هەرێمێكی وەك بیهارو سەرەك وەزیرانێكی وەك نچ كومار

هەرێمێكی وەك بیهارو سەرەك وەزیرانێكی وەك نچ كومار
لە وتارەكەیدا دەربارەی ئاستی گەشەی هەرێمی بیهار لەهیندستان، جیسۆن ئۆڤەردۆرف لەگۆڤاری نیوز ویك ریكلام بۆ ئەزموونی هەرێمێك دەكا كە تا دوێنێ بەهەژارترین هەرێمی هیندستان دەژمێردراو ئەمڕۆ بۆتە نمونەیەك بۆ چاولێكەری و لاسایی لەبواری گەشەی ئابوری و پێشكەوتنی خزمەتگوزاریدا.
لەمانگی كانونی دووەمی رابردوو بیهار هەمو هیندستانی سەرسام كرد چونكە سەرەڕای وشكەساڵی و قەیرانی ئابوری و لافاو، نێونجی گەشەی ئابوری تێیدا گەیشتە 11% كەئەمەش لەڕیزبەندیی گەشەدا دەیكاتە دووەم هەرێم لەهیندستان. ئەو پێشكەوتنەی لەبیهار دەبینرێ، زادەی كاركردنی پێنج ساڵەو زۆرتریش دەچێتەوە سەر هەوڵ و كۆششی سەرەك وەزیران نچ كومار كەهەمووی پێنج ساڵە حوكمی هەرێمەكە دەكا.
بەپێی ئامارەكان، لەو پێنج ساڵەدا حكومەت 6800 كیلۆمەتر رێوبانی قیرتاو كردووە، 1600 پردو زێرابی دروست كردوەو لەسۆنگەی دابین كردنی ئاسایش و پێشخستنی خزمەتگوزارییەوە ژمارەی گەشتیاران لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە 95 هەزارەوە گەیشتۆتە 356 هەزار.
ئەو پرسیارەی لێرە دێتە پێش ئەوەیە كە بۆچی هەرێمێكی هەژاری بێ نەوتی وەك بیهار كەقەوارەی بودجەی ساڵانەی ناگاتە نیوەی بودجەی ساڵانەی هەرێمی كوردستان، ئابورییەكەی بەڕێژەی 11% گەشە دەكاو هی هەرێمی كوردستان لەساڵی پارەوە تا كۆتایی ئەمساڵ هێشتا نەگەیشتۆتە 0.5%؟
لەبیهار گەشە پشت بە وەبەرهێنانی بیانی نابەستێ و حكومەت پەیڕەوی لەسیاسەتی هاندانی وەبەرهێنانی دەرەكی ناكا. نهێنیی سەركەوتنی بیهار خۆی لەچەند فاكتەرێكدا دەبینێتەوە، گرنگترینیان پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكان و كاركردنە بۆ هێنانەدی كۆمەڵێكی بەرهەمهێنەر.
نچ كومار پرۆسەی چاكسازی و سیاسەتی ئێسقان شكاندن تێكەڵ بەیەكتری ناكا. ئەزموونی چاكسازی لەبیهار نیشانی داوە كەخەمی سەرەكیی پرۆسەكە دەستخستنی دەرفەتێكی زۆرترە بۆ هاووڵاتییان بۆ بەدەست هێنانی داهاتێكی زۆرتر و بەم پێودانگە چاكسازییەكان بەرگێكی رووكەش لەخۆوە ناپێچن و بۆ ریكلام بەكار ناهێنرێن. گەوهەری چاكسازییەكان، پەیداكردنی هەڵێكی زۆرتری كارو چارەسەركردنی كێشەی بێكاری و پتەوكردنی پرۆسەی بەرهەم هێنانە. لەكاتێكدا چاكسازییەكانی بیهار بەو سەرەنجامە گەیشتوون كەدەرفەتێك بۆ پەیدابوونی هاووڵاتییەكی بەرهەمهێن بڕەخسێنن، خۆلادان لەهەر تەگبیرێك كەلێی رادەبینرێ ئاشتیی كۆمەڵایەتی بەهۆی چاكسازییەوە تێك بدات بەیەكێ لەدیارترین مەرجەكانی سەركەوتنی چاكسازییە پەیڕەوكراوەكانی بیهار دادەندرێن.
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی بیهار 82 ملیۆنە، واتە نزیكەی 18 جار بەقەد ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانە. زیاتر لە نیوەی ژمارەی دانیشتووانی بیهار لەژێر هێڵی هەژاریدان و بەم پێیە زیاتر لە 41 ملیۆن كەس بەهەژارو بێچارە دادەنرێن. ئەمە بەم واتایە دێ كەتەنیا ژمارەی هەژاران لەبیهار نزیكەی 9 جار لەژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان زۆرترە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كەگیروگرفتەكە لەبیهار دووبەرابەرە، چونكە هەم لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوواندا كێشەكان زۆرتر دەبن و هەم لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی هەژاراندا. لەدۆخێكی وادا قورسترین ئەركی حكومەت پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری نییە، بەڵكو چۆنێتیی بردنی هەژارانە بۆ سەروی هێڵی هەژاری.
بیری زاڵی ئەمڕۆ بەسەر هیندستاندا ئەوەیە كەكێ بتوانێ پەرەپێدانی ئابوری بەدی بێنێ وبەرپەرچی گەندەڵی بداتەوە، لەكاتی هەڵبژاردندا چانسی زۆرتری دەبێ. بەم پێیە، پێشبڕكێی سیاسەتمەداران بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتی، بۆ لەمەودوای هیندستان رەنگدانەوەی باشتری دەبێ و دەنگی دەنگدەران رۆڵێكی دیاری لەپرۆسەی پەرەپێداندا دەبێ.
Top