ئافرەتی كورد و كۆسپەكانی سەردەم
December 26, 2010
وتار و بیروڕا
لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە پێداویستیە مێژووییەكان لە كوردستان وا دەخوازن لەسەر چەمك و گۆڕانە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان بڕیار بدرێت، بەشێوەیەك رۆڵی ئافرەتانی تێدا بە دیار بخرێت و لەو قاڵبە سواوە دەربچێت كە وەك سێبەری پیاو مامەڵەی لە تەكدا دەكرێت، لەمەشدا ناكرێت پێوەندییەكانی نێوان پیاوو ئافرەت لە ماڵ و دەرەوەدا لاسەنگ بن بەڵكو ئاسۆیەكی نوێ ئەو پێوەندییانە رێك بخاتەوە بە مەرجێك هاوئاست بێت بە پەرەسەندنە زانستی و ژیارییەكانی كەلە دنیای هاوچەرخدا رۆڵی تازەیان لە حەوا دەوێت ..
بۆیە ئێستا باری ئافرەتان لە كوردستان بە قۆناغێكی هەستیارو ناسكدا تێدەپەڕێت و رۆحی بەرەنگاربوونەوەی تێدا جووڵاوەتەوە، لەفكری ئابووری كۆنباودا پیاو بەهۆی توانای بونیادی پتەوی جەستە و بازووەوە بە فاكتەری پێكهێنانی سەرمایەو بەرهەمهێنان دەژمێردرا ؛ بەڵام لەگەڵ دەركەوتنی كۆمپیوتەرو تەكنەلۆژیای پێشكەوتوودا ئاسۆكانی ئەم فكرە گۆڕدران و ئەدای كاركردن و بازاڕی كارگوزاری دەرگای تازەی ئاوەڵاكردوە بۆ رۆڵگێڕانی ئافرەتان لە بوارەكانی پەرەپێدانی ئابووریدا بە گشتی، ئابووری ئەمڕۆ زیاتر لەسەر هێزی هزری و زەینی بونیادنراوە وكەمتر پشت بەستووە بە هێزی جەستەیی وبازوویی بەمەش واقیعێكی نوێ بۆ ئافرەت و پیاو هاتوونەتە پێشەوە لە كوردستاندا لە دوتوێی بنەمای تازەی هاوچەرخ بۆ ئەفراندنی شەخسی و هاوبەشی كردن لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان یەكانگیر دەبێتەوە ؛ ئافرەت وەك پیاو بوون و توانای خۆی سەلماند لە بەرنامەسازی كۆمپیوتەر و بەڕێوەبردن و تەندروستی و فیزیاو ئەندازەی بیناسازی و بۆماوەیی و تاد كە بەڵگەن لەسەر سەرەتاكانی شۆڕشی زانیاری و تەكنیكی بەرز..
هەندێك وا زەن دەكەن ئەم واقیعە نوێیە كۆسپەكان و شێوازی پێوەندییەكانی نێوان پیاوو ئافرەت چ لە ماڵەوە یان ناو كۆمەڵگەدا زیاتر دەئاڵۆسكێنێ، هەندێكیش بە پێچەوانەوە پێیان وایە ئەم پێوەندییانە هاوسەنگی نێوانیان رادەگرێت گەرچی دەبێتە هۆی دابەزینی بەرهەمهێنان لە ناو كۆمەڵگە تازەپێگەیشتووەكاندا، لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا كە رێژەی ئافرەتان لە سەرو رێژەی پیاوانەوەیە هەر وەك سروشتی وڵاتانی كشاوەرزی هاوچەرخانەی وەك ئەسكەندەناڤی سەلمێنراوە كە ڕۆڵی ئافرەتان هیچی كەمتر نییە لە ڕۆڵی پیاوان لە بازاڕەكاندا و دیموكراتیەتی پەرەپێدان لەو وڵاتانەدا جێی گفتوگۆی هەمووانە هەر لە باخچەی ساوایانەوە تا بەرزترین كەناڵەكانی دەوڵەت ئەمەش بەرهەمی باشی لێ كەوتەوە بۆ بەرژەوەندی خێزان و دەرفەتی باشی خوڵقاند بۆ پەرەپێدانی ژیانی دیموكراتی كۆمەڵگەی كوردی ئەوەشمان لە پێش چاوبێت واقیعی نوێی ئەو كۆمەڵگانەی بە جەنگدا تێپەڕبوون بە نموونەش كۆمەڵگەكانی ئەوروپای پاش جەنگی دووەمی جیهانی هۆكارەكەی سووربوونی ئافرەتان بوو لەسەر تێكشكاندنی بەربەست و دیوارەكانی بەردەم بوارە ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسیەكان، ئەزموونی ئافرەتانی كوردستانیش ئەمڕۆ نزیكە لەو ئەزموونەی ئافرەتانی خۆرئاوایی، دیارترین كۆسپێك كە رووبەڕووی ئافرەتانی ئەو كۆمەڵگانە دەبووەوە لە دوای جەنگەكانەوە پەروەردە كردنی مناڵان بوو كە ئەمەش توانایەكی زەینی و جەستەیی زۆری لە ئافرەتان دەبرد و هەر لەو بوارەشدا كە پەروەردەو فێركردنە ئافرەت لە خوڵقاندنی كۆمەڵگەیەكی مەدەنیانەی وا كە بە كۆمەڵگەی هاووڵاتی بوون و رێزگرتوو لە یاسا شارستانیەكان دەناسرێت سەركەوتنی وەدەست دەهێنا، ئەم رۆڵە ئەكتیڤەشی لەسەر ماڵ و قوتابخانەو بازاڕو كۆمەڵگەی مەدەنی رەنگی دەدایەوە..
لە كوردستان پێویستە ئافرەتان سازو ئامادە بكرێن بۆ پەرەپێدان لە بوارەكانی تەندروستی و خوێندن تا رۆڵی باشتر لە بەرهەمهێنان ببینن و ئەو رۆڵەیان لە كەیبانۆی ماڵ زیاتر بێت و دەوڵەتیش هاریكارییان بكات لە راگرتنی هاوسەنگییەكەی نێوان دروست كردنی خێزان لە لایەك و هاوكات لە لایەكی ترەوە كاركردن لە بازاڕی كاردا كە ئەمەش تەحەدییاتی گەورەن و بۆ داهاتوو لە كوردستان رووبەڕووی ئافرەتان دەبنەوە، رۆڵی ئافرەتانی كوردیش لە دێهات و شارەكاندا رۆڵی كەسانی تێكۆشەر بوون بۆ بونیادنانی دەوڵەت و وەدەستخستنی مافە مرۆییەكانی نەتەوەكەیان بۆیە شتی باشیان لێ چاوەڕێ دەكرێت، بە كورتی پەرەپێدانی موستەدام لە بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ژینگەیی وبەخۆداچوونەوەی هاووڵاتیانی پێویستە لە ئاست خاڵە بەهێزەكانی ئەو شێوازەی پەرەپێدان تا بە هۆیەوە ئافرەتانی كوردستانیش وەك بەشێكی دانەبڕاو لە گەلی كورد بوونی خۆیان بسەلمێنن .