كورد لە توركیا ئاشتییەكی بەروومەتیان دەوێ

كورد لە توركیا ئاشتییەكی بەروومەتیان دەوێ
لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا لە میدیای توركی كە باس لە گیروگرفتە سەرەكییەكانی توركیا دەكرێ، دۆزی كورد وەك كێشەیەكی لەمێژینە ناوی دێت، هەڵبەت لەمێژینەیی كێشەیەكیش وا دەخوازێ بە شێنەیی و پێ بە پێ لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی توركیادا چارەسەر بكرێت. دیارە تا ئێستا زێتر رەهەندە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكەی ئەو كێشەیە زەق كراوەتەوەو هەوڵدراوە رەهەندە سیاسییە نەتەوەییەكەی لێدابماڵڕدرێت. بەو مانایە كە بایەخدان بە گەشەی ئابووری و كۆمەڵایەتی و بە هەڵێنانەوەی هەندێ هەنگاو لە بواری كولتووریدا، كێشەی باشووری رۆژهەڵاتی توركیا (كوردستانی باكوور) چارەسەر دەبێت. تا ئێستا ئەوە تێڕوانین و ئەجێندای لەرووی حزبی حوكمڕان، ئاق پارتی AKP بووە. ئەگەر ئەو تێگەیشتنە، روویەكی پۆزەتیڤیشی هەبێت لەچاو تێگەیشتنی جەهەپە CHPو مەهەپە MHPدا، ئەوە تێگەیشتنێكی رووكەشانەو خۆ لە قەرەنەدانی ناوەڕۆكی كێشەی كوردە لەو وڵاتەدا، بەڵام ئەو پلانە نەچۆتە واری جێبەجێكردن و ئەگەر بشكرێت سەركەوتن بەدەست ناهێنێ.

هەروا لە سەرێكی تریشەوە بۆچوونی باڵادەستی ناو میدیای ئەو وڵاتە ئەوە بووە كە دۆزی كورد و كێشەی پەكەكە لێكجوودان، بەو مانایەی كە پەكەكە زادەو هەڵقوڵاوی ناو كێشەی كوردو كاردانەوەی زوڵم و زۆری سەر كورد نەبووەو نییەو بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەش نەهاتۆتە گۆڕێ. ئەگەر تا رادەیەك دۆزو كێشەی كورد بەلای سیاسەتكارانی ئاق پارتی و ئاڵاهەڵگرانی عوسمانلیزمی نوێ و میدیاكارانەوە، رەواییەكیشی هەبێ، ئەوا كێشەی پەكەكە لە كێشەی «تیرۆر» كورت دەكەنەوە، ئەمەش بەو ئەنجامەمان دەگەیەنێت كە بۆ چارەكردنی هەر یەك لەو دوو كێشەیە دەبێت میكانیزم و رێوشوێنی جیاواز پێڕەو بكرێت. یەكێكیان دەبێت بەلای ئەوانەوە بە رێگەی كرانەوەی زێتری دیموكراتی «چارەسەر بكرێ» و دووەمیشیان دەبێ «لەریشەوە دەربهێندرێت». واتە یەكێكیان دەكرێ دانوستاندن و سازشی لەسەر بكرێ و ئەوی دووەمیان سازش هەڵنەگرە!

پێشتر ئاق پارتی لەگەڵ هەردوو حزبە عەلمانییە نەتەوەییەكەی تورك؛ جەهەپەو مەهەپەدا، لەسەر چارەسەركردنی كێشەی كورد ناتەبا بوو، دەنا لەسەر «بڕاندنەوەی تیرۆر» هاوخیتاب بوون. چونكە ئاق پارتی هەوڵی دەدا هەردوو كێشەكە لێكبكاتەوە، هەرچی مەهەپەو جەهەپە بوون ئەو دوو كێشەیەیان دەكردە هاوشانی یەكتر، یان دانیان بە بوونی كێشەیەك بەناوی كێشەی كورد نەدەناو كێشەی پەكەكەش بەلای ئەوانەوە یەكسان بوو بە كێشەی تیرۆر. ئاق پارتی بەو خیتابە نوێیەی بەشێكی لە كوردانی توركیا بۆ لای خۆی راكێشاوە، هەرچی مەهەپەو جەهەپەن كە پێشتر نفووزیان لەناو كوردان هەبوو، ئەوا دەكرێ بڵێین بنكەیەكی جەماوەریی ئەوتۆیان لەناویاندا نەماوە كە حیسابی لەسەر بكرێ. ئەوەش وایكردووە لە ناوچە كوردنشینەكاندا، ململانەی حزبی و سیاسی بكەوێتە نێوان ئاق پارتی لە لایەك و پەكەكە و پارتی ئاشتی و دیموكراتی (بەدەپە – BDP) و كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموراتی (دەتەكە- DTK)ی ئەحمەد تورك و ئایسەل تۆغلوك لە لایەكەی ترەوە.

لەو ریفراندۆمەی كە لە 12ی ئەیلوول سەبارەت بەو كۆمەڵە هەموارەی لە دەستووری توركیا كرا ئەو ململانەیە لە ناوچە كوردنشینەكاندا ساغ بۆوە، سەنگ و قورسایی هەر یەك لە بەرەی كوردی و بەرەی ئاق پارتی دەركەوت. تای تەرازوو بەلای PKK، BDP، DTK لا سەنگ بوو. دووەم، بەرەی كورد بە بایكوتكردنی ریفراندۆمەكە، دەنگی خۆیان تێكەڵی دەنگی توركان: ئاق پارتی (بەڵێ) و دەنگی مەهەپەو جەهەپە (نەخێر) نەكرد. هاوكات پەكەكە كە تا 20/9 ئاگربەستێكی یەكلایەنەی راگەیاندبوو (ئێستا تا 27ی مانگ درێژی كردۆتەوەو بەلایەنی زۆرەوە درێژتریشی دەكاتەوەو وەك دەڵێن سیاسەتی چاوەڕوان بەو ببینە بگرێتەبەر) زێتر لە خزمەت بایكۆتەكەو ئینجا دەنگدان بە بەڵێ بوو تا نەخێر كە بە دەستووری پیاوەكەی ئیمرالی بوو، دەرگای هاتنەپێشەوەی بۆ ئاق پارتی كردەوە ئەگەر ئەوەی دوایی بیەوێت دەستوورێكی نوێ لە ئایندەدا پەسند بكرێ و كێشەی كورد چارە بكات و وڵات بەرەو دیموكراتیزەكردن و بوونە ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپی ببات و گەڕێكی تری حوكمرانیش بۆ (2011-2015) بباتەوە. پاشان بایكۆتی دووەمی بەرەی كورد (نەناردنی منداڵان بۆ قوتابخانە لەماوەی نێوان 20-25/9 خۆی لە خۆیدا داخوازی خوێندنە بە زمانی كوردی)یش هاتەسەر كە سەغڵەتییەكی بۆ حكوومەتی توركیا لەناو رای گشتیی دنیا دروستكردووە، داخوازیی چارەسەركردنی بەئاشتییانەی كێشەی كورد لە رێگەی پێدانی ئۆتۆنۆمی خۆجێی لە وێنەی كەتەلۆنیای ئیسپانیا، هەموو ئەمانە رەوشێكی نوێیان بۆ لێكحاڵیبوون و هەڵێنانەوەی هەنگاوی نوێ لە توركیا هێناوەتە كایەوە كە لە دەرەوە توركیاش، بەتایبەتی لە لایەن سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستانەوە پشتەوانی لێدەكرێ.

بەپێی هەواڵەكان (تودەی زەمان، 24/9/2010) دیمانەو دیداری كاربەدەستانی دەوڵەت: لە وەزارەتی داد، وەزارەتی ناوەخۆ، میت و جەندرمە و هیتریش لەگەڵ ئۆجەلان بەردەوامە كە تیایدا باس لە ئاگربڕی پەكەكەو خوێندن بە زمانی كوردی و چەكدانانی پەكەكەو مەرجەكانی لێبوردن كراوە. ئەو دیمانانە لە یەك مەغزا بەبڕوای من زێتریان نییە كە توركەكان دەزانن بۆ بێدەنگكردنی چەكەكان و وەدیهێنانی هەندێ پێشكەوتن لە بواری چارەسەری كێشەی كوردو كێشەی پەكەكە، چار نییە دەبێت ئۆجەلان-یش بدوێنن. لەهەمانكاتدا دیمانەو كۆبوونەوە (رۆژی 23/9)ی نێوان چەند وەزیرێكی حكوومەتی ئاق پارتی بە سەركردایەتی جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا لەگەڵ پەرلەمەنتارانی كورد: سەرۆكی بەدەپە سەلاحەددین دەمیرتاش و گولتەن كیشاناك-ی هاوسەرۆكی پارتی و حەسیب قابلان لە ژووری سەرۆكوەزیران لە پەرلەمانی توركیا، رووێكی تری ئەو رەوشە تازەیەیە..بەدەپە لە داواكانیاندا جەختیان لەسەر سێ خاڵ كردۆتەوە: ئۆجەلان بە موخاتەب وەربگیرێ و ئەو كوردانەی گیراون ئازاد بكرێن، دەستوورێكی نوێ پەسند بكرێ، ئۆتۆنۆمی دیموكراتی لە وێنەی كەتەلۆنیا بە كوردان بدرێ...وەك دەبینین بەم یان بەو شێوەیە ئەگەر شەرمنانەش بێت ئۆجەلان لە دەرەوەی وتووێژو هاوكێشەكان نییە وەك لە سەرەوە ئاماژەم پێكردووە، بەڵام وەك دەزانرێ هێشتا ئەوە پرسێكی هەستیارە لەناو رای گشتیی توركیادا. دووەم، بردنەوەی بەرچاوی ئاق پارتی لە ریفراندەمەكەی 12ی ئەیلوول (58%)، ئەگەر كوردیش دەنگی خۆی بخاتە پاڵ ئەوان، رەنگە زەوینە بۆ پەسندكردنی دەستوورێكی نوێ ئاسان ببێت و كۆتایی بە عەسكەرتاریەت بێت كە بە جۆرێ لە جۆرەكان دان بە بەڕێوەبردنی نا مەركەزییانەی ناوچە كوردنشینەكان بنرێت...بەڵام، بۆ ئەوەی ئەو زەوینەیە خۆش ببێت كە بێشك بلەزو بەز نایەنە دی، پێویست بە ئاگربڕی یەكلایەنەی بەردەوام و یەكخستنی دەنگی كوردان هەیە...

راستە هۆكاری ناوەكیی توركیا بۆ خۆی هۆكاری بریاڕدەرە لە چەقین یان بەرەوپێشەوەچوونی لێكحاڵیبوونی نێوان ئاق پارتی و بەرەی كوردان لە توركیا، لێ هۆكاری دەرەكیش دەكارێ یارمەتیدەر بێت. بێشك دەوری سەرۆك بارزانی لەم نزیككەوتنەوەیە بەرچاوەو بەرچاوتریش دەبێت، خۆ ئەگەر كوردو لایەنەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لەسەر ئەجێندایەكی دیموكراتیی هاوبەش و لەسەر چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان رێبكەون، ئەوا رەنگە بەشێ لە نیگەرانییەكانی توركیا و وڵاتانی تریش برەوێتەوە كە كورد مایەی مەترسی و هەڕەشە نیین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكانیان.

لەگەڵ ئەوەشدا كورد لەیلا زانا گوتەنی «ئاشتییەكی بەڕوومەت»یان دەوێ، بۆ ئەوەی ئاشتیش بەروومەت بێت و دیموكراسی لە توركیا بێتەدی، دەبێت دادپەروەری لەنێوان پێكهاتەكاندا هەبێت: كەواتە با دروشمی كوردان ئەوە بێت: ئاشتی، دادپەروەری، دیموكراسی.
Top