نەشەڕ نەئاشتی و چانسێك بۆ ئاشتی
November 30, 2010
وتار و بیروڕا
لەكێشەیەكی وەك ئەوەی نێوان پەكەكەو ئەنكەرە، مەسەلەی چەك دانان بەپێچەوانەی ئەوەی كەبیری لێدەكرێتەوە، مەسەلەیەكی لاوەكییە. مەسەلە سەرەكییەكە ئەوەیە كەپاش چەك دانان چی روودەدا. یان بەواتایەكی تر، نرخی چەك دانانەكە چییە. بەرامبەر بەوەی كە ئەنكەرە ئاشتیی چنگ دەكەوێ، پەكەكە چی دەست دەكەوێ؟ ئەمە مەسەلە سەرەكییەكەیە. ناشكرێ لەم رووەوە بیر لەچارەسەرێك بكرێتەوە كەتێیدا لایەنێك هەموو شتێكی چنگ كەوێ و لایەنەكەی تر هیچی چنگ نەكەوێ.
لەئەزموونی كوردی عێراقدا، لەهەموو وتووێژەكاندا بابەتی چەك دانان گفتوگۆی تێروتەسەلی لەسەر كراوە. لەو وتووێژەی كەساڵی 1970 هاتە ئاراوەو بە راگەیاندنی بەیاننامەی 11ی ئازار گەیشت، كورد ئامادەیی دەربڕی كەئێزگەو چەكە قورسەكان رادەستی دەوڵەت بكا، ئەمە دواتر لەخاڵی 11ی بەیاننامەكەدا چەسپا. هەروەها لەوتووێژی 1991ی نێوان بەرەی كوردستانی و بەغدادا، لەو رێككەوتنەی كەئیمزا نەكرا، لایەنی كوردی لەخاڵەكانی 9و 15و 16دا رازی بوو بەوەی كە لەماوەی 30 رۆژدا هەموو ئێزگەكان و چەكە مامناوەنجی و قورسەكانی رادەستی دەوڵەت بكاو هێزە چەكدارەكانی لەماوەی 60 رۆژدا هەڵبووەشێنێتەوە. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەمە بەبێ نرخ نەبوو. لەساڵی 1970دا بەرامبەر بەبڵاوە پێكردنی هێزەكان و رادەستكردنی ئێزگەو چەكە قورسەكان، بەغدا مافی ئۆتۆنۆمیی بۆ كورد سەلماندو لەساڵی 1991یش بەرەی كوردستانی بەرامبەر بەڕادەست كردنی ئێزگەو چەكە قورس و مامناوەنجییەكان و هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی، مافی سیاسیی بەدەست هێناو بەڵێنی ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی لەناوچە جێناكۆكەكان چنگ كەوت.
ئەمە بەم مانایە دێ كەهیچ شتێك بێ نرخ نییە. دیارە پەكەكەش بەرامبەر بەهیچ، ئاشتی بەئەنكەرە نابەخشێ و بەكردەوە هیچ چارەسەرێك بەپەراوێز خستنی ئەو لایەنەی كەئەنكەرە 26 ساڵە شەڕی لەگەڵدا دەكا، سەر ناگرێ. ئەگەر ئەنكەرە، وەك لەم دواییەدا دەركەوت، ئامادەیی تێدایە هەڵسوڕاوێكی وەك عوسمان ئۆجەلان ئاشت بكاتەوەو مافی كاری سیاسیی ئاشكرای پێ ببەخشێ، هیچ شتێك نییە لێنەگەڕێ پەراوێزی ئەم ئاشت كردنەوەیە بەراددەیەك بەرفراوان بكا كەلایەنی تر بگرێتەوە. ئەگەرچی عوسمان ئۆجەلان نكوڵی لەوە دەكا كە لەعەنكاوە لەگەڵ سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركدا وتووێژی كردووە، بەڵام نكۆڵی لەوە ناكا كە بەشێوەیەكی نافەرمی ماسیجی لەگەڵ ئەنكەرەدا هەیە.
بەهەموو پێوانەكان، درێژكردنەوەی ئاگربڕ تا هاوینی داهاتوو، وردتر تا كۆتایی هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا، گوزارشت لەهەست كردن بەلێپرسراوەتی دەكاو لەهەمان كاتدا دەرفەتێكیشە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕاو پشودان و كۆنتاكتی هەمەجۆر. گول لە لێدوانەكەیدا زۆر بەتەنگ ئەوەوە بوو كە وتەكانی روون بن و خراپ لێكدانەوەیان بۆ نەكرێ. ئەگەرچی بەرامبەر بەدرێژكردنەوەی راگرتنی شەڕ خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و لەهەمان كاتیشدا لەم بارەیەوە هیچ بەڵێنێكی نەدا، بەڵام لێدوانەكەی و ناوەڕۆكی وتەكانی شتێكی وایان لێ هەڵدەكڕێندرێ كەئەنكەرەش پابەندی دۆخی نە شەڕ نە ئاشتییەكە دەبێ كە بەدڵنیاییەوە پاراستنی تا هاوینی داهاتوو بەرژەوەندیی هەموو لایەكی تێدایە.