ئازایەتی یەكێكە لەو خەسڵەت و بەها گرنگانەی رەنگدانەوە و كاردانەوەی هەیە لە گشت كەلتوور و ژینگە پەروەردەیی و ئاینیی و كۆمەڵایەتی و دەرونییەكانی هەر كۆمەڵگەیەكدا، بەڵام تێروانین بۆ چەمك و فەلسەفەی ئازایەتی بە پێی ئاستی هۆشمەندی تاكەكان و ژینگە و سیاسەتی حوكمڕانی و فەلسەفەی بەرێوەبردنی فەرمانڕەوایان دەشێت لە كەسێكەوە بۆ ئەویدی، یان لە كۆمەڵگەیەك بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە جیاوازی بەخۆوە ببینێ، هەر وەك چۆن لە دید و تێروانینی هەر دوو رەگەزدا دەشێت لێكدانەوەكان گۆڕانكاری بەخۆوە ببینن. بۆ نموونە لە دیدی ئەقڵییەتی پیاوسالارەكاندا پێوەری ئازایەتی لەوەدا بەرجەستە دەبێت كە پیاو هێز و توانای لە بازوو و جەستە و ماسولكەكانیدا بەدی بكات بۆ ئەوەی لە هەمان كاتدا ببێتە خەسڵەتێكی جیاواز و جیاكەرەوە بۆی كە ماناگەلێكی پێ دەبەخشێ بەوەی هەمیشە رەوایەتی و هەڵگر و خاوەن مافەكان بێت بەرامبەر بە رەگەزەكەی دیكە و خۆی بە خاوەنی هەموو هەق و راستییەكان بزانێت، لە كاتێكدا ئەم چەمكە دەشێت لای هەندێ كەسی دیكە یان رەگەزەكەی دیكە گرێدراوی لایەنێكی رۆحی بەهێز بێت لەوانە: پەیوەست بوون بە توانا و ئیرادەی بەهێز و پتەو و چۆنێتی بڕیاردانی چارەنووسی مرۆڤ، هەروەها پەیوەندیدار بێت بە دۆزینەوەی مرۆڤ خۆی لەناو خۆیدا. لە لایەكی دیكە پەیوەندیدار بێت بە ملكەچنەدان و كۆڵنەدان و بەرگری لەو بەها و كلتور و نۆرمە كۆمەڵایەتییانەی كە كۆمەڵگە و دابونەریت چەسپاندویەتی بەسەر مرۆڤەكاندا بۆ ئەوەی چیتر قبوڵی پێشێلكردن و زەوتكردن و سوكایەتییكردن لەوی دی نەبێتەوە و بەدید و چاوێكی مرۆڤدۆستانەوە، وەكیەك و بێ جیاوازی تەماشای مرۆڤەكان بكرێت. بەمەش دەبێتە هەوڵێك بۆ چەسپاندنی كلتوری ناتوندوتیژی لە نێو هزر و بیری مرۆڤەكاندا و بە واتایەكی دیكە هەوڵدان بێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو توندوتیژیانەی كە دەرئەنجامی زۆرێك لەو تێڕوانینانەن كە لەو چەمك و خوێندنەوانەدا دێتە ئاراوە.
تێڕوانینی پیاوانی نێرسالار بۆ چەمكی ئازایەتی، ئازایەتییەكە بۆ دەرخستنی هێزی نێرایەتی و سەلماندنی پیاوەتی، لە كاتێكدا ئەمە رێك پێچەوانەی دیدی رەگەزەكەی دیكەیە كە پێیان وانییە مرۆڤە ئازاكان هەمیشە پیاوەكان بن یان پێیانوابێت ئازایەتی خەسڵەتێكی پیاوانەیە، بەڵكو تەواو لێكدانەوەیەكی جیاوازتر و پێچەوانەتریان بۆ مەسەلەكە هەیە.
ئازایەتی لە دیدی پیاوانەوە بەهایەكی جەستەیی رووتی هەیە، لە كاتێكدا ژنان ئازایەتی لە رۆحدا دەبیننەوە و پێیانوایە بەزاندنی هێڵە سوورەكان كە بەدوورە لە ئیرادەو ویست و بریاردان و بەشداری ئەوانەوە، ئازایەتییە. ئازایەتیی بە مانای رەتكردنەوەی هەموو ئەو كلتور و دابونەریتانە دێت كە هەوڵی سڕینەوە و بچووككردنەوەی رەگەزێك و پیرۆز ڕاگرتن و رەوایەتییدان بە رەگەزەكەی تر دەدەن. ئازایەتیی لای ژنان بە واتای بەرپەچدانەوەی هەموو ئەو دید و رەفتارانە دێت كە هەوڵی زەوتكردنی مافەكان و سوكایەتییكردن دەدەن بە تەنها رەگەزێك كە بە كەمئەقڵ و لاواز و نیوە مرۆڤی دەزانن.
بۆیە لەو روانگەیەوە سەرلەنوێ پیاچوونەوە و پێناسەكردنەوەی ئەو چەمكانەو گۆڕانكاری بەو پێوەرانەی سەنگی راستەقینەی خۆیان دەدەنە چەمكەكان گرنگێتی و كاریگەری دەبێت لە كۆمەڵگەدا بۆ نەوەكانی داهاتوو، كە تیایدا هەوڵی یەكخستنەوە و یەكگرتنەوەی پێوەرەكان بدرێت بەدیدێكی مرۆڤانە و دوور لە رەگەزپەرستی.