نامەیەكی كراوە بۆ سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان..تێڕوانینێكی نوێی ستراتیژی بۆ سەدەی بیست و یەكەم بەرەو سیاسەتێكی ئابووریانە بۆ قۆناغی پاش نەوت

نامەیەكی كراوە بۆ سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان..تێڕوانینێكی نوێی ستراتیژی بۆ سەدەی بیست و یەكەم بەرەو سیاسەتێكی ئابووریانە بۆ قۆناغی پاش نەوت
بەداخەوە ئێستا تێبینی دەكرێت ژیانی گوندنشینەكان و ئابووری كشتوكاڵی تەقلیدی لە هەرێمی كوردستاندا كەوتونەتە بەر هەڕەشە و مەترسیی تێكچوون، ئەمەش لەئەنجامی دەرهاویشتەكانی بواری نائارامی سیاسی دەیان ساڵی رابردووی سیاسەتە چەوتەكانی حكومەتی ناوەندی سەردەمی پێشوو دروست بووە، كە لەخوڵقاندنی كۆمەڵێك بەربەستی بۆداڕێژراوی زانستییانە بەشداری كردووە بۆ لە باربردنی پرۆسەی پەرەپێدان و بووژانەوەی كوردستان، لە پرۆسەیەكی ئابووریی وادا كە كوردستانی كردبووە سەبەتەیەكی خۆراك بۆ عێراق :ــ
1- بەسیاسەتكردنی پرۆسەی دروستكردنی بەنداوەكانی كوردستان، كە تەنیا لەشێوەی ئەمباری گەورەی ئاو دروستكراون بەبێ بیركردنەوە لەوەی پرۆژەی ئاودێری گەورەی لەگەڵدا بونیاد بنرێت، پرۆژەی ئاودێریی تەنیا لەناوەندو باشووری عێراقدا دامەزراون، بەوشێوەیە مەسەلەی كۆنترۆڵكردنی ئاوی سەر زەوی لە كوردستان زەحمەت بووە، جوتیاران لە دەرفەتی تەكاملبوونی( التكامل ) كشتوكاڵی بێبەش كردوە بەتایبەت لەوەرزی كشتوكاڵی بەهارییانە و هاوینیانە كە تەواوكەری پرۆسەی كشتوكاڵی زستانیانەی باراناوییە.
2- بۆ تەواوكردنی ئەو سیاسەتەی لەسەرەوە باسمان كرد، توانای بەبازاڕكردن و ئەمباركردنی بەرووبوومی كشتوكاڵی لەكوردستان بەرتەسك كرایەوە، زۆربەی تواناكانی بەكۆگاكردنی بەرووبووم، لەپارێزگای موسڵەوە دەست پێ دەكات تاوەكو ناوەندو باشووری عێراق و كوردستانی لێ بێ بەش كراوە..
3- وێرانكردنی گوندو ناوچە گوندنشینەكان گورزێكی گورچكبڕبوو بۆ سڕینەوەی ژێرخانی ئابووری تەقلیدی كوردستان و پێوەندییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی، كە ئەم ژێرخانە مێژووی دروستبوونیان بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، هەر لە دروستبوونی كشتوكاڵ لە گوندی چەرمۆوە تاوەكو قۆناغی شوانكارەیی بەسەر چیاكانی زاگرۆسەوە.
4- ئەم شێوازەی سیاسەتكردنە كە هاووڵاتی كوردستانی لەبەرهەمهێنەوە بۆ بەكارهێنەر گۆڕیوە، هەروەها دانیشتوانی گوندنشینەكانی كردۆتە میوان بەسەر شارنشینەكانەوە، بەمەش هاوسەنگی پێویستی لە نێوان گوندو شاردا لاسەنگ كردوە.
وێڕای خەسڵەتی باشی پێكهاتەی تۆپۆگرافیایی دانیشتوان لەكوردستاندا كە لەبەرژەوەندی هێزی كاری گەنج دایە نەك كۆمەڵگایەكی پیرو پەككەوتوو، بەڵام هۆكارەكانی كە باسمانكرد هاندەر بوون بۆ:
1- پەیڕەوكردنی شێوازی كۆنی بازرگانیكردنی كشتوكاڵی و دەرهاویشتەكانی كۆچكردن لەلایەن هێزە گەنجەكانی هەژارو دەوڵەمەندی ناو گوندنشینەكانەوە بوونەتە هۆی كۆچكردنی خەڵكی لادێ بەرەو شارەگەورەكانی هەرێم و تەنانەت كۆچكردن بەرەو دەرەوەی كوردستان، بەمشێوەیە زۆربەی ڕەزو زەوی بە پیتی كشتوكاڵی بەبێ خزمەتگوزاری پێویست ماونەتەوە. سەرباری بوونی ئەم تەنگژەیە گرفتی بەبازاڕیی كردنی بەرهەمی گوندنشینەكان بوونی هەبووە. هاوكات چالاك كردنی كەرتەكانی بازرگانی لەنێوان كۆمەڵگای گوندنشینی كشتوكاڵی و بازاڕی ناوخۆو بازاڕەكانی ناوچەكە بەگشتی پێداویستییەكی گرنگ بوون و هەر لەچاوەڕوانی چارەسەردا بوون .
2- سستی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی بووە هۆی راكێشانی بەرهەمی هێنراوی بیانی بەپێی نرخە جیهانییەكان، ئەمەش وای لەبەرهەمهێنی نێوخۆیی كرد فاكتەرێكی باش لەدەست بدەن، كە پێی دەوترێت جیاوازی لە نرخدا كە پێشتر لەبەرژەوەندی بەرهەمهێنەری ناوخۆدا بووە، سیماكانی حاڵەتی ئابووری لەكوردستان بەشێوەیەك مایەوە كە دەتوانین ناوی لێبنێین ئابووری یەك جۆر دەرامەتی، ئەم ئابوورییەش پێی دەوترێت ئابوورییەكی تەنیا پشت بەستو بەدەرامەتی نەوت.
3- كەمتەرخەمی لەبنیادنانی ژێرخانی كەرتی بەرهەمهێنانی گشتی بووە بە بەربەستێك لەبەردەم پەرەپێدانی ئابوورییەكی ئەلتەرناتیڤی وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی خۆراكی، كەمتەرخەمییەكە بووە هۆی لەناوچوونی دەرامەتی دەرهاتووی نەوت و وە تووشی نەزیفێكی بەردەوامی كرد، لەدەرئەنجامی كەوتنەوەی ئەو حاڵەتەی كە بازاڕی ناوخۆ پشت بەبازاڕەكانی دەرەوە ببەستێت لە هێنانی كەرەستەی خۆراك و كەلوپەلەكانی تردا.
وێڕای ئەمە زۆربەی سەرمایەی بەفیڕۆ دراوو بەهەدەرچووی ئەم ڕێگایە ناچێتە بازاڕی ناوخۆوە، بەڵكو دەڕواتە دەرەوەی كوردستانەوە .
لەبەر ئەوهۆیانەیە ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڕیاربدات و هاوكار بێت لەخوڵقاندنی ئابووری تەلتەرناتیڤ بەپشتبەستنی تەواوی هەمەچەشنەیی ئابووری و سازكردنی زەمینەیەكی پتەو بۆ كشتوكاڵ و پەرەپێدانی بنەماكانی پیشەسازی سووك لەداهاتوودا، تاوەكو زۆربەی دەستی كاری گەنجان لەداهاتوودا بەگەڕبخرێت. وە پێویست بەچارەسەری هەموو ئەم بەربەستانەی سەرەوە دەكات:
1- پێویستە بەشێوازەكانی چارەسەری گونجاو بە پەرەپێدانی هەمیشەیی ناسراوە ڕووبەرووی گرفتە داچەقاوەكان ببینەوە، ئەو گرفتانەی بەرەهەمهێنان و بەردەوامیەتی بەرهەمی كشتوكاڵی و بە كۆگا كردنی بەرهەم لە وەرزی دروێنە و بەرهەمهێنان و بە ( تسویق ) بازاڕی كردنیان لەناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان سنووردار دەكەن.
2- وڵاتانی دەوروبەر لە دژی ژیانەوەی بازرگانی تەقلیدین چونكە خۆیان بە كێبڕكێكاری هەرێم دادەنێن لەو بوارەدا گەرچی تا ئێستاش بازاڕی ناوخۆیی لە عێراق پێویستی بە هاوردەكردنی زۆربەی كەرەستە خۆراكییەكان هەیە، ساڵانە كۆی گشتی داهاتی دانەوێڵە و بەرهەمی ئاژەڵداری لە دەرەوە بۆ ناوەوە دەگاتە 5 ملیار دۆلار.
3- كەواتە ئاسۆكانی هەناردە كردن لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئیتیحادیدا كراوەن، زۆربەی وڵاتانی كەنداو 85% ی پێداویستیی هاوردە دەكەن.
لە ماوەی رابردووشدا توانیمان سەرنجی بازاڕی كەنداو لە رێگای دوبەیەوە بەلای خۆماندا رابكێشین، بەشێوازێك ئەم بازاڕە هاوشان بێت لەگەڵ دراوسێكانیدا بۆ وەرگرتنی زۆربەی بەرهەمی ڕووەكی و ئاژەڵی و هەنگوین و گژوگیای پزیشكی لە كوردستانەوە بە نرخێكی بەرز بۆ جوتیارانی ناوخۆیی.
4- بەڵام بازاڕی ئەوروپی بایەخی زیاتر دەدات بە بەرهەمی كشتوكاڵی ئۆرگانی (بەتاڵ لە كەرەستەی كیمیاوی) بەتایبەتی بۆ هەنگوین ومیوەجات كوردستان بە ژینگەیەكی خاوێن دادەنرێت لەم بوارەدا، بەڵام بەربەستەكانی ئێستا توانای هەناردە كردن سنووردار دەكەن جگە لەوە پرۆسەی كۆنترۆڵی جۆری بەتەواوی نەچەسپاوە كە بتوانێ شان لە شانی كۆنترۆڵی جۆری ئەوروپی بدات.
5- بێگومان زیاد بوونی دەستێوەردانی دەوڵەت بۆ خۆماڵی كردنی چالاكی تایبەت لە شەستەكانی سەدەی رابردووەوە پاڵی نا بە زۆربەی بیزنسكارانی عێراقەوە كە لەبری وەبەرهێنانی كشتوكاڵی و پیشەسازی رووبكەنە كاری هاوردەكردن ئەمەش بەهۆی نزمی رێژەی سامناكی لە كاری بازرگانیدا هەروەها بەردەوامی خواست بۆ كەرەستەی سەرەكی خۆراكی، جگە لە بەربەستی بە بازاڕی كردنی ناوخۆ و دەرەوە لە كوردستان كە تا ئێستاش بە هۆی نەبوونی كەلوپەلی دورینەوە و كۆكردنەوەی بەروبووم هەروەها بە هۆی نەبوونی توانای عەمبار كردن و قوتوو بەندیی و دروستكردن لە چاوەڕوانی چارەسەردایە كە ئەمانە رۆڵێكی كارا دەبینن لە گەیاندنی بەرهەمهێنەری خۆماڵی بۆ بەكارهێنەر كات و شوێن و بەهایەكی زیاتری دەوێ تاكو بچێتە ئاستی بازاڕی كێبڕكێوە، بۆ نموونە توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی جۆرەكانی میوەجات و سەوزە بەشی دابینكردنی 50%ی بەكارهێنەری ناو عێراق دەكات لەكاتێكدا ئەم توانایە لە بواری دانەوێڵەدا دەگاتە 40-50% بەرهەمی ئاژەڵیش توانای لەمانە كەمتر نییە، لەپاڵ ئەمانەشدا هەنگوین و گژوگیای پزیشكی و هەندێك میوەی وەكو هەنار وترێ ناوبانگێكی جیهانییان لە بازاڕەكاندا هەیە، گەر سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتی هاندانی درێژخایەن بۆ پاڵپشتی كردنی بەرهەمی رووەكی وئاژەڵی پێڕەو بكات لە ئاستی جۆرییەوە پیشەسازییەكی خۆراكی شیاو لە كوردستان دروست دەبێت و قازانجێكی زۆر و زەبەند بۆ داهاتی هەرێم دەگەڕێتەوە.
6- بەپێی پێشبینیەكانمان هاوبەشی كردنی كەرتی كشتوكاڵی ئێستا كە 6% دەتوانرێت بگەیەنرێتە 65% بۆ تێكڕای داهاتی ناوخۆ GDP بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ دەتوانرێت ئاستی پشت بەستن بە داهاتەكانی پترۆل لە رێژەی 90% كەم بكرێتەوە بۆ 25%، بەپێی پێشبینیەكانی دەزگای هاریكاری ئەمریكی USAID پیشەسازی خۆراكی لە عێراقدا دەتوانرێ 13%ی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی دابین بكات و10-15 ملیار دۆلار ساڵانە بخاتە سەر بەرهەمی ناوخۆیی.
ئەنجام وپێشنیازەكان
1- خوێندنەوەیەكی وردی خاڵەكانی سەرەوە نەخشەیەكی ستراتیژی هەمیشەیی ئابووریمان بۆ دەكێشێت كە پشت بەستووە بە زیندوو كردنەوە و پەرەپێدانی ئابووری كوردستان، وەك سەبەتەیەكی خۆراكی چاوەڕوانكراو لەگەڵ ئامادە باشی دەرامەتی مرۆیی و سروشتی لە ئێستاوە بەرەوە دامەزرانی بنەما و دامودەزگاكانی ئابووری كشتوكاڵی ئەلتەرناتیڤ لەجیاتی نەوت، ئەو نەوتەی كە لە ناوەندی سەدەی رابردووەوە سەری هەڵداوە ودەردەهێنرێ.
2- ئەو حاڵەتانەی كە باسمان كردن رێككەوتنی ستراتیژی سیاسی پێویستە لەگەڵ خوڵقاندن و بەرز كردنەوەی توانای هەرێمی كوردستان لە مامەڵە كردنی زانستیانەی دەرهاوێشتە سیاسیەكانی دەوڵەتی پێشووی عێراق كە ئابوورییەكی كشتوكاڵی تەقلیدی بۆ كوردستان داڕشتبوو، ئەو ئابوورییە نەیتوانی پەرە بە وەچەكانی دوای نەوت بدات سەرەڕای ئەوەش دەرهاوێشتەكانی كەرتی گشتی هەڵاوساو هەروەها لاوازی كاری وەزیفی كە هاندەر نییە بۆ بوژانەوەی بەردەوام.
3- حەتمیەت و سەرەتاكانی سیاسەتی ستراتیژی ڕاست و دروست لە قۆناغی داواكراو بۆ ئەم سەدەیەو بۆ رووبەروبوونەوەی تەحەدییەكانی دەرەوە بەو پێیەی جوگرافیای كوردستان داخراوە و دەرفەتە واقعیەكان كە جیهانگیریی دابینیان دەكات پابەندە بە وەدیهێنانی ئاسایشی خۆراكی جیهانییەوە، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان سەبەتەیەكی خۆراكی گرنگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایش و ئارامی تێدا بەرقەرارە.
4- زانینی نارێكی ناوخۆ لە ئاكامی لاوازی لە جێبەجێكردنی ئەركەكان و ئاكامەكانی پەرەپێدانی مرۆیی بۆ هەڵسوڕانی سامانی سروشتی دەوڵەمەندی كوردستان ئەمەش چارەسەر دەكرێ بە بەرزكردنەوەی ئاستی پەرەپێدانی مرۆیی لە قۆناغی راگوزاری درێژخایەن بەرەو ئابووری بازاڕ هەروەها بە باشكردنی ژینگەی ئابووری و چاكسازی هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت.
5- باشترین كلیل بۆ پەرەپێدانی هەمیشەیی لە سەردەمی جیهانگیریدا بایەخدانە بە فاكتەری بەرهەمهێنان و بەستنەوەی مەرجدار بە پەرەپێدانی ئاستی خوێندن و مەشق و تەندروستی گشتی هەروەها رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ كار پێكردنی ئافرەت لەناو بازاڕی كاردا.
6- بار و گوزەرانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی لە كوردستان بەتین وتاوەوە لەگەڵ گرفتەكانی سەردەمدا كارلێكیان كردووە، كە ئەو گرفتانە خۆیان لە تەنگژەكانی دارایی و ژینگەیی دەبیننەوە و بە هەموویان هاوسەنگی دیموگرافییانەی دابەش كردنی دانیشتوانی هەرێمیان گۆڕیوە لە پاڵ مەترسی پلانەكانی پەرەپێدانی ناوچە شارنشینەكان لەسەر حیسابی ناوچە گوندنشینەكانی كوردستان.
7- دەوڵەمەند كردنی چەمكی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێم بە چەمكگەلێك و چەند ئامرازێك كە خۆیان سەپاندووە بۆ دابین كردنی پێداویستیی ئاسایشی ئاو و ئاسایشی وزەی ئەلتەرناتیڤی زیندوو.
ئەمانە بەشێكن لە بیروبۆچوون و تێڕوانین و تێگەیشتنمان، كە لەماوەی كاركردنمان لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەشێوەیەكی ڕۆژانە و لە ئەنجامی كاركردنمان لەنزیك جووتیار و كارمەندانی تری هەرێمی كوردستاندا پێیگەیشتووینە، وە بۆ ئەوەی بەجییدی لە هەرێمی كوردستان پلانێكی ستراتیژیمان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەدەی نوێ، زۆر بەپێویستم زانی وەكوو پسپۆڕێك لەبوواری ئابووری و پەرەپێدانی بەردەوام ئەم پڕۆژەیە بخەمە بەرچاوانتان و هیوادارم كە سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان، بڕیاڕ و هەنگاوی جییدی بهاوێت بۆ پیادەكردنی ئەم چوارچێوە زانستییە لەبوواری ئابووری و كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا.

* راوێژكاری ئابووری پەرەپێدانی بەردەوام لە حكومەتی هەرێمی كوردستان
Top