بەرەو كاراتركردنی گوتاری سیاسیی كوردی

بەرەو كاراتركردنی گوتاری سیاسیی كوردی
گوتار ئەگەر ئاراستەكردنی قسەو پەیام بێت بۆ ئەوانی دی بەمەبەستی تێگەیاندن و قەناعەت دروستكردن، یان قسەو پەیامی ئاراستەكراوبێت بۆ ئەوانی دی بۆهەمان مەبەست، ئەوا لێرەوە دەردەكەوێت كەگوتاری سیاسیی كۆی بەرهەمی فیكری سیاسییە و پەسەندكراوە لەلایەن زۆرینەوە، لەڕێی دامەزراوەكانیەوە، لەسەردەمێك و قۆناغێكی مێژووییداو، لەلایەن دەستەبژێرو بەرپرسانیەوە.
لێرەوە گوتاری سیاسیی جیادەبێتەوە لەو پرۆژانەی كەتاك بەرهەمی دێنێت و قسەی لەسەر دەكات، چونكە گوتار بەرهەمێكی كەڵەكەبووی دەستە جەمعیی قۆناغێكەو بۆ بەرامبەر قسەدەكات نەك بۆخۆی، لەمەشدا هەرسێ بازنەی: دامەزراوەبوون، سەردەمی مێژوویی نەك كاتی زەمانیی، لەگەڵ گوزارشتكردن لەبیرێكی گشتیی پەسەندكراو، پێویستن.
كەواتە سروشتی گوتاردەشێت نووسین یان قسە بێت.ئەركی گوتاریش تێگەیاندن و قەناعەت دروستكردنە، میكانیزمی گوتاریش كارلێككردن و بەیەكگەیشتنە.
بۆیە گرنگە بزانین كەهاوڵاتیان چەند خۆیان لەگوتاری سیاسیدا دەبیننەوە ئەوەیش لەرێی چەند بەڵگەنەویستێكەوە، لەوانەش بۆنموونە :
یەكەم: لەرووی سیاسییەوە هاوڵاتیان بەسەر چەندحزب و قەوارەو بزا ڤی سیاسیدا، دابەشبوونە.
دووەم: لەرووی ئابوورییەوە باشبوونێكی رێژەیی ئاستی بژێوی ژیان دیارە بەتوێژێكی ناوەندو سەروو ناوەندەوەو، ئاستێكی گوزەرانی خوارناوەندیش و نزیك بەهێڵی هەژاریی بوونی هەیە.
سێیەم: لەرووی رۆشنبیرییەوە كرانەوەیەكی بەرچاو بەرووی دنیادا هەیە لەرێی كەناڵەكانی بەیەكگەیشتنی جیاجیاوە، بەجۆرێك هاوڵاتیان ئاگادارن لەبارودۆخی جیهان.
جاوەكو دەرئەنجامێك بۆ ئەوخاڵانەی سەرەوە، بەشێوەیەكی گشتیی دەتوانین بڵێین كە هاوڵاتی:
1- لەخەمی خۆبنیاتنان و دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و كاری گونجاوو، دابینكردنی ژیان
وگوزەرانێكی شایان بەمرۆڤ
2-بەشێكی هاوڵاتییانیش لەخەمی دابینكردنی ئازادیی زیاترو، بەشداریكردنی زیاترن لەدروستكردنی بریاری سیاسییدا.
لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین كە گوتاری سیاسیی كوردی لای هاوڵاتیان:
1 - گوتارێكی گشتییەو هێشتا باسەكانی ناسنامەو ئایین و ئەركەكانی قۆناغی رزگاریی نەتەوەیی تێنە پەراندووە.
2- گوتارێكی تارادەیەك راگوزارە، ئەوەی دەینووسێت نایڵێت و ئەوەش كەدەیڵێت ناینووسێت !
3- لەبازنەی چەمكە رەهاكاندا دەخولێتەوە نەك لەسەر زەمینی مومكین وئەوەی لەتوانایدایە.
4- ئامانجی زۆرەو میكانیزمی كەمە، لەئەنجامیشدا زۆرجار ئێكسپایەربوونی دروشمەكانی خۆی رادەگەیەنێت.
5- بەزۆریی لە رابوردوو، یان لەداهاتوویەكی نەبینراودا قسە دەكات وكەمتر بایەخ بەسەردەمی خۆی دەدات كەخەمی سەرەكی نەوەی ئێستایە.
6- گوتاری بانگەشەیە، سۆزدارە، زۆرجاران رووداوی گەورە بەبچوك دەبینێت و بچووكیش بەگەورە !
7- قسەكانی بۆخۆیەتی نەك بۆ هاوڵاتیان.
8- زۆرجارحزبیانەو ئایدیۆلۆژییانە دەدوێت و، شەرعییەتی دەستووریی وپەرلەمانیی رەچاوناكات.
9- تارادەیەك لەبەرزییەوە بۆهاوڵاتیی دەدوێت ودەروانێت وحەقیقەت مۆنۆپۆڵ دەكات هەرچەندە زۆرجار لەدوای هاوڵاتییانەوە دەزانێت ودەدوێت.
10- پرۆژەی گوتەزای تاكە، سیاسەتی رۆژە لەرۆژی سیاسەتدا نەك گوتاری سەردەمیی ودامەزراوەیی وكۆدەنگیی.
سەبارەت بەهۆیەكانی ئەم گرفتانەی كەلەگوتاری كوردیدا هەن و ئاماژەمان بەهەندێكیان كرد لەسەرەوە، دەتوانین ئاماژە بەدووهۆی سەرەكی بكەین:
یەكەم: بەشێكی دیاری سیاسەتوانانی كورد لەبواری ئەدەب ونووسینەوە هاتوونەتە نێودنیای سیاسەتەوە، بۆیە ئێستاش سیماكانی گوتاری ئەدەبیی بەسەر قسەو نوسین و گوتارە سیاسییەكانیاندا زاڵە، لەكاتێدا گوتاری سیاسیی جیایە لەگوتاری ئەدەبیی چونكە گوتاری ئەدەبیی :
1-بەهاكەی لەناخی خۆیدایە.
2- پشت بەجوانیی وفرەمانایی رستەو وشە دەبەستێت.
3-پێویستیی بەبەراوردنییە لەگەل واقیعدا بۆبریاردان لەسەری.
بەڵام گوتاری سیاسیی بەپێچەوانەوە:
1-بایەخەكەی لەخودی خۆیدا نییە بەڵكو لەوپەیامەدایە كەدەیەوێت بەوانی دیكەی بگەیەنێت.
2-پشت بە وشەی یەك ماناو زۆر ورد دەبەستێت.
3-پێویستە بەراوردبكرێت لەگەڵ واقیعدا بۆزانینیی توانای جێبەجێكردنی لەسەر ئەرزی واقیع.
دووەم:بەشیكی دیكەی سیاسەتوانانی ئەمرۆی كورد لەبواری ئایینی وبانگەوازی ئایینیی ولەسەرمینبەرو لەپێشنوێژیی كردنی مزگەوتەوە هاتنە نێو دنیای سیاسەت، بۆیە كاریگەریی گوتاری پەروەردەیی بەسەرگوتاری سیاسییاندا زاڵە، ئەمە لەكاتێكدا كەگوتاری پەروەردەیی جیایە لەگوتاری سیاسیی چونكە گوتاری پەروەردەیی:
1-گوتارێكی تاك ئاراستەیە، لەكاتێكدا گوتاری سیاسیی بەدوو ئاراستەیە
2-گوتاری پەروەردەیی وەك گوتاری مامۆستا بۆقوتابی، وتاربێژ بۆگوێگران، زانا بۆنەزان، گەورە بۆبچوكە لەكاتێكدا گوتاری سیاسیی هاوتایەو، گوتاری مرۆڤ بۆمرۆڤە .
3-گوتاری پەروەردەیی پیرۆزكراوەو دوایین قسەكانی دەكات، بەڵام گوتاری سیاسیی رێژەییەو، شیاوی پێداچوونەوەو رەتكردنەوەشە !
بۆیە ئەگەر بمانەوێت پێداچوونەوەو چاكسازیی لەگوتاری سیاسییماندا بكەین، ئەوا ئەم خاڵانەی خوارەوە پێویستن:
1 - پابەندبوون بە دەستور و كارپێكردنی، چونكە دەستور مەرجعییەتی هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكانە.
2- بایەخدان بەخوێندنی یاساو سیاسەت وەك زانست و،پشت بەستن بەپسپۆرانی ئەو بوارەو راوێژپێكردنیان.
3- گوتاری سیاسیی خاوەنی زەمینەیەكی مرۆیی و واقیعێكی رەخساو بێت بۆ زیندوو راگرتنی گوتەزاكانی و، رەخنە لەخۆگربێت و، زوو زوو پشكنین بۆخەبەرەكانی لە موختەبەری واقیعدا بكات .
4- گوتاری پاراستنی ئاسایشی گشتیی و ئاشتیی كۆمەڵایەتیی و، یەكبوونی نیشتمانیی بێت.
5- گوتاری پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەكان و ئازادییەكانی تاك بێت .
6- گوتاری بەرجەستەكردنی پێداویستییەكانی سەردەمی هاوڵاتیان و هاوڵاتیانی سەردەم بێت.
7- دوور بێت لەگوتاری سەردەمی شۆڕشگێریی و مەرگدۆستیی، نزیك بێت لەگوتاری كەلتوری دەوڵەت و ژیاندۆستیی .
8- دووربێت لەگوتاری هاوردەكراوو كۆپیكراوی كۆمەڵگەكانی دی .
9- دووربێت لەگوتاری حزبایەتی تەسك وخەمەكانی حزب خۆی و، لەدروشمە رۆمانسییەكان و، نزیك بێت لەخەمەكانی خەڵك و لەشەقامەكانی نیشتمان و لەوەڵامدانەوەی پرسیاری میكانیزم و وردەكارییەكان.
10- خۆپارێزبێت لەپەیڕەوكردنی ستراتیژییەتی دوو دڵی و دارایی سیاسیی.
Top