ستراتیژی پێنج ساڵی داهاتووی توركیا
September 24, 2010
وتار و بیروڕا
بەپێی پێودانگە تازەكان هەندێ گروپی ئیسلامیی وەك نورچییەكانی سەر بەرێبازی شێخ سەعید نەورەسی و سلێمانییەكانی سەر بە ڕێبازی حیلمی توناهان و گروپی فەتحوڵڵا گولەن، ئێران، روسیا، یۆنان و هەرێمی كوردستان لەلیستەكەدا نین. ئەمەش خۆی لەخۆیدا گۆڕانێكی ریشەیییە لەستراتیجی ئاسایشی نەتەوەیی توركیاو دەشێ ببێ بەمایەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ لایەنە ناوبراوەكاندا.
لەتوركیا ئەم دیكۆمێنتە فەرمییە وەك دەستوورێكی نهێنی هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكرێ و بۆ ماوەی پێنج ساڵ هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی توركیا لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە دیاری دەكا. زۆریی دوژمن و هەڕەشەكان لەدیكۆمێنتەكەی ساڵی 2005 زۆرتر رەنگدانەوەی تێڕوانینی دامەزراوەی سوپاییە كەهەمیشە بانگەشەی بۆ ئەوە كردووە كەگوایە توركیا لەسەردەمی پەیمانی سیڤەرەوە هەڕەشەی پارچە پارچە كردنی لەسەرەو ستراتیجە نێودەوڵەتییەكان سەرگەرمی لاوازكردنین. بەڵام دیكۆمێنتەكەی ئەمساڵ رەنگدانەوەی تێڕوانینی حكومەتی پارتی دادو پەرەپێدانە كەتوانیویەتی بەڕەنج و كۆششی وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داود ئۆغلو پەراوێزی هەڕەشەكان زۆر تەنگەبەر بكا.
ئەم دیكۆمێنتەی ئاسایشی نەتەوەیی زادەی تێڕوانینی یەك لایەن نییە، بەڵكو رەنگدانەوەی دیدو تێڕوانینی بەكۆمەڵی چەند دامەزراوەیەكی گرنگە، لەسەرووی هەموویانەوە هەردوو وەزارەتی دەرەوەو ناوخۆ و سەرۆكایەتیی ستادی سوپاو دەزگای هەواڵگری.
ناوەڕۆكی دیكۆمێنتەكەی ئەمساڵ ئاشتیخوازتر دێتە بەرچاو، بەتایبەتی سەبارەت بەسێ نەیارە مێژوییەكەی توركیا كەبریتین لەئێران و روسیا و یۆنان. لەسەر ئاستی دراوسێكان، توركیا توانیویەتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەریەك لەعێراق و سوریاو یۆنان بكاتە پەیوەندیی ستراتیجی و لەم سەروبەندەدا دیكۆمێنتەكە پێشبینیی بەرپابوونی شەڕ لەدەریای ئیجە ناكا. بەڵام هەڵوێستی توركیا سەبارەت بەهەڕەشەی پەكەكە هیچ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە. مایەی تێڕامانە كەتوركیا لەساڵی 2005 ئێرانێكی ئەتۆمیی بەمایەی هەڕەشە دادەنا، بەڵام ئێستا هەمان بۆچوونی 2005ی نییە و لەم سەروبەندەدا بانگەشەكردنی بۆ پێویستیی داماڵینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەچەكی ئەتۆم ئەوەی لێ هەڵدەكڕێندرێ كەتوركیا هیچ تایبەتمەندییەك ناداتە پڕۆژە ئەتۆمییەكەی ئێران و زۆرتر ئەم پڕۆژەیە و هەر پڕۆژەیەكی تری لەم چەشنە دەخاتە چوارچێوەیەكی فراوانترەوە كەبریتییە لەدوورخستنەوەی ناوچەكە لەپێشبڕكێی بەدەست هێنانی چەكی ئەتۆم. دیكۆمێنتەكەی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا جگە لەوەی كەهاوكاری لەبری ململانێ، لەخۆدڵنیابوون لەبری بەگومان كەوتن، ئاشتی لەبری پێشبڕكێ دەكاتە بنەما بۆ داڕشتنی پەیوەندییەكانی لەناوچەكەدا، ئاماژەیەكیشە بۆ توركیایەكی كراوەترو هاوكارتر لەماوەی پێنج ساڵی ئایندەدا.