تارق عەزیز: یاری لەناو كێڵگەیەكی بەمینڕێژكراودا

تارق عەزیز: یاری لەناو كێڵگەیەكی بەمینڕێژكراودا
ئەگەرچی چاوپێكەوتنە بڵاوكراوەكەی تارق عەزیز لەرۆژنامەی گاردیان هیچ بایەخێكی تایبەتی نییە، بەڵام دەشێ بۆ تێگەیشتنی شێوەی بیركردنەوەی نوێنەرانی رژێمی پێشوو سوودی لێ وەربگیرێ.

تارق عەزیز بەدرێژایی ماوەی تێكهەڵكێش بوونی لەگەڵ رژێمی پێشوودا پۆستی مەدەنیی پێ سپێردرابوو، لەوانە پۆستی وەزیری دەرەوەو جێگری سەرەك وەزیران و هیچ پۆستێكی لەسوپاو ئاسایش و هەواڵگری وەرنەگرتووە. ئەمەش ئێستا یارمەتیی ئەوەی دەدا بڵێ گوایە دەستی لەهیچ تاوانێكی دژی مرۆڤایەتیدا نەبووە. بەڵام تارق عەزیز سەرەڕای ئەركە مەدەنییەكەی و سەرەڕای دووركەوتنەوەی لەپۆستەكانی سوپاو ئاسایش و هەواڵگری، كەم تا زۆر دەستی لەداڕشتنی بڕیاری سیاسیدا هەبوو. لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە كەدەستی هەبوو لەدروست كردنی دیكتاتۆر، كاتێك وەك ئەندامێكی باڵی سەددام بەشداریی لەپاكتاوكردنی باڵی ئەحمەد حەسەن بەكری كردو و لەكۆڕە نێودەوڵەتییەكاندا پاساوی بۆ سیاسەتە پەیڕەوكراوەكان هێنایەوە.

لەناوچەی موسڵ دوو كەس لەكەمینەكان ئەو دەرفەتەیان بۆ رەخسا كە لەناو حزبی بەعس و لەدەوڵەتدا بگەن بەپۆستی گرنگ كەبریتین لەتارق عەزیز و تەها یاسین رەمەزان. هەردووكیان لەڕێی پشتیوانی كردن لەسەددام پێگەی بەهێزیان بۆ خۆیان مسۆگەر كرد. بەڵام هەردووكیشیان بەرژەوەندیی تایبەت ئەوەندە بەسەریاندا زاڵ بوو كە لەكۆتاییدا زۆر لەڕەچەڵەكی خۆیان دوور كەوتنەوە. یەكەمیان بۆ شاردنەوەی رەچەڵەكی مەسیحییانەی خۆی ناوی حەننای باوكی لەناوی سییانی خۆی دەرهاوردو ئەوی تر بۆ پچڕاندنی دوایین ئاسەواری پێوەندیی بەناوچەی جزیرەوە، نازناوی جەزراویی لابردو كەوتە بەكارهێنانی ناوی سیانی. بەم پێیە هیچ كامێكیان خزمەتی رەچەڵەكی خۆی نەكرد.

تارق عەزیز كاربەدەستێكی گەورەی رژێمێك بوو كە نەدیموكراسیی پێشكەش بەگەلەكەی كرد، نە ئەنجوومەنێكی نوێنەرانی راستەقینە، نە دەستورێكی هەمیشەیی. لە بەراوردكردنێكدا لەنێوان ئێستاو رابردوودا، تارق عەزیزو هەموو نوێنەرانی رژێمی پێشوو زۆرتر جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كەرژێمی پێشوو خزمەتگوزاریی زۆرتری پێشكەش بەهاووڵاتییان كردووە. بەڵام لێرە مەسەلەكە تەنیا مەسەلەی خزمەتگوزاری نییە كەپێویستە بەبێ مننەت پێشكەش بكرێ، چونكە ئەمە لەبنەمادا یەكێكە لەئەركەكانی هەر حكومەتێك، چ دیموكرات بێ چ دكتاتۆر. مەسەلەكە مەسەلەی ئەوەیە كەدەبێ دەوڵەت لەخزمەتی هاووڵاتییانیدا بێ، وەك ئەوەی كەئێستا وایە، هەر چەند لەم بارەیەوە كەموكوڕیش هەیە، نەك هاووڵاتییان لەخزمەتی دەوڵەتدا بن، وەك ئەوەی كە لەسەردەمی رژێمی حزبی بەعسدا وابوو.

رژێمی پێشوو تایبەتمەندیی خۆی هەیە. لەو رژێمەدا سەرۆكی دەوڵەت لەسەرووی یاساوەیەو هیچ شتێك بەرپەرچی دەسەڵاتی رەهای ناداتەوەو جگە لەدەستەو دایەرەی دەوروبەرو نزیكی سەرۆكی دەوڵەت، هەمووان خزمەتكارو گوێڕایەڵن. لەرژێمی وادا هەموو سیاسەتمەداران سنووریان بۆ دیاری كراوەو نابێ لەناو رژێمی سیاسیدا كەس وەك ئەلتەرناتیڤی سەرۆكی دەوڵەت دەركەوێ و دەبێ هەمووان بەبچوكی بمێننەوە.
تاریق عەزیز خۆی باجی درەوشانەوەی وەك كەسێكی ناسراوی ناوەندە نێودەوڵەتییەكان دا چونكە هەر دوا بەدوای ئەوەی كەرۆژنامەنووس خاتوو حەمیدە نەعنەع لەناوەڕاستی هەشتاكاندا چاوپێكەوتنێكی تێروتەسەلی بەشێوەی كتێب بەناونیشانی «تارق عەزیز: پیاوو دۆز» بڵاوكردەوە، تارق عەزیز گڵۆڵەی كەوتە لێژی و لەماوەیەكی كەمدا پەراوێز خرا.

ئەگەرچی تارق عەزیز لەچاوپێكەوتنەكەدا خۆی لەوە پاراست كەڕەخنە لەرژێمی پێشوو بگرێ بەڵام تا ئەندازەیەكی گونجاو لەوەدا سەركەوتوو بوو كەكاركردن لەناو رژێمی بەعس بەكاركردن لەناو كێڵگەیەكی مینڕێژكراو بچوێنێ كەئەمەش تارادەیەكی زۆر شتێكی وای لێ هەڵدەكڕێندرێ كەخۆی تارق عەزیز رەخنەی لەهەندێ رەفتاری رژێمی پێشوو هەبووە.
Top