ریفراندۆمی باشووری سودان و ریفراندۆمــــــی ناوچە دابڕاوەكانی هەرێمی كوردستان
October 11, 2010
وتار و بیروڕا
بێگومانم ئێمەی كوردیش، كە ستەمێكی زۆر بەرامبەرمان كراوە و تینوی ئازادین و نرخی دەزانین، هەمان هەڵوێست و بۆچوونمان هەیە پشتگیری لە ریفراندۆمەكەی باشووری سودان و دەرئەنجامە چاوەڕوانكراوەكەی دەكەین، بەڵام لە هەمان كاتدا بەمافی خۆمانی دەزانین كە بپرسین:
- ئەی بۆ ریفراندۆمەكەی ئێمە لەبیر كراوە و كەس، كورد وتەنی، لە كولەكەی تەڕیشدا باسی ناكات و ناوی نابات، لەكاتێكدا ریفراندۆمەكەی ئێمە مافێكی دەستووریە و دەرئەنجامی رێككەوتننامەیكی دوو لایەنە نییە؟
- بۆ ئاستەنگ دەخرێتە بەردەم هەنگاوەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە، لەنێونیشاندا بەردەم ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی؟
- بۆ یۆنامی (UNAMI) هەر لە ئێستاوە دەیەوێت بمان ترسێنێت لە سەرژمێری گشتی و گومان بخاتە سەری؟
- لە هەمووی گرنگتر بۆ یۆنامی (UNAMI) دەیەوێت سەرژمێری گشتی لە ناوەرۆكەكەی، (ناوەرۆكە رامیارەكەی)، بەتاڵ كاتەوە؟
ئەم پرسیارانەم بەبیردا هات كاتێك چاوم كەوت بە وتاری، (جێرزی سكۆارتۆویكز)، جێگری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوووكان بۆ عێراق، لە كۆبوونەوەی فراوانی عێراقی بۆ سەرژمێری گشتی ساڵی 2010 كە لە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران لە بەغداد لەرۆژی چوارشەمە رێكەوتی 22 ی ئەیلوولی 2010ئەنجام درا.
لە وتارەكەدا ناوبراو: جەخت تەنیا لەسەر گرنگی سەرژمێری گشتی بۆ گەشەپێدان و پلاندانی حكومەت دەكات و گرنگی رامیاری سەرژمێریكە وەك هەنگاوێكی پێوست بۆ جێبەجێكردنی ماددەی (140) پشتگوێ دەخات.
- گومان دەخاتە سەر سەرژمێریەكە و پێشبینی دەكات كە ببێتە سەرچاوەیەكی گرژی و مایەی لێكتێنەگەیشتن لەنێو كۆمەڵگاكاندا و ترس و پێشبینی لێبكەوێتەوە.
- داوا دەكات كە كۆڕاییەكی سیاسی دروست بكرێت سەبارەت بە سەرژمێری كە چییە و چ نییە! وەك بەشێكیش لە راوێژ و كۆڕایی سیاسی لای ئەو گرنگە كە مەبەست و چوارچێوەی سەرژمێریەكە دیاری بكرێت كە بە بۆچوونی ئەو تەنیا بریتییە لەوەی كە «ببێتە ئامرازێك بۆ پلاندان و گەشەپێدان بۆ ئەوەی یارمەتی پلاندان و گەشەپێدان بدات».
- لای ناوبراو گرنگە ئەو پرینسیپە جێگیربكرێت كە سەرژمێری ئەمانەی خوارەوە نییە:
1 – سەرژمێرییەكە نابێتە دیكۆمێنتێكی یاسایی یان سەرچاوەیەكی یاسایی بۆ پشتگیریكردن لە داواكارییەكانی خاوەنداریەتی، (ملكیە)، یان رەوایی، (شرعیەت)، بدات بە داواكارییەكانی نیشتەجێبوون.
2 - سەرژمێری نابێتە بنەمای ئامار بۆ تۆماری دەنگدەران.
3 - ئەنجامدەرانی سەرژمێری هەرگیز نە دەتوانن و نە لەو ئاستەیشدان كە راست و دروستی ئامارەكان، (داتاكان)، پشتڕاست بكەنەوە و نە كاری ئەوانیشە كە ئەمە بكەن.
- سەرژمێری ناكرێت ببێتە جێگرەوە، (ئەلتەرناتیڤ)، بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییە ئاڵۆزەكان، بۆیە وا چاكترە كە سەركردە سیاسییەكان جەخت لەسەر ئەوە بكەن كە كێشە سیاسییەكان، دوور لە سەرژمێری، لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەكرێن.
- ناوبراو لە وتارەكەیدا، وەك ئەوەی ئاگاداری پلانێك بێت كە سەرەتاكەی یەك دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئەوانەی كە پێان دەوترێت عەرەبی كەركوك دەستی پێكرد، پێشبینی دەكات كە ناڕەزایی و هەڕەشە و تۆقاندن و تیرۆر و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ پێش سەرژمێری و لەكاتی ئەنجامدانی سەرژمێریدا رووبدات، بۆیە داوا دەكات كە ژینگەیەكی لەبار دابین بكرێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری كە خۆی لە دابینكردنی تیمی سەرژمێری هەمە پێكهاتە و هێزی ئاسایشی تێكەڵەی هەمە رەگەزی دەبینێتەوە. جێگری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق دابینكردنی ئەم ژینگەیە بە رێزگرتن لە مافی هاووڵاتی و ئاسایشی تاكەكەسی دەزانێ كە لە دەستووری عێراقیدا مسۆگەركراوە!
سەیرە دیارە (جێرزی سكۆارتۆویكز) Mr. Jerzy Skuratowicz ئاگادارە كە ئەمڕۆ لە عێراقدا شتێك هەیە ناوی دەستووری عێراقە، ئەی بۆ ئەوە لەبیری خۆی دەباتەوە كە لەو دەستوورەدا هاتووە كێشەی ناوچە دابڕوەكان لە هەرێمی كوردستان، كە (یونامی) پێی خوشە ناوی بنێت (كێشەی سنوورە ناوخۆییە ناكۆك لەسەرەكان)، كە كێشەیەكی سیاسییە بەپێی ماددەی (140) بە (3) سێ قۆناغ چارەسەر دەكرێت كە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی یەكێكیانە، واتە سەرژمێری گشتی بەشێكە لەچارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان. ئێمە لە (جێرزی سكۆارتۆویكز) دەپرسین:
- گەر سەرژمێری گشتی نابێتە دیكۆمێنتێكی یاسایی یان سەرچاوەیەكی یاسایی بۆ پشتگیریكردن لە داواكارییەكانی خاوەنداریەتی، (ملكیە)، یان رەوایی، (شرعیەت)، بە داواكارییەكانی نیشتەجێبوون بدات چۆن دەتوانێت ئەم كێشە سیاسییە چارەسەر بكات وەك لە دەستووری عێراقدا دیاریكراوە؟
- گەر سەرژمێری نابێتە بنەمای ئامار بۆ تۆماری دەنگدەران چۆن دەتوانین ریفراندۆم ئەنجام بدەین؟ ئایا جگە لەم سەرژمێریە، سەرژمێرییەكی تر لە ئارادایە ئەنجام بدرێت؟
- گەر ئەنجامدەرانی سەرژمێری نەتوانن و لەو ئاستەیشدا نەبن كە دروستی ئامارەكان، (داتاكان)، پشتڕاست بكەنەوە و كاری ئەوانیش ئەمە نەبێت، ئەی كاری ئەوان چییە؟ ئەی چۆن دەتوانرێت پشت بە دەرئەنجامەكانی سەرژمێریەكە ببەسترێت كە «ببێتە ئامرازێك بۆ پلاندان و گەشەپێدان بۆ ئەوەی یارمەتی پلاندان و گەشەپێدان بدات» وەك خودی (سكۆارتۆویكز) دەیەوێت؟
- بۆ سەرژمێری گشتی ناكرێت ببێتە جێگرەوە، (ئەلتەرناتیڤ)، یان ببێتە بنەمایەك بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییە ئاڵۆزەكان وەك لە دەستووری عێراقیدا رێگەی بۆ دانراوە؟ یان راشكاوانەتر بۆ (سكۆارتۆویكز) دەیەوێت و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە كێشەی ناوچە دابڕاوەكان لەهەرێمی كوردستان پێویستە دوور لەسەرژمێری چارەسەر بكرێت؟
هیوادارم بەرپرسانی كورد بە وریاییەوە بڕواننە بۆچوونەكانی (سكۆارتۆویكز) و هەڵوێستی دوژمنانی كورد و ماددەی (140) و سەرژمێری گشتی و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی، كە پرسێكی چارەنووسە بۆ ئێمەی كورد، بۆ ئەوەی دەرئەنجامی سەرژمێریەكە بەو شێوەیەبێت كە ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێنێتەوە.