چەندسەرنجێكی بەرایی لەسەر پلانە نیشتمانییە پێنج ساڵییەكەی عیراق

چەندسەرنجێكی بەرایی لەسەر پلانە نیشتمانییە پێنج ساڵییەكەی عیراق
ماوەیەك پێش ئێستا وەزارەتی پلاندانان لە بەغدا پوختەی پلانێكی سەبارەت بە پەرەپێدانی نیشتمانی عێراقی بۆساڵانی 2010 ــ 2014 لە دوتوێی 87 لاپەڕەدا لە ماڵپەڕەكانیدا بڵاوكردەوە، گەرچی ئەمە دەسپێشخەرییەكی باشە لەم بارودۆخە ئاڵۆزو پڕ فەوزا و سەختەی كە وەك پەتا هەموو وەزارەتەكانی تەنیوەتەوە، چونكە لە لایەكەوە بۆ كۆمەڵگەی عێراقی شرۆڤەكارییەكی تێروتەواوی ستراتیژیەتی پلانێكی پێنج ساڵەییە لەدوتوێی لیست و ئەوخشتە جۆربەجۆرانەی خۆیدا كە كراونەتە مەرج تا لەو ماوە دیاریكراوەی بۆ ئەنجامدانی بەرنامەكان دانراون وەدیبهێنرێن و جێبەجێ بكرێن، لە لایەكی تریشەوە دیاریكردنی بودجەی خەرجی و داهاتەكانی پلانە پێنج ساڵیەكەش بە وردی روونكراوەتەوە..
پرسیارێك لێرەدا دێتە ئاراوە، هەوڵ دەدەین وەڵامی بۆ بدۆزینەوەو لە دوو لایەنەوە وەڵام دەدرێتەوە:
خاڵ ولایەنی ئەرێنی ئەم پلانە چین،
خاڵ ولایەنە نەرێنییەكانی چین كە پێویستیان بە گۆڕانكاری بێت ؟؟
• دەرچوواندنی پلانی پێنج ساڵیی نیشتمانیی لە عێراقدا بۆ ئەم قۆناغە، لە ئاكامی ئەو هەموو پێداویستیە زۆرانەوە هاتووە كەلەلایەن كەسانێكی بێشوماری ئابووریزان و هێزەكانی دیموكراتی ناوەوەو دەرەوەی وڵات جێی بایەخن، بە تایبەت دوای دەرچوونی دەستوور لە ساڵی 2005 و هەروەها دوای پێكهێنان و دروست بوونی حكومەتی نوێ، چونكە هیچ كارێكی پەرەپێدان مەیسەر نابێت گەر پلانێكی ستراتیژی بوونی نەبێت، تەنانەت گەر لەسەر رێچكەی ئابووری بازاڕی ئازادیش بێت وەك چۆن لەناو پلانی ئێستای پەرەپێداندایە و ئەمەش هەنگاوێكە لەسەر ڕێی راست و بە ئاراستەی گشتی دەڕوات..
• ئەم پلانە بایەخێكی هەستپێكراوی هەیە بۆ پێنج مەسەلەی گەوهەریی كە ئابووریناسانی عیراق بە بەردەوامی لێی دەدوێن:
ا ـــ باروگوزەرانی هەژارێتی لە ناو عیراقدا كە بەناو زۆربەی دانیشتوواندا بڵاوبۆتەوە.
ب ــ نەخشەدانانی جیۆگرافیانە بۆ هەموو ناوچەكانی عیراق، بە تایبەت ناوچە دواكەوتووەكان.
ج ــ مەترسییەكانی هەژموونی ئابووری نەوت و داهاتەكانی لەسەر ئابووری عیراق و بیركردنەوە لە گۆڕینی ئەو هەژموونە.
د ــ دیاردەی هێنانی شتومەك لەسەر حیسابی بەرهەمهێنانی خۆماڵی لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی لە عیراقدا كە بۆ خۆی هەڕەشەی جددیین لەبەردەم ئابووری و ئاسایشی وڵاتەكە بەهۆی كرانەوەی گشتی بێ بەرنامە بەڕووی دەرەوەدا..
هـ ـ چاوخشانەوە بە سیاسەتی ئابووری بۆ دڵنیا بوون لە پەرەپێدانی هەردوو كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازی لە پێناوی گۆڕینی بنەمای ئابووری و بنەماكانی داهاتی نەتەوەیی..
ئەمەش بەو واتایەی كە بەهیواشم بەو شێوەیەش نەبێت، وەزارەتی پلاندانان دركی بە دابڕان و ناڕێكی لە پرۆسەی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوە لە ئابووری عیراقیدا كردووە كە پێوەندی راستەوخۆی بە پرۆسەی ئابووری سەرمایەداریی جیهانیەوەیە بەهۆی بوونی نەوتەوە، سەرەنجام بووەتە هۆی نەمانی توانای تەراكومی سەرمایەداری پێویست بۆ ئابووری عیراقی و فراوان نەبوونی پرۆسەی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی بەرهەم و وەدینەهاتنی گۆڕانكاری لە ئابوورییەكی لاوازی دواكەوتووی داڕووخاوی بە پاشكۆبووی دەرەوە بۆ ئابوورییەكی نیشتمانی كە سەربەخۆیی رێژەیی هەبێت لەناو بارودۆخێكی پەرەسەندووی جیهانگیریدا.
3 ــ لە پلانەكەدا خاڵێكی گرنگ بۆ جەخت كردنەوە لەسەرگۆڕینی بەرێوەبردنێكی ناوەندی ئابوورییانە بۆ بەڕێوەبردنێكی خۆجێی لە نێوان دەوڵەتی ناوەندی و هەرێم و پارێزگاكاندا تۆماركراوە، بەو مەرجەی ئەم پرۆسەیە ئۆرگانیزەكردنی نێوان بەشەكانی بزرنەكات، پرۆژەكانی ئەو جەمسەرو لایەنانە پێوەندی هەیە بە هاوكاری كرنیانەوەیە لەگەڵ یەكتردا. بێگومان ئەم پرۆژەیە بەربەست و زەحمەتی زۆری دێتە ڕێ چونكە پشت دەبەستێ بە یاساو پسپۆرێتی و نەریتی كاركردن و بەرژەوەندی هاوبەش..
4 ــ پلانەكە لە دیاریكردنی پێنج هەڕەشەی جددی سەركەوتوو بووە كە رووبەڕووی ئابووری عیراقی دەبێتەوە پاش ئەوەی ڕۆڵ و پێگەی نەوت روون دەكاتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە ڕۆڵ و پێگەی كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازی لە ئابووری عیراقدا دەست نیشان دەكاتەوە:
ا ـ هەژارێتی بە گشتی لەناو خەڵكیدا وێرای دەوڵەمەندێتی وڵات، هەروەها بوونی بێكاری بەرفراوان گەرچی لە پلانەكەدا بە تەواوەتی باس لە بێكاری رووپۆشكراوی ڕازیكاری ناو وڵات نەكراوە.
ب ــ نایەكسانی و ناهاودەرفەتی لە پەرەپێداندا لە نێوان دەڤەرو پارێزگاكان و شارۆچكەكاندا
ج ــ كەلێن كەوتنەوە لە ئاستەكانی پەرەسەندن و خزمەتگوزاری لە نێوان گوندەكان و شارەكاندا
د ــ بوونی ناڕێكی زۆر لە نێوان بەكاربەر و تەراكومدا لە داهاتی نیشتمانیدا بۆ بەرژەوەندی بەكاربەران كە سامانی نیشتمانی لاواز دەكات و هاوبەشی دەكات لە هەژارتر بوونی كۆمەڵگەدا..
هـ ــ ناڕێكی لە دابەشكردنی داهاتی تایبەت بە بەكاربردن و سوودگەیاندنی بە هەندێ توێژی كۆمەڵایەتی و بێبەشبوونی توێژە چەوساوەو هەژارەكان لێی، بەواتای ناڕێكی لە دابەشكردنی داهاتی نەتەوەیی و خراپ بەكارهێنانی..
5 ــ پلانەكە ئاماژەی داوە بە هاوبەشی كردن و هاریكاریكردن لە نێوان وەزارەتەكان لە لایەك و لایەنەكانی پێوەندار بە پلانەكە لە لایەكی ترەوە، ئەمەش كارێكی ئەرێنییە وێڕای پێویست بوونی وەزاراتەكان لە بارودۆخی ئێستادا بە گرنگێتی ئەم شێوازەی هاریكاری.
6 ــ پلانەكە بایەخێكی زۆری بە كەرتی تایبەت و بیانی داوە و كەرتی دەوڵەتیشی پشتگوێ نەخستووە لە كاتێكدا بڕوام وایە بۆ كەرتی حكومی پێویست وایە بایەخی پتری پێ بدرێت بۆ پێشكەوتنی ئابووری بە تایبەتی لە بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیدا كە گرنگە دامەزرێن.
ئەمە لایەنە ئەرێنیەكانی پلانەكەیە لە بواری تیۆرییەوە، لە بارەی سلبیاتیشەوە زۆر شت هەن كە پلانەكەدا بەدەركەوتون لێرەدا هەوڵ دەدەین ئاماژەی پێ بدەین
1ــ نەبوونی ستراتیژیەتێكی تایبەت بە پەرەسەندنی نیشتمانی دوورمەودا وەك ئیماژەیەكی رێنمایی بنەڕەتی بۆ پەرەپێدانی ئابووری نیشتمانی كە بە هۆیەوە دەتوانرێت پلانی ساڵانە بۆ هەموو كەرتەكان دابنرێت، ئەمەش ئەو ئیشكالیەتەیە كە دكتۆر عەلی بابان لە دیمانە تەلەفزیۆنەكانیدا بەبەردەوامی ریسكی بۆ دەڕێسێت.
2 ــ نەبوونی رێككەوتن و كامڵ نەبوونی ئابووری لە نێوان بەغدا و هەولێردا، یان لەنێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمدا، یان لەنێوان وەزارەتی پلاندانان و هاریكاری ناوەندی لە بەغداو وەزارەتی پلاندانان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەرج نییەهاوكوف و هاوڕابن لە پلانەكەدا بەڵكو هەماهەنگی بكەن ئەمەش نابێتە بەربەست لەبەردەم سەربەخۆیی رێژەییانەی سیاسەتی ئابووریانەی هەرێم و گرنگتریشە هەماهەنگییەكە لەسەر ئاستی عێراق و دەوڵەتی ئیتیحادی بێت
3 ــ لە ناو دوو كۆبوونەوەی فراوانی نێوان بەغداو هەولێر گفتوگۆی تێروتەسەل لەسەر ئەم پلانە كراوە، دەبوایە بە درێژی دەستنووسی گفتوگۆكان لەسەر ئاستی فراوان بڵاوبكرابایەوە، سوودو قازانجی زۆری دەبوو بۆ هەمووان لەوانە هاوبەشی پێكردنی شارەزایان لەسەر گفتوگۆكانی پلانەكە لە زۆر لایەنی هەمەجۆرەوە چ لە ناوەوەی عێراق یان لە دەرەوەیدا، دواجار دەبووە پرۆسەیەكی هۆشیاركردنەوەی خەڵكی و رۆشنبیربوونیان لەڕێی رۆژنامەگەرییەوە..
4 ــ پلانەكە وەك دكتۆر فازڵ مەهدی ئاماژەی پێداوە گەشەسەندنی دانیشتووانی لە عیراقدا پشتگوێ خستووە، داخۆ چۆن كۆنترۆڵ دەكرێت وچۆن بۆ بەرژەوەندی كۆمەڵگە رێكدەخرێت، چونكە رێژەی گەشەسەندن ساڵانە لە عێراقدا %3یە..
بەقەناعەتی من وەزارەتی پلاندانان و دەزگای ناوەندی ئامار، وێڕای ئەنجام نەدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووانیش هەر زانیاری تەواویان لەسەر ڕێژەی گەشەسەندنی ساڵانە هەیە، بۆیە هیچ ماقووڵ نییە پلانێكی ساڵانە بێ حیساب كردن بۆ دیمۆگرافیا و ئاستی خوێندن و پیشەیی هاووڵاتیان..تاد بەرنامەكانی دابنرێت
چۆن دەكرێت لەژێر سایەی ئەم بێ بەرنامەییەدا پێداویستی و پێوەندییەكان دەست نیشان بكرێن و لەولاشەوە رێژەی دانیشتووان نەزانرێت بە تەواوی چەندن، پێویستە هەر سێ رەهەندەكەی پەرەپێدانی بەردەوام لەبەرچاو بگیرێن بەلایەنەكانی ژینگەیی و كۆمەڵایەتی و ئابووریەوەو، هەروەها بە زیادكردنی دوو رەهەندی گرنگی تریشەوە كە ئەوانیش رەهەندی دانیشتووانن وەك رەهەندی ستراتیژیەتی دوورمەودا بۆ پەرەپێدانی نیشتمانیی.
5 ــ لە پلانەكەدا بایەخ بە گرنگێتی وەبەرهێنانی وزەی خۆر نەدراوە بۆ بەرهەم هاتنی وزەی كارەبا لە عێراقدا، لە ئەزموونەكانی وڵاتانی دەوروبەردا بەبەڵگەوە توانای ئەم وزەی خۆرەیان بۆ دەركەوتووە لەبەكارهێنانیدا بۆ ناو ماڵان بە تایبەت لە وڵاتی توركیا، گەرچی نەوت و غازیشمان هەبێت ئەمە وا ناگەیەنێت لە بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا بێبەش بین..
6ــ عێراق رووباری نییە لە ناو وڵاتی خۆیەوە هەڵقوڵێت بەڵكو سەرچاوە سەرەكیەكانی ئاوەكانی وەك دیجلەو فورات لە توركیا و ئێرانەوە دێنە ناو خاكەكەیەوە، ئەم پشتبەستنە بەدراوسێكان بەردەوام گرفتی گەورەی ناوەتەوەو دەنێتەوە، بۆیە عیراق لەم ڕوەوە پێویستی بە تەكنیكی تازەیە چ بۆ كشتوكاڵ یان بۆ پیشەسازی یان بۆ بەكارهێنانی رۆژانەی هاووڵاتیان، عەمباری مەزنی پێویستە تا ئاوەكانی پێ گل بداتەوەو هەمووی نەڕژێتە ناو شەتولعەرەبەوە، توانای ماددیشی دەوێت بۆ بەستنی گرێبەستی نێودەوڵەتی وا كە رێگە بە عێراق دەدات ساڵانە ئاوی مسۆگەری دەست بكەوێت، هاووڵاتیانیش لەخراپ بەكارهێنانی ئاو ئاگاداربكاتەوە..
7 ــ هیوام وایە بە هەڵە لەو خاڵە تێگەیشتبم كە ئاماژەی داوە بە سپاردنی دامودەزگاكانی حكومەت و گۆڕینیان بە دامودەزگای كەرتی تایبەت، بەم میتۆدەوە عیراق ئاسوودە نابێت گەر سامانی وڵات بخاتە ژێر باڵی كەرتی بیانی و تایبەتەوە چونكە كارگەو كۆمپانیای بەرهەمهێنی گەورە تەنیا لە رێی دەوڵەتانەوە گەلانی لە دواكەوتوویی رزگاركردووە..
8ــ پلانەكە خۆی بە دوورخستۆتەوە لە كەرتەكانی هەرەوەزی ناو ئابووری عێراق، وێرای تواناسازی و بوونی پێویستیەكانی ئەم كەرتە لە پاڵ كەرتەكانی تردا دەكرێت لە كشتوكاڵ و بواری خزمەتگوزاری گشتیدا ئەكتیڤ بێت بە تایبەت بواری كشتوكاڵی كە پێویستە بۆ دروستكردنی كۆمەڵەی هەرەوەزی لە پێناوی دامەزراندنی پرۆژەی مەزندا، دەشكرێت هەردوو بانقی كشتوكاڵی و پیشەسازی لەسەر بناغەی هاریكاری لە نێوان كەرتەكانی تایبەت و حكومی بەپێی چەند رێژەیەكی دیاریكراو وەبەرهێنانی هاوبەش ئەنجام بدەن
ئەویش بە پێدانی قەرزی گونجاو بە پرۆژەكان.
9ــ پلانەكەی عیراق وێناكردنێكی تێدایە بۆ بەكارخستنی %23 هێزی كار لەناو بێكاراندا، بە شێوەیەك %16 بێكاری تا ساڵی 2014 ناهێڵێت، لێرەوە ئاماژە بەم خاڵانە دەدەین:
أ ــ بێكاریی لە عێراقدا لە %23 زیاترە و تا سنووری %30 هەڵدەكشێت جار هەبووە دەگاتە %35 كەئەمەش رێژەی ئەو هێزە بزووێنەرەی كارە لە عێراقدا.
ب ــ بێكاری رازیكراو بە فراوانی لە سنووری %50 ی پێكهێنەری هێزی كارە لە دامودەزگاكانی عێراقدا، ئەم دامودەزگایانە تووشی هەڵئاوسان وكورت هێنان لە بەرهەم و نابەرپرسیاری بوونەتەوە، پێویست بوو لە پلانەكەدا ئاماژەی پێ بدرایە تا رێژەی بێكاری رازیكار و بێكاری راستەقینە بزانرایە
ج ــ بیركردنەوەی جیددی لە دابینكردنی هەلی كار بۆ ئافرەتان چونكە پێویستیەكی زۆر هەیە بۆ گۆڕینی واقیعی ئافرەتان بەهۆی رۆڵیانەوە لە بەرهەمهێنانی خێروبێری مادی و خزمەتگوزاری و گرنگێتی پێگەیان لە كۆمەڵگەو كارگوزاری ئابووری ودەوڵەتدا بە گشتی..
10ــ پلانە نوێیەكە جەختی كردۆتەوە لەسەر ئیدارەو ئەدائی ناڕێك و دواكوتوویی لە سەرجەم دامودەزگا حكومیەكاندا، بێ ئەوەی پەنجە بخاتە سەر موحاسەسەی هۆزگەرێتی سیاسی و لایەنگیرێتی لە ناو هۆزەكانی عێراق و رزگاربوون لەو حاڵەتەی كە چووەتە ناو دەمارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسەتەوە، بووەتە هۆی نادادپەروەری و بەهەدەرچوونی سامانی گشتی
زۆر خالی تر هەن ئاماژەیان پێ بدەم بەڵام بۆ پسپۆران و شارەزایانی جێدەهێڵین تا لە هەموو ڕوویەكەوە گفتوگۆی لەسەر ئەنجام بدەن..
Top