بن عەلی و موبارەكدا نابینرێن. لەڕاستیدا وەرگرتنی حزبی گەندەڵ بەئەندام لەسۆسیال ئینتەرناسیونالدا هیچ پاساوێكی نییە. پێش ریسوابوونی دوو حزبەكەی بن عەلی و موبارەك، دوو حزبی تری ئەندامی سۆسیال ئینتەرناسیونال كەیەكێكیان بزووتنەوەی فەتحی فەلەستینیەو ئەوی تر پارتی گەلی كۆماری توركیایە، بەگەندەڵی ناویان دەركردبوو. یەكەمیان بەهۆی پەرەستاندنی گەندەڵییەوە، هەڵبژاردنی گشتیی بەرامبەر بەحەماس دۆڕاندو ئەوی تر، بەتایبەتی لەسەردەمی دەنیز بایكالدا، كەوتە دژایەتی كردنی كوردو تەگەرەیەكی زۆری لەپرۆسەی دیموكراتیزەكردنی توركیا داو بەناوی پاراستنی عەلمانیەتەوە هاوپەیمانییەكی پتەوی لەگەڵ سوپاو كارناساندا دامەزراند.
لەڕاستیدا ئەو مەرجانەی كەسۆسیال ئینتەرناسیونال بۆ وەرگرتنی گرووپە ئەوروپییە تازەكان دایدەنێ، هەمان ئەو مەرجانە نین كەبۆ گرووپە نائەوروپاییەكان دایدەنێ و بەكردەوە بۆ گرووپە نائەوروپاییەكان ئەوەندەی كەسۆسیال ئینتەرناسیونال جەخت دەكاتە سەر روخساری دەرەوە ئەوەندە جەخت ناكاتە سەر ناوەڕۆك و تالەسەر ئەم رێبازە بەردەوام بێ، ناتوانێ پەیامی خۆی بەو جۆرەی كە دەیەوێ، لەدەرەوەی ئەوروپا بڵاو بكاتەوە. دەركردنی حزبەكەی بن عەلی و موبارەك هەنگاوێكی دروستەو رەنگدانەوەی پەیبردنە بەپێویستیی تەتەڵەكردنی سۆسیال ئینتەرناسیونال لەئەندامی بێ كەڵكو گەندەڵ.