«بەبیابانبوون»ی هزر
January 6, 2011
وتار و بیروڕا
«بەبیابانبوون»وەك دیاردەیەك و كێشەیەكی ژینگەیی بریتییە لە: «دابەزینی توانستی ژینگە و تێكچوونی، بەتایبەتی لە بواری توخمەكانی خاك و رووەكی سرووشتی و ئاو، كە ئەمانە هەر هەموویان دەبنە هۆی كەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنان و دابەزینی ئاستی چ لە ئەنجامی روودانی گۆڕانكاری سرووشتی بێت یان لە ئەنجامی بەكارهێنانی ناژیرانەی مرۆڤ بۆ ژینگە».
بە بۆچوونی ئێمە «بەبیابانبوون» تەنیا دیاردەیەك و كێشەیەكی ژینگەیی نییە، بەڵكو جۆرێكی تر لە «بەبیابانبوون» هەیە، كە دەكرێت ناوی («بەبیابانبوون»ی هزر)ی لێ بنرێت و وەك كێشەیەكی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و زانستی بناسرێت. ئەم جۆرە نوێیە لە «بەبیابانبوون»بریتییە لە:»نامۆیی بەشێكی دیار لە كۆمەڵگە، كە بەداخەوە رێژەكەی لە هەڵكشاندایە، بە مێژووی نەتەوەكەی و نامۆیی بە جوگرافیای نیشتمانەكەی و نامۆیی بە فەرهەنگ و ئەدەب و هونەر و كەلەپور و دابونەریتە رەسەنەكان و بەها بەرز و پیرۆزەكانی میللەتەكەی و دابەزینی ئاستی داهێنان و بەرهەمی هزر».
(«بەبیابانبوون»ی هزر)، كە مەترسییەكانی گەر زیاترنەبێت كەمتر نییە لە مەترسییەكانی بە»بەبیابانبوون»ی ژینگە، نیشانە سەرەكییەكانی دەكرێت لەم خاڵانەدا دەستنیشان بكرێت:
1 – لاوازبوونی هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری لە كۆمەڵگەدا.
2 – قوربانیدان بە بەرژەوەندییە گشتییەكان لەپێناو بەرژەوەندییە تایبەتییەكان.
3 - زۆربوونی داواكارییە ناڕەواكان و ئەنجام نەدانی ئەركەكان بە دڵسۆزی.
4 - شانازی نەكردن بە نەتەوە و مێژووەكەی و هەستنەكردن بە خۆشەویستی نیشتمان.
5-رێزنەگرتن لە هونەری نەتەوەیی بە هەموو جۆرەكانەیەوە.
6 – نەناسین و رێزنەگرتن لە سەركردە مێژووییەكانی نەتەوە وەك پێویست.
7 – نەناسین و رێزنەگرتن لە ئەدیب و شاعیرە گەورەكانی نەتەوە و بەرهەمەكانیان.
8 - دابەزینی ئاستی داهێنان لە كۆمەڵگە و ناوەندە زانستییەكاندا.
9 - بڵاوبوونەوەی هەستی بێگانەپەرستی، كە یەكێك لە سیماكانی بریتییە لە حەزكردن و رێزگرتنی، زیاد لە پێویست، لە هونەری بێگانە بە هەموو جۆرەكانیەوە و بایەخنەدان بە هونەری نەتەوەیی.
10 – خۆ بەكەم زانین بەرامبەر بە بێگانە و نەتەوەكانی تر.
11 – رێز نەگرتن لە بەها بەرزەكان و پیرۆزەكانی كۆمەڵگە.
12 - سوود وەرنەگرتن لە ئەزموون و دووبارەكردنەوەی هەڵەكان.
13 – پاساوهێنانەوە بۆ سەرنەكەوتنەكان و گەڕاندنەوەی هۆكارەكانی بۆ خەڵكان و لایەنی تر نەك بۆ كەمتەرخەمی و كەم كۆششی و هەوڵدانی خۆی.
ئەمانە و چەندین نیشانەی تر، كە رەنگدانەوەیان لە هەڵسوكەوتی رۆژانەی تاكەكانی كۆمەڵگەدا هەیە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری بوونی كێشەی («بەبیابانبوون»ی هزر)ە، كە هۆكارەكانی سەرهەڵدان و دەركەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ:
1 – ئەو جەور و ستەمە بێ وێنەیەی كە رژێمە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق كردویانە بەرامبەر نەتەوەی كورد و مێژووی میللەتەكەی و جوگرافیای نیشتمانەكەی، بە شێوەیەك كە زۆر جار بووەتە مایەی سڕینەوەی كەسایەتی تاكی كورد.
2 – هەستكردن بە نەبوونی»دادپەروەری كۆمەڵایەتی»كە دەبێتە مایەی لاوازبوونی هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری لە كۆمەڵگەدا. دیارە بەرزكردنەوەی دروشمی»دادپەروەری»، وەك دروشمێكی سەرەكی كۆنگرەی (13)ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە روانگەی هەستكردن بە نەبوونی ئەم»دادپەروەریەوە»سەرچاوەی وەرگرتووە كە هیوادارین و بێگومانین لەوەی كە جێبەجێكردنی،»دادپەروەری»، لەنێو خودی پارتێكی جەماوەری وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، كە گەورەترین و كاریگەرترین هێزی كاریگەرە لە كۆمەڵگەكەماندا، و لەنێو دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستاندا دەبێتە ئامڕازێكی چارەسەركردنی ئەم كێشەیە.
3 – بایەخنەدانی، وەك پێویست، بە بابەتە كۆمەڵایەتییەكان لە قۆناغەكانی خوێندندا و گۆڕینی ئامانجەكانی پرۆسەی فێركردن و خوێندن لە»دروستكردنی بیری زانستی لای قوتابیان»بۆ تەنیا»دەرچوون لە تاقیكردنەوەكان و بەدستهێنانی بڕوانامە بە هەر شێوەیەك بێت». جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بە هەڵوێستی خانمێكی ئەمریكی بكەین كاتێك پۆستی سەرۆكایەتی زانكۆیەكی ئەمریكی گرتەدەست. ئەم خانمە بۆی دەركەوت، هەرچەندە ئاستی زانستی دەرچووانی زانكۆكەی وەك پێویستە، بەڵام ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی و رۆشنبیری گشتیان لاوازە و وەك پێویست نییە. بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە، كە یەكێكە لە نیشانەكانی، («بەبیابانبوون»ی هزر)، (150) سەرچاوەی رۆشنبیری و هزری گرنگی جیهانی هەڵبژارد و دەستنیشانكرد، كە بە بۆچوونی ئەو و هاوكارانی لە زانكۆكەی، لە رێگەیانەوە دەكرێت ئاستی هۆشیاری و هزری دەرچووانی زانكۆكەی بەرزكاتەوە، و بڕیاری دا بۆ ئەوەی قوتابیان بڕوانامەی دەرچوونی زانكۆ بە دەست بێنن مەرجە بەلای كەم بە سەركەوتوویی تاقیكردنەوە ئەنجام بدەن لە (10) سەرچاوە لەو سەرچاوانەی كە بۆیان دەستنیشانكرابوو.
4 – بەشدارینەكردنی كارای میدیاكان، بە هەموو جۆرەكانیەوە، لە پرۆسەی دروستكردنی هۆشیاری نەتەوەیی و هزر لای تاكەكەكانی كۆمەڵگە. كاتێك میدیاكان ئاسانكاری دەكەن بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمی لاواز و بێسوود و تەنیا بایەخ بە چەندایەتی بەرهەمەكان دەدەن و جۆرایەتی لە بیردەكەن دەبنە هۆكارێكی دروستبوونی دیاردەی، («بەبیابانبوون»ی هزر). ئەم لەشكرە بێ شومارە، كە هەر هەموویان ناویان لە خۆیان ناوە، یان ئێمە ئەو نازناوەمان پێبەخشیون، رۆژنامەنووس، هونەرمەند، چاودێری سیاسی....تاد، بەبێ ئەوەی شایەستەی ئەو نازناوانەبن، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری دابەزینی ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی و هزرە لە كۆمەڵگەكەماندا.
چارەسەركردنی كێشەی، («بەبیابانبوون»ی هزر)، كارێكی ئاسان نییە و وەك هەموو كێشەیەكی پێوندار بە كەسایەتی مرۆڤەوە، پێویستی بە كات هەیە و هەنگاوی یەكەمە لە دانپیانان بە بوونی كێشەكەوە دەست پێدەكات. چارەسەركردنی كێشەكەش بە بنبڕكردنی هۆكارەكانی ئەنجام دەدرێت كە دەكرێت لەم خاڵانەدا چڕ بكرێنەوە:
1 - سڕینەوەی شوێنەوارەكانی جەور و ستەمەكانی رژێمە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق بەرامبەر بە كورد، و دووبارە دروستكردنەوەی كەسایەتی تاكی كورد.
2 – دابینكردنی «دادپەروەری كۆمەڵایەتی».
3 - ئەنجامدانی چاكسازی لە «پرۆسەی فێركردن و خوێندن» لە هەموو قۆناغەكاندا بۆ ئەوەی بتوانێت «بیری زانستی» لای قوتابیان دروست بكات و هۆشیاری نەتەوەییەیان بەرزبكاتەوە.
4- كاراكردنی رۆلی میدیاكان لە پرۆسەی دروستكردنی هۆشیاری نەتەوەیی و هزر و بیر لای تاكەكانی كۆمەڵگە بە رێگەی بایەخدان بە جۆرایەتی بەرهەمەكان.
5 - كاراكردنی رۆڵی وەزارەتی رۆشنبیری لە پرۆسەی دروستكردنی هۆشیاری نەتەوەیی و رۆشنبیری گشتی چ بە رێگەی ئەوچالاكیانەی كە خودی وەزارەت ئەنجامی دەدات یان یارمەتی ئەنجامدانی دەدات و چ وەك چاودێركی كارا بەسەر ئەو چالاكیانەی كە ئەنجام دەدرێت و ئەو بەرهەمانەی كە بڵاودەكرێنەوە.