میدیای كوردی و پەیماننامەی شەرەف
October 24, 2010
وتار و بیروڕا
پەیماننامەی شەرەفی كاری رۆژنامەوانی، ئەو بەربەستە ئەخلاقییەیە كە رێ لە كەف و كوڵە دەروونییەكان و ئەنگێزە نابەجێكانی تاكی رۆژنامەنووس دەگرێ و جۆرە سانسۆرێكی خودییە، تاك خۆی لەسەر خۆی دایدەنێ، بۆ ئەوەی سنووری ئازادییەكانی خۆی بزانێ و پێ نەنێتە نێو سنووری ئازادیی تاكەكانی تری نێو كۆمەڵگەوە . بەم مانایە، من بڕوام وایە بەمۆركردن و واژۆكردنی پەیماننامەی شەرەفی كاری رۆژنامەوانی، رۆژنامەنووس خۆی دەخاتە ژێر بارێكی ئەخلاقیی گرانەوە و تاڕادەیەكی زۆریش لادانە ئیتیكییەكان و بەزاندنی سنووری ئازادی و مافی ژیانی شەخسیی تاكەكان كالأ و كەم دەبنەوە .
بەڵام لێرەدا پرسیار ئەمەیە : ئایا پەیماننامەیەكی لەمجۆرە تاچەند پێویستە بۆ میدیای كوردی ؟ بەبڕوای من ئەگەر پەیماننامەی شەرەف بۆ رۆژنامەنووسانی وڵاتانی تر یەك جار گرنگ بێ، ئەوا بێ شك بۆ ئێمەی كورد، لەم ساتە وەختەدا سەد جار گرنگترە . چونكە ئێمە، بەداخەوە، سەرەتایەكی خراپمان دەستداوەتێ و ئەگەر زوو چارەی نەكەین، چەند ساڵێكیتر كار لەكار دەترازێ و پەتای ئەم بێ سەروبەری و فەوزایە بەجۆرێك تەشەنە دەكات كە ئیدی مەحاڵە بە ئاسانی چارەبكرێت . هەر لەبەر ئەو سەرەتا خراپەیە كە لەنێو كایەی رۆژنامەوانی و میدیاكاریی كوردیی ئەم هەرێمەدا، كەڵچەرێك ( فەرهەنگێكی ) تاعوون ئاسا، بەخێراییەكی سامناك و كوشندە بڵاو بۆتەوە و جێی بەهەموو بەها و نەریت و پێوەرەكانی پێش خۆی لەق كردووەو كردوونییەتە دەرەوەی كایەكە ! مەبەستم فەرهەنگی ( هەموو راستیەكان لای منە و تۆش هەمووگیانت هەڵەو چەوتییە ) ( من فریشتەم و تۆ شەیتان ) ( من دەستپاكم و تۆ گەندەلأ ) ( من نیشتمان پەروەرم و تۆ ناپاك و بەكرێگیراو ).
سامناكترین دەرهاویشتەكانی زاڵبوونی ئەم ( فەرهەنگە ـــ پەتایە ) ئەمەیە كە، زۆربەمان ئامادە نیین گوێ لەوانی تر بگرین . زۆربەمان ئامادەنین، لەبریی وشەی زبر و توندو تەوس و جوێندان، بەزمانی گولأ و دۆستانە قسە لەگەلأ بەرامبەرەكانمان بكەین . خواست ومەیلی شكاندن و سڕینەوەی بەرامبەرەكانمان تەواوی پانتایی بیركردنەوەو داڕشتنمانی تەنیوەو جێی بە رەخنەی جیددی و زانستیانەو دڵسۆزانە لەق كردووە !
ئایا لە رەوش و هەلومەرجێكی وەهادا، رۆژنامەنووس و میدیاكاری ئەم هەرێمە سازو ئامادەیە بۆ داڕشتن و مۆركردنی پەیماننامەیەكی شەرەفی كاری رۆژنامەنووسی ؟ ئاخۆ لەتوانایدایە تا سەر، پابەندی وەها پەیماننامەو گرێبەستێكی ئەخلاقی بێ ؟
بەبڕوای من نەخێر ! ئەگەرچی رەنگە داڕشتن و تەنانەت مۆركردنیشی زۆر سەخت نەبێ بەڵام پابەندبوون پێوەی و وەك پێویست پیادەكردنی، كارێكی زۆر سەخت و دژوارە، چونكە نەوەیەكی بەرفراوانی میدیاكارو رۆژنامەنووس و نووسەر و تەنانەت خوێنەریش، لەم 10 ساڵەی دواییدا، كە پەروەردەو گۆشكراوی ئەو جۆرە فەرهەنگەین، بەداخەوە بووینەتە بەڵایەك و یەخەی ئەم میللەتەمان گرتووە. زۆربەمان لەسەنگەرداین بۆ هەموو ئەوانی تر ! زۆربەمان بەم كەڵچەرە گۆشكراوین و بەم پێوەرانە راهێنراوین وپەروەردەبووین، ئیتر ئێستا چۆن پێمان قبووڵ دەبێ هەروا كتوپڕ هەموو ئەو فەرهەنگە فەرامۆش بكەین و سانسۆرێكی ئەخلاقیی توند لەسەر خۆمان دابنێین !؟
گەڵاڵەكردن و داڕشتنی پەیمانامەیەكی شەرەف بۆ كاری رۆژنامەنووسی و میدیاكاری لە هەرێمی كوردستاندا زەرورەتێكی مێژووییەو ئیشێكی فرەجەمسەرە و بە بڕوای من بۆ سەرخستنی پرۆژەیەكی وەها گرنگ، دەبێ جگە لە سەرنووسەر و رۆژنامەنووسە دیارو بەئەزموونەكانمان، هەم كەسانی پسپۆر و ئەكادیمیی بواری ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و كۆمەڵناس و دەرونناس و یاساناسی نێوخۆیی و هەم هەندێ دەزگای میدیاو راوێژكاریی ئەوروپایی (بەتایبەتی ئەسكەندناڤی) بەشدارییان پێ بكرێ، بۆ داڕشتنی رەشنووسێكی ئەو پەیماننامەیە، پاشان پێویستە بخرێتە بەردەس و چاوی زۆرترین ژمارە لە رۆژنامەنووس و میدیاكاران بۆ گفتوگۆو دەوڵەمەندكردنی، دواتر راپرسییەكی لەسەر بكرێ لە نێو دەزگاكانی راگەیاندندا . دواجاریش پاڵپشتێكی یاسایی لە پەرلەمانەوە بۆ دەربكرێ و ئینجا لە رێوڕەسمێكی شایستەدا رابگێنرێ . بۆ پیادەكردنیشی پێویستمان بە كارێكی سەخت و درێژخایەن هەیە لەسەر دوو ئاست : یەكەمیان لەنێو خودی رۆژنامەنووسان و میدیاكاران و دەزگەكانیاندا، ئەویش بە سازكردنی ۆركشۆپی راهێنان و هۆشیاركردنەوەی بەردەوامیان بە سەرەتا و بنەما ئەخلاقییەكانی كارو پیشەكەیان و سەرنجراكێشان و سزادانی ئەوانەشیان كە لادانی ئەخلاقییان لێ دیاریدەدا. ئاستی دووەمی كاركردنیش لەناو جەماوەردا دەبێ، لەڕێی میدیاكانەوە، لەڕێی پەروەردەو فێركردنەوە، دەبێ و خەڵك و جەماوەر و نەوەی نوێ بە فەرهەنگی لێبوردەیی و یەكتر قبوڵكردن گۆشبكەین و لەسەر بنەماكانی پاراستنی كەرامەت و ئازادییەكانی تاك و بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەنی رایانبێنین . ئەوسا لەلایەك میدیاو رۆژنامەوانیی كوردی لەو پاشاگەردانی و فەوزایە رزگاریان دەبێ و شوێن و پێگەی شایستە بەخۆیان دەسێننەوە، لەناو پرۆسەی بەدیموكراسی و بە دامەزراوەییكردنی ئەم كیانە سیاسی و ئیدارییەماندا . لەلایەكی تریشەوە، هێدی هێدی دەبینە خاوەنی خەڵك و جەماوەرێكی هۆشیارو بەپەرۆش بۆ ماف و دەستكەوت و پەرژەوەندییەكانی خۆی، بەرپرس لە پاراستنی كەشوهەوای ئازادیی رادەربڕین !