ئازادی لەنێوان دوو دیدی جیاوازدا!!

ئازادی لەنێوان دوو دیدی جیاوازدا!!
سەردەمی جیهانگیری زەمینەسازی و مەودای هەندێ لە تێڕوانین و بیروبۆچوونەكانی فراوانتر كردووە و بە ئاشكرا لە داهاتوودا ئەوە دەردەكەوێت كە سەردەم و قۆناغی ئیمڕۆ بەرەو فرەڕەنگی و هەمەڕەنگی دەچێت، بە واتایەكی دیكە مەحاڵە لەو نێوەندەدا تەنیا دید و بیروباوەڕێك بتوانێ باڵادەست بێ و چۆك بە بەرامبەرەكەی بدات. ئەمە بە ئاشكرا لە دۆخی ئیمڕۆدا هەستی پێ دەكرێت لەلایەن هەندێ لایەنی سیاسی و هێزە ئیسلامییە سیاسییەكانەوە كاتێك درك بەو بۆچوونە جیاوازانە دەكەن كە یەكانگیر نابێتەوە لەگەڵ ئایدۆلۆجیای خۆیاندا. هەوڵی تێكشكان و پەشیمانی بە بەرامبەریان دەدەن یان گەر نەتوانن بەهەر شێوەیەك بێت هەوڵی بەرگرتن دەدەن بەو هەوڵانە كە بە ئاشكرا لەو مەسەلانەدا بەدیدەكرێت كە پێوەندیدارە بە مەسەلەكانی ژنان یان ئازادیی تاكە كەسەكان. هەندێ لێكدانەوە پێیانوایە ئەوە بەدحاڵیبوون و تێنەگەیشتنە لە یەكتری، هەندێكی دیكە پێیانوایە كارێكی بە بەرنامە و پلان و مەبەستە و ئامانجی دیاریكراوی لە پشتەوەیە. هەموو ئەوانەش راكێشی لێكدانەوە و تێڕوانینی جیاوازی دوولایەنەمان نیشان دەدات بەرامبەر بە فەلسەفەی ئازادی بەوەی هێزە ئیسلامییە سیاسییەكان پێیانوایە سنووری ئازادیی تاكەكان لەوەدا كۆتایی دێت كە بەزاندنی چوارچێوەی ئاینی ئیسلام بێت و بە دیوێكی تریشدا ئەوە لە قاڵبدان و بەرتەسككردنەوەی ئازادیی تاكەكان دەگەیەنێت. ئەوان پێیانوایە كۆمەڵگە دەبێت هاوشێوەی یەك دید و بۆچون بیر بكاتەوە بەرامبەر باوەڕبوون بە ئایین و هەموو جیاوازییەكانی دژ بەوەش رەتدەكەنەوە و بە كوفر و مولحید و مەحاڵ ناوزەندی دەكەن. ئیدی پەنابردن بۆ هەر زمانێكی گفتوگۆ و دیالۆگێك دەبێتە هێڵی سوور و هیچ مرۆڤێك مافی ئەوەی نییە بیبەزێنێت، خودی ترسناكی و كارەسات لێرەوە سەرچاوە دەگرێت كاتێك كەسێك یان لایەنێك یان هەر پارت و ئایدۆلۆجییەكی دیاریكراو رەوایەتی بەخۆی دەدات ببێتە ئەلتەرناتیڤی هەموو ئەوانی دیكە و هیچ دەروازەیەك نەهێڵێتەوە لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیەی ئەو هێڵی بۆ كێشاوە، ئیدی دەرئەنجام توندوتیژی و تیرۆركردنی فیكر و جەستە و پاشەكشەكردن و دیكتاتۆریەت و دواكەوتوویی لەمەوە سەرچاوە دەگرێ و باڵ بەسەر كۆمەڵگەدا دەكێشێ و هەمیشەش تاكەكان بە خەفەكراوی و چەقبەستوویی دەهێڵێتەوە، لەوەش مەترسیدارتر هاتنەئاراوەی ناسەقامگیرییە لە كۆمەڵگەدا و راماڵینی كۆمەڵگەیە لە سەروەریی یاسا، بەمەش پرۆسەی دیموكراسی دەكەوێتە ژێر پرسیار گەلێك و یەكانگیر نابێتەوە لەگەڵ ئەو دروشم و بانگەشانەی دەسەڵاتی سیاسی كورد دەیكەن بەرامبەر بە مافی مرۆڤ و ئازادی و یەكسانی. بەواتایەكی دیكە هاتنە كایەوەی ئەو دۆخە تەنیا گرێدراوی هێزە ئیسلامییە سیاسییەكان نییە، بەڵكو دەسەڵاتی سیاسی كورد بەگشتی و پارتە سیاسییەكان بە تایبەت عیلمانییەكان و پەرلەمانی كوردستان پشكیان بەردەكەوێت تیایدا. بۆیە پێویستە ئەمان زۆر بە ئاگایانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بكەن وێڕای هەوڵدان بۆ سەرخستنی ئەو هێزەی پێیوایە ئایین دەكرێت بگۆڕدرێت بۆ پێوەندی خۆشەویستی و عاشقانەی نێوان مرۆڤ و خودا نەك رق و كینە و كوشتن و تیرۆر، چونكە ئایین دەتوانێ دوو رۆڵی دژ بەیەك ببینێ لەلایەك چاندنی رۆحی لێبوردن و هەڵكردنی مرۆڤەكان لەگەڵ یەكتریدا و رۆڵی لە كرانەوە و پەرەپێداندا یان بە پێچەوانەوە. هەڵبژاردن و یەكلاكردنەوەی هەریەك لەو دووانەش بە پلەی یەكەم گرێدراوی هێزە ئیسلامییەكانە.
Top