كولتووری لێبوردەیی

كولتووری لێبوردەیی
زۆرن ئەو چەمكانەی لەژیانی تاكەكان و كۆمەڵگەدا كاریگەری و كاردانەوەی باش و گرنگیان هەیە، یەكێك لەوانە چەمكی لێبوردەییە كە لەڕووی ئەخلاقی، سیاسی، یاسایی و فكرییەوە مانا و واتاگەلێك دەبەخشێ. لەرووی زمانەوانییەوە بەمانای جیاواز دێت لەوانە: ئاسانكاری، نەوازشت، چاودێری، شوێنكەوتن، ناسەپاندن، ئازادی بیروباوەڕ، قبووڵكردنی رای جیاواز، داكۆكیكردن لەرای ئازاد و كاركردن لەسەر دەربڕینی بیروڕا بێ سەپاندن و بەكارهێنانی هێز. بێگومان كاتێك تاك هەڵگری رۆشنبیرییەكی لێبوردەیی دەبێت، لایەنی باش و سوودمەندی زۆری هەیە، لەوانە: توانای داهێنان لەمرۆڤدا زیاد دەكات، كەمتر دووچاری هەڵچوون و دڵەڕاوكێی دەروونیی دەبێت، تەمەن درێژی، لێدانی دڵ بەشێوەیەكی رێكوپێك، هەستنەكردن بە پەستانی خوێن، بەرزی ئاستی رۆشنبیری، دەروازەیەكە بۆ گەیشتن بە خۆشەویستی و خۆشگوزەرانی، باوەڕبوونی تاكە بەفرەیی و حوكمی یاسا و دیموكراسیەت و مافی مرۆڤ، باوەڕبوونە بەئازادی رادەربڕین، تەنانەت گەر رای بەرامبەر هەڵە یان جیاواز بێت، رێزگرتن و یەكترقبووڵكردنی جیاوازی و هەمەڕەنگی ئاستە رۆشنبیری و خەسڵەتە مرۆییەكانە و دووركەوتنەوەیە لەدوژمنكاری، رق و كینە، هەڵخەڵەتاندن، دووڕوویی، ستەمكاری و توندوتیژی. بەواتایەكی دیكە ئەم چەمكە پەیوەستە بە تاك و خێزان و كۆمەڵگە و پەروەردەوە وێڕای ئەوەی دەوڵەت و راگەیاندنیش رۆڵی گرنگیان هەیە لەبەرجەستەبوونیدا. بەدەر لەبوونی گشت ئەو لایەنە سوودمەندانە، غیابی كولتووری لێبوردن لەهەڵسوكەوت و رەفتاری تاكەكاندا رەنگدانەوەی هەیە و بەگشتی نەیانتوانیوە ببنە هەڵگری پراكتیزەكردنی ئەو چەمكە لەژیاندا. ئەوەش گرێدراوی كۆمەڵێك هۆكاری سیاسی، پەروەردەیی، رۆشنبیری، دەروونیی و كۆمەڵایەتییە...تاد. ئەوەشە وایكردووە رەنگدانەوە و كاریگەری خراپ بخاتە سەر مەسەلە ستراتیجی و چارەنووسسازەكان لەگشت بوارەكانی كۆمەڵگەدا، بۆ نموونە یەكێك لەو هۆكارانەی بۆتە بەربەست لەمەڕ زۆرێك لەبەدەستهێنانی ماف و دەستكەوتەكانی ژنان، غیابی ئەم كولتوورەیە لەناخ و هزری زۆربەی تاكەكاندا كە هەندێجار بەهۆی فرە رایی یان جیاوازی لەبیروبۆچوون و میكانیزمی بەڕێوەبردنی كارەكاندا و كۆكنەبوون لەسەر بەرنامەیەكی دیاریكراو دێتە ئاراوە، یاخود بەهۆی ئەوەی یەكێك لەو لایەن و كەسایەتیانە نەبێتە دەستپێشخەر و خاوەن بیرۆكە و گشت لایەنەكانی دیكە ببنە گروپێكی دەستەجەمعی بۆ بە عەمەلیكردنی كارەكان. دەرئەنجام هەموو ئەوانەیە دەبێتە پەكخستن و لەباردنی كار و پڕۆژە ستراتیجییەكان یان بە واتایەكی دیكە بەرژەوەندیە گشتیی و چارەنووسسازەكان.

بێگومان كاركردن لەسەر چەسپاندنی بیروباوەڕی لێبوردەیی بەتەنیا ناوەستێتە سەر راگەیاندننامەی كۆنگرەی پاریسی16ی نۆڤمبەری ساڵی1995 كە تایبەت بوو بە بیروباوەڕەكانی لێبوردن و پێی وابوو "لێبوردن بەمانای یەكسانی و دەستلێهەڵگرتن و ئاسانكاری نایەت، بەڵكو پێش هەموو شتێك وەرگرتنی هەڵوێستێكی ئیجابییە كە تیایدا مافی بڕیاردان بە كەسانی بەرامبەر بدات تا چێژ لەماف و ئازادییە بنچینییەكانی مرۆڤ وەربگرن كە لەئاستی جیهاندا پەیپێبراوە"، بەڵكو بەدەر لەمانە گرێدراوی چاندنی تۆوی دیموكراسیەتە لەگشت بوارەكاندا و پەیوەستە بە بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری سەبارەت بە مافەكانی مرۆڤ و فرەیی و پشتیوانیكردنی كۆمەڵگەی شارستانی و جەختكردنە سەر لایەنی پەروەردەیی و فێركردن، جگە لە سازدانی بەرنامەی هەمەڕەنگ لەرێی كەناڵەكانی راگەیاندنەكانەوە.

[email protected]
Top