بەهیچ شێوەیەك پلاندانان جێبەجێ ناكرێت

بەهیچ شێوەیەك پلاندانان جێبەجێ ناكرێت
لە سەرەتای هەشتاكان پێش ئەوەی هێرشی سوپای عێراقی بەتەواوەتی دژی كورد بەرپا بێت و پرۆسەی راگواستن و تەعریب و جینۆسایت دژ بە میللەتی كورد دەست پێ بكات، ئەوكاتانە كەرتی كشتوكاڵی كوردستان لەقۆناغێكی باش دا بووە، ئەمەش بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕایەوە كە گرنگترینیان بازاڕێك هەبوو بۆ ساخكردنەوەی بەرووبووم و كەرەستە خۆراكی و كشتوكاڵییەكان و دواتر گوندنشینەكان كۆچیان بەتەواوەتی دەست پێ نەكردبوو ئیتر كۆچكردنی بەئارەزوو بێت یا زۆرە ملێ، ئەم هۆكارانە زیانی بەكەرتەكە گەیاند، چونكە پێشتر بازاڕێك هەبوو تێیدا گوندنشینەكان بەرهەمەكانیان كەزۆرینەی كشتوكاڵی بووە تێدا ساخ دەكرتەوە، بەتایبەت لەشارە گەورەكاندا كە چەند كارگەیەكی پیشەسازی خۆراكی هەبوو ئەمە جگە لەوەی خواستێكی فراوانی خەڵكیش هەبوو بۆ كڕین و بەكارهێنان و بەكاربردنی كاڵاو بەرهەمی خۆماڵی بەو پێیەی چڕی دانیشتووانی كوردستان لەشارەكاندا چڕ بووبۆوە. ئەمڕۆ نەبوونی كارگەو پیشەسازی كشتوكاڵی هۆكاری سەرەكی لاوازی كەرتی كشتوكاڵە، لە 19 ساڵی رابردوودا لێرەو لەوێ بەتایبەت لەقۆناغی گەمارۆی ئابووری چەند هەوڵێك هەبوو بۆ دامەزرانی كارگەی بچووكی زەیتی گوڵەبەڕۆژەو چەند كارگەیەكی تر بەڵام لەبێ ئیدارەیی و خراپ بەڕێوەبردنی ئابوورییەوە شكستیان بێ هێنرا، ناكرێت لەهەرێمێكدا بازاڕ بۆ بەرهەم و بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان نەدۆزرێتەوە كەچی بمانەوێت كەرتی كشتوكاڵی پێش بكەوێت، كاتێك باسی پێشكەوتنی كەرتی كشتوكاڵ دەكەم مەبەست لەرووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوەیە، بڕوا بكەن ئەوەی هەشمان بوو لەژێرخانی كەرتەكەو كارگەو شارەزایی لەنەزانینی خۆمانەوە لەناوبرا، بۆچی كەمبوون كارگەكانی شەكرو جگەرەو بەرهەمی تری كشتوكاڵی؟ ئەمەیە نەزانین لەبەڕێوەبردنی ئابووری و پێشخستنی كەرتە بەرهەمهێنانەكانەوە، رەخنەكان بۆ ئێستای 19 ساڵەی خۆبەڕێوەبردنی كوردە بەتایبەت لەم دوو كابینەیەی پێنچ و شەشەمدا، ئێستاكە پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدرێتەوە بۆچی و لەپێناو چی دا كارگەی زەیتی گوڵەبەرۆژەو دۆشاوی تەماتەو دەیان كارگەی تری پیشەسازی خۆراكی لەپرۆسەی بەرهەمهێنان راوەستا؟ كێشەی ئابووری كوردستان و كەرتی كشتوكاڵی لەوەدایە بەهیچ شێوەیەك پلاندانان جێبەجێ ناكرێت، گەر جێبەجێ بكرایە بەو هەموو ساڵە هیچ نەبێت كارگەكانی پیشەسازی خۆراكی و كشتوكاڵی دەبوژانەوەو بەدەیان كارگەی تری كشتوكاڵی لە نزیك ناوچە كشتوكاڵییەكان دادەنران، یاخوود ژێرخانی ئابووری لەكەرتی كشتوكاڵ دەچووە قۆناغێكی تری پێشكەوتووەوە.
تاوەكو نەتوانرێت بەرووبووم و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كوردستان بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، ناكرێت باس لە پێشكەوتن و دووبارە بونیادنانەوەی كەرتی كشتوكاڵ بكرێت، بەبازاڕكردنی بەرووبوومی كشتوكاڵی هاندەری بەرزكردنەوەی توانای كێڵگەكانمانە ئەمەش لەڕێگای دامەزرانی كۆمپانیای بچووك و هێنانی كۆمپانیای گەورەی وا دەبێت، كە بتوانێت خاوەنی پرۆژەی پیشەسازی كشتوكاڵی بێت و لەهەرێمەكەدا ئەمجۆرە كارگانە دابنرێت، نەك وەك ئێستا رووبەرە زەوییەكان بۆ كەسانێك بدرێت كە جوتیار نین یاخوود بیزنسكاری كەرتی كشتوكاڵی نین، دەكرێت لەم قۆناغەدا گرنگی بەپرۆژە بچوكەكان بدرێت، كە رۆڵیان لەپەرەپێدانی ئابووری هەیەو دواتر هەنگاو بۆ پرۆژەی پیشەسازی كشتوكاڵی گەورە بنرێت. ئەو پرۆژانەی كە ئێستا ئابووری وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا بەڕێوەدەبەن و پشت بەتەكنەلۆژیا و شێوازی نوێی بەرهەمهێنان و بەبازاڕكردن دەبەستن، بەرادەیەك بەرهەمەكانیان پێشكەوتووە لەرووی كوالێتی و چەندایەتییەوە چۆتە ئاستێكی زۆر پێشكەوتوو، كاتی ئەوەهاتووە بپرسین پلانی ستراتیژی كشتوكاڵ كەیشت بەكوێ؟
دكتۆر یاسین عەبدولڕەحمان*

* پسپۆری ئابووری لەبواری بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی لە زانكۆی سلێمانی
Top