ناسنامەی نەتەوایەتی و ناسنامەی ئایینی

ناسنامەی نەتەوایەتی و ناسنامەی ئایینی
مرۆڤی بانگخواز دەبێت چاو لەو میكانیزمە بكات كە پێغەمبەران – درودی خوایان لەسەر – گرتوویانەتە بەر، هەر لەم بوارەشدا دەبینین تەواوی پێغەمبەران، سەرەتا رووی دەمی داوایان لەنەتەوەو گەلانی خۆیان كردووە و خێر و خۆشی بانگەوازە خواییەكەشیان بۆ نەتەوەی خۆیان بەخەڵات پێشكەش كردووە، بۆیە لەقورئاندا پێغەمبەران – درودی خوایان لەسەر – وەكو چەقی كاری بانگەواز، یەكەم بازنەی برایەتییان لەگەڵ نەتەوەی خۆیاندا بووە، بەم پێیەش بازنەیەكی برایەتی نەتەوەییان لەگەڵ بەستووە، بۆیە خوای گەورە پێغەمبەرانی كردووە بە (برا)ی نەتەوەكەی خۆیان.
كەواتە ئەم كامەرانی و خێر و خۆشییەی كە دەرئەنجامی پیادەكردنی بەرنامەی ئیسلامە، سەرەتا لەهەر مرۆڤێكی موسڵمانی بانگخوازەوە، روودەكاتە ئەو بازنەیەی كە نەتەوەكەی خۆی لەچێوەیدا كۆدەبێتەوە.
پاشان تەواوی نەتەوەو گەلانی موسڵمان لەبازنەیەكی فراوانتردا كە بازنەی (برایەتی ئیمانی)یە كۆدەبنەوە، ئەم بازنەیەش كۆكەرەوەی نەتەوە موسڵمانەكانە و بازنە بچووكەكانی پێشوو كۆدەكاتەوە، بەبێ ئەوەی بیانبڕێت یان بیانسڕێتەوە.
لەدواییدا بازنەیەكی فراوانتر تەواوی مرۆڤەكان لەبازنەی (برایەتی ئینسانیی)دا كۆدەكاتەوە، هەر لەبازنەی (برایەتی ئیمانی)شەوە، بانگەوازی ئیسلامیی روودەكاتە ئەم بازنە فراوانەی (برایەتی ئینسانی) تا بەهۆی ئیسلامەوە بیانخاتە بازنەی (برایەتی ئیمانی)یەوە:
بۆیە بەپشت بەستن بەم لێكدانەوەیە دەگەینە ئەم راستییانەی لای خوارەوە:
یەكەم: مرۆڤ وەكو تاك، بەلای كەمەوە لەدنیادا سێ بازنەی برایەتی سەرەكی دەورەی داوە كە بازنەی (برایەتی نەتەوایەتی) و بازنەی (برایەتی ئیمانیی) و بازنەی (برایەتی ئینسانی)ن.
دووەم: هەوڵ و خەبات و تێكۆشانی مرۆڤ لەگەیاندنی پەیامی ئیسلامدا سەرەتا بۆ بازنەی نزیكی خۆی دەبێت و هەر كاتێكیش بەئامانج گەیشت، روو لەگەلان و نەتەوەكانی دی دەكات، واتە رووی خێری لەنەتەوەكەی خۆی دەبێت ئەگەر لێی زیاد بوو دەیبەخشێت بەگەلانی موسڵمان، ئەگەر لەوانیش زیادبوو، دەیبەخشێت بەگەلانی بازنەی سێیەم.
سێیەم: (نەتەوە)و (ئیسلام) دوو چەمكی بەرامبەر بەیەكتر نین تا بەراورد لەنێوانیاندا بێتە ئارا، بەڵكو پێوەندییەكی ئۆرگانیی بەهێز بەیەكیانەوە دەبەستێت، بۆیە پێوەندیی نێوان (نەتەوە)و (ئیسلام) پێوەندییەكی تەواوكارییە نەك جیاكاریی، هەر لێرەشەوە گەر (نەتەوە) لاشەو جەستە بێت، ئەوا (ئیسلام) بریتییە لە رۆح و گیان .
چوارەم: لێرەوە دەبێت لەخەمی دەستەبەركردنی مافە رەواكانی نەتەوەكەماندا بین بە بەرنامەی ئیسلام و پاشان ئەو قەوارە كوردستانییە سەربەخۆیە لەگەڵ تەواوی قەوارە نەتەوایەتییە ئیسلامییەكانی دیدا پێكەوە لەیەكێتیەكی كۆنفیدراڵی ئیسلامییدا كۆدەبنەوەو بازنەی (برایەتی ئیمانی) پێكدێنن و بازنەی (برایەتی ئینسانیی) دەرەوەی خۆیان دەدوێنن بۆ هیدایەتدانیان و هێنانیان بۆ بازنەی (برایەتی ئیمانی) بەهێشتنەوەی ناسنامەی نەتەوایەتییان.
پێنجەم: بەرنامەی ئیسلام، كە لەسەر مرۆڤی موسڵمان پێویستە بەدەوروبەری خۆی رایبگەیەنێت، چاكتر و باشتر دێتە بەرهەم ئەگەر بەزمانی هاوبەشی نێوان بانگخوازان و نەتەوەكانیان بێت، چونكە چاكتر لەیەكدی حاڵی دەبن، هەر لەبەر ئەمەشە خوای گەورە دوا پەیامی خۆی بەزمانێكی ئاسان و روون ناردووە بۆ ئەوەی كاریگەریی بەسەر تەواوی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا هەبێت، تایبەت نەبێت بەنەتەوەیەكی دیاریكراوەوە.
شەشەم: پێوەندیی موسڵمانیش بەنەتەوەی خۆیەوە هەمیشە دەبێت پێوەندییەكی زیندوو بێت و خۆی بەئەندامێكی ئەو نەتەوەیە بزانێت، چونكە پێغەمبەران – دروودی خوایان لەسەر بێت- هەمیشە بەوشەی نەرم و نیانی وەك (یا قومی) و (یا قومنا) لەگەڵ نەتەوەی خۆیاندا دواون، گیروگرفتی نێوان پێغەمبەران – درودی خوایان لەسەر بێت –، نەتەوەكانیان گرفتێكی نەتەوەیی نەبووە، واتە كێشەكە لەگەڵ خودی نەتەوەكە نەبووە وەكو نەتەوە، بەڵكو لەسەر بیروباوەڕە نامۆ، ئەو ئایینە ناڕاستەی نەتەوەكەیاندا بووە، بۆیە پێغەمبەران – سەلامی خوایان لەسەر- لەدینی ناڕاستی نەتەوەكەیان وازیان هێناوە، نەك لەنەتەوەكەیان، بۆیە قورئان پڕە لەدەستەواژەی لەجۆری (قوم نوح، قوم لوت، قوم یونس، قوم صالح، قومك، یا قومی، یا قومنا. تاد).
بەم شێوەیە پێغەمبەران – علیهم السلام- بەدرێژایی ژیانی دنیا لەخەمی نەتەوە و گەلی خۆیاندا بوونە، بەهیوای هیدایەت دانیان بۆ ئەوەی لەقیامەت و دواییشدا بەدیداری یەكتر شاد ببنەوە.
حەوتەم: كە هەر نەتەوەیەك بەزمانەكەی خۆیەوە شوێنكەوتووی پێغەمبەرانی خۆیان بوون، ناسنامەی (عەقائیدی) یان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بۆ ئەو ئاستە باڵایەی كە شایانی باڵاترین دروستكراوی خوایە، بەڵام ئەم گۆڕانە نەبۆتە مایەی گۆڕانی ناسنامەی (نەتەوایەتی) یان.
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە (نەتەوە) و (ئیسلام) پێوەندییەكی ئۆرگانی ئەوتۆ بەیەكیانەوە دەبەستێتەوە كە تیایدا (نەتەوە) دەفری (ئیسلام)ـە، بۆیە هەموو نەتەوەیەكی موسڵمان دوو ناسنامەی هەیە ناسنامەیەكی (نەتەوایەتی) و ناسنامەیەكی (عەقائیدی) ئێمەش وەكو نەتەوەی كوردی موسڵمان، (كورد)بوونمان ناسنامەی (نەتەوایەتی)مانە، (ئیسلام) بوونیشمان ناسنامەی (ئایینی)مانە.
Top