ژێرخانێك بۆ دروست كردنی بڕیار لە كوردستاندا

ژێرخانێك بۆ دروست كردنی بڕیار لە كوردستاندا
سەرەڕای ئەم واقیعە ناوازەیەی كوردستان و دەركەوتنی رۆڵی پێشكەوتووانەی هەرێمەكە بۆ ناوچەكە، ئەمەش خراوەتەچوارچێوەی دەوڵەتی ناوەندی عێراقەوە، دوا رۆژی كیانی سیاسیانەی هەرێمەكە پابەندبووە بەو توانا سیاسیەی كەلەگەڵ خاڵە پەنهانەكانی هێزدا یەكانگیرە، هەروەها لەگەڵ خاڵە لاوازەكانی فاكتەرە دەرەكیەكاندا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، بەتایبەت مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو تەحەدیات و لەمپەڕ شاردراوانەی لە فاكتەری دەرەكیدا هەن....
هەر بۆیە ئەمڕۆ لە جاران زیاتر پێویستمان بە پەرەپێدانی میكانیزمە گونجاوەكانە هەروەها لەمیانەی پێڕەوكردنی ژێرخانێكەوە بۆ بڕیارە سیاسییەكان پێویستیمان بە چۆنیەتی مامەڵەكردنی دەستەبژێری سیاسییە بۆ پێشهاتەكانی فاكتەرە ناوەكی و دەرەكیەكان.
قسەكردن لەسەر ژێرخانێ بۆ بڕیاری سیاسی بە واتای سازدان و ئامادەكردنی دەستەبژێری خاوەن فكر و ئەزموون لە داڕشتنەوەی بڕیاری سیاسی پڕ زانیاری هەروەها بۆ شیكردنەوەی گونجاوی زانیاریەكان لە ڕووی زەمەن و شوێنەوە.
بەهەرحاڵ ئەمە سازدانێكی كەشوهەوای فیكریی دەیەوێت بەهۆی نزیك خستنەوەی دروستكارانی بڕیاری سیاسی و دەستەبژێرانی خاوەن ئەزموون لە یەكترەوە، ئەمەش لە دوای دروستبوونی هەلومەرجی بەدامودەزگایی كردنی ناوەندەكان و بونیادنانی تواناسازی تاكەكانەوە دێنە دی، ئەو ڕێبازە زانستیانەی كە لە شیكاركردنی پیشەسازی بڕیارە سیاسییەكاندا لەم سەدەیەدا بەكاردێن بۆ چنینەوە و گرێچنی بڕیارێكی سیاسی، وردەكاری ئابووری و كۆمەڵایەتی و ژینگەیی پێویستن، ئامانجی ستراتیژی لە بڕیاردا نەهێشتنی ئەو كەلێنە بەرینەی نێوان كوردستان و جیهانی دەرەكییە، جیهانێك لە ناو شۆڕشێكی زانستیانەدا دەژێی كە تژییە بە گۆڕانكاری رۆژانەی بزاڤەكانی(كەلوپەل و خزمەتگوزاری و كەسەكان و زانیارییەكان) لە زەمانێكدا كە بە زەمانی جیهانگیری دەناسرێت...
هەر خوێندنەوەیەكی وردی واقیعی جیهانی ئەمڕۆ هاندەرە بۆ سازادانی دەستەبژێری خوێنەوار تا بە كردارەكی لە بونیادنانی بنەماكانی دەوڵەتیی هاوچەرخ لە كوردستان پاڵپشت بن كە ئەمەش پێویستی بە داڕشتنەوەی بڕیاری سیاسی هەیە و چەندین چارەسەری گشتگیری تر بایەخیان پێویستە لە پێناوی مانەوە و بەردەوامیدان بە كیانێكی سیاسی وا كە سیستەمی دەوڵەتداری هاوچەرخ پێویستی پێی هەیە، ئەم بابەتە پەلكێشمان دەكاتە ناو شیكردنەوەی چەمكی شارەزا و راوێژكار بەواتا هاوچەرخەكەی ئەمڕۆ كە ئەو دوو پسپۆڕایەتییە واتە(شارەزا و راوێژكار) پێویستە ئەزموونی كەڵەكە بوونیان لە بواری ئەكادیمی خۆیاندا هەبێت بە توێژینەوە و لێكۆڵینەوە دەوڵەمەند بن هەروەها ئەزموونێكی كرادرەكییان لە پسپۆرێتی خۆیاندا ئەنجام دابێت، ئەمەش رێگە خۆش دەكات تا لەم خاڵانەی خوارەوەدا هاوبەشی بكەن.
1- وەرگێڕان و پاڵپشتی كردنی تێڕوانینی سیاسییانەی كوردستان لە بواری پەرەپێدانی ئابووریدا بەشێوزاێكی هاوسەنگی وا كە ئەندازەیەكی سیاسی هەبێ بۆ پرۆسەی ئاوەدان كردنەوەی ژێرخان و سەرخان، لەم رووەدا ئامانجی باڵا وەدی دێت كاتێ ئاسایشی نەتەوەیی پڕ بە پێستی وشەكە بناغەیەكی مەتین و بەهێز بۆ كوردستان مسۆگەر بكات، كە ئەمەش لە ڕێی پەرەپێدانی ئەم بوارانەی خوارەوە دێتەدی.
أ- هێزی سەربازی(بابەتێكە دواتر و لە دیالۆگی تردا لێی دەدەوێین)
ب- هێزی ئابووری كە بناغەكەی لە ڕێی ئەنجامدانی ئەم خاڵانەوە دێتەدی.
1- ئاسایشی خۆراكی.
2- ئاسایشی وزە
3_ئاسایشی ئاو...
2- چارەسەرێك بۆ فەرامۆشكردنی ناوخۆیی سەرچاوەكانی مرۆیی لە كوردستان و بونیادنانی ژێرخانێك بتوانێ ئەم لاوازییەی ئەدای جێبەجێكردن بگۆڕێت بە ئەدایەكی بەرهەم هێنەر، پەرەپێدانی مرۆیی داواكراویش كاتێ دێتەدی كە هەردوو بواری كۆمەڵایەتی و ئابووری هاوسەنگ بكرێنەوە وەك داواكاریەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەدیاتی سەردەم...
ئەمەش لە ڕێی نەخشەدانان بۆ ئەم بوارانەی خوارەوە:
أ- داڕشتنەوەی سیاسەتی پەروەردە و فێكردن بۆ گەوران و مناڵان لە ڕێی ئامانجێكی ستراتیژی كە بەهۆیەوە هێزی كاری ئەكتیڤ و چالاك و پڕ زانیاری و شارەزا بە رەوشتی كاركردن و پسپۆڕایەتی وەدی بێت بۆ كاركردن لە بازاڕدا....
أأ- داڕشتنەوەی سیاسەتێك بۆ چاودێری تەندروستی لە كوردستان كە بتوانێ ژینگە(تەندروستی سروشت) بپارێزێت و ئامڕازەكانی چارەسەریشی لابێت و ئاگاداری تەندروستی گشتی كۆمەڵگە بێت چونكە تەندروستی باش لەسەر فاكتەری بەرهەم هێنانی تاك و كۆمەڵگەی تەندروست رەنگ دەداتەوە.
أأأ- داڕشتنەوەی سیاسەتێك بۆ وەبەرهێنان و ئامادەكردنی هاووڵاتی وەك هۆكارێكی بونیادنان نەك وەك هۆكارێكی ئیستهلاكی كە مشەخۆر بێ لەسەر ژێدەرەكانی سروشت.
3-پتەوكردنی دینگەكانی هونەر و فیكر بۆ دەوڵەمەندبوونی ناسنامەی كەڵچەری كۆمەڵگەی كوردستانی كە هاریكار دەبێ لە پەرەپێدانی خیتاب و دیالۆگی ناوخۆو دەرەوەدا بەتایبەت لەگەڵ جیهانی مەدەنییەت، هەروەها هاریكارە بۆ دەوڵەمەندكردنی هۆشیاری گشتی و پاراستنی بەهاو مێژووی فیكر و رءَشنبیری لە كوردستان و گەیاندنی ئەم پەیامانە بە پێداویستییەكانی مۆدێرنە و دواتر بوونیادنانی هێزی نەرم(soft power )) لەناو هەموو كۆمەڵگەی كوردیدا.
4- نەخشاندنی دەروازەكانی گۆڕانكاری پێویست لە كوردستان و تێپەڕاندنی لەم ئاستە تەقلیدی و نزمەی ئابووری ئێستایەوە بەرەو ئابوورییەكی پەرەپیدەر و پلە بەرزی مەعقوڵ و نزیك بە ئازادی ئابووری بازاڕ بەشێوەیەك پێكدان لە نێوان پەرەپێدانەكانی گوند و شار دروست نەكات.
بۆ مسۆگەركردنی دانانی ئەم نەخشەسازییەش پێویستە ئەم هاوسەنگیە وەدی بهێنرێت:
أ‌- بەڕێوەبردنێكی دادوەرانە بۆ سەرچاوەكانی نەوت و كانزاكان كە زامن كراوبن.
أ-بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەكان بە زەمانەتی گۆڕانكاری ئابووری- كۆمەڵایەتی و گواستنەوەی لە ئابووری كشتوكاڵیەوە بۆ قۆناخی پیشەسازی خۆراكی سوكەڵە.
5- دەست نیشانكردنی مەترسییەكانی دەرەوە كە لەم سەدەیەدا رووبەڕووی كوردستان دەبێتەوە، ئامادەكردنی تاك و كۆمەڵ بۆ كێبەركیەكی فەرهەنگی لە زەمانی جیهانگیریدا.
6-دەست نیشانكردنی هەڵكەوتەكانی دەرەكی كە واقیعی جیهانگیری دەیڕەخسێنێ،و سوود لێ وەرگرتنی بۆ بەرژەوەندی گشتی، بەمەش رێگە خۆش دەبێت بۆ پەرەپێدانی توانای ناوخۆ تا لە پرۆسەی دیموكراتی خۆرهەڵاتی ناوەندا رۆڵ بگێرێت و بەرەو بازاڕی كراوەی نێودەوڵەتی بكرێینەوە.
7- پتەوكردنی پێوەندی ئاڵۆگۆڕ لە نێوان دامودەزگا و بنكەكانی توێژینەوەی ستراتیژی نێو دەوڵەتی كە زامنی یەكگرتنی نێوان پێكهاتەكانی ژێرخانی بڕیاری سیاسی و ئابوورییە لە كوردستان وهەروەها كرانەوە لەگەڵ دنیای دەرەوەدا بە گشتی.
Top