بەغدا، حكومەتێكی تەمەن كورت

بەغدا، حكومەتێكی تەمەن كورت
(1)
پەندی كوردی دبێژێ:
(مانگەشەو لە ئێوارەوە دیارە، حكومەتی تازەی عێراق رەنگە تەمەن كورتتر بێت لەوەی بیری لێدەكەنەوە).
هەقی خۆیانە و هەقی خەڵكە چۆن لێدەدەنەوە.
وەلی حكومەتەكە، لە چەندین بواری كەلتووری و كۆمەڵایەتی و ڕامیارییەوە، بە ناتەواوی لە دایكبووە، ئەوەش لەو رەخنە ئاشكرا و روونانە دەردەكەوێ كە لە بیست و چوار دەمژێری یەكەمەوە وەدەردەكەوتن:
1- رەخنەی ژنان كە لە نیوەی كۆمەڵگای ئێستای عێراق زیاترن.
رەخنە دەربڕینی ژن و ئافرەتان تەنیا لەبەر رێژەی هەرە نزمی بەشداربوونیان لە پلەو پایەی حكومەتەكەدا نییە، بەڵكو- لە ناخەوە- گلە و گازاندەیە لە بارودۆخی سەخت و نالەباریان، بەتایبەتی لە بەغدا و ناوەڕاست و باشووری عێراقدا لەو چۆڕە(1) ئازادییەی هەرێمی كوردستانیش بێبەشن.
2- رەخنەی هونەرمەند و نووسەر و توێژی رووناكبیران كە رەخنەیان لەوە هەیە، وانەی موزیك و شانۆ پەیكەرتاشی و ئاهەنگی گۆرانی و شادی لە كولێج و پەیمانگا و بوارەكانی كۆمەڵ قەدەغەكردووە.
پەستی و بێزاری لە خنكاندنی ئاوازی موزیك و جوانی شانۆ و هونەرەجوانەكانی دیكە تەواوكەری پەستی و توڕەیی كەرتی ژنانە، چونكە ئەگەر پیاوان هەندێ جار هەل دەقۆزنەوە، ئەو ئافرەتانە ئەو هەلەشیان نییە، بەڵكو ژیانیان رەشپۆشەو قۆڵبەست كراون.
3- هەندێ گرووپ و حزبی سیاسی وەك حزبی ئیسلامی ناڕازین لە شێوەی دابەشبوونی پۆست و پلەو پایەكانی حكومەت و، ئەو ناڕەزاییەیان راگرتووە، هەر ئەوانیش نین، بەڵكو لایەنی كوردیش بە تەواوی رازی نەبوونە، رەنگە زووتر رەخنەی توند بگرن.
4- نوێنەرانی لیستی(رافدەین)، واتە مەسیحییەكان ناڕەزایی خۆیان لەو پۆستە دەربڕیوە كە بەریان كەوتووە. بە كەمی دەزانن.
5- نوێنەرانی گەلی توركمان ناڕازین و چاوەڕوانی پۆستی بەرزترن وەك جێگری سەرەكوەزیران یا سەرەك كۆمار.
6- لەنێو خودی كوتلە سیاسییە گەورەكاندا هێشتا هەموو رازی نین و، لێرەو لەوێ دەنگی رەخنە و بێزاری دەبیستین.
7- كێشەی هەرە ئاڵۆز و هەرە گرنگی(ئەنجومەنی سیاسەتە ستراتیژییەكان) كە هێشتا یاساكەی دەرنەچووە، كە چەندین خاڵی تەنفیزی گەورەی تێدایە هاودژی دەسەڵاتی پۆستی سەرەكوەزیرانە.
ئێستا دیار نییە یاسا و دەسەڵاتی ئەو ئەنجومەنە چی ئاراستەیەك بەخۆوە دەگرێت.
8- وابزانم مشتومڕی یاسایی و پەرلەمانی و رامیاری لە دەوروبەری ئەم ئەنجومەنەدا چڕ دەبێـتەوە. بەڵكو رەنگە ناوەڕۆك و هەیكەلی ئەنجومەنی ستراتیژییەكان ببێتە گرێیەكی ئاڵۆزی دیكەی بەغدا و، ریسمانەكە بكاتەوە خوری!. هەمووی هەڵوەشێتەوە. ئەمە ئەگەر ئاڵۆزی باری دانیشتووانی كوردی ناوچەكانی نەینەوا(موسڵ) و كەركووك و دیالاشی بخەینە سەر، كە بەرەو گەرمبوونی گۆڕەپانەكە دەچێت.
9- لەنێوان هەموو ئەو گرفت و كێشانەدا باری ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی سەراسەری عێراق دێتەپێش. بێكاران كاریان دەوێ، بێ خانوومانان خانوویان دەوێ، قوتابخانە و نەخۆشخانەی تازەیان دەوێ، ئاو و كارەبا و چاككردنەوەی رێگا و بانیان گەرەكە. و، چی و چی، واتە: داخوازی و مافە كۆمەڵایەتییەكان خۆیان لە مانگرتن و بێزاری دەربڕین و خۆپیشاندان و شێوازی دیكەی دەربڕیندا دەبیننەوە.
(2)
سەرباری ئەو كێشە و گرفتانە چەندین بابەتی لە سنووری عێراق و فراوانتر، لە پێشدان، یەك لەوانە: گۆڕانی كەشوهەوای سەر ئەرزە، یەكێكی دیكە شێوەی یەكلابوونەوەی بارودۆخی نێو خۆی و وڵاتی ئێرانە و راستەوخۆ كاریگەری لەسەر عێراق دادەنێت.
(3)
دەبێت دەرەنجامی ئەو هۆكارانە بە كوێمان بگەیەنێت؟!
چۆن لێكیدەدەمەوە، هەر بەو ئەنجامە دەگەم كە تەمەنی ئەم حكومەتەی فیدرالی ئێستای عێراق كورت دەبێت و، دوا چارەسەر هەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی دیكەی پەرلەمانی دەبینینەوە. كە هەمان دەرەنجامەكە بەر لە (7) مانگ هاتووەتە سەر زار...
Top