داخوازی نۆزدەیەم

داخوازی نۆزدەیەم
لیستی كوردستانی، (19) داخوازی خستە بەردەستی نوری مالكی، كە هێشتا پاڵێوراوی سەرەكوەزیران بوو، كە هەرێم بە مەرجی وەرگرتن و جێبەجێكردنی ئەو نۆزدە داخوازییە بەشداری حكومەتی بەغدا بەسەرەكوەزیرایەتیی مالكی، دەبێت.
یەكێك لە داخوازییەكان، بە نۆزدەیەمم داناوە ئەوەیە كە ئەگەر لیستی كوردستانی لە حكومەتی هاوبەشی عێراقی فیدرال كشایەوە، ئەوە حكومەتەكە، واتە: وەزارەتەكە، دەبێ هەڵبوەشێتەوە(واتە: بروخێ) تا حكومەتێكی دیكە پێكبێت.
وەلێ نوری مالكی، چ بەر لە هەڵبژاردنی یا، دوای ئەوە، ئێستاشی لەگەل بێ، دووپاتی ئەوە دەكاتەوە كە (18) داخوازی لیستی كوردستانی قبووڵە تەنیا داخوازی هەڵوەشانەوەی حكومەت بە كشانەوەی لیستەكە نەبێ، واتە داخوازیی نۆزدەیەمی پەسەند نەكردووە. ئەگەر هیچیش جێبەجێنەبوو ئەوە لیستی كوردستانی دەبێ بێدەنگ لە هۆڵی پەرلەمان و حكومەتی بەغدا دابنیشێ!
بێگومان، لیستی كوردستانی وەختایەك لە حكومەتی بەغدا دەكشێتەوە كە گشت یا هەندێ لەو (18) داخوازیە بەجێنەهێنێت.
خۆ ئەگەر مالكی داخوازییەكەی كوردستانی جێبەجێكرد ئیتر پێویست بە داخوازی نۆزدەیەم نامێنێ!
دەمەوێ بەخۆشباوەڕی و گەشبینی بڕوانمە ئاییندەی حكومەتی بەغدا و رەوشی لە تەك كوردستاندا. هیوادارم داخوازییەكانمان جێبەجێببن تا لیستەكەمان ناچار نەبێ لە حكومەتی فیدرال بكشێتەوە.
بەڵام (.. بەڵام وا لەم ((بەڵامە))..) بۆچی نوری مالكی داخوازیی نۆزدەیەمی قبووڵ نییە؟! خۆ ئەگەر دڵنیا بێ و بڕوای هەبێ بە جێبەجێكردنی (18) داخوازییەكە، ئیتر بۆچی لەوە ترساوە لیستی كوردستانی بكشێتەوە؟!
دیارە ئەم لیستە تەنیا لە حاڵەتی جێبەجێنەبوونی هەندێ، یا گشت، داخوازییەكانی بڕیاری كشانەوە دەدات. گەر نا بۆ ((هەوای نەفس)) ناكشێتەوە!
لیستی كوردستان ئاواتەخوازە ناچاری وەرگرتنی ئەم بڕیارە نەبێتەوە، بەڵكو حكومەتی مالكی و هاوپەیمانانی پابەندی داخوازییەكانی گەلی كوردستان ببن.
كەواتە، لەو نۆزدە داخوازییە لیستی كوردستانی، هیچ نەبێ، بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ داخوازیی نۆزدەیەم جێبەجێبكات! بەقسەی مالكی، داخوازیی نۆزدەیەمی قبووڵ نییە، ئەگەر هەندێ داخوازیی گرنگیشی پشتگوێ خست، وەك ریفراندۆم بەپێی مادە 140 و مەسەلەی نەوت، ئەوە ئیتر كشانەوە یان نەكشانەوەی لیستی كوردستانی كار ناكاتە سەر هەڵوێست و كاروباری حكومەتی بەغدا، بەڵكو بە بێگوێدانە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان درێژە بە كاری خۆی دەدات! دەترسم رۆژێ حكومەتی بەغدا بە لیستی كوردستانی بێژێ: هەقی خۆتان وەرگرتووە! چیتر داوا مەكەن!! ئەوەشی هەیە زیادەیە!
د. مەحمود عوسمان ئەندامی لیستی كوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە نزیكبوونەوەی هەردوو لیستی مالكی و عەلاوی (بڕوانە: رۆژنامەی ئەلشەرقولئەوسەت 2010-12-29) هەروەها گازندە دەكات لەوەی سەرۆكایەتی كورد یارمەتی لایەنە عێراقییەكانی داوە تا پێكبێن و بەخۆیان (و بۆخۆیان) بەری رەنجی كورد بخۆن.. و ((دەبینین كە بە ئەنقەست رۆڵی كوردستان لە دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزیدا لاواز و پەراوێز دەكەن))، چونكە لیستەكانی مالكی عەلاوی دەستیان بەسەر پۆستە سەرەكییەكانا داگرتووە.
لێرەدا، ئەزیش تێبینیەكی دیكەی دەخەمە سەر و دەڵێم: ئەگەر ئەو دوو لیستە گەورەیە بە تەواوی یەكبگرن و دەست دابگرن، ئەوە لەسەر حسابی لیستەكانی دیكە قەڵەوتر دەبن، لێرەشدا بە ئاسانی لە حسابی لیستی كوردستانی دەخۆن!
وەك هەمیشە دەمێنێتەوە بۆمان، لەخۆ بپرسن: گەلۆ! ئەگەر ئاوەها بوو چبكەین باشە؟.. دڵنیام كە كارتی فشارمان هەیە، لەوانەش پێداگرتن لەسەر مافی چارەی خۆ نووسین و بایەخدانی فراوانتر بە رێكخستنەوەی ریزی بزاڤی دیموكراتی رزگاریخوازی ئاشتیخوازی كوردستان.
Top