هەولێر.. دەروازەی دەرچوون لە تونێلە تاریكەكەی عێراق

هەولێر.. دەروازەی دەرچوون لە تونێلە تاریكەكەی عێراق
ئەم قۆناغەی كە لە راپەڕینی ئازاری 1991وە هەرێمی كوردستانی عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت، بە یەكلاكەرەوەو مێژوویی دادەنرێت كە كاروانی ئاوەدانیی و بونیادنانەوەدا هەموو بوارەكانی ژیانی تەنیوەتەوە، هەر لە كۆمەڵایەتی تا ئابووری و سیاسی ئەمەش دوابەدوای موعاناتێكی پڕ بەسوێ كە بە درێژایی چاخەكانی رابردووی مێژووی گەلی كورد ئەم گەلە بە دەستییەوە دەیناڵاند، وێڕای هەموو میحنەت و ئازارێك كە لە حەفتاكان و هەشتایەكانی سەدەی رابردووەوە لە لایەن دەسەڵاتەكانی حوكمەوە دەكرانە سەر كورد وهاوزەمان لەگەڵ ئەو ددانپیانانە نێودەوڵەتییەی مەسەلەی كورد بەخۆیەوە بینیوە ئەمەش بەهۆی سەركەوتنی سەركردایەتیی كوردی لە دامەزرانی دامودەزگای پەرلەمانیی و خزمەتگوزاری وئیداری ...هەمان ئەم سەركردایەتییە بە بڕوای تەواوی بەچارەنووسی هاوبەشەوە، لەپاڵ هێزو حزبە سیاسیەكانی عێراقیدایە ولەگەڵیان بەشداری دەكات بۆ بونیادنانەوەی عێراقێكی وێرانەی دوای ساڵی 2003..
ئەزموونی (هاوبەشیكردن) لە بونیادنانەوەدا بە شێوازی سلبی لەسەر رووداوە سیاسیەكانی عێراق رەنگیدایەوە بە تایبەت دوای هەڵبژاردنەكەی 2005بە هۆی بولیڵبوونێ كە لە لای جەمسەرەكانی دەستڕۆیشتووی بەغداوە ئەم هاوبەشیكردنەیان بە كێبڕكێ لەسەر دەسەڵات و حوكم لێكدەدایەوە..!!
خوێندنەوەی رووداوەكانی نێوان هەردوو هەڵبژاردنەكەی 2005ومانگی ئازاری ئەمساڵ ئەوەمان لەلا رووندەكاتەوە كە سەركردایەتی كوردی چ ئەزموونێكی تاڵیان بەدەست حوكمدارانی عێراقەوە چێشت و زۆر لە پرسە چارەنووسسازەكان بە هەڵواسراوی لە نێوان هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی مانەوە تا رادەی دروستبوونی گرژی !
لەو پرسانەش : گرفت لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان، یاسای نەوت و غاز، بەشی هەرێم لە بودجەی گشتی، كاروباری پێشمەرگە وتاد...
دەسەڵاتی ناوەندی ئەم ناكۆكیانەی قۆستۆتەوەو وەك كارتی فشار بۆ ماڵیكردن و لە چوارچێوەگرتنی رۆڵی كارای هەرێم بەكاریان دێنێت.
لایەنەكانی حوكم لە بەغدا بە چەندین هاندەری ناوخۆو هەرێمایەتییەوە بازنەكانی دەسەڵات فراوان دەكەن و سوپا و هێزی چەكدارانەی عێراقی لە خۆیان نزیك دەخەنەوە و روو لە وڵاتانی دەوروبەر دەكەن تا ویستی خۆیان بەسەر لایەنی كوردیدا بسەپێنن، گرەویش لەسەر تێكچوونی بارودۆخی ئاسایش و ئابووری و سیاسیی هەرێم دەكەن تا بە تەنیا خۆیان ببنە بڕیاردەرو یەكلاكەرەوەی ناكۆكییەكان . هەربەو ئومێدەشەوە حكومەتی عێراقی بە بەردەوامی لە هەوڵدابووە بۆ دواخستنی ئەو مەسەلانە، بەتایبەتی دووپاتكردنەوەی دواخستنی بە ئەنقەستی سەرژمێری دانیشتووان لە ساڵی 2007 تا ئەمڕۆش، چونكە باش دەزانن سەرژمێریی لەم بارودۆخەدا واتەدەكاتە چەسپاندنی سنوورێكی تازەی هەرێمی كوردستان لەلایەك و لەلایەكی ترەوە لكاندنەوەی ناوچە جێناكۆكەكان بە هەرێمەوە..
بەناودەهالیزی ئەم گۆڕانكارییانەوە كورد چووە ناو هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2010 لەكاتێكداباری شانیان بەو ئەزموونانەوە قورسكردووە و دەسەڵاتدارانی تازەش هاوكوفن لەسەر كەمكردنەوەی قەبارەی كورد و لاوازكردنی رۆڵی هەرێمایەتی و نێودەوڵتییەكەی، ئەویش بە هەوڵدان بۆ راگرتنی پەرەسەندنی ئابووری و كۆمەڵایەتی وسیاسیانەی هەرێمەكە، دەسەڵاتدارانی بەغدا راهاتوون لەسەر راوەدونانی كورد لە ناو ماڵەكەی خۆیەوەو سەپاندنی گەمارۆ بەسەریدا و ترساندنی مناڵ وئافرەتی كورد و كاولكردنی ماڵ و حاڵیان تا بە ئاواتەكانیان نەگەن، بەبینینی ئەم واقیعەی ئێستای كوردستان چاویان گەیشتۆتە پشتی سەریان كە دەبینن ئەوە كوردە هاریكاریانە لە بونیادنانەوەی عێراقێكی هەشبەسەری سوتماك و وێرانەدا..
توندبوونەوەی ململانێی نێوان لیستە براوەكانی هەڵبژاردنەكانی ئازاری ئەمساڵ ئەم ململانێیەی هەندێ دواخستووە كە لەگەڵ كورد بەرپایان كردووە، هەموو لیستەكان هەوڵی راكێشانی لیستی كوردستانی دەدەن و لەگەڵ بەرنامەكەیدا هاوسۆزن بێ ئەوەی بستێك لە ستراتیژییەتیان كەم بكەنەوە.
لە دوا سەردانی سەرۆكی لیستی ئەلعێراقییە بۆ كەركوك ئەم راستییە دەركەوت كاتێ وتارەكانی دیپلۆماسانە هەمووی لە پێكەوەژیانی برایانەی خەڵكی ئەو شارەدا كۆكردەوەو بێ ئەوەی رێگاكانی چارەسەری گرفتە لە مێژینەكان دیاری بكات و یان بێ ئەوەی هەڵوێستی لیستەكەی بۆ ناوچەجێناكۆكەكان دەستنیشان بكات !
مالكیش هاوشێوەی ئەمان كاتێك لە ساڵی 2006 كە پێویستی بە پاڵپشتی كورد بوو سەقفێكی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری تەرخان كردو ئاماژەشی بە قۆناغی ئاساییكردنەوە دا كە دوامۆڵەت مانگی تەمووزی 2007بوولەگەڵ سەرژمێری دانیشتووان لە تشرینی یەكەم و مانگێ دوای ئەویش راپرسی جێبەجێ بكرێت . بەڵام بەڵێنی خۆی نەبردە سەر ! بەڵێن شكانیشی لێ چاوەڕوان دەكرا ..
لەمەوە دەردەكەوێ كە لە نەخشەی كاری سیاسی نێوان لیستەكاندا بەڵێنی جێگیر بوونی نییە، تەنیا شتێك كۆكەرەوەیان بێت پایە و دەستمایەی دامودەزگاكانی حوكم و بەڕێوەبردنە، گەر ئەمە لەسەر حیسابی موعاناتی خەڵكی و سەروەری و سەربەخۆیی نیشتمانیش بێت !دواتر
1ــ چاودێران پێشبینی یەكگرتنی دوولیستی دەوڵەتی یاساو ئیئتیلافی نیشتمانییان دەكرد بەهۆی خاڵە هاوبەشەكانیان و رۆڵی ئیران لە یەكخستنی دوو لیستەكە بە ناوی (بەرەی نیشتمانیی)لە ژێر تیشكی دادگای دەستووریدا بە مادەی 76 گرفتەكە روو لە چارەسەرە بەڵام سووربوونی مالیكی بۆ سەرۆكایەتی وەزیران رێكەكانی گەیاندە رێیەكی داخراو ..
2ــلەلایەكی ترەوە، نزیككەوتنەوەی دوو لیستی ئەلعێراقییەو دەوڵەتی یاسا لەیەكتر بە دوور دەزانرێت بەهۆی سووربوونی هەر یەكەیان لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار، رووداوەكان سەلماندیان كە مەحاڵ لە سیاسەتا نییە، كۆبوونەوەو هاتوچوونی هەردوولایان ترسی خستە دڵی لیستەكانی ترەوە بە لیستی كوردستانیشەوە نەوەك پازی بەسەردا بدەن . دیسان سووربوونیان لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران گێڕانیانیەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و لە چاوەڕێی شتی تازەتردایین !!
3ــ حزبی ئەحرار كەبە تەیاری سەدری دەناسرێ بە بایەخە لەناو كاری سیاسیدا چونكە سەرێكی گەورەی ناو بەرەكەیە، ئەمان بزاڤی (رەتكردنەوەی ) مالكی لە وەرگرتنەوەی پۆستەكەی بەڕێوەدەبەن و زۆر لە لیستی ئەلعێراقییەوە دوورن كەچی لەنكاوڕا بوو بە ئەسپی گرەو لە نێوان هەردوولیستا !لیستی دەوڵەتی یاسا بە هەموو مەرجەكانیەوە دەیەوێ رایبكێشێت، عەلاویش موغازەلەی دەكات و بە چاودێری سەرۆكی سووریا لە دیمەشق موقتەداو عەلاوی یەكتریان بینی!
4ــ لیستەكەی هاوپەیمانی كوردستان لە ئەزموونەكانی رابردووی كە لەگەڵ لایەنەكانی ململانێ هەیبوون كەڵكی وەرگرتووە،پێگەی خۆی لە رێی چەند داواكارییەكەوە مكوم كردووە كە بە پێوەر دادەنرێن لە مامەڵەكردنی لایەنەكانی تردا، تا ئەو كاتەی لیستێك پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەست دێنێت . لەگەڵ هەموواندا بۆ زامنكردنی داواكارییەكان لە كۆبوونەوەی بەردەوامدایە، بە ئاڕاستەی پێكهێنانی حكومەتێكی تەوافوقی دەچێتە پێشەوە كە هەموو لایەنەكانی پێوەندیدار بەكاری سیاسی پێی رازی بن، بێ دوورخستنەوەی هیچ لایەنێك، پرۆژەكەی لیستی ئەلئەلعێراقییەی بۆ دوورخستنەوەی دەوڵەتی یاسا رەتكردەوە، هەروەها پشتگیری پرۆژەی تەحالوفی نیشتمانی نەكرد بۆ دوورخستنی لیستی ئەلعێراقییە ..
5ــ دەستوەردانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ هەموو جووڵانەوەكان بوونی هەیە چ لەپشتی كەوالیسەكانەوە یان بە ئاشكرا، ئەمریكیەكان بەلایانەوە گرنگە حكومەتێك دامەزرێت بەهۆیەوە بەرژەوەندییەكانیان بپارێزێت، ئەوەش بە نزیكبوونەوەی كاتی كشانەوەی هێزەكانیان، ئێرانیەكان لە هەوڵدان حكومەتێكی نزیك بە خۆیان لە عێراق دابمەزرێت وەك دەروازەیەك لێی بڕواننە دنیای دەرەوە بەهۆی فشاری نێودەوڵەتی كە بەسەریانەوەیە، توركیاو سووریا و سعوودیە و كوەیتیش لەوبۆچوونە بەدەرنین، سەردانەكەی ئەم دواییەی جێگری سەرۆكی ئەمەریكی بۆ بەغدا، بانگهێشتی موقتەدا و عەلاوی لە لایەن سەرۆكی سووریاو دیتنی هەردووكیان لە لایەن وەزیری دەرەوەی سووریا و توركیا دەكەونە ناو ئەم پرسەوەو رەنگە میحوەرێكی توركی ئێرانی سووری دامەزرێن بۆ دەستێوەردان رەهەندی خراپی بۆ داهاتووی عێراق و لایەنی كوردی لێبكەوێتەوە ..
لەكۆتاییدا داوەتكردنی لیستە براوەكانی هەڵبژاردن لەلایەن بەڕێز كاك مسعودبارزانی بە كۆكردنەوەیان لەشاری هەولێر پێش دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی لە 26/7/2010 بە خێرایی وەڵامدرایەوەو چونكە لەكاتێكی نموونەییدا بوو، ئەو لایەنانە ئامادەن چاوبخشێننەوە بە داواكانی خۆیاندا و فشاری زۆریش هەیە لەسەریان بەتایبەتی لەلایەن جەماوەرەوە كە لەم مەسەلەیە بێئارام بوون هەروەها فشاری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و ئەمەریكیش لەلایەكی ترەوە ودوایەمینیشیان فشار لە لایەن مەرجەعی ئایینیەوە ..
بەبۆچوونم ئەم بانگهێشتە دەبێتە ترووسكایی لە تونێلێكی تاریك و نوتەك و درێژ كە هەموو لایەنەكانی تێدا خزاوە بە ئامانجی گەیشتن بە حكومەتێكی تەوافوقی كە هەمووان پێی رازی بن بەر لەوەی ئەم مەسەلەیە بگاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش كە وابڕیارە لە14ی مانگی دادێت بۆ دیراسەتكردنی بارودۆخی عێراق بەپێی بەندی حەوتەم كۆببنەوە ..
Top