پرسی ئافرەت و جیاوازی لە بۆچوونەكانی ئافرەتان خۆیاندا
January 25, 2011
وتار و بیروڕا
لەم دواییانەدا لە كوردستان بابەتی كۆتا بۆ ئافرەت لە سەركردایەتی حزبی سەرەكیدا ( پارتی دیموكراتی كوردستان) هاتە ئاراوە. وەكو هەر بابەتێكی تری نوێ كە سەرهەڵدەدات، هاوشێوەی ئەو مشتومڕەی كە لەكاتی تاوتوێ كردنی بابەتی كۆتا دروست ببوو لەسەر داڕشتنی دەستووری نوێی عێراق لە نێوان لایەنگران و نەیارانی پرسەكە، ئەم بابەتەش بوو ڕووداوی ڕۆژ لەلای زۆر كەس لە لایەنگران و ڕكابەرەكان وهەركەسێك بە شێوەیەك شرۆڤەی دەكرد و زۆر كەسیش بەگومانەوە دەیانڕوانیە پرسەكە.
ئەوەی سەیر بوو ركابەرەكان كە بەدەنگ و كردەوە لەدژی وەستان زۆرینە ئافرەت خۆیان بوون كە بە بۆچوونی من ژمارەیەكیان بابەتەكەیان بە خودی كەسەكان بەستبوەوە (شخصنە) و ژمارەیەكی تر بە بچووك كردنەوەی ئافرەتیان لەقەڵەم دەدا و هەندێكیشیان لەوانەیە تا ئێستا لە پرسی ئافرەت تێنەگەیشتبن.
بەهەرحاڵ، لەبەر هەر هۆیەك بێت خۆشبەختانە سەركردایەتی پارتی لە میانەی كۆنگرەكەدا (كۆنگرەی 13) وەكو سەكردایەتیێكی سەردەمیانە و بەرپرس و بەوپەڕی بوێرییەوە پشتگیری خۆی بۆ پرسەكە دەربڕی و بە ڕێگەیەكی گونجاوی بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای لەقەڵەم دا بۆ گەیاندنی ئافرەت بە سەركردایەتی بەڕێژەیەكی بەرچاو و هەروەها پرسەكە متمانەی زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرەی وەرگرت و پەسەندكرا و بەو ڕێگەیە ژمارەیەكی بەرچاو ئافرەت گەیشتنە سەركردایەتی.
بەر لەكۆنگرە كاتێ ئەم بابەتە لەلایەن ژمارەیەك ئافرەت وروژێنرا بۆ ژمارەیەك مەبەست بوو: وەكو مافێكی ئافرەتان كە بگەن بەو ئاست و پلەیە و هەروەها ئافرەت ڕۆڵی خۆی ببینێ وەكو سەركردە و بە هیوای ئەوە بەو ڕێژەیە و باشتریش بگاتە هەموو ئاستی حزبایەتی و ناوەندەكانی تر كە ئەم بابەتانە پەیوەستن بە پرسی ئافرەتەوە بۆ ئەم سەردەمە.
ئەوەی چاوەڕوان نەدەكرا دروست بوونی ناڕەزایی بوو لەلایەن ئافرەتی تر لە دژی پرسی كۆتا و ژمارەیەك لە ڕەخنەگرانیش كە ئافرەتی پەرلەمانتاربوون كە خۆیان بەكۆتا گەیشتوونەتە پەرلەمان.
پێموایە لەبەر هەرهۆیەك بوایە نەدەبووا ئافرەت خۆی لەدژی بابەتێك بوەستابوایە كە برەو بە دۆزی ئافرەت دەدات و نەدەبوایە بەشداری لەو مشتومڕە بكەن یان ببنە لایەنێكی كێشەكە كاتێ كۆتا تەنیا ڕێگەیەكی گونجاو و پێویستە بۆ ئەم قۆناغە، بۆ مسۆگەركردنی بەشداریكردنی ئافرەت بەڕێژەیەكی بەرچاو و بۆنموونە لە دەسەڵاتی حزبی دا، كە دەكرێت لەكاتێكی تر ئافرەتان خۆیان بەهەوڵی خودی خۆیان و بە ڕێژەیەكی زۆر باشتر و بەبێ كۆتا بگەنە ئەو ئاستە.
بەڵام بەهەر حاڵ، ئەم ئەزموونە یەك خاڵ روون دەكاتەوە، ئەویش نەبوونی یەك ڕیزی بوو لە نێو ئافرەتاندا كە زۆر بەئاسانی بەدیكرا كەوا كێشەكە لە نێو ئافرەتان خۆیاندایە. بۆیە پێویستە ئافرەتان وانە لەم ئەزموونە وەرگرن و یەكدەنگبن لەسەر داواكارییەكان تاكو بیانوو نەدەن بە كەسانێك كە بڵێن ئافرەتان خۆیان نازانن چییان دەوێت ویان لەناو خۆیاندا یەكگرتوونیین لەكاتێك كە ئافرەت كەمینەیە و وەكو هەر كەمینەیەك پێویستە هەوڵ بدات یەك ڕیزی دروستبكات لەناو خودی خۆیاندا و یەك ڕیزی خۆی بپارێزێ.
دەڵێم كەمینە كە هەرچەندە نیوەی كۆمەڵگایە، بەڵام كەمینەن لە دەسەڵاتدا و دەبێ ئافرەت دان بەو ڕاستییەد ابنێن كە میراتێكە و بۆی ماوتەوە و پێویستی بە چارەسەركردن هەیە. تاكو دان بەوەدا نەنێن هۆشیاری لەلایان دروست نابێت بۆ ئەوەی داوای مافی خۆیان بكەن و ڕێگە چارەش بۆی بدۆزنەوە كاتێ ئەمە تەنیا بابەتیش نییە كە پەیوەستە بە پرسی ئافرەتەوە كە پێویستی بە چارەسەری هەیە.
لەلایەكی ترەوە، بۆ بەرەو پێشەوە بردنی پرسی ئافرەت بەشێوەیەكی گشتی پێویستە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و لەسەر بنەمای توێژینەوە داواكاری و كێشە وگرفتەكان دەست نیشان بكرێن و هەروەها نەخشەی ڕێگەیەك دابمەزرێنرێت بۆ بەدیهێنانی ئەو داواكاریانە و چارەسەركردنی گرفتەكانیش و ئەمە دەكرێت ئەنجام بدرێت بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەو ڕێخراو و دەستانەی كە تایبەتن بە پرسی ئافرەتەوە و هەروەها ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان كە بەنیازە لە كاتێكی نزیك دەست بەكار بێ كە سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمە.