ئۆتۆنۆمیی مەسیحییان

ئۆتۆنۆمیی مەسیحییان
نكوڵی لەوە ناكرێ، كە خەڵكی مەسیحی (دیان، فەلە، گاور) لە عێراق لە رووی نەتەوەییەوە بە هەر چ ناوێكەوە بناسرێن یان خۆیان بناسێنن (كلدان سریان ئاشووری)، خەڵكێكی لەمێژینەو رەسەنزادە و خۆجێی ناوچەی میزۆپۆتامیا (نێوان دوو زێ)ن و بەشداریشیان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی كوردستاندا كردووە، بە دەیان شەهیدیان داوە، لەتەك كورددا، گوند و موڵك و ماڵیان ئەنفالكراوە.
بەپێی هەندێ سەرچاوە، لەوانە سەرژمێریی گشتیی ساڵی 1987، ژمارەی مەسیحییەكانی عێراق لە ملیۆنێك زێتر بووە، ئێستا ئەم ژمارەیە یەكجار زۆر كەمبووەتەوە. لەكاتێكدا چاوەڕوان دەكرا دوای 2003، بەرە-بەرە ئەوانەی لەبەر ستەموزۆری رژێمی بەعس چووبوونە دەرێ، بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و بەشێوەیەكی كارا بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانەوەی عێراقدا بكەن، لێ مخابن دوای ئەم مێژووە، كاروكردەی بە كۆمەڵكوشتن، چەوساندنەوەو تەقاندنەوەی و مزگەفت و كلێسا و تیرۆركردنی پیاوانی ئایینی و بە زۆر جێگەو رێگە پێ چۆڵكردن لە موسڵ و بەغداو كەركووك لەبەر بنەمای نەتەوەیی و ئایینی و تایەفی و پاشان بەناچاری وڵات جێهێشتن بەردەوام و خێراتر بووە.
راستە بەرپرسیارەتیی ئەنجامدانی ئەو كاروكردانە دەكەوێتە ئەستۆی رێكخراوی قاعیدە، هاوشێوە تیرۆریست و پاشماوەكانی بەعسەوە، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ بەشێكی ئەو بەرپرسیارەتییەش دەكەوێتە ئەستۆی حكوومەتی ئیتیحادییەوە كە نەشیاوە گیان و سەرو ماڵی هاووڵاتیان بەگشتی بە مەسیحییەكانیشەوە بپارێزێ. جێگەی بەبیرهێنانەوەیە، بەردەوام لە سنووری پارێزگای موسڵ، هەمان كاروكردە دەرهەق بە شوێنكەوتووانی ئایینی ئێزدی و شەبەكەكان دەكرێ. حاڵ و باری سابیئەی مەنداییش لەهی مەسیحییان باشتر نییەو ئاگەر كار وا بڕوا لە عێراقێ ئاسەواریان دەبڕێتەوە!
لەم نێوەدا، هەرێمی كوردستان بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ پێكەوەژیانی بەئاشتییانەی هەموو پێكهاتەكان (كورد، عەرەب، توركمان، مەسیحی، ئەرمەن، ئێزدی، ئەرمەن...) و خەڵكێكی زۆر بەناچاری روویان تێكردووە و حەواونەتەوە.
پرسیار ئەوەیە چ بكرێ باشە؟ داخوا چارەسەری ئەو ئاریشەیە بەوە دەكرێ بەلێشاو لە ناوچەكانی ترەوە روو لە كوردستان بكەن و بەشێوەیەكی كاتی لێرەو لەوێ كامپیان بۆ بكرێتەوە (هەرچەندە لە رووی ئینسانییەوە، ئەوە كارێكی پیرۆزو بەتەنگەوەهاتنێكی برایانەیە)؟ ئەی ژیان و گوزەران و خوێندن و وەزیفەو...؟ یان ئایا ماڵ و حاڵ و جێهێشتن و سەرهەڵگرتن بۆ هەندەران بەتایبەتی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا چارەسەرە؟ ئایا سەرهەڵگرتن بۆ دەرەوەی وڵات، ئامانج و مەبەستێكی تەكفیرییەكان و شۆڤینیستەكان نییە؟
لەم رۆژانەدا، وەفدێكی فیدراسیۆنی (كلدانی سریانی ئاشووری)ی ئەمریكی لە كوردستان بوون و سەری پەرلەمانیشیان داو بەندەش لەوێ بوو. ئەلهەق ئەو وەفدە، وڵات جێهێشتنیان پێ چارەسەر نییە و دوو فیكرەی بنەڕەتییان بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاریشەیە خستە ڕوو: كورد لە بەغدا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لە هێنانەگۆڕێی فیكرەی ئۆتۆنۆمی بۆ مەسیحییان، پشتەوانییان لێ بكات و لێرەش كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان، بۆ وتووێژكردن لەسەر ئاریشەو پرسی مەسیحییەكان، تەرخان بكرێ.
دیارە كورد لە هەرێمی كوردستاندا لەگەڵ مەسیحییەكان و غەیری ئەوانیشدا هیچ گرفتێكی نییە، بەڵكە براو داڵدەدەر و هاریكارو پشتەوانی ئەوانە، پێویست ناكات لێرە من بەڵگەو دەلیلی بۆ بهێنمەوە. ئەوەتا لیژنەیەكی باڵای حكوومی بە راسپاردەی سەرۆك بارزانی بۆ بەهاناوەهاتنی خەڵكی لێقەوماوی مەسیحی پێكهێنراوە. ئەگەر ئەوان و وڵاتانی بیانی كە قونسڵگەری و نوێنەرایەتییان لە هەولێر هەیە، خۆیان لە خودا نەكەن، دەزانن لێرە تا چەند ئەمن و ئەمانەت بۆ هەمووان دابینكراوەو تا كوێ ماف و بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكان دەستەبەركراون. هەر بۆ نموونە لە كۆی 325ی پەرلەمەنتاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تەنیا (5)یان مەسیحیین، كەچی لە كۆی (111)ی پەرلەمەنتاری پەرلەمانی كوردستان (5)یان مەسیحیین، لەكاتێكدا زۆرینەی مەسیحییەكان دەكەونە دەرەوەی قەڵەمڕەوی ئێستای هەرێمی كوردستانەوە، هەمان شت سەبارەت بە توركمان-یش راستە.
لێرەدا سەبارەت بە نەتەوەكانی تری كوردستان پێویست دەكات ئاماژە بۆ (فەسڵی سێیەم-ی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان- عێراق) بكەم كە (8) ماددە بۆ ئەم مەبەستە تەرخانكراوە كە ئەگەر بە دەستووری عێراق بەراورد بكرێ، دانپیانێكی خۆیا و ئاشكراترە بە مافی نەتەوەكانی دیكەو لە ماددە (35)دا دەڵێ «ئەم دەستوورە، مافی نەتەوەیی و رۆشنبیری و كارگێڕی دەستەبەر دەكات بۆ توركمان، عەرەب، كلدان سریان ئاشووری، ئەرمەن بە مافی ئۆتۆنۆمیشەوە بۆ هەر پێكهاتەیەك كە لەهەر شوێنێك زۆرینەی دانیشتووانی هەبێت». كەواتە، لە كوردستان، كۆدەنگییەك لەسەر ئەوە هەیە كە مافی نەتەوەكانی تر بە ئۆتۆنۆمیشەوە دەستەبەر بكرێ لەهەر جێگەیەكی كوردستاندا كە ئەو پێكهاتەیە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو جێگەیەبێت.
حاڵی حازر، ئەگەر بە سەهوو نەچووبم، لە سنووری قەڵەمڕەوی هەنووكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، ناو شارۆچكەی عەنكاوەی لێبترازێت، جێیەكی تر شك نابەم كە مەسیحییەكان زۆرینەی دانیشتوان بن، لە سۆنگەی ئەمەوە بارێكی تایبەت بەو شارۆچكەیە دراوەو راستەوخۆ بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەستراوەتەوەو بەگوێرەی ماددە (32 بڕگەی 2ی پرۆژەی دەستوور) بۆ ئەوەی رێژەی دانیشتوانی ئەو شارۆچكە مەسیحینشینە نەگۆڕێ، بۆ خەڵكی تر نییە لەوێ (زەویوزارو خانوبەرە- عقارات) بكڕن. كەواتە، لە چ بارێكدا ماددەی 35 بەكردەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە؟
ئاشكرایە، بەگوێرەی ماددە 140ی دەستووری عێراق، دەبێ دەسەڵاتی تەنفیزیی هەڵبژێردراو (مەبەست حكوومەتی ئیتیحادییە) پرسی كەركووك و ناوچەكانی تری كێشەلەسەر بە سێ قۆناخ (ئاساییكردنەوە، سەرژمێری، ریفراندۆم) چارەسەر بكات. لەو ناوچە كێشە لەسەرانە، تێكەڵەیەكی ئیتنی، ئایینی و تەنانەت تایەفیش هەیە. بەبڕوای من لەباری جێبەجێكردنی ماددەی 140دا وەكو خۆی، ئەگەری پراكتیزەكردنی ماددە (35ی پرۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان) كە باس لە ئۆتۆنۆمی دەكات، دێتە گۆڕێ كە ئەودەمە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆی لەبەرانبەر بەرپرسیارەتیدا دەبینێتەوە. شتێكی زۆر ئاساییە، لەناو یەكەیەكی فیدراڵیدا وەكو هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی دەستووردا، (یەكەی بچووكتری خۆبەڕێوەبەر) بۆ ئەم یان ئەو پێكهاتەیە دابمەزرێ، بۆ نموونە لە هەندێ ناوچەی دەشتی موسڵ.
لێ تا ئەو رۆژە چ بكرێ باشە؟ هەقە لێرەدا، پێكهاتەكانی تر، بە تەجرەبە بۆیان ساغ بووبێتەوە كە هەرێمی كوردستان ئاسۆیەكی پێشكەوتویان لەبەردەمدا دەكاتەوە، لێرە بەدواوە بەتایبەتی لە حكوومەتی دادێی عێراقدا، هاوئاهەنگ و هاریكار بن بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو ناوچە كێشەلەسەرانەو هەموو وزەو توانایەكیان لەگەڵ كورددا یەكخەن، چ لە ناوەوەو چ لە دەرەوەی وڵاتدا، بۆ هەرچی زووتری كۆتاییهێنان بەو ئێشوئازارو مەینەتییەی ساڵانێكی دووردرێژە هەموومان دیومانەو تا هەنووكەش دەیچێژین...
Top