پسپۆرێتی پردی پێوەندی نێوان زانایانی ئایینی و رۆشنبیرانە

پسپۆرێتی پردی پێوەندی نێوان زانایانی ئایینی و رۆشنبیرانە
سیستەمە شمولی و تۆتالیتارەكانی دەیان ساڵی رابردوو، نەوەیەكی وای بەرهەم هێنا كە هەریەكێكیان لەلای خۆیەوە، خۆی بە هەموو شتێك بزانێت، بەرامبەرەكەیشی بەهیچ!
ئێمە ئەمڕۆ لەسەردەمێكداین كە ئیدی ناكرێت مرۆڤی مەوسووعی تیادا پێ بگات، قسە لەسەر هەموو شتێك بكات، چونكە ئەم سەردەمە سەردەمی پسپۆڕێتییە، بەڵكو سەردەمی پسپۆڕێتی وردە كە تیایدا مرۆڤەكان وەك خاوەن پیشە خۆیان بۆ رووبەرێكی بچووكی بوارێكی ژیان تەرخان دەكەن.
زۆر ئاماژەم بۆ ئەوە كردووە كە نازناوە واتاییەكان پێویستە بەرجەستەبن لە چوارچێوە ماددییەكاندا، بۆ ئەوەی مانای راستەقینەی خۆیان بدەن بەدەستەوە.
بۆ نموونە: نازناوی خوێندەوار سیفەتێكی واتاییە، بەدەرچووی سەرەتایی دەوترێت هەتا دوا قۆناغی خوێندن، كەواتە خوێندەواریی سیفەتێكی واتاییە و لە ژیانی رۆژانەدا مانا نادات بەدەستەوە بۆ ناساناندنی ئاستی زانستی خاوەنەكەی تا ئەوكاتەی لە پێگەی خوێندەوارییەوە نەگوازرێـتەوە بۆ پیشەی جۆراوجۆری وەك مامۆستا و پارێزەر و ئەندازیار و پزیشك و ....هتد.
زانایی سیفەتێكی واتاییە و پێگەیە، بەڵام كاتێك مانا دەبەخشێت كە دەبێتە پیشە، بۆیە ئێمە لە كتێب و نوسراوە ئاینییەكانی سەردەمی ئەمەوییەكان و عەبباسییەكان و عوسمانییەكاندا زیاتر پیشەی جۆراوجۆر و، پسپۆڕێتی جیاجیا دەبینین نەك نازناوی زانایەتی.
بۆ نموونە بەكۆی هەموو لقەكانی زانستەوە، زانست پێك دێت هەروەها بەكۆی هەموو بوارەكانی رۆشنبیریشەوە، رۆشنبیریی پێك دێت.
بۆیە زانای جاران پسپۆڕ بوو لە بوارێك لە بوارەكانی ئایین و، قسەی لە هەموو لایەنەكانی ئایین نەدەكرد، بۆ نموونە:
زانای جاران یان:
1- موفەسیری قورئان بووە وەك قورتوبی و ئیبن و كەسیر و نەسەفی ...تاد.
2- یان راویی و حەدیس و فەرموودە بووە، وەك بوخاری و موسلیم و نەساری و ئەبو داود و ترمزی...
3- یان موئەرریخ بووە، وەك ئیبنو خەلەكان و ئیبنولئەسیر.
4- یان نەحەوی و زمانزان بووە، وەك سیبەوەی و فەراهیدی .
5- یان واعیز و ئامۆژگار بووە وەك عەبدولقادری گەیلانی و حەسەنی بەسڕی.
یان موتەسەوویف بووە، وەك جونەید و كەرخی و مەولانا.
6- یان فەیلەسووف بووە، وەك فاڕابی و ئیبنولروشدی.
7- یان خەونزان بووە، وەك ئیبنوسیرین و نابلوسی....
8- یان فەقیهو شەرعزان بووە، وەك شافیعی و ئەبوو حەنیفە و مالیك و ئەحمەد..
بەم جۆرەش ئێمە ئەمڕۆ پێویستیمان بە زانای پسپۆڕە لە بوارەكانی زانستە شەرعییەكاندا، چونكە ناكرێت بە هەموو كەس و بە هەر تاكە كەسێكیش بگوترێت زانا، لەبەر ئەوەی زانایەتی لەسەردەمی خۆیدا وردكرابووە بۆ لقەكانی زانستە شەرعییەكان.
هەروەها لە بواری مزگەوتیشدا یەكێك گوتاربێژە، یەكێك ئیمام و پێش نوێژە، یەكێكی دی موئەززین و بانگدەرە، كەسێكی دی خادیم و مجێوری مزگەوتە، بۆیە ناكرێت بە هەموویان بگوترێت زانای ئایینی لەبەر ئەوەی لە مزگەوت و ماڵی خوادا كاردەكەن.
ناكرێت گوتاربێژی مزگەوتێك بتوانێت قسە لەسەر فیقهو خەون لێكدانەوە و تەسەووف و فەلسەفە و مێژوو جوگرافیا و زمان و فەتوا و ئابووریی سەردەم و سیاسەتی نێودەوڵەتی و حوكمڕانی وڵات و زانستەكانی فیزیا و پزیشكیی و فەلەكناسیی و دەروونناسی و..تاد بكات و، وا بزانێت لە هەموو ئەمانەشدا قسەكانی ئەو راست و دروستن!!
لە بەرامبەریشدا رۆشنبیریی پێگەیەكی واتاییەو، وشە(رۆشنبیر) یش وشەیەكی واتایی و لاستیكییە و فرە مانایەو، دەكرێت بەشێوەی كۆ بگوترێت رۆشنبیران، بەڵام لە دیاریكردندا ناتوانرێت نازناوی رۆشنبیر بدرێتە هیچ كەسێك.
ئێمە لە رۆژهەڵاتی ئێستای ئیسلامی، رۆژهەڵاتی چەپی جاران لە ئەوروپا زۆرترین نازناوی (رۆشنبیر) مان بەخشییە گشت ئەو كەسانەی كە دەخوێننەوە یان دەنووسن یان قسە دەكەن، بۆیە زۆر جار لە ژێر یان لە تەنیشت ناوی ئەو كەسەوە نووسیمان یان دەنووسین رۆشنبیر، بێئاگا لەوەی كە ئیدی رۆشنبیریش ئێستا بۆتە پسپۆڕێتی لە بوارێكدا نەك رۆشنبیری رەها لە هەموو بوارەكاندا.
ئەو سەردەمە بەسەرچوو، ئەو پێناسەیەش بەسەرچوو كە دەیگوت:
رۆشنبیر كەسێكە شتێك لە هەموو شتێك دەزانێت، هەموو شتێكیش لە شتێك دەزانێت، چونكە لەم سەردەمی عەولەمە و تەقینەوەی زانیاریی و نەمانی سنوور، هەڵدانی مانگی دەستكرد و رادیۆو تەلەفزیۆن و سەتەلایەت و ئینتەرنێت و سایتی ئەلكترۆنی و سێرچی گوگڵ و فەیس بووك و تویتەر و...تاد، مەحاڵە كەسێك هەبێت شتێك لە هەموو شتێك بزانێت و، هەموو شتێكیش لە شتێك بزانێت!!
رۆشنبیریی وەك زانایی و دانایی، نابێت پێگەبێت، بەڵكو پێویستە پیشەبێت چونكە تۆ بڕوانە ئەم نموونەیە:
ئەگەر لە نێو دە كەسدا بڵێین: كێ نووسەرە بێتە ئەمبەر، كێ پەیامنێرە بێتە ئەوبەر. یان بگوترێت: كێ مامۆستایە، بچێتە ئەوبەر و، كێش ئەندازیارە بێتە ئەمبەر..تاد. ئەوسا لەم حاڵەتانەدا زۆر بە ئاسایی و بێ هەستیاریی دەروونی ئەم دابەشكردن و پۆلێن كردنە ئەنجام دەدرێن، چونكە باسی لە (پیشە) دەكەین نەك(پێگە).
بەڵام ئەگەر بڵێین:
كێ رۆشنبیرە بێتە ئەمبەر، كێش رۆشنبیر نییە بچێتە ئەوبەر ئەوسا دەبینین لێرەدا گرفتێكی گەورە دروست دەبێـت، چونكە كەس ئامادە نییە خۆی بە نارۆشنبیر بزانێـت، بۆیە دەبینین هەموویان وەك رۆشنبیری دێنە ئەمبەر، هەمان شتیشە گەر بڵێین كێ زانایە بێتە ئەمبەر كێش نەزانە، بچێتە ئەوبەر، چونكە ئامادە نییە خۆی بە نەزان پۆلێن بكات، هەمان شتیش روودەدات گەر بڵێین كێ ژیرە؟
كێ دانایە؟ كێ جوانە؟ كێ شارەزایە..؟ چونكە ئەمانە هەمووی سیفەتی واتایین وەك رۆشنبیریی و رۆشنبیر، لە هەمان كاتیشدا ئەمانە(پێگە) ن نەك(پیشە).
بۆیە پێویستە(رۆشنبیریی) یش وەك(زانایی) لە پێگەوە بكرێتە پیشەو، وردبكرێتەوە بۆ بوارەكانی، بۆ نموونە:
ئەوەی دەنووسێت، نووسەرە، ئەوەی لە رۆژنامەدا دەنووسێت رۆژنامەنووسە، ئەوەی كتێب دەنووسێت، دانەرە، ئەوەی دەخوێنێتەوە خوێنەرە، ئەوەی شیعر دەڵێت شاعیرە، هەروەهاش بۆ ئەوانی دی وەك چیرۆكنووس و رۆماننووس و، سەرنووسەرو بەڕێوەبەری نووسین و ئەندامی دەستەی نووسەران و پەیامنێر و گۆشەنووس.
هونەرمەندانیش هەروەها یان شێوەكار، فۆتۆكارە، ئەكتەرە، شانۆكارە، دەرهێنەرە، سیناریستە، مۆنتێرە، وێنەگرە...تادوایی.
ئەوروپای رۆژئاوا خۆی لە نازناوە شموولییەكان رزگاركرد، بۆیە لە پاڵ ناوی هەر كەسێكدا نازناوێكی پیشەیی وەك ئەوانەی باسمان كردن دادەنێت نەك نازناوی واتایی وەك: دانا، زانا، رووناكبیر، رۆشنبیر...
لەم حاڵەتەشدا ئەگەر(زانایان) و(رۆشنبیران) پەیڕەوی پسپۆڕێتی بكەن و لە بواری شارەزابوونی خۆیاندا قسە بكەن، ئەوسا بەپێی، پسپۆڕێتی خۆیان كەمتر هەڵە دەكەن و، بۆچوونەكانیشیان راستتر دەبێت و، پێویستی زۆریشیان بەیەكتر دەبێت.
بەڵام كاتێك زانا لەلایەك و، رۆشنبیر لەلایەكەوە، هەریەكەیان وابزانن هەموو شتێك دەزانن، ئەوسا كەسیان پێویستییان بەوی دیكەیان نابێـت، لە یەكتریش دەكەونە قسەی خراپ، وەك ئەوەی كەماوە نا ماوەیەك روودەدات.
پسپۆڕێتی، پسپۆڕیی ورد، وای فێركردین كە ئەندازیاریی وەك زانست دابەش دەبێـت بۆ بەشەكانی تەلار سازیی و بیناسازیی و میكانیك و كارەبا و شارستانی. دواتریش بەشی شارستانی چەندین پسپۆڕێتی وردی لێكەوتەوە وەك رێگەوبان و خانووبەرە و ژینگە، دواتر ژینگەش پسپۆڕێتی وردتری لێكەوتەوە، وەك هەوا، ئاو، خاك. ..تاد.
لێرەوە پێشنیارێك بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بە پێویستییەكی سەردەم دەزانم، كە یەكێتی زانایان، لە نێو خۆیاندا لیژنەی هەمیشەیی پسپۆڕیان هەبێت لەسەر ئاستی باڵا، لەسەر ئاستی پارێزگاكان و، زانایانیش بە ئارەزوومەندانە لە یەكێك لەو لیژنانەدابن و، لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا وەك زانایانی پێشووی سەردەمی زێڕین، دەبنە شارەزا و پسپۆڕ لەو بوار و لیژنەیەی كە كاری تێدا دەكەن لە ئەنجامی خوێندنەوەی بەردەوام و خۆ رۆشنبیركردن لە بوارێك و لە لقێك لە لقەكانی زانستە شەرعییەكاندا.
ئەو لیژنانەش دەكرێت بەمشێوەیەبن:
لیژنەی تەفسیر، لیژنەی فەرموودە، لیژنەی مێژوو، لیژنەی فەتوا، لیژنەی لێكدانەوەی خەون، لیژنەی فیقە، لیژنەی زمانزانی، لیژنەی تەسەووف، لیژنەی فەلسەفە، لیژنەی كێشەكانی ئافرەتان، لیژنەی ئابووریی، لیژنەی كۆمەڵایەتی و خێزان، لیژنەی تەندروستی و ژینگە..تاد.
چونكە سوپاس بۆ خوا ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایانی بەڕێز لە نێو یەكێتی زانایاندا هەن و، هەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستاندا بوونیان هەیە، ناكرێت هەموویان بە زانستێكی كەم رازیی بن، چونكە بەو كەمە ناتوانن وەڵامی پرسیارەكانی خەڵك بدەنەوەو، ناشتوانن رووبەرووی كێشە نوێ و گرفتە ئاڵۆزەكانی سەردەم ببنەوە.
پێشنیاریشم بۆ(رۆشنبیران) ئەوەیە كە بە هەمان شێوە و بەپێی سەندیكا و یەكێتی و سەنتەرەكانیان، بپەڕنەوە لە گشتیەوە بەرەو پسپۆڕێتی، بەتایبەت بۆ ئەوانەیان كە قسە لە بارەی ئایینەوە دەكەن، پێویستە شارەزابن لەو بوارە ئایینیەی كە قسەی تێدا دەكەن، ئەگەر شارەزابن لەو بوارە ئایینیەی كە حەز بە چارەسەركردنیان دەكەن.ئەمڕۆش وەك جاران هەموومان پێویستیەكی زۆرمان بەوە هەیە كە بە زمانی شیرین و بە نیەتی پاك و رەوشتی چاك و بە بیری رووناك قسەو ئاخاوتنەكانمان جوان بكەین و، قسە و وشە ئاراستەی یەكدی بكەین و، بە قسە و وشەی جوانیش وەڵامی یەكدی بدەینەوە.
پێویستە كەلتوورێكی نوێ دابێنین لە حیوار و دایەلۆگدا، نابێت لە جیاتی وشە بەرد بگرینە یەكتر، نابێت لە جیاتی نور و رووناكی، بەرق بگرینە بەرامبەر.
ژیان خۆشە. ژیان هەلێكە و یەكجار دەژین، با پردێك لە نێوان هەموو دوو كەنارێكدا دروست بكەین، بپەڕینەوە لای یەكدی ئەوسا باشتر لە یەكدی دەگەین و جوانتر قسە دەكەین و خۆشتریش دەژین.
Top