ئازادی دەربڕین وەك مافێكی مرۆڤ

ئازادی دەربڕین وەك مافێكی مرۆڤ
راگەیاندننامە و پەیماننامەكان لەسەر ئاستە نێودەوڵەتی و هەرێمی و نیشتمانییەكاندا نكۆڵی لەوە ناكەن كە مافەكانی هاوڵاتی و ئازادییە بنچینەییەكانی وەك گشت، مەسەلەیەكە شایستەی دابەش بوون نییە، بەو واتایەی هەموو مافەكانی هاوڵاتی پێویستی بە رێزگرتن و ئاوڕلێدانەوە و پاراستن هەیە .هەروەك چۆن مافی رادەربڕین و گوزارشتكردنی مرۆڤ لە گشت وڵاتان و ئەو كۆمەڵگەیانەی رێز و پارێزگاری لە مافەكانی مرۆڤ دەكەن، بۆتە گرنگترین مافەكان، لەو روانگەیەی وەك مافێكی جێگیر و رەسەن، پێویستی بە دانانی هیچ كۆت و كەلاخستنێك نییە، تەنها ئەوە نەبێت كە یاساكان و سستم و ئادابە گشتییەكان دەیسەپێنن.
ئازادی دەربڕین: بە مانای ئازادبوون دێت لە گوزارشتكردنی بیروڕاو تێروانینەكان لە رێگەی ئاخاوتن یان نوسین یاخود كارێكی تەكنیكییەوە بە مەرجێك ئەو شێوازو گوزارشتكردنە بەشێوەیەك نەبێت سەرپێچی لێبكەوێتەوە بۆ یاسا و نەریتەكانی دەوڵەت، هاوشێوەی هەندێ لە جۆرەكانی تری ماف و سنورەكان وەك مافی ئازادی پەرستن و رۆژنامەگەریی و خۆپیشاندانە ئاشتییەكان كە رێگەیان بە ئازادی رادەربڕین داوە . بێگومان سنورداركردنی ئازادی رادەربڕینیش بە یەكێك لە مەسەلە ئاڵۆز و شێوا و هەستیارەكان دادەنرێت، چونكە ئەو سنوردانانەی كە دەوڵەت یان ئەو لایەنانەی رێگەی پێ دەدەن، دەشێت بە پێی بارودۆخی ئەمنی و رێژەی دانیشتوان گۆڕانكاری بەخۆوە ببینێ بۆ بنەچە و تیرە و ئاینە جۆربەجۆرەكانی لەناو دەوڵەت یان كۆمەڵەیەكدا دەژین، هەندێ جاری دیكەش دەشێت بارودۆخی دەرەوە چوارچێوەی دەوڵەت یان كۆمەڵەیەك رۆڵ بگێڕن لە گۆڕینی سنوری ئازادییەكان . كەواتە پێشێلكردن و قۆرغكردنی ئەم مافە كە كۆڵەكەیەكی بنچینەی دیموكراسییە، مافی هیچ كەس و لایەنێك نییە و گرنگە بە پێی یاسا لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو كەس و لایەنانەدا وەك یەك بكرێت. چونكە دواجار سەرچاوەی كێشەكە لە زەوتكردن و سزادانی تاكە هاوڵاتییەكدا نییە ژن بێت یان پیاو، فڵان بێت یان فیسار، بەڵكو سەرچاوەی سەرەكی كێشەكە لە پێواری دیموكراسیدا خۆی دەبینێتەوە لە كۆمەڵگەدا كە رێزنەگرتن لەو مافە هەڕەشەیەكی گەورەیە لەبەردەم بەرهەمهێنانی ئەقڵ و مەعریفە و بیرورا و گەشە و داهێنان و پەرەپێداندا لە كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكاندا بەگشتی، ژنان باجی یەكەمی قوربانییەكانی ئەم مەسەلەیە بوون، چونكە هەمیشە كاتێك وەك مرۆڤێكی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵدا كراوە، قبوڵی رێگریكردنی نەكردووە لە مافەكانی و دەنگی ناڕەزایەتی بەرزكردۆتەوە بە نموونەی قسەكردنی لەسەر خۆشەویستی، دیاریكردنی چارەنووسی خۆی لەلایەن خۆیەوە،داكۆكیكردن لە مافەكانی، رەتكردنەوەی بەزۆر بەشودانی و گەورە بە بچوك و فرەژنی و شیربایی و بنەتۆ وسەرجەم جیاوازییەكانی تر، لە رووی ئابوری، سیاسی، دەروونی،كۆمەڵایەتی و یاسایی و ئاینییەوە .دەرئەنجام بۆتە هۆی كوشتن و سوكایەتیپێكردن و شێواندن و تۆقاندنی . بۆیە دواجاریش مانەوەی ئەو دۆخە وەك خۆی یان بە سیاسەتكردنی ئەو مافە هەڕەشەیە بۆ خودی پرۆسەی دیموكراسی راستەقینە، چونكە دیموكراسی بێ بوونی ئازادی دەربڕین مەحاڵە و بگرە خودی پرۆسەكە هێزێكی جوڵێنەری بنچینەییە لە پێناو گەشەكردن و داهێنان و گۆرانكاری نوێدا.
Top