وەفاداری و روحی لاوێتی لەیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا
September 20, 2010
وتار و بیروڕا
شۆڕشی ئەیلوول بە رابەرایەتی بارزانی نەمر ئەو قوتابخانەیە بوو كە كوردی فێری بەرەنگاربوونەوە كرد، وجودی نەتەوەیی نیشتمانی كوردستانی پاراست، پڕەنسیپی یەكڕیزی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی بڵاوكردەوە.
شۆڕشێك بوو لەپێناو مافی چارەی خۆنووسین و دیموكراتی و ئازادی و مافەكانی مرۆڤ و ئاسۆی پڕشنگداردا، چەندین رۆڵەی كوردستانی كردە قوربانی.
لەئەنجامی ئەم شۆڕشەدا وەرچەرخانێكی دیرۆكی لەژیانی مرۆڤی كورد و باری سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستان روویدا، تا لەرێككەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 بەشێك لە ئامانجەكان هاتەدی.
كە یادی شۆڕشی ئەیلوول دەكەینەوە، یادی بارزانی نەمریش دەكەینەوە وەك مرۆڤێكی كەم وێنەی ماندوو نەناس و رێنیشاندەر كە چیاكانی كوردستانی بەرز و بڵندتر كرد، فێری بەرگری و ئازادی و ئاشتی كردین، هەموو تەمەنی خۆی لەپێناوی كردە قوربانی، بە عەدالەتی و دڵسۆزی و سادەیی خۆی توانی كورد بە دنیا بناسێنێت، لەو كاتەدا كە ئەوپەڕی بێدەنگی لەسەر قەزیەی كورد هەبوو، هەربۆیەش سەدان سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووسی غەیرە كورد بە سەرسوڕمانەوە باسی دەكەن، هەر بۆیەش وێنەی بارزانی لەناو دڵی ملیۆنەها كەسی خاوەن وێژدان و مرۆڤ دۆست دروست بووە.
هەروەها كە یادی شۆڕشی ئەیلوول دەكەینەوە، یادی دەست و تفەنگەگانی ئەو تێكۆشەرانە و بیروباوەڕ و برسێتیان و رۆڵی ئافرەت و پیاو و گەنجی گوندەكانی كوردستان دەكەینەوە، یادی داستانەكانی شاخۆلان و سەفین و دەشتی هەولێر و هندرێن و گەلی زاخۆ و زۆزك و پێرس و سەدان داستانی تر.
هەروەها یادی هێزە خۆڕاگرەكانی سەفین و دەشتی هەولێر و رزگاری و حەمرین و باڵەكایەتی و بێتواتە دەكەینەوە.
لە سایەی ئەم خەباتەدا زۆر دەسكەوتی گەورە بەدی هاتوون لەئاستی دەستووری و یاسایی و سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بۆ كورد چ لەعێراق یان لە كوردستاندا.
وەك بەشێكی زیندوو لەژیانی كوردەواری ئەم مێژووە شانازییە بۆمان، پێویستە ئێستا و داهاتووش نەوەی پێ جۆش و پەروەردە بكرێ، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبێكی گەورەی خاوەن ئەزموون كەڵەكە كراوی خەباتی شۆڕشگێڕی و ململانێی سیاسی و دەسەڵاتدار، كە خاوەن دیموكراسی كورد و فكری قەومییە. لەگەڵ نوێگەری و جیهانگەری وەك ئامراز و شێواز و سستەمی حوكمڕانی. سیاسەت و تێڕوانینی پارتی بۆ بوارەكانی ژیان وامان لێدەكات چاوەڕوانی خەڵك بۆ ئەم حزبە زیاتر بێ لە داهاتوودا، چ وەك زیاتر بە موئەسەسات كردنی دەزگاكان، گرنگیدان بەتوێژی كارای كۆمەڵگە(لاوان و قوتابیان و ئافرەتان)، هەروەك چۆن پارتی لە شۆڕشدا سوودی لەتوانا و وزەی لاوان وەرگرت و هەزاران لاوی كردە قوربانی بۆ وڵات.
لای هەمووانیش روونە كە سەرۆك مسعود بارزانی هەڵگری سمبولی ئەو فكرەیە كە روحی لاوێتی و لاوەكان:
1- دامەزرێنەری بزاڤی نیشتمانی و نەتەوەین بۆ وڵات و حزبەكان، ئەمانە دەتوانن گڕوتین بدەنە هەموو بوارەكانی ژیان.
2- بەسوود وەرگرتن لەخەبات و تێكۆشانی تێكۆشەران دەكرێ هەزاران گەنجی خاوەن فكری لاوێتی و كە ئەرك و مافەكانیان بزانن پەروەردە بكرێن، هێنانیان بە بەرنامە لەسەر بنەمای دادپەروەرانە و مرۆڤانە، تا گۆڕان و پێشكەوتن لە هەموو بوارەكان دروست بكرێ.
سڵاو و رێز لەپێشمەرگەكانی ئەیلوول و هەموو پێشمەرگەی كوردستان.