بەشداریكردنی سیاسی وەك بنەمایەكی دیموكراسی

بەشداریكردنی سیاسی وەك بنەمایەكی دیموكراسی
وێڕای جەختكردنەوەی رێكەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان دەربارەی گرنگی بەشداریكردنی سیاسی ژنان لە نێوەندەكانی بڕیارسازیدا، بەڵام بەگشتی پێواری ژنان لەم بوارەدا بۆتە واقعێكی بەرجەستە و جەختكردنەوەی رێكخراوەكانی ژنانیش لەم بارەیەوە مشتومڕ و دەرئەنجامی زۆری لێكەوتۆتەوە . چەسپاندنی «كۆتا» لە نێوەندی پەرلەمانی كوردستان و عێراق و ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانییەكاندا بەڵگەی هەوڵەكان دەسەلمێنێ وێڕای ئەوەی لەمەدا نەوەستاوە، بەڵكوجەختكردنەوەی ژنان بە زەرورەتی بوونیان لە نێوەندی پۆستە باڵاكانی پارتەكاندا دەستكەوتێكی تری كارەكانە كە لەو نێوەندەدا رەنگدانەوەی دەردەكەوێت، لەكاتێكدا خەسڵەتی گشتی پارتە سیاسییەكانی سەرتاسەری كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكان لە لاوازی و پێواری ژناندا خۆی دەبینێتەوە كە بە بەرزبوونەوەی بەرپرسیارێتی و پۆستەباڵاكان لە حزبدا رێژەی ژنان روو لە كەمی دەكات لە كاتێكدا تا لە دامەزراوە بنكەییەكانەوە نزیك بینەوە رێژەكە لە بەرزبوونەوەدا دەبێت . لە راپۆرتێكی» یونفێم» دا كە لە ساڵی 2005دا دەرچووە هاتووە :»ئەگەر بوونی ژنان لە پەرلەمانی وڵاتە عەرەبییەكاندا سنووردارە، ئەوا بۆ كۆمەڵە فاكتەرێك دەگەڕێتەوە لەوانە :بوونی ئیرادەیەكی سیاسی راڕا و جیاجیا هەروەها لاوازی بەشداریكردنی ژنان و نوێنەرایەتیكردنیان لە پارتە سیاسییەكاندا « بەدەر لەوانەش بێگومان ئەقڵیەتی پیاوسالاری وخێڵەكی، دابونەریتی كۆمەڵگە، ئاستی رۆشنبیری تاكەكان،شێوازی حوكمڕانی لە وڵاتدا،جیاكاری جێندەری و خودی ژنانیش بەربەستن لەبەردەم پێواری ژنان لەو نێوەندەدا، لەم روانگەیەوە گرنگە هەوڵی : گۆڕینی سستمی جیاكاری بە سستمی یەكسانی، رێزگرتنی دووسەرە، گۆڕینی ئەقڵیەتەكان بەرامبەر بە ژنان،سەپاندنی سستمێكی كۆمەڵایەتی كە لەسەر یەكسانی بونیادبنرێ و بە یاسایەكی یەكسان، لە نێوەندی خێزانەكانەوە دەستپێبكات چونكە دواتر ئەمەیە دەبێتە گۆڕینی سستمی باوكسالاری لە كۆمەڵگەدا جگە لە پیاچوونەوە بە یاسا و دابونەریتە جیاكارییەكان كە پیرۆزی دەبەخشێ و لەسەر سەرچاوەی ئایینی بونیادنراوە و رێگرە لەبەردەم بەرزكردنەوەو گەشكردنی ژنان، بەدەر لەوەی هەموو ئەوانە گرێدراوی پێواری دیموكراسیی و تێكشكانی باوەڕ و متمانەیە لە دامەزراوە سیاسییەكاندا،هەروەها بۆ چاككردنی دۆخی ژنان لە پارتە سیاسییەكاندا پێویستە هەوڵی : چاككردنی دۆخی گشتی بدرێ لە وڵاتدا، هێنانەدی چاكسازی دیموكراسیەت كە پێویستی بە دەوڵەتێكی یاسایی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەكان هەیە، جیاكردنەوەی نێوان دەسەڵاتەكان،سەربەخۆیەتی دادوەری، گەشەدان بە كاری حزبی و پیاچوونەوەی یاساكانی تایبەت بە پارتە سیاسییەكان و ئازادكردنیان لە بەربەستەكان، گۆڕینی فەزای پارتە سیاسییەكان لە فەزایەكی نێرینەوە بۆ تێكەڵ، هۆشمەندكردنەوەی ئەندامانیان بەوەی بەشداری ژنان بە مانای بەشداریكردن دێت بۆ هێنانەدی پەرەپێدانی مرۆیی لە وڵاتدا جیاوازی نەكردنیان بەوەی تەنیا ئەركە كۆمەڵایەتی و ژنانییەكانیان بخرێتە ئەستۆ،بەڵكو تێكەڵكردنیان بە گشت مەسەلە ئابووری و سیاسییەكانەوە . ماوەتەوەبڵێم راستە وەك قۆناغێكی كاتی «كۆتا» یەكلاكەرەوەیە بۆ چاككردنی دۆخی ژنان، بەڵام لەوەش گرنگتر كە تەواوكەری ئامانجە راستەقینەكەیە هەڵبژاردنی ژنانێكە كەتوانا ولێهاتوویی و شارەزایی و ئەزموون و هۆشمەندی سیاسییان ببێتە پێوەری هەڵسەنگاندن نەك دەستەگەری و ناسین و خزمایەتی ودواجار تەنیاهێمایەك بن بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكان .بێگومان ئەوەش بە پلەی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی پارتەكان كە زەرەر بە پرۆسەكە بگەیەنن یان بە پێچەوانەوە.
Top