تاوانی كەنیسەی «سیدة النجاة» لە بەغداد
November 20, 2010
وتار و بیروڕا
مەسیحییەكانی عێراقیش، لە نێواندیاندا مەسیحییەكانی كوردستانیش، خاوەنی هەمان هەڵوێستن و خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامداوە و بەتوندی كردەوە تیرۆریستەكەیان رسوا و مەحكوم كردووە. بێگومان ئەم هەڵوێستەی رۆژئاوا و مەسیحییەكانی عێراق و كوردستان، هەڵوێستێكی راست و دروستە و لەجێی خۆیەتی و ئێمە هاوسۆزین لەگەڵیان، چونكە:
(ئەو تاوانەی كە ئەنجامدراوە تاوانێكە دژی مرۆڤایەتی، دژی پێكهاتەیەكی رەسەنی عێراق، دژی پێكهاتەیەكی ئاشتیخواز و بەشدار لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلانی عێراق، دژی پێكهاتەیەك كە رۆژێك لەرۆژان ئازاری هیچ پێكهاتەیەكی تری نەداوە و بەرپرس نییە لە نەهامەتییەكانی گەلان و پێكهاتەكانی تری عێراق).
لە بۆنەیەكی وادا بەمافی خۆمانی دەزانین كە رووی دەممان بكەینە رۆژئاواییەكان و بڵێین:
-كێ بەرپرسە لەم تاوانە؟ ئایا تەنیا ئەنجامدەرانی تاوانەكە؟ یان ئەوانەی كە بە ئاشكراو و لە پشتی پەردەوە پشتگیریان لێدەكەن؟
-ئایا تاوانبارن و هاندەران و پشتگیرەكارانیان ئەوانە نین كە ئێوە پشتگیریتان لێدەكردن و چەندین دەوڵەتتان بۆ دروستكردن لەدوای جەنگی جیهانی یەكەم، لە كاتێكدا ئامادە نەبوون كە پشتگیری بكەن لە دامەزراندنی تاكە دەوڵەتێك بۆ كورد یان بگرە تاكە یەكەیەكی رامیاری سنوورداریش لەبەشێكی نیشتمانەكەیاندا؟
-ئایا تاوانبارن و هاندەران و پشتگیرەكارانیان ئەوانە نین كە ئێوە یارمەتیتان دەدان لەكاتی هێرشەكانیاندا بۆ سەركوتكردنی راپەڕین و شۆڕشەكانی گەلی كورد بۆ بەدەستهێنانی كەمترین مافە ساكارەكانی؟
-ئایا تاوانبارن و هاندەران و پشتگیرەكارانیان ئەوانە نین كە ئێوە بەشێوەیەك لەشێوەكان ئاسانكاری و یارمەتیتان دەدان كە پلانە گڵاوەكانیان لە كیمیاباران و ئەنفالكردن و جینۆسایدی كورد و كوردستان جێبەجی بكەن؟
-ئایا تاوانبارن و هاندەران و پشتگیرەكارانیان ئەوانە نین كە ئێوە لەبەر خاتری چاوی رەشیان، دوێنی و ئەمڕۆیش داوا لە كورد دەكەن كە نەرمی بنوێنی و دەست هەڵگرێ لە بەشێك لە مافەكانی، یان بە واتایەكی تر جارێكی تر كورد و كوردستان بكەنە قوربانی ئەوان؟
-ئایا تا ئێستا بۆئێوە روون نەبووەتەوە كە تاكە پێكهاتەیەك خاوەنی گیانی لێبوردەیی بێت و پێكەوە ژیانی ئارەزوومەندانە لەگەڵ پێكهاتەكانی تر هەڵبژێرێت كوردە؟
-ئایا وەڵامی ئەم پرسیارانە هیچ بەرپرسیاریەتیەكی تاوانەكەی كەنیسەی «سیدە النجاە» و تاوانەكانی هاوشێوەی ناخاتە ئەستوی ئێوە و كاتی ئەوە نەهاتووە كە بە خۆتاندا بچنەوە و كەمێك هەڵوێستتان بگۆڕن؟
ئەمجارە رووی دەممان دەكەینە كەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكانی عێراق هەر هەموویان و داوایان لێدەكەین كە بە ویژدانەوە وەڵام بدەنەوە و بڵێن:
- چ پێكهاتەیەك، بێ رەچاوكردنی بەرژەوەندییە كاتییەكان، جگە لەكورد دوێنی و ئەمڕو پشتگیری لە مافەكانتان كردووە؟
- چ شوێنێك جگە لە كوردستان پەنا و پەناگاتان بووە و باوەشی بۆ كردونەتەوە لەكاتی لێقەوماندا؟
- لە چ شوێنێكی تر، جگە لە كوردستان و لە سایەی دەسەلاتی كوردیدا، بە ئازادی هەڵسوكەوتان كردووە و بە مافەكانتان شاد بوون؟
مەبەست لەم پرسیارانە و وەڵامەكانیان ئەوە نییە كە خوانەخواستە، خۆمان بە خاوەن بە بەخشندە بزانین و منەتتان بەسەردا بكەین، بەڵام بەمافی خۆمانی دەزانین كە لێتان بپرسین:
- ئایا پشتگیری كردنتان لەو لایەنانەی هەوڵ دەدەن كورد لاواز بكەن، كە بە بۆچوونی ئێمە هەمان ئەو لایەنانەن كە لە پشتی پەردەوە تاوانەكەی كەنیسەی «سیدە النجاە» و چەندین تاوانی لەو شێوەیان دوێنی و ئەمڕۆ ئەنجام داوە و ئامادەن كە سبەینێش ئەنجامی بدەن، هیچ بەرپرسیاریەتییەكتان ناخاتە ئەستۆ؟
- ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كە هەمووان لەو راستیە بگەین كە: «كاتێك پێگەی كورد بەهێزە، كەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكانی عێراق دەتوانن ئازادبن و بە مافەكانیان شادبن، لاوازبوونی پێگەی كوردیش دەبێتە مایەی لەدەستدانی ئەو مافە ساكارانەیش كە بەدەستیان هێناوە».